ئامانج کەریم: نامەیەکی کراوە بە زمانی گوڵ.
کاک نەوشیروان فێری کردین ڕەخنە بە زمانی گوڵ بگرین, هەر بۆیە دەمەوێ لێرەوە بە زمانی گوڵ نامەیەکەی کراوە بۆ ئەم برا بەڕێزە” کاک شاسوار” بنێرم:
ئەملات پەرژین و ئەولات پەرژین
تیایەتی کۆترێکی نەخشین
تۆیش لە نێوان پەرژینی یەکێتی و پارتیدا هاتوی لە کۆترە نەخشینەکەت ئاڵاندوە کە بزوتنەوەی گۆڕانە؟
کورد وتەنی: هەر بازی بازی، بە ڕیشی مامە بازی؟!
هاوڕێی ئازیز لە تۆو لە ئێمەو لە هەمو تاکێکی ئەم وڵاتە مەعلومە فەزایەک نەماوە بۆ بازاڕێکی ئازاد و سیاسیەکان دارو بەردو خاک و سروشت و ژینگەو بازاڕو کارو کەسابەت بازرگانیان بارگاوی کردوە بە خۆیان و قۆرخی هەمو جومگەکانی ژیانیان کردوە، تۆیش وەک گەنجێکی هەڵکەوتو لە بوارەکەی خۆتدا کە بازرگانێکانی سەرمایە داربویت بەرچاوت ڕوونە، گەر هەنگاوەکانت بەرەو عومقی سیاسەت هەڵنەهێنیت! خۆت، وتەنی: یان دەبێ بوەستیت یان دەبێ جێی بهێڵیت و بڕۆیت بۆ سەر خاکێکی تر لەم سەر زەمینە.
هەڵبەت من لەخۆڕاو لە نەزانی نامەوێ بکەومە وێزەی هەڵکەوتنت لە بازرگانیدا و وەک هەندێ کەس پێت بڵێم شەریکی فڵان و فیسار بویت!
بۆیە من ناچمە سەر ئەو بابەتەو پەیوەندی بە منەوە نیە شەریکی هەر کەس و هەر حیزب و هەر لایەنێک بوبێتی، تۆ شاسواری کۆمپانیای نالیا بویت و پڕۆژەی نیشتە جێبون و کەرتی گەشت و گوزاریت هەبوەو وەک بازرگانێک من بە کوڕێکی هەڵکەوتو لێهاتوت دەزانم لە بوارەکەی خۆتدا. تا ئێرە با ئەم باسە بەس بێت و با بێینە سەر سیاسەت.
سیاسەت کردن فاکتەرێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافی هەمو تاکێکە. ئامانجەکەنیش چەندین ڕەهەندن، کە هەندێکیان شەخسی و هەندێکیان ئامانجی گشتی و نەتەوەی و نیشتیمانین، سیاسەتیش بە دوشێواز دەکرێت:
سیاسەتی ئەخلاقی
سیاسەتی نا ئەخلاقی
با باسی سیاسەتی ئەخلاقی بکەین، چونکە سیاسەتی نا ئەخلاقی ڕون و مەعلومە هیچ هیچ مەکەو سەیرێکی دۆخی هەرێمی کوردستان و بارو گوزەرانی خەڵکی بکە و چاوت بنوقێنەو یەکێتی و پارتی و بەرپرسەکانیان لە ماوەی یەک چرکەدا بهێنە بەرچاوی خۆت فلیمی سیاسەتی نا ئەخلاقی بە ڕوونی دەبینیت.
سیاسەتی ئەخلاقیانە، وەک ئەوەی کە ڕەوان شاد کاک نەوشیروان کردی کە تۆیش موعجیبی بویت و سەری زمانت و بنی زمانت بە جل و بەرگەکانیشتەوە ناوی ئەوو تەقلیدی ئەوە تەنانەت ماوەیەکە لە ڕۆیشتن بە ڕێگایشدا لاسای ئەو دەکەیتەوە.
من پێچەوانەی زۆرێک لە هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان دەست خۆشیت لێ ئەکەم بۆ ئەم تەقلیدانە، هەرچەندە زەحمەتە (هەمو کورد یەک نەوشیروان مستەفای هەبو )، من حەزەکەم هەزارانی وەک کاک نەوشیروان هەڵبکەوێت لەناو گەلەکەمدا. تا ئەتوانی تەقلیدی بکەو بە ڕێچکەکەی ئەودا بڕۆ، بەڵام سیاسەتیش وەک ئەو بکە بە ڕێگە ئەخلاقیانەکەی ئەو. لە نێوانی دوو بەرداشی ئاشی یەکێتی و پارتیدا کە ئاشی هاڕینی گەلە، مەیە بکەویتە وێزەی باراشەکە.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕانی گەلین گەل، ئێمە خەڵکین، ئێمە شەقام و دەنگی ناڕەزای و، ئێمە چینی چەوساوەو مامۆستاو کارمەندی بێ موچەو، عەرەبانەچی و خەڵکی مەغدورین لەم کۆمەڵگایەین، ئێمە حیزبی ترسنۆک نین!
ئێمە دەمانەوێت ڕێچکەی سیاسەتی ئەم وڵاتە بگۆڕین، بە شۆڕشی مەدەنی دەمانەوێت سندوقەکانی دەنگ دان سەنگی مەحەک بن.
کاک نەوشیروان بیویستایە بە شەڕو چەک یەکێتی و پارتی بهێنێتە خوارەوە لە دەسەڵات، دەمێک بو ئەوە ڕویدابو.
کاک نەوشیروان ئەخلاقی سیاسی هەبوو ویست و ئیرادەی شۆڕشی مەدەنی هەبوو، ئەم ویست و ئیرادەیەشی بۆ بزوتنەوەکەی و بۆ هەڵسوڕاوەکانی جێ هێشتوەو، ئێمە درەنگ یان زوو هەر دەیگەیەنینە لوتکە،
ئێستە تۆ بێیت و بە بزوتنەوەکەی کاک نەوشیروان و بە هەڵسوڕاوەکانی بڵێیت حیزبی ترسنۆک! یان حیزبی بەیان نامە، ئەمە ئەچێتە کوێی ئەخلاقی سیاسیتەوە؟!
باشە گریمان سبەی عەساکەی موسات پێیەو، ئەبیت بە خاوەنی کورسی و مێزی ناو پەڕلەمان، لیستەکەی تۆ جگە لە هەڵوێست و جگە لە قسەو بەیاننامە بەتامەی چی تریت بیکەیت؟: هێزی چەکدار دروست دەکەیت و هەر بە نوکە شەق یەکێتی و پارتی ڕاو ئەنێیت؟!
بمبورە بە زمانی بازاڕیانە بۆت ئەنوسم چونکە منیش و تۆیش هەردووکمان کوڕی ناو بازاڕین. بەڵام لە زۆر شتا جیاوازین! ئەزیزم لە کۆتای ئەم نامەیەدا دەمەوێ شتێکت وە بیر بهێنمەوە: بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەکەی کاک نەوشیروان درەختێکە ڕەگی لە ناخی خاکدایە لە مێژوەوە هەمیشە هێز بە لق و چڵ و گەڵاکانی دەبەخشێت، تۆ دەبو بۆ دروست بونت خۆت لەم درەختە موتوربە بکردایە، ئێستا کە ئینجانەیەکی زینەیت گوڵێکی وەرزیت کردووە، ئەوە سایەو سێبەری کاک نەوشیروان و بزوتنەوەکەیەتی، تۆ توانیوتە بگەیتە ئەو ئاستە و ئەو جەرائەتەت هەبێ لیست دروست بکەیت. ئەوەی بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان دەیڵێت و دەیکەیت، ڕوەکەی بگۆڕە بۆ بەرامبەر یەکێتی و پارتی.
بۆ مێژو ئەمەت پێ ئەڵێم:
دەنا هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لێت بێنە دەنگ، بەرگەی نیوەڕۆیەکی تیشکی هەتاوی ئەم هاوینەی ئایندەیە ناگریت، هەڵدەپڕوکێیت!