جەزا ئەحمەد فارس: لەچاوی عەفرینەوە لە وڵاتە زلهێزەكانی جیهان بڕوانن.
هەمیشە ووڵاتە زلهێزەكانی جیهان پرسی كوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار هێناوە، بەمەبەستی دەستوەردان لە بارودۆخی زۆرێك لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئەم دەستوەردانانەش ئەوەندەی لەبەرژەوەندی ووڵاتە زلهێزەكان بووە هێندە نەكەوتۆتە خزمەتی دۆزی كوردەوە.
هەركاتێكیش وڵاتە زلهێزەكان پێویستیان بە كورد بووبێت تا ئەو شوێنەی كە بەرژەوەندییان هەیە بەكاریان دەهێنن، بەڵام هەركات كورد پێویستی بە ولاتە زلهێزەكان بوو بێت وەك پێویست بەهانایەوە نەهاتوون.
دوای ئەوەی توركیاو گروپە یاخیبووەكان لە( 20/1/2018 ) هێرشیان دەستپێكرد بۆ سەر عەفرین لە چوار چێوەی ئۆپراسیۆنی (چڵە زەیتوون) ، زۆربەی ووڵاتانی جیهان بە شەرمنانەوە باسی لەشكر كێشی توركیا دەكەن و لەپاڵ دەبڕینی نیگەرانیەكانیان مافی ئەوە دەدەن بە توركیا كەكار بكات بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەكانی.
هیچ وڵاتێكی زلهێز ئامادە نییە كە هاوكاری عەفرین بكات، وە كاردانەوە كانیشیان بەرامبەر هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین زۆر شەرمنانەیە، لێرەدا كاردانەوەی (5) ووڵاتی زلهێز بەرامبەر بەهێرشی توركیا بۆسەر عەفرین دەخەینە روو و شیكاری بۆدەكەین.
ئەمریكا توركیا یان یەپەگە هەڵدەبژێرێت؟
جیهان چاوی لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمركیا بوو بەمەبەستی وەستاندنی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا، بەڵام وا دەردەكەوێت كە ئەمریكا نەیەوێت دەستوەردان لەم بابەتەدا بكات، لە ئێستادا چونكە ئەمریكا ناتوانێت لە نێوان توركیای ئەندامی ناتۆ و یەكینەكانی پاراستنی گەل كە بڕبرەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات پێك دەیەنێت، یەكێكیان هەڵبژێرێت بەسەر ئەوی تریاندا.
سیاسەتی دەروەی ئەمریكا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بونیاد نراوە، بۆیە شتێكی ئاساییە كە ئەمریكا لە یەك كاتدا یەكینەكانی پاراستنی گەل لە چوار چێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ بەرژەوندییەكانی خۆی بەكاربێنێتو هەروەها پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیشی لەگەڵ توركیا بەردەوامبێت.
یەكێكیتر لەو هۆكارانەی كە ئەمریكا ناتوانێت دەستوەردان بكات لە وەستاندنی ئەم ئۆپراسیۆنە، پەیوەندی بە رێكەوتنی (جنێڤ)ەوە هەیە كە لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو رووسیا بەستراوە بە پێی ئەم رێكەوتنە عەفرین ناوچەی جیۆستراتیجیەتی روسیایە بۆ یە ئەمریكا بە بێ وەرگرتنی رەزامەندی روسیا ناتوانێت دەستوەردانی راستەوخۆ لەم پرسەدا بكات.
ئەوەی كە ئەمریكییەكانی نیگەران كردووە بریتییە لە روودانی شەری نێوان وڵاتێكی هاوپەیمانی وەك توركیا و یەكینەكانی پاراستنی گەل كە ئەمریكا پارەیەكی زۆری لە راهێنانیان و پرچەكردنیان خەرجكردووە.
پاش چەند رۆژێك لە هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆغان هاورابوون لە سەر بەردەوامیدان بەپەیوەندییە ستراتیجییەكانیان، هەروەها ئەمریكا داوای وەستاندنی هێرشەكانی توركیا ناكات، بەڵكو داوای سنورداركردنی جوڵەی سەربازی توركیای كردووە لە سوریا
بەپێی ماڵپەڕی كۆشكی سپی ئەمریكا “ترەمپ نیگەران بووە لە زیاد بوونی توندوتیژییەكان لە عەفرین و سوریا، چونكە ئەمە كاریگەری دەبێت لە سەر ئامانجە هاوبەشەكانی ئەمریكاو توركیا، هەروەها ئەمریكا داوای لە توركیا كردووە كە كە جوڵەی سەربازی لە ناوسوریا سنوردار بكات بۆ ئەوەی كە خەڵكی مەدەنی زەرەر مەند و ئاوارە نەبن”.
هەربەپێی ماڵپەری كۆشكی سپی “هەردوو سەرۆك كۆكبوون لە سەر بەردەوامیدا ن بە پەیوەندیە سترا تیجییەكانیان و بەتایبەت لە سەقامگیركردنی دۆخی ناوچەكەو وە پێویستە دژایەتی و روو بە رووی تیرۆ ر ببنەوە لە هەموو فۆرمەكانیدا، لەوانە داعش و پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەلقاعیدەو ئە و گروپە تیرۆرستانەیتر كە ئێران پشتگیری دەكەن”.
ئەمریكا یەكێكە لەو وڵاتە زلهێزانەی كە زۆرجار لەكاتی دروستبوونی شەڕو جەنگەكاندا لە سەرەتاوە خۆی لێبەدور دەگرێت و كاتێك كە شەڕەكان بەرەو كۆتایی دەڕۆن، پرسەكان لە پێناو بەرژەوەندی خۆی یەكلای دەكاتەوەو بەمەش وەك براوەیەكی شەر خۆی نمایندە دەكات لەجیهاندا.
لەپرسی كۆبانێدا ئەزموونی ئەوەمان كرد ئەمریكییەكان دەستوەردانیان نەكرد سەبارەت بە پەلامارەكانی داعش بۆسەر ئەم شارە، تا نزیكەی كۆتای شەرەكە تەماشاكەر بوون، پاش كاولبوون و وێرانبوونی شارەكە هاتنە ناو یارییەكەوەو بە هێرشی ئاسمانی پرسەكەیان لەبەرژەوەندی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەكلای كردەوە.
دوور نییە ئەمریكا هەمان سیناریۆی كۆبانێ دووبارە بكاتەوە لە عەفرین، بەڵام بە شێوەیەكی جیاواز بە شێوەیەك دوای كاولبوونی شارەكە جۆرێك لە ئاشتی كاتی بێنێتە كایەوە لەسەر بنەمای هاوكاری مرۆی.
ڕووسیا متمانەی خۆی لەلای كوردانی رۆژئاوا لە دەست دەدات
روسیا وەك یەكێك لەووڵاتە زلهێزەكانی جیهان كەكاریگەری دیاری بەسەر پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە هەیە، بەر لە دەستپێكردنی ئەم ئۆپراسیۆنە لەلایەن توركیاوە، سەرجەم هێزە سەربازییەكانی لەناو عەفرین دەكشێنێتەوەو دوو هەڵبژاردە دەخاتە بەردەم كانتۆنی عەفرین ئەوانیش بریتین لە:
یەك: بەدەستەوەدانی كانتۆنەكە بۆ رژێمی سوریا كە لە 2012 ەوە دەسەڵاتی لەم كانتۆنە لەدەستداوە.
دوو: روبەروو بوونەوەی توركیا
روسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپراسیۆنی (چڵە زەیتون) هەڵكرد لەبەرئەوەی رووسیا مەبەستیەتی لەتوركیای ئەندامی ناتۆ نزیك ببێتەوە لە سەر حسابی كوردەكان لەلایەكو هەوەها لە لایەكی ترەوە ترسی گەورەی لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەبوو سەبارەت بە پرسی سوریا، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە (13/1/2018) رایگەیاند” ئەوان بەنیازی دروستكردنی( هێزی سنورن ) كە ژمارەیان لە (30) هەزار شەڕڤان پێكدێتو نیوەیان لە هێزی سوریای دیموكرات دەبێت كە یەكینەكانی پاراستنی گەل بەشێكی سەرەكی پێك دەیەنن.
ئەمریكا رایگەیاند كە مەبەستیان لە دروستكردنی ئەم هێزە پاراستنی سنورەكانی سوریایە بە ئاراستەی توركیاو عێراق بە مەبەستی رێگە گرتن لە جموجۆڵی گروپە تیرۆرستییەكان.
روسیا لەو راستییە گەشتبوو كە ئەمریكا بە دروستكردنی ئەم هێزە لەیەك كاتدا دەیەوێت تەوقی ناوچەی جیۆستراتیجی روسی لە سوریا بدات و هەروەها ئەگەری ئەوە لە ئارادایە لە ئایندەدا بەكاری بێنێت دژی رژێمی سوریا.
بەهەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئۆپەراسیۆنی توركیا لە یەككاتدا، روسیا چەندین ئامانجی ستراتیجی بە دەستهێنا، لەوانە وەستاندنی پلانێكی ئەمریكی سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی سنور كە پێكدێت لە (30) هەزار شەركەر و ، نزیكبوونەوە لە توركیا لە سەر حسابی كوردەكا ن و دورخستنەوەی چاوی جیهان لە سەر رژێمەكەی بەشار ئەسەد ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت.
بەریتانیا وەك دەوڵەت بێدەنگە، بەڵام لە ناوخۆیدا پشتگیری بۆ عەفرین هەیە.
بەریتانیا كە بە خانمە پیرەكە ناسراوە، لەسەرەتای سەدەی بیستەم كە داگیركارو هەڵوەشێنەری رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو، سەبارەت بە پرسی عەفرین بێدەنگە ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ناوخۆی بەریتانیا پشتگیری بۆ كورد هەیە.
“جێرمی كۆبین” سیاسەتمەدار لە پارتی كرێكاران لە نوسینێكی كورتدا ئاماژە بەوە دەكات ” ئەو پشتیوانی لە كورد دەكات و داوای كەمكردنەوەی توندو تیژییەكان دەكات لە باكوری سوریا، هەروەها داوای دۆزینەوەی ریگەچارەیەكی سیاسی دەكات، چونكە هاوڵاتیانی مەدەنی بوونەتە قوربانی”.
جێرمی ” داوای هاتنە دەرەوەی هەموو ئەو هێزە بیانیانە دەكات كە لە سوریا ڕۆڵدەگێڕن بەمەبەستی بەر قەراركردنی ئاشتی”.
جگەلە پارتی كرێكاران، پارتی سەوزی بەریتانیش لەسەر پێگەی پارتەكەیان لە ئینتەرنێت لە بەیاننامەیەكیاندا ئاماژە بەوە دەكەن ” هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین هەڵەیە لەبەر ئەوەی هاوڵاتیان مەدەنی دەبن بە قوربانیو هەوەها داوا دەكەن كە حكومەتی بەریتانی بە شێوەیەكی ئاشكرا ئیدانەی هێرشی توركیا بكات بۆ سەر عەفرین”.
پارتی سەوز داواشدەكات “حكومەتی بەریتانیا هەموو رێگەیەكی دیبلۆماسی بەكار بێنێت بۆ وەستاندنی توركیا وە هەروەها پێویستە داواش لە نەتەوەیەكگرتووەكان بكات ئیدانەی توركیا بكەن”.
هەرچەندە لەناوخۆی بەریتانیادا داواكاری هەیە بۆ ئیدانە كردنی هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، بەڵام حكومەتی بەریتانیا تا ئێستا بە شێوەیەكی شەرممنانە مامەلە لەگەل ئەم بابەتە دا دەكات.
فەرەنسا نیگەرانە بەڵام ئامادەنیە هیچ دەستوەردانێك بكات
لەسەرەتادا فەرەنسا جیاواز لە سەرجەم وڵاتانی جیهان تاكە وڵات بوو كە بەشێوەیەكی ئاشكرا نارەزایەتی خۆی دەربڕی، پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەڕەشەی ئەوەی لە توركیا كردبوو كە “ئەم مەلەفە دەباتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان “، توركیاش رایگەیاندبوو بردنی ئەم پرسە بۆ ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكان لە بەرژەوەندی تیرۆرستانە.
هەرچەندە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (لیفیگارۆ) فەرەنسی ئیمانیۆل ماكرۆن هۆشداری دەداتە توركیا و ئاگاداریان دەكاتەوە كە نابێت ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە لە باكوری سوریا ئەنجامی دەدەن دژی یەكینەكانی پاراستنی گەل ببێتە بەهانەیەك بۆ داگیر كاری چونكە ئەگەر ببێتە هۆی داگیر كاری ئەوە دەبێتە كێشەی ئەوان”.
ئەم لێدوانەی ماكرۆن جێگەی دڵخۆشیبوو بۆ رۆژئاوا چونكە جۆرە ئومێدێكی دروست كرد بوو كە فە رەنسا دەستوەردان بكات لە پرسی عەفریندا، چونكە فەرەنسا پێشتر هاوكاری ئەمریكا بووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش بۆ راهێنان و پڕچەكردنی یەكینە كانی پاراستنی گەل.
بەڵام سەرۆكی فەرەنسا لەم لێدوانەی پاشگەز دەبێتەوە لە كاتی سەردانكردنی بۆ تونس ماكرۆن رای خۆی دەگۆڕێت سەبارەت بە پرسی عەفرین و دەڵێت:” ووتەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا نیگەرانیەكانی منی رەواندۆتەوە چونكە هێرشەكانی توركیا بۆ داگیر كاری نییە”.
لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 1/2/2018 پەرلەمانی ئەڵمانیا كە لەسەرداوای پارتی چەپی ئەڵمانی سازكرابوو پارتی چەپی ئەڵمانیا لەناو پەرلەمانەوە پشتگیری یەكینەكانی پاراستنی گەلی كرد “پارتی چەپی ئەڵمانی رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرت لە بەر ئەوەی كە توركیا چەكی ئەڵمانی بەكار دەیەنێت دژی یەكینەكانی پاراستنی گەل “.
ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشی سەر عەفرین ناكات
لەدوای ئەوەی كە توركیا تانكی ئەڵمانی بەكارهێنا لە جۆری (Leopard2 ) لیۆپارت 2 بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین نیگەرانیەكی زۆری لە ناوخۆی ئەڵمانیادا دروستكرد بۆ یە راوێژكاری ئەڵمانیاو وەزیری دەرەوەی ئەوەیان راگەیاند كە ئەوان یارمەتی سەربازی توركیا نادەن لەم قۆناغەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی راگەیاندووە ” ئەوان نیگەرانن سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین و داوای وەستاندنی دەكەن.
ئەوەی كە جێگەی سەرنجە لەناو ئەڵمانیا بریتییە لە پارتی چەپی ئەڵمانی كە زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشی توركیا دەكەن بۆ سەر عەفرین و داوا دەكەن كە ئەڵمانیا رۆڵبگێرێت لە پرسی عەفریندا و دەبێت ئەڵمانیا بێدەنگی بشكێنێت.
لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 1/2/2018 پەرلەمانی ئەڵمانیا كە لەسەرداوای پارتی چەپی ئەڵمانی سازكرابوو پارتی چەپی ئەڵمانیا لەناو پەرلەمانەوە پشتگیری یەكینەكانی پاراستنی گەلی كرد “پارتی چەپی ئەڵمانی رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرت لە بەر ئەوەی كە توركیا چەكی ئەڵمانی بەكار دەیەنێت دژی یەكینەكانی پاراستنی گەل “.
جگە لە پارتی چەپ ، پارتی سەوزی ئەلمانیش پێیوایە كە “نابێت ئەڵمانیا خۆی بێبەری بكات لە هێرشەكانی توركیا بۆسەر باكوری سوریا دەبێت رۆڵی خۆی بگێرێت”.
لەبەرامبەر پارتی چەپ، ڕاسترەوەكانی ئەڵمانیا كە بڕیار بەدەستی ئەلمانیا ناسراون دژی ئەم رەفتارەی چەپەكانن.
ئەوەی كەنەهامەتییە بۆ عەفرین بریتییە لەوەی هەموو ئەو كەسایەتی و پەرلەمانتار و پارتانەی كە پشتگیری عەفرین دەكەن لە وڵاتەزلهێزەكانی ئەوروپا، هیچ دەسەڵاتێكیان نییەو ئۆپۆزسیۆنن.