عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: لەهەرێمی کوردستاندا ( 6000 ) کۆمپانیای بندیوار هەیە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وەک لیژنەی بازرگانی ومافی بەکار لەپەرلەمانی کوردستان بۆزانین وئاگاداربوون لەشێوازی لێوەرگرتنی باج وژمارەی کۆمپانیانی کەلەهەرێمدا بونیان هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجی کۆمپانیاکان و خانوبەرەی میریمانکرد لەشاری هەولێر .
لەو سەردانەدا ئەوەی بەفەرمی بەئێمە وترا لەسەر ژمارەی کۆمپانیاکان لەهەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیەبوو:
1- ژمارەی کۆمپانیاکان کەلەهەرێمدا هەن (25000)بیست و پێنج هەزار کۆمپانیایە.
2- لەو ژمارەیە ( 19000) نۆزدە هەزارییان لەم بەڕێوەبەرایەتییە تۆمارکراون و بونیان هەیە.
3- ( 6000) شەش هەزار کۆمپانیاش لەو ( 25000) بیست و پێنج هەزار کۆمپانیایە، کە لە هەرێمدا هەن، ناویان لەم بەڕێوەبەرایەتیە نیەو تۆمارنەکراون. بەواتا گشتی و بەربڵاو و باوەکەی ئێستا ئەوانە بندیوارن.
بەپێی یاسا، هەر کۆمپانیایەک ماوەی سێ ساڵ لە سەر یەک بێ قازانج بێت! واتا لە زەرەردا بێت، ئەوا ئەو کۆمپانیایە شایانی مانەوەنیە. وە هەر کۆمپانیایەکیش لە ماوەی ساڵێکی تەواودا هیچ جۆرە کاروچالاکیەک ئەنجامنەدات، ئەوا پێویستەو دەبێت دابخرێت.
سەبارەت بەبڕی داهاتی باج، پێیان وتین: کە داهاتی ساڵی ڕابردووی واتا ( 2017 )ی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بریتی بووە لە ( 207 )دووسەدو حەوت ملیارد دینار، کە ڕێژەکەی زیاترە لەساڵەکانی ( 2014 و 2015 و 2016 ).
لەهەرێمی کوردستاندا ساڵانە ڕێژەی 15٪ی قازانجی هەر کۆمپانیایەک وەک باج لەکۆمپانیاکان وەردەگیرێت.
ماوەتەوە بڵێم: بەداخەوە لەم مەملەکەتەدا گەر پێشتر موچەخۆری بندیوارو وەهمی هەبوبێت، ئەوا کۆمپانیای وەهمی و بندیواریشی زیادیکرد، بەهیوای بنبڕکردنی هەرکۆمپانیایەکی وەهمی و بێ کاروناسنامە لەهەرێمی کوردستاندا کە بۆ مەرامی تایبەت دروستکراون.
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا… بڕیاردەریی لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان