ستارە عارف: کەرکوک لەمەترسیدایە.
هەرچەندە ئێستا هەمو ژیان پڕ بوە، لەهەواڵی دڵتەزێن و مەینەتبار و وەک کورد لەهەر شوێنێکی ئەم کوردستانی باشورە بژین، بێزار و ماندو و دڵتەنگین و ئاسۆی دواڕۆژمان ڕون نیە و پاڵپشت و خاوەن و غەمخۆرمان نیە، بەڵام لەمانە هەموی کارەساتتر ڕەوشی ناو شاری کەرکوک و هەمو پارێزگاکەیە، کە لەدوای دۆڕانە دڵتەزێنەکەی 16- 10- 2017 لەلایەن دو بنەماڵەی مافیای ئاشبەتاڵچیەوە، ئێستا کەرکوک بێ خاوەنە و ڕۆژانە کارەساتی زیاتری تێدا قوت دەبێتەوە.
گردبونەوە بچکۆلەکەی ئەمڕۆی مەعەسکەر خالیدی کەرکوک و سکاڵای تاقەتپڕوکێنی هاوڵاتیانی کوردی بەش مەینەتی ئەو شارە، زەنگێکی مەترسیدارە لەدەست کراوەیی تورکمان و عەرەبی شارەکە دژی کورد، کە بە ئاشکرا ماڵیان تاڵان دەکەن و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگرن، ئەوانی کوردیش لەرزۆک و کزۆڵە و بێدەستەڵات لەگردبونەوەیەکی ئاوا بچکۆلانەدا دەنگیان بە کوێ دەگات؟، لەکاتێکدا بڕیاری شۆڤێنانەی حکومەتی عێراق و پارێزگارە عەرەبەکەی کەرکوک ئاوا تورکمان و عەرەبیان لەدژی کورد دەست واڵا کردوە، کوردیش خاوەنی نیە و تەنیا سکاڵا دەکەن، کە خودایش دەنگیان نابیستێت، ئێمەیش دڵمان بۆ ئەوانی چەوساوەی لەخۆمان چەوساوەتر ژان دەکات.
ئەگەر بڕیاری شۆڤێنانەی حکومەتی عێراق بۆ بە عەرەبکردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی و کوردستان بە گشتی نیە، ئەی چۆن لەژێر سەرپەرشتی پارێزگار و سەرۆکی حکومەتدا مامەڵەی گواستنەوەی فۆرمی خۆراکیان لەبەغدا و شارەکانی ترەوە بۆ کەرکوک بۆ دەکرێت؟، لەدوای ئەو دۆڕان و ئاشبەتاڵەوە بە بەرنامە دەست بە عەرەبکردنەوە و ڕاگواستنی کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی١٤٠کراوەتەوە، کە دڵنیام ئەم پیلانەی حکومەتی عێراق گشتگیرە و تەنیا بۆ کەرکوک نیە و بە نیازن هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵگەیش بۆ ئەوە لەدوای ئەوەی ژمارەیەک بە ناو ئاوارەی عەرەب لەکوردستان گەڕانەوە، ڕۆژانە هەست دەکرێت بۆ سلێمانی و هەولێریش بە نیازی بە عەرەبکردن و جێگیر بون دەگەڕێنەوە، کە تا ئێستا تاکە یەک بەرپرسی کوردی بە غیرەت لەهیچ پۆستێکی حکومی و حزبی دژی ئەم پیلانی بە عەرەبکردنەی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان ورتەیەکی لێوەنەهاتوە، پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدایش هەرگیز نەیانوێراوە خۆیانی لەقەرە بدەن.
ئەوان بۆ تەعریب و لەناوبردنمان دێن و بە ناو ڕۆشنبیر و دەستەبژێر و بازرگانە حزبی و مافیاکانی دەستەڵاتیش، کە پشکی سەرەکیان لەبەعەرەبکردنی کوردستاندا هەیە، هەر دەنگ هەڵبڕینێک دژی ئەم پیلانە گڵاوەی ئەوانی عەرەب بۆ لەناوبردنی کورد، بە فاشیەتی کورد ناودەبەن و بە ناوی ئەوەی مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان فۆرمی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی تێپەڕاندوە، باس لەپێکەوە ژیان لەگەڵ ئەو عەرەب و تورکمانە دەکەن، کە ئەوەتا ڕۆژانە کورد لەکەرکوک و بە نیازن لەسلێمانی و هەولێریش لەناو ببەن، وەک چۆن لەعەفرین دەیکەن و بێ ئاگا لەوەی ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستا شەڕی پاراستنی نەتەوە و چەسپاندنی بنەماکانی ناسیۆنالیزمێکی مۆدێرن دەکەن و گیانفیدایی دەنوێنن، بەڵام لەو پرادیگمایەدا جێگەی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی تریش دەبێتەوە و ڕێزیان لێدەگیرێت، تا ئەو ئاستەی ئەوانیش ڕێز لەسیستەمی حوکمڕانی و ئیدیۆلۆژی و هزری ڕابەر و خەباتەکەیان دەگرن، واتە بە مانای خۆ بچوککردنەوە لەبەردەم نەتەوە و ئاینی تردا نایەت.
لەبەرئەوەی کەرکوک ئێستا بێ خاوەنە و حکومەتی عێراق بە سیستەم بە عەرەبیان دەکاتەوە و ڕابردوی تاڵیان بۆ زیندو دەکاتەوە و حکومەت و بەرپرس و هێز و سوپای غەمخۆری کوردی و بەهێزیشمان نیە، کە بە پیریانەوە بچن و بە هێز و پێشمەرگە و سوپا مافەکانیان بپارێزن، بە پلەی یەکەم ئەرکی هەردو حزبی دەستەڵاتدارە خاوەندارێتیان لێ بکەن، بۆیە گرنگە:
گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق تا ئێستا تاکە لایەنی ڕاستگۆ بوە، کە داکۆکی لەخەڵکی کەرکوک کردوە و غەم و ئازارەکانیانی گەیاندوە، بەڵام ئەوەی حوکمی کەرکوک دەکات، هێزی چەکداری عێراق و حکومەتن، کە کورد ناپارێزن و دەیانچەوسێننەوە، بۆیە دەبوایە هەردو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی، چونکە هێزی سەربازیان هەبوە، پشتگیریان لێ بکردنایە، کە نایکەن و فرۆشتیان بە حەشدی شەعبی و سودی ماددی و چاڵە نەوتیەکانیان لەوێ نەماون، بۆیە بە ئەرکی خۆیانی نازانن و لای ئەوان تەنیا گیرفان گرنگە، نەک پرسە سەرەکیە کوردیەکە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بە شێوە مەدەنیەکەی خۆی دەتوانێت زیاتر بە پیر ئازارەکانی کوردی ئەو پارێزگایە و هەرێمیش و ماددەی 140وە بچێت و ئەو ستەمە پەسند نەکەن.
لەفشار و کاری هەموان گرنگتر، کوردی کەرکوک خۆیانن لەدژی بن پێکردنی مافەکانیان و ئەو ستەمە بەرەو ڕویان ببنەوە، بەوەی کەسانی دەستەبژێر و ڕۆژنامەنوس و سیاسی و پەرلەمانتارەکانیان کەمپینێکی فراوان لەناو شاری کەرکوکدا ڕابگەیەنن و غیرەت لەعەفرین وەربگرن و خۆیان داکۆکی لەخۆیان بکەن، ڕێگە بە عەرەبکردنەوەی نەدەن و دەنگیان بە ناوەندە جیهانیەکان بگەیەنن و هەمو ئەو پێشێلکاری و سوکایەتی و پیلانەی دژیان کراوە و دەکرێت بە دۆکیۆمێنتی بکەن و بیخەنە بەر چاوی ڕای گشتی نێودەوڵەتی و ناوخۆ، لەکارکردن بەردەوام بن و کۆڵنەدەن، هەتا حکومەتی عێراق ناچاری ملکەچککردن دەکەن و ددان بە مافەکانیاندا دەنێت.
هەر ئەو کەمپینە کاربکەن کوردی کەرکوک و پارێزگاکە بۆ هەر شوێنێک کۆچیانکردوە و پارێزگاکەیان بەجێهێشتوە، بیانگەڕیێننەوە و غیرەتیان بخەنە بەر و گەڕانەوە بۆ کەرکوک و سەندنەوەی ماف بکەن بە شەڕی شەرەف و ناموس، بە تایبەتی لەدوای دۆڕانەکەی مانگی 10ی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیەوە ژمارەیەکی زۆرتری کەرکوکی و گەرمیانی بۆ سلێمانی و هەولێر هاتون و بە نیاز نین، بگەڕێنەوە و بە خەیاڵیشیاندا نایەت شارەکەیان ڕزگار بکەنەوە.
ئەو لێشاوە لەکەرکوکی و خانەقینی و گەرمیانی، کە ئیتر بە هۆکاری حزبی و سیاسی و ئابوری و کار دەمێکە لەسلێمانی و هەولێر نیشتەجێن و ماڵیان گواستۆتەوە، ئەگەر کەمێک هوشیارن و غیرەت و مەردایەتیان تێدایە، دەبێت بیرێک لەدواڕۆژی منداڵانی ئەو ناوچانە بکەنەوە و بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە و شەرەفی ناوچەکە بپارێزن و بەرگری بکەن، بۆ ئەوەی کەرکوک لەدەست دەرنەچێت و کوردستانیەتی لەدەستنەدەین، کە بەشێکیان بێ غەم دانیشتون و جارجاریش لەڕاگەیاندن و لەدەرەوەی کەرکوک، داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 و چاککردنی ڕەوشی ناوچە دابڕاوەکان دەکەن.
ئەگەرنا با لەدورەوە موزایەدە مەکەن و بۆ ژێر دەستەیی کەرکوک گلەیی لەکەسیش مەکەن، چونکە هەر میللەتێک هەتا خۆی سەرهەڵنەدات و بەرگری نەکات، هیچ هێزێکیش لەدەرەوە نایانپارێزێت، ئەگەر بە باسی هاوکێشەی جیهانی و سەردەمی مۆدێرنە خۆتان فریو دەدەن و وەک هەمیشە دەڵێن، ئێمە هیچمان پێناکرێت و لەدەستەڵاتماندا نیە و ئەمریکا چۆنی بوێت وا دەکات و وا دەبێت، کە ئەمەیش نیشانەی خۆفریودان و درۆکردنە لەگەڵ خود و کەرکوک و کوردستانتان خۆش ناوێت و هەوای پلە و پۆست بۆ سلێمانی و هەولێری هێناون، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکایش تەماشای ئیرادە و خۆڕاگری هەر گەل و نەتەوەیەک دەکەن، ئەگەر ئێوە بونە ئیرادەیەکی بەهێز و خۆتان سەلماند، ئەویش ناچارە مامەڵەتان لەگەڵ بکات، پرسی عەفرین دەبێت فێری ئەم وانەیەی کردبین.
جگە لەوەی دەبێت خەڵک لەسلێمانیش لەو مەترسیەی هاتنی بە لێشاوی زۆری عەرەب بە ئاگا بن و هەست پێ بکەن و ڕێگریان لێ بکەن، بە ناوی گەشتوگوزار و نەخۆشی و کار و ئابوریەوە دێن و جێگیر دەبن، کە ئەوانە هەموی هەوڵن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەم شارە و نابێت پێشوازیان لێ بکەین، لەکاتێکدا بێ حکومەت و بێ خاوەنین و هیچ دام و دەزگایەکی حکومی بەهێز و هوشیارمان نیە، لەدوای دۆڕان و ئاشبەتاڵەکەی ڕۆژی 16- 10- 2017 یشەوە، بنەماڵەی تاڵەبانی وەک چۆن کەرکوکیان تەسلیم کرد، ئاوایش دەروازەیان لەسلێمانی بۆ کردونەتەوە و بە زانابون دەیانەوێت، وەک کەرکوک سەرەتا بە عەرەبی بکەن و پاشان سلێمانیش تەسلیم بکەن، تاکە ڕێگە چارە بۆ خەڵکی کوردستان هێز و توانا و ئیرادەی خۆتانە بۆ بەگژاداچونەوەی ئەم هەمو ستەمی بە عەرەبکردن و چەوساندنەوەیە و بۆ ڕاماڵینی ستەمکاری ئەم دو بنەماڵەیە، کە مەبەستیانە هەمو کوردستان بە تەواوی تەسلیم بە دوژمنانمان بکەن.