عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: لەسەر پارەی گەنمی جوتیاران لیژنەی کشتوکاڵ و کونسوڵی ئەمریکا لەپەرلەمانی کوردستان کۆبوینەوە.
ئەمڕۆ لەنێو تەلاری پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای لیژنەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەکان لەپەرلەمان لەگەڵ کونسوڵی ئەمریکا لەهەولێر کۆبوینەوە.
کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەباسکردن لە دواکەوتن و نەناردنی پارەوبەرکەوتەی گەنمی جوتیارانی کوردستان، وە داوامان لەسەرکونسوڵ و یاوەرانی کرد کە پێویستە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە فشارخستنەسەر حکومەتی ناوەند بۆناردن و خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی کوردستان، وە پاراستنی بەرکەوتەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی ئەم بابەتە بە ململانێی ناجۆری نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەواتایەکی تر نابێت جوتیارانی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرکەوتەکانیان بکرێنە قوربانی ململانێی نێوان هەرێم و ناوەند.
دواکەوتن و پێنەدانی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم جگەلە نائومێدبوونی جوتیاران، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ دوورکەوتنەوەی جوتیاران لەکێڵانی زەوییەکانیان و دورکەوتنەوەشیان لەچاندن و بەرهەم هێنانی دانەوێڵە، کە ئەوەش مەترسی دروستدەکات لەسەر ئاسایشی خۆراک کەکۆڵەکەیەکی گرنگ و بنچینەیی ئاسایشی نەتەوەییمانە.
ماوەتەوە بڵێین تائێستا بەشێکی زۆری جوتیارانی هەرێمی کوردستان لەچاوەڕوانی ناردن و خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵەکانی ( 2014 ، 2015 ، 2016 ، 2017 )دان، ئەو پارەیەی کە تائێستا لای حکومەتی ناوەند ماوەتەوەو جوتیارانیش لەچاوەڕوانیدان بەپێی ساڵەکان بەم شێوەیەیە تائێستا:
1- ساڵی ( 2014) بڕی ( 61)ملیاردو ( 65)ملیۆن دینارە .
2- ساڵی ( 2015) بڕی ( 236)ملیاردو( 135)ملیۆن دینارە.
3- ساڵی ( 2016) بڕی (294)ملیاردو ( 43) ملیۆن دینارە .
4- ساڵی (2017) بڕی ( 19)ملیاردو( 811) ملیۆن دینارە.
واتا کۆی گشتی پارەی ئەوچوارساڵەی گەنمی جوتیاران کەتائێستا لای حکومەتی ناوەند ماوەونەیناردوە بریتیە لە ( 611 ) ملیاردو ( 56 ) ملیۆن دینارە.