دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی.
سه‌باره‌ت به بنه‌چه و دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی، هه‌ر له کۆنه‌وه تا ئه‌وڕۆ، هێندێ شاره‌زای زمانه‌وانی کورد و بیانیی، له ئه‌م گۆره‌پانه‌دا، ئه‌سپی کارامه‌یی خۆیان تاوداوه، کۆڵینه‌وه‌ی زانستانه‌یان کردووه، گه‌لێ زانیاریی گرنگ و پڕ بایه‌خیان نووسیوه. له‌نێو پسپۆره بیانییه‌کاندا، (ڤلادیمیر فیۆدۆرۆڤیچ مینۆڕسکی، مێجه‌رسۆن و دکتۆر مه‌که‌نزی)، ڕۆلێکێ گه‌وره‌یان بینیوه. له‌نێو کوردیش‌دا، گه‌لێ نووسه‌ر، زانا و شاره‌زا، له بواری زمانی کوردییدا، کارێکی زۆریان کردووه و و دیالێکته‌کانیان دابه‌شکردووه. له‌به‌رئه‌وه نابێ، ناوی چه‌ندین مامۆستای ده‌سوپه‌نجه زێڕین و پێنووسی به‌بڕشتی ڕه‌نگینی وه‌ک: (شه‌رفخانی به‌دلیسیی، تۆفیق وه‌هبی، موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ، ئایه‌توڵڵای مه‌ردۆخی کوردستانیی، شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ، عه‌لادین سه‌جادیی، تایه‌ر سادق، عه‌بدولڕه‌حمانی زوبێحی، مه‌سعوود موحه‌ممه‌د، موحه‌ممه‌د ئه‌مین ههورامانیی، ره‌ووف ئالانیی، زوبێر بیلال ئیسماعیل، پڕۆفیسۆر کوردۆییڤ، دکۆر جه‌مال نه‌به‌ز، دکتۆر عیززه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ، دکتۆر مارف خه‌زنه‌دار، دکتۆر که‌مال فوواد، دکتۆر ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف، دکتۆر فوواد حه‌مه‌خورشید …)مان بیر‌چێ.
ئاخر ئه‌م نووسه‌ره به‌ڕیزانه، به‌گوێره‌ی توانای خۆیان، سه‌باره‌ت به مێژووی ته‌مومژاویی زمانی کوردیی و دیالێکته‌کانی، ڕێزمان، فه‌رهه‌نگ، پیتی عه‌ره‌بیی و لاتین، ڕێنووسی کوردیی، گه‌لێ شتی گرنگیان ڕوونکردووه‌ته‌وه و ڕاژه‌یه‌کی زۆری زمانه‌که‌یان کردووه. یادیان به‌خیر و دروود بۆ گیانی پاکیان، کار و ناوه‌کانیان، هه‌ر زیندووبێ!
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم، پێش ئه‌وه‌ی باسی دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی بکه‌م، به چه‌ن ئه‌ڵقه‌یه، هێندێ زاراوه‌ی جیاجیا ڕوونکه‌مه‌وه، که ڕۆژانه نووسه‌ران، به هه‌ڵه به‌کاریدێنن. هه‌موو ئه‌مانه (زار، زمان و زبان) بۆ زمان و (زاراو، زاراوا، زاراوه، شێوه، به‌ش، بن، خوار، نیمچه، بێچوو، له‌هجه و دیالێکت)، بۆ یه‌ک مه‌به‌ست به‌کاردێنن. به‌ڵام له ڕاستیدا، ئه‌م هه‌موو ناوانه، له زماندا نه باشه و نه نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی زمانه‌که‌شه. چونکه جگه له ئه‌وه‌ی پێویسته، ته‌نیا هه‌ر یه‌ک زاراوه‌ی ستاندارد هه‌بێ، هه‌ر یه‌که‌شیان واتایه‌کی تایبه‌تییان هه‌یه و بۆ مه‌به‌ستێکی دیاریکراویش به‌کاردێنرێن.
به‌پێی بنه‌ما سه‌ره‌کییه زانستییه‌کانی زمانه‌وانیی، هه‌موو زمانێ به‌گوێره‌ی درووستبوون و سرووشتی تایبه‌تی خۆیان، له چه‌ن دیالێکتێکی جیاواز پێکدێن. پاشان گه‌ر هه‌ر دیالێکێتێ له ئه‌و دیالێکتانه‌ش، به‌پێی نێوچه جیاوازه‌کانی جوگرافیا دابه‌شکرێن، ئه‌وا هه‌ر دیالێکێتێ، چه‌ن به‌شێکی دیکه، له بنباڵی خۆی ده‌گرێ. که‌واته، به هه‌موو دیالێکت و خواردیالێکتهکان، یه‌ک زمانی یه‌کگرتووی دیاریکراو پێکدێنن، بۆیه به هه‌موویان ده‌ڵین: زمانی کوردیی، زمانی عه‌ره‌بیی، زمانی ئه‌ڵمانیی، زمانی ئینگلیزیی، زمانی ڕووسیی …
به داخه‌وه تا ئێسته‌ش، هێندێ ڕووناکبیر و نووسه‌ر هه‌ن، جیاوازیی له نیوان زمان، دیالێکت و خواردیالێکته‌کاندا ناکه‌ن. ئه‌مه‌ش له وڵاته‌کانی ئه‌ورووپا و له ده‌زگه فه‌رمییه بیانییه‌کانی ده‌وڵه‌تیشدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. بۆیه هێندێ جار، ئه‌و زاراوانه تێکه‌ڵاوده‌که‌ن و هه‌ڵه‌ی گه‌لێ زه‌ق ده‌که‌ن، له‌بری زمان و دیالێکته‌کانی کوردیی، زمان و دیالێکتی (سۆرانیی) و (بادینانیی) به‌کاردێنن. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا، هه‌ڵه‌یه‌کی زمانه‌وانیی گه‌وره‌یه، چونکه (سۆران) و (بادینان)، ناوی دوو نێوچه‌ی دیاریکراوی باشووری (کوردستان)ن. هه‌روه‌ها، هه‌ر یه‌کێکیشیان (سۆرانیی) و (بادینانیی)، سه‌ر به به‌شه‌دیالێکتێکی جیاوازن. وه‌ک (سۆرانیی) لقێکه له بهشهدیالێکتی کرمانجی خواروو، (بادینانیی)ش، لقێکه له بهشهدیالێکتی کرمانجی ژووروو. ئه‌و دوو لقه‌ش یه‌ک به‌شه‌دیالێکتن، هه‌ردوو خواردیالێکته‌که‌ش، یه‌ک دیالێکتی یه‌کگرتووی کرمانجیی پێکدێنن.
زمان language
له زمانی کوردییدا، سێ زاراوه‌ی جیاوازمان هه‌یه، هه‌رسێکیان بۆ یه‌ک مه‌به‌ست به‌کاردێنرێن، وه‌ک (زار، زمان و زبان). ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی نێوچه جیاجیاکانی (کوردستان) و دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی ده‌گۆڕێ. به‌ڵام باشتر وایه، هه‌ر یه‌که‌یان بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی به‌کاربێنرێن.
زمان وه‌ک زاراوه‌یه‌کی زمانه‌وانیی و زبانیش بۆ ئه‌ندامه‌که‌ی نێوده‌م بێ. بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش دوو زاراوه‌ی جیاوازمان هه‌بێ، دوو واتا ببه‌خشن و به ئاسانیی، له یه‌کدیان جیاکه‌ینه‌وه. هه‌روه‌ک (حه‌مدی) هۆنه‌ریش گوتوویه‌تی:
زبانم شهقئهبا یه‌ک ده‌م، گه‌ر بێت‌و نه‌با ناوت
به کوێریی دائه‌نیشم، گه‌ر له‌به‌رچاوم نه‌بێ چاوت
به‌ڵام له هێندێ زماندا، دوو وشه‌ی جیاوازیان هه‌یه، که‌چی هه‌ردووکیان وه‌ک زاراوه‌یه‌کی زمانه‌وانیی به‌کاردێن. بۆ نموونه: زمانی عه‌ره‌بیی (ئهللوغه) و (ئهللسان)یان هه‌یه. هه‌رچه‌نده دووه‌میان هه‌ر بۆ ئه‌ندامه‌که‌ی نیودهم به‌کاردێ. له زمانی ئینگلیزیی و سویدییدا، دوو وشه‌ی جیاواز هه‌یه. له ئینگلیزییدا، زاراوه‌ی (language) بۆ زمان و (Tongue) بۆ زبان، له سویدییدا زاراوه‌ی (Sprak) بۆ زمان و (Tung)بۆ زبان به‌کاردێنرێن. هه‌رچه‌نده له زمانی ئینگلیزییدا، هێندێ جار زاراوه‌ی (Mother tongue)ش به‌کاردێ، به‌ڵام زۆر به که‌میی. له زمانی ڕووسیدا، (یهزک) بۆ هه‌ردوو مه‌به‌سته‌که ده‌بێ!
وشه‌ی زار، دوو جۆر واتای هه‌یه:
* له‌بری زمان نه‌ک له‌بری دیالێکت به‌کاردێنرێ.
* له هێندێ نێوچه‌ی (کوردستان)یش، به زمانی نێو ده‌م یا به ده‌م دێ، وه‌ک ده‌ڵێن: زارم دێشی.
دیالێکێت Dialect
دیالێکێت زاراوه‌یه‌کی لاتینییه، له زۆربه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌کانی جیهاندا به‌کاردێ، له دیالێکتیش پچوکتر به زمانی بیانیی (Sub Dialect) یا (Semi Dialect)یان هه‌یه. به عه‌ره‌بیی (له‌هجه)ی پێ ده‌گوترێ، بۆ خواردیالێکتهکانیش، (ته‌حته ئه‌له‌هجه) یا (شبه له‌هجه) به‌کاردێنرێ.
به‌ڵام له زمانی کوردییدا، تا ئێسته چه‌ن زاراوه‌یه‌کی وه‌ک (زار، زاراو، زاراوا، زاراوه، شێوه، به‌ش، بن، خوار، نیمچه و بێچوو)، بۆ دیالێکت و خواردیالێکت (به‌ش و لق) داتاشراوه. دیاره، (زاراو، زاراوا، زاراوه)، هه‌ر له زاراوه‌وه وه‌رگیراون، وه‌ک چۆن ئایینزا له ئایینه‌وه وه‌رگیراوه. له ڕاستیدا به ته‌واویی دیار نییه، کامیان بۆ به‌ش و لقه دیالێکته‌کان دهسدهن. چونکه هه‌ر نووسه‌رێ به‌پێی دید و بۆچوونی تایبه‌تی خۆی، یه‌کێکیان به‌کاردێنێ. جگه له ئه‌وه‌ی هه‌موو زاراوه‌کان، چ بۆ به‌ش و چ بۆ لقه دیالێکته‌کان تێکه‌ڵاوکراون. ئه‌م زاراوانه‌ش، له ڕواڵه‌تدا یه‌ک واتایان هه‌یه. به‌ڵام هێندێکیان به هه‌ڵه دانراون، له هه‌مان کاتیش‌دا، سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنن. بۆ نموونه: (شێوه) ڕاست نییه، چونکه (شکڵ)ی عه‌ره‌بیی ده‌گه‌یه‌نێ.
زاراوه هه‌رگیز بۆ دیالێکێت و خواردیالێکتهکان ناشێ. چونکه زاراوه به عه‌ره‌بیی (موسته‌ڵه‌ح)، به لاتینیی (Herminus) یا (Terminus)) و به ئینگلیزییش (Term)ی پێ ده‌ڵێن. به‌ڵام له زمانی کوردییدا ده‌کرێ، له‌بری ئه‌و زاراوانه، زاراوه‌ی دیالێکێت بچه‌سپێنرێ. چونکه واتاکه‌ی گه‌لێ گونجاوتره و هه‌موو خوێنه‌رێکی کوردیش تێیده‌گا. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و به‌شانه‌ی له خواردیالێکێتیشهوه دێن، شاره‌زایانی زمانی کوردیی، چه‌ن ناوێکی جیاوازی وه‌ک (بندیالێکێت، خواردیالێکێت، نیمچه‌دیالێکێت و بێچووه‌دیالێکێت)یان بۆ داناون، که هه‌موویان یه‌ک واتایان هه‌یه.
دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی و گه‌لانی جیهان
وه‌نه‌بێ، هه‌ر له زمانی کوردییدا، دیالێکتی جۆراوجۆر هه‌بێ، به‌ڵکوو له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری زمانه‌کانی گه‌لانی جیهاندا، دیالێکتی جیاواز هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌رکه‌وته‌یه، گرفتێکی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ هێندێ زمان درووستکردووه، به تایبه‌تی بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی، هێشتا ڕزگاریان نه‌بووه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دانه‌مه‌زراندووه. به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، شاره‌زایان پێیان وایه، زۆریی ژماره‌ی دیالێکته‌کان، له زمانێکی دیاریکراودا، هه‌رگیز به که‌موکووڕیی و خه‌وش دانانرێ، به‌ڵکوو نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌و زمانه‌یه!
بۆ نموونه: عه‌ره‌به‌کان، هه‌رچه‌نده خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ئایین و په‌رتووکێکی ئاسمانیی وه‌ک قورعانن، که‌چی زمانه‌که‌یان له چه‌ندین دیالێکت و خواردیالێکتی جیاواز پێکهاتووه.
زمانی فارسیی له چه‌ندین دیالێکت و خواردیالێکت درووستبووه. دوکتۆر (موعین) له ئه‌و پێشه‌کییه‌ی بۆ فه‌رهه‌نگی (بورهانی قانیع)ی نووسیوه (پتر له په‌نجا دیالێکتی بژاردووه.) (1)
ئه‌و زمانه‌ی گه‌لی (سوید)، له نێوچه جیاوازه‌کانی باکوور، نێوه‌ڕاست و باشووری وڵاته‌که‌دا پێیده‌دوێن، له ڕووی دیالێکت و فۆنێتیکه‌وه، هێندێ جیاوازییان هه‌یه.
ئه‌و ئینگلیزییه خۆشه‌ی له نێوچه‌کانی نێوخۆی (بریتانیا)ی گه‌وره، وه‌ک (له‌نده‌ن، وێڵز و سکۆتله‌ند) قسه‌یپێده‌که‌ن، جیاوازییه‌کی زۆریان هه‌یه. ئینگلیززمانه‌کانی وڵاتانی وه‌ک (ئه‌مێریکا، که‌نه‌دا، ئوسترالیا …)، شیوه‌یه‌کی زۆر جیاوازترشیان هه‌یه.
ئه‌و ئه‌ڵمانییه‌ی دانیشتووانی ئه‌ڵمان پێیده‌په‌یڤن، چ له‌نێوخۆ و چ له ده‌وڵه‌ته‌کانی (نه‌مسا، سویسرا، هۆڵه‌ند …) گه‌لێ جیاوازن و وه‌ک چه‌ن دیالێکتێکی سه‌ربه‌خۆیان لێهاتووه.
هه‌روه‌ها زمانه‌کانی (ڕووسیی، فڕه‌نسیی، ئیتالیی …)، چه‌ن دیالێکتیکی جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، یه‌ک زمانی یه‌کگرتووی نووسینیان هه‌یه.
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ کرد، زۆریی ژماره‌ی دیالێکته‌کان، له زمانێکی دیاریکراودا، نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌و زمانه‌یه. به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ی کورد، هێنده گرفتی نه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی، ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، ئه‌و دیالێکته جیاوازانه‌ش، هێنده‌ی دیکه گرفته‌کانی کوردی زیادکردووه. چونکه ئه‌و دیالێکتانه، به شێوه‌یه له یه‌کدی جیابوونه‌ته‌وه و دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه، نه‌ک هه‌ر ڕۆڵه‌کانی کورد، له هه‌ر به‌شیکی (کوردستان)، به دیالێکتێکی جیاواز ده‌په‌یڤن، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له یه‌ک پارچه‌شدا، هه‌ر نێوچه‌یه‌ک به دیالێکتێ یا به خواردیالێکتێکی جیاواز قسه‌ده‌که‌ن. بۆیه کوردی نێوچه جیاجیاکانی (کوردستان)، به گران له یه‌کدی ده‌گه‌ن. ته‌نانه‌ت هێندێ جاریش، به زمانی داگیرکه‌ران، ئاخافتن له‌گه‌ڵ یه‌کدی ده‌که‌ن، تا له یه‌کدی تێبگه‌ن!
له ئه‌و بڕوایه‌دام، هه‌موو ئه‌و دیالێکت و خواردیالێکته کوردییانه، له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک زمانی یه‌کگرتووبوون. پاشان ورده‌ورده، به‌هۆی چه‌ند فاکته‌رێکی مێژوویی، جوگرافیایی، ڕه‌وشی نه‌ته‌وه‌یی، باری ڕامیایی و ئاستی که‌لتووریی نه‌ته‌وه‌که‌وه، له یه‌کدی جیابوونه‌ته‌وه و لقوپۆپیان لێ بووه‌ته‌وه. داگیرکه‌رانی (کوردستان)یش هێنده‌ی دیکه، ئه‌و له یه‌کدی دوورکه‌وتنه‌وه و جیاوازییه‌ی نێوان دیالێکته‌کانیان قووڵترکردووه‌ته‌وه.
که‌واته، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاکی (کوردستان)، له نێوان چوار ده‌وڵه‌تدا داگیر و دابه‌شکراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زمانه‌که پشگوێخراوه و نه‌ته‌وه‌ی کورد دواکه‌وتووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مووهه‌وڵه‌ی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان ده‌یده‌ن، زمانی کوردیی، له بۆته‌ی زمانه‌کانی خۆیاندا بتوێننه‌وه، ئیدی ده‌بێ، له ئه‌وه پتر، چاوه‌ڕوانی چی دیکه، له زمانی کوردیی بکه‌ین؟ که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا زمانه‌که‌مان، له‌چاو هێندێ زمانی گه‌لانی دیکه‌دا، خۆی ڕاگرتووه و پێشکه‌وتووه!
هۆی په‌یدابوونی دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی
هه‌رچه‌نده دیالێکت و خواردیالێکته‌کانی زمانی کوردیی، له ئه‌نجامی چه‌ندین هۆی دیاریکراودا په‌یدابوون. هێندێ له ئه‌و هۆیانه، به‌هۆی ویستی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه له‌نێوده‌چن. هێندێکی دیکه‌شیان، هه‌روا به ئاسانیی ناسڕێنه‌وه. به‌ڵکوو تا ماوه‌یه‌کی دوورودرێژی مێژووییش، هه‌ر ده‌مێنن. به شێوه‌یه‌کی گشتیی ده‌توانین، ئه‌و هۆیانه، له چه‌ن خاڵێکدا چڕکه‌ینه‌وه:
1. هۆکاری جوگرافیا.
2. داگیرکردن و دابه‌شکردنی خاکی (کوردستان).
3. نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی یه‌کگرتووی ناسیۆنالی کوردیی.
4. باری دواکه‌وتووی ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی.
به‌ڵام ئه‌ز پێم وایه، به شێوه‌یه‌کی گشتیی، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ، جیاوازیی نێوان دیالێکت و خواردیالێکتهکان که‌مکاته‌وه، یه‌ک زمانی یه‌کگرتووی ستاندارد درووستکا و به‌سه‌ر ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌دا بیسه‌پێنی. به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه، جووه‌کان وه‌ک ئاردی نێودڕکیان لێهاتبوو، له نێوان ده‌وڵه‌ت و کیشوه‌ره‌کانی جیهاندا، په‌رشوبڵاوبووبوونه‌وه و وایان لێهاتبوو، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان، زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی خۆیانیان نه‌ده‌زانی، به‌ڵکوو به زمانی ئه‌و وڵاتانه ئاخافتنایندهکرد، که لێی ده‌ژیان. که‌چی کاتێ ساڵی (1948)، ده‌وڵه‌تی (ئیسرایل) دامه‌زرا، جووه‌کان له هه‌ر چوارقوڕنه‌ی جیهانه‌وه، بۆ سه‌ر خاکی مێژوویی باووباپیرانی خۆیان گه‌ڕانه‌وه، له‌ڕێی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنه‌وه، ورد و درشتیان، فێری زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی خۆیان بوونه‌وه، زمانی ئاخافتن و نووسینیان بوژانده‌وه. ئه‌وڕۆش هیچ (ئیسرایلیی)هیهک نییه، چ به قسه‌کردن و چ به نووسین، زمانی عیبریی نه‌زانێ!
دابه‌شکردنی دیالێکته‌کانی زمانی کوردیی
ئه‌وه‌ی تا ئێسته بۆمان ساغبووته‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ: یه‌که‌مین که‌سێ له‌نێو کورددا، زمانی کوردیی به‌پێی جیاوازییه‌کانی نێوانیان دابه‌شکردبێ، میر (شه‌ره‌فخانی به‌تلیسیی) بوو. ئه‌و پیاوه مه‌زنه، پتر له چوار سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، له شاکاره بایهخدارهکهیدا (شه‌ره‌فنامه)، زمانی کوردیی به‌سه‌ر (4) دیالێکتدا دابه‌شکردووه: (کرمانج، لووڕ، که‌ڵهووڕ و گۆران) (2)
له ڕاستیدا، ئه‌م دابه‌شکردنه، وه‌ک سه‌ره‌تا و بنچینه‌یه‌کی گرنگ وایه، دواتر زۆربه‌ی شاره‌زایانی زمانی کوردیی، که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، زۆر ساکاره و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ناشێ، چونکه سه‌رده‌مه‌که گۆراوه، خوێندن و خوێنده‌واریی، له‌نێو کورددا پێشکه‌وتووه و گه‌لێ کۆڵینه‌وه‌ی زانستانه‌ی دیکه، سه‌باره‌ت به ئه‌و بابه‌ته کراوه. بۆ نموونه:
(تۆفیق وه‌هبی)، که شاره‌زایه‌کی ئه‌کادێمیی و زمانه‌وان بوو، چه‌ن زمانێکیشی زانیوه، زمانی کوردیی به‌سه‌ر چه‌ن دیالێکت و خواردیالێکتێکدا دابه‌شکردووه:
1. کرمانجیی:
• کرمانجیی ژووروو: وه‌ک (بادینانیی، بۆتانیی، ئاشتیانیی، هه‌کاریی و بایه‌زیدیی).
• کرمانجیی خواروو: وه‌ک (موکریی، مهابادیی، سۆرانیی، هه‌ولێریی، سوله‌یمانیی، سوله‌یمانیی و که‌رکووکیی، سنه‌یی و ئه‌رده‌لانیی).
2. لووڕیی: وه‌ک (به‌ختیاریی، له‌ک، فه‌یلیی، که‌ڵهووڕ و مامهسهنیی).
3. گۆران: وه‌ک (باجهلانیی، کاکه‌یی، زه‌نگنه‌یی و ههورامانیی).
4. زازایی. (3)
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دابه‌شکردنه‌ش، تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر گونجاوبووه. به‌ڵام وا بزانم، ئه‌وڕۆ هێندێ له ئه‌و لقهدیالێکتانه، به ته‌واویی له یه‌کدی نزیکبوونه‌ته‌وه. له‌به‌رئه‌وه ژماره‌کانیان که‌مبوونه‌ته‌وه. بۆ نموونه: له بهشهدیالێکتی کرمانجیی خواروودا، هه‌ردوو لقهدیالێکتی (موکریی) و (مهابادیی)، یا لقهدیالێکتهکانی (سوله‌یمانیی و که‌رکووکیی، سنه‌یی و ئه‌رده‌لانیی)، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌نێواندا نه‌ماوه!
ئه‌ز پێم وایه، ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی زانای گه‌وره (تۆفیق وه‌هبی)، ده‌وروبه‌ری (80-85) ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر کردوویه‌تی، له هه‌موو دابه‌شکردنه‌کانی دیکه، زانستانه‌تره و تا ئه‌وڕۆش، بایه‌خی تایبه‌تی خۆی لهدهسنهداوه. له هه‌مووشیان ڕێکوپێکتر، زمانی کوردیی پۆلێنکردووه.
به‌ڵام به‌پێی کۆڵینه‌وه‌ی نوێی زانستیی زمانه‌وانیش بێ، دیالێکته‌کانی هه‌موو زمانێ، به ئه‌م شیوه‌یه دابه‌شده‌کرێن:
1. دیالێکتی ستاندارد.
2. دیالێکتی ڕه‌گه‌زیی.
3. دیالێکتی جوگرافیایی.
4. دیالێکتی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. (4)
هه‌رچی چۆنێ بێ، نه وشه‌ی (ماچۆ)ی ههورامانیی، له وشه‌ی (یه‌ژم)ی لووڕیی ده‌چێ، نه وشه‌ی (ده‌ڵێم)ی کرمانجی خواروو، له وشه‌ی (گوتم)ی کرمانجی ژووروو ده‌چێ، به‌ڵکوو هیچیان له هیچیان ناچن، بۆیه ئه‌و چوار دیالێکته سه‌ره‌کییه‌مان هه‌یه!
بۆچوونی خۆم سه‌باره‌ت به دیالێکت و خوار دیالێکته‌کان
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و بابه‌تانه‌ی، سه‌باره‌ت به دیالێکت و خواردیالێکته‌کانی زمانی کوردیی پێشکه‌شمکرد، ئه‌ز لێره‌دا، له‌بری ئه‌و هه‌موو زاراوانه، دیالێکت و خواردیالێکت به‌کاردێنم. دیالێکته‌کانیش به‌سه‌ر خواردیالێکته‌کاندا دابه‌شده‌بن. هه‌ر خواردیالێکتێکیش، له به‌ش و لق پێکهاتووه. واته به ڕیز و له گه‌وره‌وه بۆ پچووک به ئه‌م شێوه‌یه‌یه:
زمان: کوردیی.
دیالێکت: کرمانجیی، لووڕیی، گۆرانیی و زازایی.
خواردیالێکت (به‌ش + لق): بۆ نموونه دیالێکتی کرمانجیی، له دوو به‌ش پێکهاتووه:
به‌ش: کرمانجیی خواروو و ژووروو. هه‌ر به‌شێکیش، چه‌ن لقێکی هه‌یه.
لق: لقه‌کانی به‌شی کرمانجیی خواروو ئه‌مانه‌ن: (موکریی، مهابادیی، سۆرانیی، هه‌ولێریی، سوله‌یمانیی و سنه‌یی).
لقه‌کانی به‌شی کرمانجیی ژوورووش ئه‌مانه‌ن: (بادینانیی، بۆتانیی، ئاشتیانیی، هه‌کاریی و بایه‌زیدیی).
به کورتی، گه‌ر بمانه‌وێ، لقی (سوله‌یمانیی) له دابه‌شکردنی دیالێکته‌کانی زمانی کوردییدا ده‌سنیشانکه‌ین، به ئه‌م شیوه‌یه ده‌بێ: زمانی کوردیی، دیالێکتی کرمانجی، به‌شی کرمانجیی خواروو، لقی (سولهیمایی).
پوخته
له کۆتاییدا، زۆر به ڕاشکاویی ده‌ڵیم: ئێمه‌ی کورد ده‌توانین، لای دۆست و دوژمن، زۆر به شانازییه‌وه، باسی زمانه‌که‌مان بکه‌ین. چونکه له‌لایه‌که‌وه، تا ئه‌وڕۆ به سه‌رکه‌وتوویی، له‌ده‌س هه‌موو جۆره گرفتێکی پوکاندنه‌وه و تواندنه‌وه ڕزگاریبووه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، زمانه‌که‌مان له ڕووی ئه‌لفوبێوه، له‌چاو هێندێ زمانی دیکه‌ی وه‌ک (فارسیی، توورکیی و عه‌ره‌بیی)، گه‌لێ ده‌وڵه‌مه‌ندتره. بۆیه زۆر به ئاسانیی ده‌توانین، هه‌موو وشه‌یه‌کی پێ ده‌ربڕین و بنووسین، که ئه‌مه خۆی له خۆیدا، له که‌م زمانی گه‌لانی دیکه‌ی جیهاندا هه‌یه!
هیچ نووسینێکی کوردیی نابێ، به شیوه زمانی شار و شارۆچکه‌ی نووسه‌ره‌که بنووسرێ، به‌ڵکوو ده‌بێ، به زمانی وێژه‌ی یه‌کگرتووی کوردیی بنووسرێ. ئه‌گینا گه‌ر هه‌ر که‌سێ به ئاره‌زووی خۆی بیه‌وێ، به زمانی زێده‌که‌ی خۆی بنووسێ، ئه‌وا گه‌ڕه‌لاوژێیه‌کی زمانه‌وانیی درووستده‌بێ، ئه‌وپه‌ڕی دیارنه‌بێ! به‌ڵام گه‌ر له ده‌قه‌که‌دا، جۆره دیالۆگێکی تێدابوو، ئه‌وا ده‌کرێ، ئه‌و گفتوگۆیه، به یه‌کێ له دیالێکت و خواردیالێکتهکان بنووسرێ، ئه‌مه‌ش پتر زمانه‌که ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌قه‌که‌ش شیرینتردهکا.
ئه‌ز پێم وایه، هه‌موو کوردێ بۆی هه‌یه، به دیالێکت و خواردیالێکتهکهی خۆی قسه‌بکا، ئه‌مه‌ش به هیچ شیوه‌یه، زیان به زمانی کوردیی ناگه‌یه‌نێ. به‌ڵام زۆر گرنگه، زمانی ئاخافتنه‌که‌ی، تێکه‌ڵ به زمانی نووسین نه‌کا. بۆ نموونه هیچ نووسه‌رێ نابێ، قسه‌کردنی ئاسایی ڕۆژانه‌ی، نێوچه جیاجیاکانی (کوردستان)، تێکه‌ڵ به زمانی نووسینه‌که‌ی خۆی بکا و بڵێ: (ئه‌دی کوو بابم، ئه‌وه لۆچی ئه‌نگۆ گه‌مه‌ی ده‌که‌ن، گۆشت خاس له وازاڕ فره هه‌س، بیم وهقوربان ڕیشی چهرمووگت)(5) چونکه له ئایینده‌دا، به هیچ شێوه‌یه ناتوانین، زمانێکی یه‌کگرتووی نووسین پێک‌بێنین!
سه‌رچاوه‌کان
1. دوکتۆر موعین، فه‌رهه‌نگی فارسی، تاران، ج 5، ل 37-41.
2. شه‌ره‌فخانی بدلیسی، شه‌ره‌فنامه، چ 2، 1981، ل 29
3. زوبێر بلال اسماعیل، مێژووی زمانی کوردی، به‌غداد، 1984، ل 115-116.
4. فوئاد حه‌مه‌خورشید، زمانی کوردی دابه‌شبوونی جوگرافیایی دیالێکته‌کانی، به‌غدا، 1985، ل 89.
5. جه‌مال نه‌به‌ز، زمانی یه‌کگرتووی کوردی، ئه‌ڵمان، 1976، ل 92.