شەریف هەژارى: ئایا هاوپەیمانێتیى ئەمریکا و تورکیا هێندە لەرزۆک بووە، وەک هەندێک لە نوسەرانى دیارى کورد ئاماژەى پێ دەدەن؟
پێموایە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، کە توشى هەندێک لە نوسەرانى ناودەرکردوى کورد بووەتەوە (ڕوونە دووچارى بەشێکى زۆرى خەڵکى ئاسایش بووەتەوە) ئەوەیە: بەپێى پڕوپاگەندەى سەر فەیسبووک و بەیاننامە ئاشکراکانى ناو ڕاگەیاندنەکان دێن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخى سیاسیى و هاوپەیمانێتییە نێو دەوڵەتییەکان دەکەن!
پێموایە: ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و، لەگەڵیشی دا کاولکردنی نۆ پێگەی ستراتیژی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناو خاکی سوریا، دەکرێ وەک سەرەتای ھەڵوەرینی مەوقیعی سیاسیی- سەربازی ئێران دابنێین لە خاکی سوریا!
زۆر ھەنگاوی گرنگ ھەیە کە بە پەیوەندی سیخوڕی- ھەواڵگری دادەژرێت، نەک بە ئاشکرا لە بەردەم ڕاگەیاندنەکان! هەفتەى ڕابردووش گوێبیستى لێدوانى دوو جەنەراڵى تورکیا و ئەمریکا بووین، کە هەفتانە جەنەراڵەکانى تورکیا و ئەمریکا کۆبوونەوە دەکەن لەسەر پێشهات و ڕووداوەکانى ناو سوریا!
ھەمیشە وتوومە و دەیڵێمەوە: گەر بە وردی مێژووی سیاسیی ئەردۆگان بزانین، ئەوا زۆر ئەستەم دەبێت کە ئەو ھەمو نوسەر و ڕۆژنامەنوس و سیاسیانەی باشوری کوردستان ئەردۆگان بە نەفام و نەزان بزانن.
(وەک شەریف ھەژاری) بە تێڕامانی قوڵ لە مێژوی پەیوەندییە ھەواڵگری و سەربازیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، ئەوا زۆر بۆ ئەو ئەگەرە دەچم کە لێدانی پێگەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە خاکی سوریا، بۆ لاوازکردنی بەرەکانی جەنگیی ئێران- ئەسەدە لەو قۆڵانەی عەفرینەوە کە بە شێوازی جیا ھاوکاری پەیەدە ئەکەن.
تەنانەت ئەگەر ئەو دوو ھێرشە (تورکیا بۆ عەفرین و، ئیسرائیل بۆسەر پێگەکانی ئێران لە سوریا) پەیوەندیی ھەواڵگریشیان بە یەکترەوە نەبێت، ئەوا ھەر لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا- ئیسرائیل – تورکیایە لە خاکی سوریاد.ا (تکایە ئەو پرسیارەم لێ مەکەن: مامۆستا ئەمریکا ڕایگەیاندووە بێ لایەن دەبێت لە ھێرشی تورکیا بۆ عەفرین و، ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە سوریا).
چونکە کەسێک شارەزای وردی لە مێژوی سیاسیی ئەمریکا ھەبێت، زۆر بە سانایی ئەوە دەزانێت کە ئەمریکا ئەستەمە پیلان و ئەجێندا و تەنانەت تەکتیکی ھەواڵگری- سەربازی خۆى لە کۆنگرە ڕۆژنامەییەکان ئاشکرا بکات. گەر مێژووى سیاسیى ئەمریکا و بیرەوەرى جەنەرالەکانیان بخوێنینەوە، بۆمان ساغ دەبێتەوە کە لە زۆر پرس دا کە خۆیان پیلانداڕێژەریشینى بەڵام لە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیى دا (تەنھا ئەمریکیەکان دەڵێن: ئاگامان لێ نیە و داواکارین لایەنەکان دان بە خۆیاندا بگرن!!).
بۆیە پێموایە، بنەڕەتی مەسەلەکە: بەھاتنەناوەوەی تورکیا بۆ عەفرین و گڵۆپی سەوزی ڕوسیا بۆ تورکیا، لەڕاستیدا ئەو ھەنگاوە بە گۆڵێکی ئەمریکا لە ڕوسیا دەزانم، خۆ ئەگەر تەنانەت ڕوسیا (بەنهێنی)یش گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران و ئەسەد ھەڵکردبێت کە ھاوکاری چڕی پەیەدە بکەن بۆ ئەوەی تورکیا لە عەفرین بپڕوکێت، ئەوا بە ھێرشەکانی ئێسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە سوریا، زۆر بەڕوونی ئەو پەیامەی دا کە ھێدی- ھێدی دەبێت نفوزی ئێران لە سوریاش بنکۆڵ بکرێت!
بەو مانایەى، لەوەتەى کابینەى ترامپ هاتۆتە سەر تەخت، ئەجێندایان پڕوکانى هەژمونى ئێرانە لە دەرەوەى سنورکانیى دا و، بۆ ناوخۆى ئێرانیش دەیانەوێت شۆڕش و ڕاپەڕینى سەرشەقامى بهێننە کایەوە، بۆ پڕوکانى ئەو ڕژێمە لە ستراتیژ دا. (ئەمە بەو مانایە نییە کە هەمو هەنگاوێکى ئەمریکا سەرکەوتو بێت یاخود – وەستانى کاتیى- پێوە دیارنەبێت، بەلکو بەو مانایەیە: ئەجێنداى کابینەى ترامپ لە بەرانبەر ئێران هەوڵدانیانە بۆ پڕوکاندنى هەژمونى ئێران لە دەرەوەى سنورەکانیى دا و، لە ناوخۆى ئێرانیش دا زیادبوونى بێ کاریى و گەمارۆى ئابورى و نەبوونى ئازادى فۆرمۆلە ببێت بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینى سەرشەقامى بە گوتارێکى ڕاماڵینى ئەو ڕژێمە!).
نابێت ئەو ئەگەرەش لە یاد بکەین کە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانى ئێران لە خاکی سوریادا، ھەڵگری یەک پەیامیش بووە بۆ تورکیا، ئەویش ئەوەیە: گەر تورکیا ئاراستەی نزیکبونەوەکانی خۆی لەگەڵ ڕوسیا بگۆڕێت، ئەوا ئەمریکا لە ڕێی ترەوە (وەک ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێەکانى ئێران لە سوریا) ھاوکاری تورکیا بکات لە خاکی سوریا دا! لە کۆتاییش دا جەخت دەکەمەوە لەسەر ئەم دێڕەم کە لە بابەتێکى پێشووتر دا ئاماژەم پێ داوە، ئەویش بە خوێندنەوەى مێژووى پەیوەندییەکانى تورکیا لەگەل ئەمریکا لە سەردەمى هاوچەرخ دا، دێڕەکەش ئەمەیە: (تورکیا هەژمونى تا کوێ بات، هەژمونى ئەمریکا بەو شوێنە دەگات، هێندە هاوپەیمانێتیى نێوان تورکیا و ئەمریکا ستراتیژییە و، جیۆپۆلەتیکى تورکیا -هەر لە بنیاتنانى موشەکە کیشوەربڕەکانى ئەمریکا لە خاکى تورکیا دژى یەکێتیى سۆڤیەت- ئەوا خاکى تورکیا هێندە گرنگە بۆ ئەمریکا!).
هیوادارم لە سیاسەت دا، بەپێى تاکتیکى ڕۆژ و گوتارى ڕۆژانەى سەر فەیسبوک و بەیاننامەى سەر ڕاگەیاندنەکان، هەلسەنگاندن نەکەین، بەلکو لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان وردبینەوە.
چونکە ئەو بەرژەوەندییە ستراتیژییانە هەمیشە هۆکارى بنەڕەتى دەبێت بۆ ئەوەى (کێشە تاکتیکى)یەکان وەلابنرێن لە پێناو ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتیژیى یەکان دا. بۆیە نە ئەمریکا (بە سانایى) دەست بەردارى جیۆپۆلەتیک و پەیوەندییە ستراتیژییەکانى تورکیا دەبێ و، نە تورکیاش کۆتایى بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانى لەگەڵ ئەمریکا دێنێ، کە ڕونە ئەم پەیوەندییە ستراتیژییانەش مەرج نیە ئاڵۆزى تاکتیکى تێ نەکەوێت!