عەتا قەرەداخی: گوتارى مێژوویی دکتۆر کەمال مەزهەر.
سەرەتا: دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد ( 1937- ) پسپۆڕی بوارى مێژووى نوێ و هاوچەرخی کوردیە. لە شەستەکانی سەدەى رابردوودا بڕوانامەى دکتۆراى لە مێژووى کورددا لە سۆڤێتی ئەوسا وەرگرتووەو بەشدارییەکی دەوڵەمەندو لەبەرچاوى لە نووسینەوەى مێژووى کورددا هەیەو لەم بوارەدا ژمارەیەکی لەبەرچاو کتێبی بەچاپ گەیاندووە. ئەوەى ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە دوایەوەیەن و دەمانەوێت گفتوگۆى بکەین و سنوورەکانی دیارى بکەین گوتارى مێژوویی ئەم پسپۆڕە مێژووییە دیارەیە. بە واتایەکی تر دەمانەوێت شووناسی گوتارى نووسینی مێژوویی ئەو نووسەرو لێکۆڵەرە دەستنیشان بکەین و لەوێشەوە ئاخاوتنی ئەوە بکەین گوتارى مێژوویی ئەو لە کوێی گوتارى ناسیونالیزمی کوردیدایە. لێرەشەوە راستەوخۆ بە پشت بەستن بە لێکدانەوەى بەرهەمەکانی لە دواى وەڵامی ئەم پرسیارانە دەگەڕێن: ئایا گوتارى مێژوویی دکتۆر کەمال مەزهەر، گوتارى ناسیونالیزمی کوردیە؟ ئایا گوتارى مێژوویی کەمال مەزهەر گوتارى هەرێمایەتی کوردیە واتە گوتارى بەشێکی کوردستانە؟ ئایا گوتارى مێژوویی دکتۆر کەمال مەزهەر گوتارى عێراقیە، واتە ئایا گوتارى ئەو گوتارى پێکەوەژیانی کوردو عەرەبە لە وڵاتێکدا کە ناوى عێراقەو کوردى باشوور بە زۆرو دوور لە ویستی خۆى بەو وڵاـەوە لکێندراوە؟
بێگومان گوتارى ناسیونالیزمی کوردى پەیوەندى بەسەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی کوردى و هوشیارى نەتەوەیی کوردیەوە هەیە. سەرهەڵدنی هەستی نەتەوایەتی کوردى لە شێوەیەکی سادەو سەرەتایدا مێژوویەکی کۆنترى هەیە لەو قۆناغەى کە دکتۆر کەمال مەزهەر توێژینەوەکانی خۆیى بۆ تەرخان کردووە. هەستی نەتەوایەتی کوردى لە شێوەى سەرەتایی خۆیدا ئەگەر لە ئاستی نەگوتراو یان دەرنەبڕراویشدا بێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەى کە کورد هەوڵیداوە بە کوردى بنووسێت. بۆ ئەو مەبەستەش ئەوەى ئاشکرایە نووسینی کوردى بە شیعر دەستی پێکردووەو وەکو زانراوە کۆنترین شیعرى بە زمانی کوردى نووسراو کە بۆ ئێستا ماوەتەوە شیعرەکانی باباتاهیرى هەمەدانیە ( 937-1019) کە بە زارى لوڕى نووسراون. هەروەک بۆچوونی لەوجۆرەش هەیە کە لە پێش ئەو مێژووەدا بە زارى گۆرانی شیعر نووسرابێت. بەهەرحاڵ دواترو لەسەردەستی ئەحمەدى خانی (1651-1708 ) و لە مەموزیندا هەستی نەتەوایەتی کوردى زیاتر ئاشکرا دەبێت و ئەحمەدى خانی وەکو کەسێکی منەوەرى سەرەدەمەکەى خۆى و وەکو ناسیونالیستێک باسی خواست و ویستە نەتەوەییەکانی کورد دەکات.
ئاشکرایە لە سنوورى میرنشینە دیارەکانی کورددا، بە تایبەتی لە سنوورى هەردوو میرنشینەکەى باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستاندا ( ئەردەڵان و بابان )، هەم لە رووى بەڕێوەبەرایەتیەوەو هەم لە رووى سەرهەڵدانی شیعرو نووسینەوە بە شێوەیەکی دەوڵەمەندتر هەستی نەتەوایەتى کوردى زیاتر دەرکەوتووە. بە دواى ئەوەشدا، بنەماڵەى بەدرخانیەکان کە کاریگەرى سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی تورکییان لەسەر بووەو خۆیشیان وەکو بنەماڵەیەکی منەوەر کە بەشێک لە پایتەخت و شارە گەورەکانی ئەوروپاى ناوەڕاستی سەدەى نۆزدەیان بینیووە، زووتر هەستی نەتەوەییان دەستی پێکردووەو بەرەو گەشەکردن رۆیشتووەو، ئەو هەستە گەیشتووەتە ئاستی جۆرێک لە هوشیارى نەتەوەیی بە شێوەیەک لە ساڵی 1843 دا کەوتنە جوڵەو راپەڕینیان بەرپاکرد. راپەڕینەکەى شێخ عوبەیدوڵای نەهرى لە ساڵی 1881-1882 ) کە لە پێناوى بەشێک لە داخوازیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کورددا بوو، زیاتر سەلمێنەرى بەهێزبوونی هەست و هوشیارى نەتەوەیی کوردی بوو. بێگومان هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردى وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەى کوردى و مێژووى کوردى پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەمدا نابینرێت، بەڵکو ئەوەى کە تا جەنگی جیهانی یەکەم هەبووە جۆرێک لە هەستی لاوازى نەتەوەیی و هوشیارییەکی لاواز لەسەر ئاستی تاکەکەس هەبووە، کە ئەوەش تاکەکەسی ناسیونالیستی بەرهەم هێناوە لە جۆرى هێما دیارەکانی بەدرخانیەکان و شێخ عوبەیدوڵاى نەهرى و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شەریف پاشا و چەندین کەسی تر.
مەبەستمان لەم پێشەکیە ئەوەیە لە کاتێکدا سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی کوردى بەشێوەیەکی لەبەرچاو لە چارەکی یەکەمی سەدەى بیستەمەوە دەست پێ دەکات. بە تایبەتی دەرکەوتنی تورکە لاوەکان و بوونی نوخبەیەک لە کوردى باشوور لە ئەستانەو لە شوێ،ەکانی تر تورکیاو نزیک لە ئیتیحادو تەرەقی و گەڕانەوەیان بۆ باشوورى کوردستان لە شکستی دەوڵەتی عوسمانیدا، رۆڵی ئاشکراى هەبووە لە دەرکەوتنی زیاترى نوخبەیەک لە ناسیونالیست لە باشوورى کوردستان و لە سەروبەندى جەنگی یەکەم و دەستپێکردنی بزووتنەوەکانی شێخ مەحموددا شوێنیان دیاربووە.
بەرهەمەکانی دکتۆر کەمال مەزهەر لە بوارى مێژوودا لەو قۆناغەى مێژووى کورد دەکۆڵێتەوە کە تیایدا بزووتنەوەى نەتەوەیی کورد لە پێناوى مافە نەتەوەییەکانی کورددا سەرى هەڵداوەو لە نێوان هەڵچوون و داچووندا دیارو بەرچاو بووە. جەنگی جیهانی کاریگەرى لەسەر هەموو کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی داناوە، بە تایبەتی و بە پلەى یەکەم لەسەر ئەو جوگرافیایانەى کە بوونەتە مەیدانی جەنگ. دووەم ئەو جوگرافیایانەى کە لایەنە بەشدارەکانی جەنگ لە پێش جەنگ یان لە کاتی جەنگدا چاویان تێبڕیوون و هەریەکەیان ویستوویەتی دەستیان بەسەردا بگرێت یان بیانکات بە جێ هەژموونی خۆى، ئەویش لە ئاستی یەکەمدا وەکو بازاڕ بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانی لە بەرهەمی جەنگ و سەربازى یان کاڵاکانی تر. لە ئاستی دووەمدا چاویان بڕیوەتە سامان و سەرچاوە سرووشتیەکانی ئەو وڵاتانە بە تایبەتی نەوت کە تازە ئاشکرا دەبوو یان دەدۆزرایەوە. لەم رووەوە کوردستان وەکو جوگرافیایەکی دەوڵەمەند لە رووى سەرچاوە سرووشتیەکانەوە بووتە جێگاى چاوتێبڕینی دەوڵەتان، ئەمە سەربارى ئەوەى کە پێشتر لە نێوان فارس و تورکەکاندا دابەشکرابوو، کوردەکان خۆیان خاوەنی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن نەبوون بە تایبەتی لە دواى رووخاندنی میرنشینەکانەوە ئیتر ئەو دەسەڵاتە سنووردارەى پێشتریشیان نەما. لەم رووەوە دکتۆر کەمال مەزهەر دەڵێت: کوردستان لەم ناوچەیەدا ( لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا- ع) بەشێکی دەوڵەمەندو گرنگ بوو لە رووى ستراتیژیەوە، پێگەیەکی تایبەتی بوو لە نەخشەسازیەکانی- پلانەکانی- دەوڵەتانی گەورەدا لە ساڵانی پێش جەنگ یان لە کاتی جەنگدا. بەریتانیاو روسیاو فەڕەنساو ئەڵمانیا ساڵانێکی درێژ بوو هەوڵیان دەدا و بەهەموو ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێگەیان و چەسپاندنی پێیان لەم وڵاتانەدا بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر سامانیانداو بەستنەوەیان بە بازاڕەکانیانەوە، لەو رووە نەوت یەکێک لە هۆکارە شاراوەکان بوو(1). لێرەدا راستەخۆ ئامانجی چاوبڕینی دەوڵەتانی بڕیار بە دەست لە کوردستان ئاشکرا دەبێت کە سەرچاوە سرووشتیەکانە. دیارە هەر ئەو ئامانجەش دواتر رۆڵی ئاشکراى هەبووە لەوەیدا کە کورد دەوڵەتی سیاسی بۆ درووست نەکرێت کە مەبەست لەم قسەیەش درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییە بە بێ بوونی ناسیوونالیزم، هەمان ئەو شێوە دەوڵەتەى کە بۆ عەرەبەکانیان درووست کرد بە تایبەتی لە دوورگەى عەرەبیدا، کە دەوڵەت درووستکراوە وەکو چوارچێوەیەک و ئامادەکراوە بۆ ئەوەى لەناو ئەو چوارچێوەیەدا ناسیونالیزم پێبگات و گەشە بکات.
ئاشکرایە کە کورد لە سەرەتاى سەدەى بیستەوە جۆرێک لە هەستێکی زیاتر نەتەوەیی لەلا درووستبووە. رۆڵی خراپی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر بە کوردو تێکشکاندنی بزووتنەوەکەى شێخ عوبەیدوڵاو درووستکردنی سوارەى حەمیدیە بۆ ئەوەى کوردەکان لەلایەک بەکاربهێنێت بۆ مەرامەکانی خۆى و دوژمنایەتی نوێ بۆ کوردەکان درووست بکات بە تایبەتی لەگەڵ ئەرمەندا، هەروەها شکاندنی کەسێتی کوردیش لەو رووەوە کە وەکو بەکرێگیراو بەکارى دەهێنان. ئەگەرچی بۆچوونی لەوجۆرەش هەیە کە پێیوایە سوارەى حەمیدیە قۆناغی دووەمی ناسیونالیزمی کوردیە لە دواى بزووتنەوەکەى شێخ عوبەیدوڵای نەهرى (2). بەهەرحاڵ هیچ سەچاوەیەکی زانستی پشتگیرى ئەم بۆچوونە ناکات، لەو روانگەیەوە کە کۆمەڵگەى کوردى لە دواچارەکی سەدەى نۆزدەدا بەو ئاستە پەرەسەندوو نەبووە کە بزووتنەوەى ناسیونالیستی کوردى رابەرایەتی داوا نەتەوەییەکانی کوردى کردبێت. نەخوزەڵا بۆ هێزێکی چەکدارى درووستکراو لەلایەن سولتان عەبدولحەمیدەوە وەکو سوڵتانی یەکێک لە دوو داگیرکەرە گەورەکەى کوردستان. هیچ هیزێک کە داگیرکەرانی کوردستان درووستی بکەن یان هیچ هێزێک کە بچێتە سەنگەرى داگیرکەرانی کوردستانەوە بە هێزى نەتەوەیی یان ناسیونالیستی کوردى دانانرێت. بەهەرحاڵ ئەم پاشخانە خراپە مێژووییەى رەفتارکردنی عوسمانیەکان و خودى پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە ناوەوەى کۆمەڵگەى کوردى، ئەگەرچی ئەو پەرەسەندنە هێواش و لەسەرخۆیش بووبێت و کاریگەرى ئیمریالیزم لەسەرناوچەکە ئەگەرچی ئەو کاریگەرییە لاوازیش بووبێت بە تایبەتی لە رێگاى گەڕۆکە رۆژئاوایی و بەرهەماکانی سەرمایەدارییەوە بە تایبەتی لە سەرەتاى سەدەى بیست و بەرەو سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمدا، جۆرە جوڵەیەکی هێواش لە هەست و هوشیارى کوردیدا بەرەو سەرهەڵدان چووە. کە ئەوەش لە دەیەى دووەمی سەدەى بیستدا کە هاوکات جیهان بە گشتی روووبەڕووى جەنگی ترسناک بووەوە. وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ قسەیەکى دکتۆر کەمال مەزهەر کردەوە ئەو جەنگە کاریگەرى ئاشکراى لەسەر کوردستان و کۆمەڵگەى کوردیش هەبووە، ئەوەش چ لە رووى ئابوورى و سەربازیەوە چ لە رووى کۆمەڵایەتی و هەست و هوشیارى نەتەوەییەوە.
بێگومان رووداوەکان چ رووداوى سرووشتی بن یان رووداوى درووستکراوى مرۆڤــ کاریگەرییان لەسەر خودى مرۆڤـــ وەکو تاک و وەکو دەستەو گروپ و کۆمەڵگەکان هەیە. بە هەمان شێوە رووداوى جەنگی جیهانی یەکەم کاریگەرى ئاشکراى لەسەر کۆمەڵگەى کوردى و کەسێتی کوردى هەبووە. پێکداچوونی رووداوى جۆراو جۆرو کارلێک کردنیان بە ئاشکرا کاریگەرى لەسەر بەرکارەکانی ئەو واقیعە دادەنێت کە ئەو رووداوانە تیایاندا روودەدەن یان کاریان لێدەکەن. لەم رووەوە دکتۆر کەمال دەڵێت: مێژوو، وەک هەر زانستێکی تر، تەنها بەرەو پێش ناچێت، بەڵکو هەمان کات و دیسان وەک ئەوان رووداوەکانی لەگەڵ یەکتردا تەفاعول دەکەن، تەفاعولی رووداوى مێژوویی دووجۆرە: ستونی و ئاسۆیی. ستونی ئەوەیانە کە لەناو خودى کۆمەڵ خۆیدا روودەدات، ئاسۆییش ئەو تەفاعولەیانە کە لە نێوان رووداوى مێژوویی کۆمەڵی جیاوازدا روودەدات(3). بێگومان بەردەوام رووداوى هێواش لەناو خودى کۆمەڵگەدا روودەدات کە بەپێی رەوتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی جوڵەى بەردەوامی خۆیان دەکەن و رۆڵ و کاریگەرییان لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە دەبێت. بە گوێرەى کۆمەڵگەى کوردیش هەمان بۆچوون راستە. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین هەرچۆن جەنگی جیهانی و هەرچۆن پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لاى تورکەکان و تەنانەت فارسەکانیش لە دەرەوەڕا کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەى کوردى هەبووەو رۆڵیان لەوەدا بینیووە کە هەستی کوردبوون لاى نوخبەى خوێندەوارى کوردى بوروژێنێت و بەهێزتر بکات. هاوکات جوڵەى ناوخۆى کۆمەڵگەش لەو رووەوە بە ئاراستەى بەرەوپێشچوون هەنگاو دەنێت بەڵام بە جوڵەیەکی هێواش. هەر لێرەوە دەردەکەوێت کە لە سەروبەندى جەنگی جیهانی یەکەم و تا قۆناغێکی دواتریش هێشتا هەستی نەتەوەیی کوردى لە ئاستێکی لاوازدا بووەو ناسیونالیزم نەک وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەرنەکەوتووە، بەڵکو بنەماکانیشی بە شێوەیەکی ئەوتۆ نەخەمڵاون کە گەیشتبێتە ئەو ئاستەى چوارچێوەیەک بۆ گوتارێکی خاوەن شووناس دیارى بکات. بە مانایەکی تر لەبەر نەبوونی ناسیونالیزمی کوردى وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی کۆمەڵایەتی، گوتارى ناسیونالیزمیش وەکو دەربڕینێکی زمانیی بارگاویکراو بە بنەماو توخم و رەگەزەکانی ناسیونالیزم یان ئاشکراتر بارگاویکراو بە بیرو مەعریفەى نەتەوەیی نەک هەر بەرهەم نەهاتووە، بەڵکو لە شێوەیەکی سادەشدا نەخەمڵیووە. کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەو مێژووەى کە دکتۆر کەمال مەزهەر نووسیووێتی لەسەر کۆمەڵگەى کوردى سەدەى بیست و ئەم کەسێتەش وەکو پسپۆڕێکی دیارى ئەو بوارە دەناسرێت، ئایا چ گوتارێکی مێژوویی بەرهەم هێناوە؟ یان ئاشکراتر وەکو پێشتریش پرسیمان ئایا بەرهەمە نووسراوەکانی ئەم نووسەرە هەڵگرى گوتارى ناسیونایزمی کوردین؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە کە ئامانجی سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەبێ لە شیکردنەوەو توێژینەوەى بەرهەمەکانیدا بگەڕێین، بە تایبەتی ئەو کتێبانەى کە لە مێژووى نووسراوى کوردیدا جێگەو بایەخی گرنگیان هەیە کە بریتین لە: کوردستان لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، مێژوو، چینی کرێکارى عێراق، لێگۆلێنەوەکان لە مێژووى نوێ و هاوچەرخی ئێران، دکتۆر کەمال ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە،…).