ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: له‌پێناوی ده‌رفه‌تێك بۆ بردنه‌وه.
شكستی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان له دوای 25- 9- 2017 ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌سته‌مه وا زوو قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ناكۆكی لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی ڕۆژانی دواتر زیانی زۆرمان به‌ركه‌وت، زۆربه‌ی خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان ده‌یانزانی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌یه‌كه و ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له‌ترسی به‌خائین ناوزه‌دكردن یان ترسی به‌خائین دانانی له‌لایه‌ن پارتی هیچ كه‌س و لایه‌نێك زاتی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد بڵێت: ئه‌وه كاری نه‌كرده‌یه و نابێ بكرێت، كاتێ ڕیفراندۆمیشمان به‌ده‌ست هێنا زۆر شتمان له‌ده‌ستدا، سه‌ره‌ڕای له‌ده‌ستچوونى به‌شێكی فراوانی جوگرافیایی و شكاندنی شكۆى نشتیمانى، هێشتا به‌رپرسیارێتى و دۆخه‌كه به‌لاڕێدا ده‌برێت.
دوای ئه‌وه‌ی به‌به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی نه‌یاره‌كان هه‌وڵی لاوازكردن و ناسه‌قامگیری دۆخی هه‌رێم درا، ئێستا بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له ڕیفراندۆم دۆڕاندومانه به‌هۆی هاتنه پێشه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تێك هاتۆته پێشه‌وه، ئه‌ركی هه‌مووانه بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و له‌یه‌ك نزیك بوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێم، هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تێكه بۆ هه‌ستانه‌وه و بردنه‌وه و چاره‌سه‌ری ئه‌و شكسته‌ی به‌هۆی ڕێفراندۆم گیرۆده‌ی بووین، ئه‌گه‌رچی لایه‌نه‌كان ڕێڕه‌وی خۆیان و مه‌به‌ستی داهاتوویان له هه‌ڵبژاردن ئاشكرا كردووه، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه هه‌یه به‌داكۆكی كردن و یه‌ك ده‌نگی بتوانن مزگێنی خۆش و داهاتوویه‌كی گه‌شتر به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بده‌ن، ناكرێت پێكهاته‌كانی تری عێراق به‌دوای هاوپه‌یمانی یه‌كتر و یه‌كگرتنی تۆكمه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك ڕۆژانه ده‌یبینین، كه‌چی كورد بیر له‌وه نه‌كاته‌وه برایانه پێكه‌وه دانیشن و هه‌ڵه‌كان له‌بیر بكه‌ن، یان لانی كه‌م له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی چاو له هه‌ڵه‌كان بپۆشن و ده‌ست بده‌نه ده‌ستی یه‌ك و پشتی یه‌كتر بگرن له‌پێناوی سه‌رخستن و بردنه‌وه‌ی گره‌وی هه‌ڵبژاردن، بێگومان ئەمە ناكاتە سڕینەوەی جیاوازییەكانی یەكتر، بەڵكو ده‌رفه‌تی رزگاركردنی كوردستانە لەم دۆخه‌ی گرفتاری بووه له‌مه‌ترسی بچوككردنەوەی پێوانه و هه‌یكه‌لی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن نەیارەكانییەوه.
بێگومان هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌ر هێز و ده‌سه‌ڵات و حزب و لایه‌نێك دوای شكست له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، ده‌بێ په‌ند له شكستی ڕابردووی وه‌ربگرێ و ڕاستگۆیانه بێته مه‌یدان هه‌وڵی شێلگیرانه بدات بۆ داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی تازه‌ی كار بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌رێمی كوردستان پێویسته ئه‌مه بكاته بنه‌مای وێستگه‌ی هه‌ستانه‌وه و خستنه‌گه‌ڕی كاروانی داهاتووی له‌پێناوی سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردن، دیاره ئه‌مه‌ش به‌م لاوازی و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی لایه‌نه كوردستانیه‌كان ئه‌نجام نادرێت، مادام به‌به‌رنامه هه‌وڵی لاوازكردن و ناسه‌قامگیری دۆخی هه‌رێم دراوه و ڕێگای پێشكه‌وتن و ئارامی لێ ده‌گیرێت كاری دروست و ڕێگای ڕاست ئه‌وه‌یه لایه‌نه‌كانی كوردستان له‌پێناوی سه‌ركه‌وتندا هه‌ڵه‌كانی ڕابردوویان له‌بیر بكه‌ن و هاوپه‌مانێتی و كۆده‌نگیه‌كی كوردستانی بۆ سه‌رده‌مێكی نوێی دوای شكستی ڕیفراندۆم پێك بهێنن و چاو له جیاوازییه‌كانیان بپۆشن تا سه‌ركه‌وتن و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه مسۆگه‌ر بكرێت، ئه‌گینا ئه‌مجاره بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له كه‌ركوك و ناوچه داربڕێنراوهكان هه‌ڵبژاردن بۆ كورد چاره‌نووسساز ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كورد ئه‌م ناوچانه به‌ده‌نگدان له‌ده‌ست بدات بێگومان زیانی گه‌وره به‌ر كورد ده‌كه‌وێت.