رەزا شوان: سیاسی نـەزان بەڵایە.
(جـۆرج ئورۆیل) دەڵێ:” لە سەردەمی ئێمەدا، شتێک نییە بە ناوی دوور لە سیاسەت، هەموو کێشەکان کێشەی سیاسین”.. بێگومان سیاسەت بە گرنگترین پایەکانی دەوڵەت هەژماردەکرێت.. بە سیاسەتێکی ئەرێنی و دروست دەوڵەتان بەڕێوەدەچن و دەتوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی لەگەڵ یەکتری دا هەڵبکەن و بژین.. هەر لە رێی سیاسەتیشەوە دەوڵەتان دەتوانن رێـز و پێگەی باشیان لە نێو نەتەوەکان دا هەبێت.
لە ئەمڕۆدا سیاسەت وەکو زانیارییەکی پێویستی سەربەخۆ، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی راست ودروست، لە زانکۆکانی جیهان دا دەخوێندرێ و کۆلـێژی تایبەتی زانیارییەکانی سیاسەت هەیە.. ساڵانە بە هـەزاران خوێندکـار لە جیهان دا لەم کۆلێژانە دەردەچن و لە لقەکانی سیاسەت دا، خوێندنی باڵا تەواودەکەن و وەکو پسپۆر و شارەزایەکی سیاسی لە جمگەکانی دەوڵەت دا کاردەکەن.. وزیاتـريش درێژە بە زانیاری و رۆشنبیری و شارەزایی سیاسییان دەدەن.. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زانیاری سیاسی چەند گرنگە لەم رۆژگـارەدا، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی ئەم بوارەیان هەڵبژاردووە و سیاسەت بووە بە پیشەیان و بە مەیـدانی کار و خزمەتکردنیان.. تا ئەو رادەیەی کە سیاسی بە پـزیشکی کۆمەڵایەتی و بە ئەندازیاری بە ڕێوەبردنی دەوڵەت دەزانرێن. سیاسی دڵسۆز و پسپۆر و شارەزا رێزێکی تایبەتی لە لای گەلەکەی هەیە.
ئەوەی نەتوانێت، لە زانیارییەکان و لە هونەرەکانی سیاسەت شارەزابێت و نەتوانێت پراکتیکیان بکات.. یا ئەوەی رۆشنبیرییەکی سیاسی ئەوتۆی نەبێت.. شایەنی ئەوە نییە کە سیاسەت بکات بە پیشەی و لەم بوارەدا کاربکات و خۆی بە سیاسی بزانێت.
لە ئەمڕۆدا لە کوردستانی ئێمەدا، کەسانێکی زۆری نەزان و نابەڵەد خۆیان لە سیاسەت هەڵقـورتاندووە و خۆیان بە سیاسی ناودەبەن.. بەشێک لەم کۆڵکە سیاسییە نەزانانە خۆیان گەیاندۆتە پایەیەکی بەرز و هەستیاری دەسەڵات لە باشووری کوردستان دا.. کەسانێکی ناسیاسی و ناڕۆشنبیری هیچ لەبـارن.. بەڵکو هی وایان تێدایە، کە سێ شەو و سێ رۆژ لەمەنجەڵێک دا بیکوڵێـنیت، بڕواناکەم کە تنۆکێک سیاسەتی لێبێتە بەرهەم.. چونکە هیچ باگـراوند و زانیاری و شارەزاییەکی سیاسی و رۆشنبیرییان نییە.
(جۆرج برنادشۆ) دەڵێ:” ئەو هیـچ نازانێت، وا هەستـیش دەکات کە زۆر دەزانێت، کەواتە سیاسەت دەکات بە پیشەی”
زیادەرۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین، ئەمانە شێرپەنجەی دەسەڵاتن و هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتی و قوڕبەسەری و شکستی و ماڵوێرانیانەن کە بەسەر گەلەکەمان دا هاتوون.. هۆکاری ئەو هەموو قەیرانانەن کە رووبەڕووی کوردستان بوونەتەوە.. ئەمانەن کە چارەنووس و داهاتووی گەلەکەمانیان خستۆتە مەترسییەوە.. خەڵکـیان بێ هـیوا کردوون.. کورد وتەنیش:” بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە.. بە سەد زانا دەرناچێت”
(غەمگین کوردستانی” دەڵێ:” سیاسی نـەزان، مەترسییە بۆ گەلەکەی، زیـاترە لەو مەترسییەی کە دوژمنەکانی بۆێ دروست دەکەن”
سیاسەتمەدار تا زیاتر بچێتە قووڵایی زانیارییەکانی سیاسەتەوە.. تا زیاتر خۆی رۆشنبیر بکات.. تا زیاتر شارەزای هونەرەکانی سیاسەت و گەمەی سیاسی بێت.. باشتر دەتوانێت کار لەم بوارەدا بکات و سەرکەوتووبێت.. بە پێچەوانەشەوە، تا نەزان و نەشارەزا و بێ ئەزموون بێت، ناتوانێت ببێت بە سیاسی و سەرکەوتووبێت لە راپەڕانـدن و لە جێبەجێکردنی ئەو کارانەی لە ئەستۆی دایە.. تووشی دۆڕان و شکستی و شەرمەزاری دەبێت.. زۆر جاریش ئەم ناسیاسییانە، دەستی چەوربوویان بە خەڵکی تردا دەسڕن و پاکانە بۆ شکستییەکانیان دەکەن و خۆیان لێ بتاوان دەکەن.. ئەم سیاسییە نەزانانە هەست بە ئاست نزمی و بە بێتوانایی خۆیان دەکەن، بۆیە رقیان لە رۆشنبیران و لە کەسانی خاوەن بڕوانامەی باڵا و لە ئاکادیمی پسپۆر و لە سیاسەتزانانی بە توانایە.
بەشێک لەم سیاسییە نەزانانە حەز بە خۆدەرخستن دەکەن، بە تایبەتیش لە کەنـاڵە تەلەفزیۆنییەکان دا.. بەڵام بینەر و گوێکرانی رۆشنبیرن دەزانن کە چـەند ئاستی رۆشنبیری و سیاسییان نزمە.. چەند قسەی نابەجێ و هەلەق و بەلەق دەکەن.
زۆر لەم سیاسییە نەزانانە، زۆر باش دەزانن کە سیاسی نین.. بەڵام دوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتوون، بە تایبەتیش دەستکەوتی ماددی و پۆستی دەسەڵات.. هەموو ژیانیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک تەرخان کردوون، ئەویش کورسی دەسەڵاتە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەشیان رێگای نادروست و نەشیاو دەگرنەبەر.. ئەوان بڕوایان بە چەمکی (ئامانج پکانە بۆ هۆکارەکان دەکات) لە راستیش دا ئەمانە تەنها مەبەستیان گەیشتن بە کورسی و پۆست نییە.. بەڵکو ئەوان چاویان بڕێوەتە ئەو دەستکەوتانەی کە لە پشتی کورسییەوە دێنەدی، وەکو دزی و خۆدەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندن و گەنـدەڵی و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک پێیان بڵێن ئێوە پێتان خوارداناون.
زۆر بەداخەوە، ئەو دەستکەوتانەی کە گەلەکەمان بە دەریایەکی خوێن و فرمێسک.. بە هـەزاران قوربانی ئەنفال و کیمیاباران.. بە کاولکردنی پێنج هـەزار دێهاتی کوردستان هاتنەدی.. سیاسییە نەزانەکانمان زۆر بە ئاسانی لەسەر مێزی گفتوگۆدا دۆڕاندیان.. هەر ئەمانەش پارێزگای کەرکوک و خانەقـین و ناوچە داگیرکراوەکـانی تری باشووری کوردستانیان دۆڕانـد.. چونکە گەمەکەرێ سیاسی نـەزانن.. لە زانیاری و لە هونەری سیاسەت دا نابەڵـەدن.. نەیان توانی ناخی بەرانبەرەکانیان بخوێننەوە.. نەزان بوون و پێشبینی ئەگەر و گریمانەکانیان نەکرد.. هیچ پەنـد و وانەیەکیشیان لە نەهامەتییەکان و لە هەڵە و لە هەڵخەڵەتاندن و لە شکستییەکانی رابردووی گەلەکەمان وەرنەگرتن.. (سوکرات) دەڵێ:” نەزان کەسێکە کە دووجار پێی لە بەردێک هەڵبکەوێت” تا ئێستا چەندین جار داگیرکەرانی کوردستان ئەم خاڵە لاوازەی سەرکردە ناسیاسییەکانی کوردیـان قۆستۆنەتەوە و توانیویانە زۆر بە ئاسانی بیان خەڵەتێـنن.. لە سیاسەتیش دا رەوشت و بەهـا و بەڵێن بوونیان نییە.. سیاسەت هونـەری هەڵخەڵەتاندنە، گەر تۆ نەتوانیت من بخەڵەتێنیت، من دەتـوانم تۆ بخەڵـەتێنم .. هەموو جـارێکیش گەلەکەمان باجێکی زۆری ئەم هەڵانەی سیاسییە نەزانەکانمانی داوەتـەوە.. کەچی ئەوان باکیان نییە و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوونە.
ئەوەتا لە ئەنجامی نەزانین و نابەڵەدییان لە سیاسەت دا، گەلەکەمانیان رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار کردوون.. بە دەیان قەیـرانیان بۆ کوردستان دروست کردوون.. کەچی نە دان بە هەڵەکانیان دا دەنێن.. نە داوای لێبووردن لە گەلەکەمان دەکەن.. نە واز لە دەسەڵات دەهێنن.. نە تەڕیش دەبن.. بەزەییشیان بە هەژار و برسی و منداڵانی گەلەکەمان نایاتەوە.. بە هەوسی خۆیان، بە راست و چەپ دا، بە ئاشکرا و بەبێ شەرم سامانی گەلەکەیان دەدزن و.. خویـان بێدڵی ناکەن.