نەوزادى موهەندیس: پێگەى سیاسى کورد لە عێراقدا بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە کێرڤى پێگەى سیاسى هەرێمى کوردستان لە عێراقدا لەساڵى 2012 بەدواوە بەرەو داکشان و لاوازى و بێهێزى ملى شۆڕکردۆتەوە، و بەتایبەتیش دواى نەخۆشکەوتنى مام جەلال وەک سەرۆکێکى کاریزما و سەرکردەیەکى سیاسى خاوەن سەنگینى و قورسایى خۆى لە بەغداد و پاشەکشەکردنى لەگۆڕەپانى سیاسى عێراق و هەرێمى کوردستانیشدا، بوە سەرەتا و دەستپێکى لاوازبوونى پێگەى سیاسى کورد لە عێراقدا و ئیدى ئەم لافاوى هەرەس و داکشانە بەردەوام بوو، چونکە لەلایەک سەرکردایەتى سیاسى کورد لە بەغداد بەهۆى نەمانى مام جەلالەوە بۆشاییەکى گەورەى دروستکرد و کەسیش نەبوو جێگەى بگرێتەوە و بەر بەهەرەس و دژایەتیەکانى عەرەبیش بگرێت لەبەغداد و لە لایەکى تریشەوە لەهەرێمى کوردستانیشدا کاریزمایەکى بەهێزو خاڵى یەکانگیرى هەموو لایەنەکان پەیدانەبوو و هەڵیشنەکەوت تا لانى کەم پارێزگارى لە پێگەى سیاسى کورد و ڕیزەکانى کورد یەک و یەکگرتوو بکات، دواتریش بەهۆى لەلایەک هەڵەخوێندنەوەى هاوکێشە سیاسیەکانى ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و دونیاش و لەلایەکى تریشەوە ناکۆکیە سیاسیە بەردەوامەکان و بەردەوامبون لەسەر هەڵە سیاسیە کوشندەکان لەلایەن سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە،بونە بەردەوامیپێدەرى لاوازبوونى پێگەى سیاسى کورد.
بە چێکردنى ڕیفراندۆمیش و حیساب نەکردن بۆ ئامۆژگاریەکانى دۆستەکان و کەوتنە ژێر کاریگەرى و هەژموونى ناسیونالیستى توندى کوردایەتیشەوە و لەپێناو بەدەستهێنانى دەسکەوتى کەسى و حیزبى و بنەماڵەییدا، وەک دەوترێت (بووە ئەو مووەى کە پشتى حوشترەکەى پێشکا) و ئیدى مەسەلەى کورد و کوردایەتى و پێکەوەنان و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردى بونە خەون و بۆ ماوەى دەیان ساڵ لێمان دوورکەوتنەوە و لەجیاتى ئەو دروشمە قەبە و جوان و پڕ شکۆیە دروشمى بەڵێ بۆ مووچە و ناردنى بودجە و کردنەوەى دەروازە سنوریەکان و فڕۆکەخانە داخراوەکانمان بەرزکردەوە.
ڕیفراندۆم گەرچى مافى ڕەواو سەرەتایى میلەتەکەمان بوو،بەڵام دیاریکردن و پێداگیرى لەسەر ئەنجامدانى لەم زەمان و زەمینە نەگونجاوەدا بە نەرێنى شکایەوە بەسەر تەواوى بیر وکار وگوتارى کوردایەتیدا.هەر لە دەرئەنجانمە خراپەکانى ڕیفراندۆم بوو کە شکستى سەربازى بەسەر هێزى پێشمەرگەدا هات و 51% خاکى دانەبڕواى کوردستان جارێکى تر داگیرکرایەوە هەر لە خانەقین و دووزخورماتوو و کەرکوکە تا دبس و مەخمور و خازەر و شەنگال و بەعشیقە و فیشخابور و… هتد. زۆرێک دەڵێن ڕووداوەکانى 16 /10 بونەتە مایەى کارەساتى داگیرکارى و جینۆسایدى کورد و کوردستان لە دوزخورماتوو کەرکوک، بەڵام دوور لە دەمارگیرى حیزبى هیچ ڕوویەکى لەیەکچوون نیە لە نێوان کاریگەریەکانى ڕیفراندۆم و کارەساتى 16/10دا، چونکە ڕیفراندۆم زۆر گەورەتر و کاریگەرترە لە خەباتى کوردایەتیدا و خاڵێکى گەشاوەو وەچەخانیشە، بەڵام ڕووداوەکانى 16/10 وەکو هەموو کارەساتەکانى ترى 31ى ئابى 1996 و نسکۆو شکستى شۆڕشى ئەیلولى ساڵى 1975 و کارەساتەکانى شەڕى ناوخۆ وبراکوژى شاخ و شار لەدواى ڕاپەڕینیش 1994-1998 هەموانیان کارەساتى جەرگبڕبوون و مایەى شەرمازارین بۆ هەموان بەبێ جیاوازى و هەق نیە ئەو وێسگە ڕەش و تاریکانە هیچ لایەک نە موزایەدەى پێوە بکات و نە شانازیشە بۆ هیچ لایەک و سەرکردەیەک، دەبێت تادەکرێت ئاسەوارەکانیان لە زهن و بیرى خۆماندا بسڕینەوە و نەیهێڵین نەک وەکو ئێستا و بەربەردەوامى لەسەر قەوانێکى سواو بیجوینەوە.
بۆیە گەر بمانەوێت پێگەى سیاسى کورد لە عێراق و بۆ ئایندەش بەرز و بەهێز و پتەوى بکەینەوە وەکو سەرەتاى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەساڵى 2003دا پێویستە لەسەر: کورد لەنێو خۆى و لەنێو ماڵى خۆیدا یەک و یەکگرتوو و یەک گوتار و یەک کردار بێت،بەرامبەر بە عەرەب (سونە و شیعە) و ئەوانى تریشدا و پڕۆسەیەکى سازانى نیشتیمانى و ئاشتەوایى سەرتاسەرى چێبکات، و دوور بکەوێتەوە لەململانێى ناڕەواى حیزبایەتى و ناوچەگەرى و حکومەت و دەسەڵاتێکى تۆکمە و پتەو و بەهێز پێکەوە بنێت لەسەر بنەماى شەفافیەت و خزمەتکردن و چاکسازى ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە دامودەزگا شەرعیەکانى حوکمڕانى، دوور لە گەندەڵى و بە ئاڕاستە و پلانێکى زانستى واقعى کارى خۆى بکات و ڕێز لە بنەماکانى دیموکراسى و ئازادى و دادپەروەرى ڕاستەقینەش بگرێت، چونکە کورد و مەسەلەکەى بەبێ چەسپاندنى دیموکراسى و ئازادیەکان لەکوردستان و عێراقدا هەمیشە بە ژێردەستەیى و داگیرکراوەیى دەمێنێتەوەو بۆ هەتاهەتایش هەر لە شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانیدا بەردەوام دەبێت.
کورد لە ئێستادا هیچ چارەیەکى نیە جگە لە بەرقەرارکردنى ئاشتى لەناوخۆى کوردستان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراقدا و لەسەر بنچینەى دەستور کە هەرچەندە فریاد ڕەسیش نیە بۆ هەموو ماف وداواکاریەکانى کورد، بەڵام تا ئەوکاتەى کورد تەندروستى و بەهێزى خۆى وەدەستدێنێتەوە و دەبێتەوە خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى، ناچارە لەگەڵ ڕەوتى ڕووداوەکاندا خۆى بگونجێنێت و دەبێت سزاى هەڵە و سەرەڕۆیى و سەرکێشیەکانى بداتەوە ئەوکات دەگاتە ئەو بڕوایەى کە ئاڕاستەیەکى نوێ بە بیر و ئەندێشە و پلانێکى نوێوە بەرەو ئایندەیەکى گەشتر هەنگاو بنێت.
کورد خۆى هۆکارى سەرەکى کێشە و لاوازبونى پێگەى سیاسى خۆى بوە لە عێراقدا وهۆکارى لەدەستدانى شکۆ و گەورەیى و گەشاوەیى دەسەڵاتەکەى بوە بەشێوەیەک سەقفى داواکاریەکانى لە دامەزراندنى دەوڵەتەوە دابەزیوە بۆ داواکردنى مووچە و بودجەو… هتد. لەهەمان کانتیشدا هەرخۆشى هۆکارى چارەسەرکردن و ساڕێژکردنیەتى، بۆیە گلەیى وڕەخنەى سەرەکى دەبێت کورد لەخۆى بگرێت نەک عێراق و دەرودراسێ و زلهێزەکان، چونکە ئەوان هەمیشە لەبەرژەوەندى خۆیان سەوداو مامەڵە دەکەن نەک لەبۆ بەرژەوەندى کورد، بۆیە بەهێزبونەوەى پێگەى سیاسى کورد تەنها بەندە بەیەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى کورد خۆیەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی