عەتا قەرەداخی: گوتارى مێژوویی دکتۆر کەمال مەزهەر. بەشی دووەم.
دکتۆر کەمال مەزهەر لە بەشی سێیەمی کتێبی ” کوردستان لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا” بە ناونیشانی ” لەبەردەم دەروازەکانی جەنگدا”، ئەو باسی ئەو بارودۆخە ناهەمووارە دەکات کە تورکیاو ئێرانی تێکەوتبوون لە پێش دەستپێکردنی جەنگدا، لە رووى داڕمانی بارودۆخی ناوخۆى ئەو دوو دەوڵەتەو هەروەها کێشەیان لەگەڵ دەوڵەتانی ترو کۆبوونەوەى قەرزى دەوڵەتان لەسەریان، کە هەموو ئەمانەش بارى میللەتانی ئەو دوو دەوڵەتەیان زیاتر قورس کردبوو.
دیارە کوردستانیش لە پێش جەنگدا بە تەواوەتی لەژێر سایەى دەسەڵاتی ئەو دوو دەوڵەتادا بووەو سەربارى خراپی بارى ژیانیان لەگەڵ کۆى نەتەوەو ئیتنیکەکانی ترى ژێر سایەى دەسەڵاتیاندا، کوردەکان لە هەردوولا چەوساندنەوەیەکی سەختی نەتەوەیشیان لەسەر بووەو ئاستی ئەو چەوساندنەوەیەش لەگەڵ زیاتر بەهێزبوونی ناسیونالیزمی تورکی و فارسیدا زیاتر بووە. بێگومان هەم بە کاریگەرى زیاتر پەرەسەندنی ناسیونالیزمی تورکی و فارسی و سیاسەت و رەفتارى خراپ و شۆڤێنیستانەیان بەرامبەر بە کورد لە کۆتایی سەدەى نۆزدەو سەرەتاى سەدەى بیستدا، هەم بە کاریگەرى جۆرێک لە پەرەسەندنی ناوخۆیی لە کۆمەڵگەى کوردیدا، هەستی کوردبوون کە مەبەست لێی هەستی نەتەوایەتیە زیاتر بەرەو دەرکەوتن چووەو هەم رووبەرى نوخبەى ناسیونالیستی کوردى لە غیابی ناسیونالیزمدا فراوانتر بووە. لەم بارودۆخەدا دکتۆر کەمال باسی پایە گرنگەکانی رابوونەوەى نەتەوەیی یان یان جۆرێک لە بنەماکانی دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردى دەکات ئەگەرچی ئەو بەو ناوە لێی نادوێت بەڵام بە ئاشکرا باسی چۆنێتی دەرکەوتن و گەشەکردنی هەست و هوشیارى نەتەوەیی کوردى دەکات بۆ راپەڕین و بەرخوردان لە پێناوى مافە نەتەوەییەکاندا، ئەگەرچی چوارچێوەى ئەو مافانەش دیارى نەکات و بە ئاشکراش بانگەش بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت نەکات. دیارە ئەو وەکو نووسەرێکی ئەکادیمی بەپێی سەرچاوەو بەڵگەکان دەدوێت و وەکو ئاشکراشە شێوازى مێژووى وەسفی تا ئەندازەیەک باڵادەستە بەسەر شێوازى مێژوونووسینی ئەودا.
باسکردنی درووستبوونی چەند دەستەو رێکخراو و دەرکردنی بڵاوکراوەو دەرکەوتنی کەسانێک کە بایەخ بە زمانی کوردى و ئەدەبی کوردى بدەن سەەرتایەکی باشە بۆ دەسپێکی پرۆژەى نەتەوەیی کوردى کە مەبەست لەم قسەیەش سەرەتای دەرکەوتنی ئەو رەگەزو توخمانەیە کە دەبنە پایەکانی رابوون و رێنیسانسی نەتەوەیی کوردى کە ئایدیۆلۆجیاى ئەو پرۆژەیەش ناسیونالیزمە. دکتۆر کەمال دەڵێت: ژمارەى ئەو کوردانە زیادى کرد کە داواى پێویستبوونی داننان بە داواکارییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیە رەواکانی کوردیان دەکرد …هەروەها ژمارەى کۆمەڵەو رێکخراوە کوردیەکان زیاتر بوو، کاریگەرییان لە نێو خەڵکدا، بە تایبەتی لە نێوان رۆشنبیراندا، لە گەشەیەکی بەردەوامدا بوو. بڵاوکردنەوەى بەیان و بڵاوکراوە بە شێوەیەکی فراوان دەستی پێکرد کە پڕ بوو لە بیروبۆچوونی ئازادیخوازانە(4 ). هەروەک یەکێک لەو بڵاوکراوانە ئەم ناونیشانەى هەڵگرتووە “ئەم خاکە خاکی ئێمەیە “(5). هەروەها لە سەروبەندى سەرکەوتنی شۆڕشی ئیتحادو تەرقی دا، هەندێ لەو کۆمەڵ و رێکخراوە کوردیانەى پێکهاتبوون، بە شێوەى ئاشکرا کاریان دەکردو بەیانەکانی خۆیانیان بڵاودەکردەوەو پێگەیان بە بەردەوامی پتەو دەبوو بە تایبەتی لە نێو رۆشنبیراندا، کورد تەلەبە هیڤی جەمعیتی، چالاکترین کۆمەڵەى کوردى بوو لە ماوەى پێش جەنگدا…ئەم کۆمەڵەیە زمانحاڵی تایبەتی خۆیی هەبوو ناودەبرا بە ” رۆژا کورد”و پاشان ناوەکە گۆڕا بۆ “هەتاڤی کورد “و پاشان بۆ “ژین(6). ئێستا لە وتەکانی دکتۆر کەمال دا دەردەکەوێت کە کورد لە قۆناغی پێش دەستپێکردنی جەنگدا هەم هەستی نەتەوەیی بە ئاشکرا دەرکەوتووە، هەم هەوڵی پێکهێنانی کۆمەڵەو رێکخراوى داوەو بەکردەوەش پێکیهێناون. هەروەها بەیان و بڵاوکراوەشی دەرکردووە، کە هەموو ئەمان ئەو هەنگاوانەن بۆ هەر نەتەوەیەک کە وەکو سەرەتایەکی رێکخستن و خۆئامادەکردنن بۆ رابوونەوەو جوڵەى بەرفراوان لەسەر ئاستی نەتەوەو نیشتیمان پێویستە هەبن. هەروەکو پێشتریش گوتمان ئەم رەگەزانە سەرئەنجام دەبنە بنەما بۆ درووستکردنی بزاوتی ناوخۆیی لە پێکهاتەى کۆمەڵگەداو لێرەشەوە هەست و هوشیارى نەتەوایەتی زیاتر بەرەو گەشەسەندن دەچێت و بەشێک لە مادە خاوەکانی ناسیونالیزم بەرەو بەرهەمهێنان دەچن. کەواتە لێرەدا لە ئاستێکی قوڵتردا تێڕوانینی دکتۆر کەمال مەزهەر بۆ شێوازى دەستپێکردن و پەرەسەندنی هەست و هوشیارى نەتەوەیی و لەوێشەوە بۆ مەسەلەى نەتەوایەتی کوردى و بۆ پێکهاتنی ناسیونالیزم و هەربەوپێیەش گوتارى ناسیونالیزم دەردەکەوێت، کە بەئاشکرا روانینێکی روون یان بابەتیانەى هەیەو لە خەیاڵ و وەهمیشدا ناڕوانێتە شێوەى گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و رابوونەوەى نەتەوەیی، بەڵکو لە روانگەى ئامادەبوون و ئامادەسازى زەمینەى مادیانەوە سەیرى ئەو بابەتە دەکات.
ئەوەى لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا زیاتر لەهەر شتێکی تر جەختی دەکرێتە سەر، ئەو جوڵە رۆشنبیرى و سیاسیەیە کە لە پێش دەستپێکردنی جەنگدا لاى کورد درووستبووە، ئەوەش هەردوو بەشی کوردستانی گرتووەتەوە، واتە بەشی کوردستانی ژێر سایەى دەسەڵاتی عوسمانی و بەشی ژێر سایەى دەسەڵاتی ئێرانی. درووسکردنی کۆمەڵەو رێکخراو و دەرکردنی بڵاوکراوەو گۆڤارو هاندانی خوێندن بە کوردى و کردنەوەى قوتابخانە لەلایەن نوخبەیەک لە ناسیونالیست و رۆشنفیکرەکانی ئەو قۆناغەوە، رێگاخۆشکەر بووە بۆ سەرهەڵدانی هەندێ راپەڕین، ئەگەرچی ئەو راپەڕینانە ناوچەیی بووبن و داواکارییەکی ئاشکراو لەبەرچاوى نەتەوەییشیان نەبووبێت. بەڵام لە گەوهەردا پاڵنەرى نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەوڵدان بۆ جۆرێک لە ئازادى لە پشتی کۆى ئەو راپەڕین و چالاکیانەوە بووە. رەنگە دیارترین داواکارى کە بەشێک لە بنەماکانی خواستی نەتەوەییانەى پێوە دیاربووبێت داواکارییەکانی شێخ عەبدولسەلام بووبێت: شێخ عەبدولسەلام داواکارییەکانی خۆى لە بروسکەیەکدا دیاریکرد کە ئەو بروسکەیەى نارد بۆ مەرجەعە باڵاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەعیان لە ئەستەمبوڵ. هەموو داواکارییەکان بە دەورى دانپێدانان بە زمانی کوردى و دامەزراندنی کارمەندانێک بوو کە زمانی کوردى بە باشی بزانن و …. تەرخانکردنی ئەو باجەى وەردەگیرێت بۆ چاککردنی رێگاو بانەکان (7). بەهەرحاڵ کۆى ئەو بابەتانەى لەم بەشەدا باس کراون ئەوە دەردەخەن کە لەناو کۆمەڵگەى کوردیدا هەستێک: درووستبووە بۆ خۆجیاکردنەوە لە تورک و فارس، یان بۆ بەدەستهێنانی هەندێ لە مافە بنچینەییەکانی وەکو خوێندن بە زمانی دایک و دامەزاندنی کارمەندانی کورد یان کوردیزان لە ناوچە کوردییەکاندا، ئەمە سەربارى بە ئاشکرا رەتکردنەوەى ئەو سیاسەتە تووندو خراپەى کە دەوڵەتی تورک و ئێران بەرامبەر بە کورد یان خێل و عەشیرەتە کوردەکان و نەتەوەو ئیتنیکەکانی تر پیادەیان دەکرد. ئەوەى بە ئاشکرا دەبینرێت ئەوەیە کە داواکارى ئەو رێکخراو و کۆمەڵەو نوخبە گوڵبژێرەى کورد لە پێش دەستپێکردنی جەنگدا بەشێکی سادەى لە داواکارییە نەتەوەییەکانیان لە خۆگرتووە، واتە بەشێک لەو داواکارییانە دەبینرێت کە هەر بزووتنەوەیەکی ناسیونالیزمی دەشێ بیانکاتە سەرەتا بۆ دانانی پرۆژەى بەرفراوانی نەتەوەیی کە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتدا خۆى دەبینێتەوە. لێرەشەوە بەشێک لەو رەگەزانە دەردەکەون کە وەکو سەەرەتایەک بۆ بەرهەمهێنانی گوتارى ناسیونالیزمی کوردى سەیر دەکرێن.