به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: نه‌وت و تێزى پێویست بونى حاكمێك بۆ ئه‌م جیهانه له سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك دا.
له‌كۆتایی شه‌سته‌كاندا “نیكۆڵاى چاوئۆشسكۆ” سه‌رۆك كۆمارى ڕۆمانیا سه‌ردانى ئێران ئه‌كات، له‌گه‌ڵ “حه‌مه ڕه‌زا شا”ى ئێران گفتوگۆ ئه‌كه‌ن، چاوئۆتسكۆ به پێچه‌وانه‌ى دانیشتوانى جیهانه‌وه پێى وا ئه‌بێت كه ئه‌وه پێشكه‌وتن نییه له خۆرئاوا هه‌یه، نه‌ك هه‌ر پێشكه‌وتن نییه، به‌ڵكو داڕمانه. حه‌مه ڕه‌زاشا لایوایه ” ووڵاتانى بچووك ناتوانن به بێ پاڵپشتى زلهێزه‌كان ژیان بكه‌ن” به‌ڵام چاوئۆتسكۆ ئه‌ڵێت “به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه ووڵاتانى زلهێزن به بێ داگیركردنى ووڵاتانى بچووك و تاڵانكردنیان ناتوانن ژیان بكه‌ن”!.
چاوئۆشسكۆ، ئه‌ڵێ چه‌ندین ساڵ به‌ر له پێكهاتنى وڵاتانى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت (ئۆپیك) داوام له حه‌مه‌ڕه‌زا كرد كه ئێران و ووڵاتانى دیكه‌ى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست یه‌كێتى یه‌ك پێك بهێنن بە دیارى كردنى ڕاده‌ى ده‌رهێنان و نرخى نه‌وت كۆنترۆڵى بازاڕى نه‌وت به‌ده‌سته‌وه بگرن.. شیكارى سیاسیی به‌ڕه‌هه‌نده مێژووییه‌كه‌ى، ئه‌ڵێ بۆ هه‌ر ڕووداوێك بنوسێ به زهمهنهكهیهوه، زه‌مه‌نێك (شا) له ئێران ڕووخا ساڵى (1979) ڕاسته ڕووداوێك بو هه‌موو مێژووى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى كرد به دوولهتهوهو، سه‌راپا هاوكێشه‌كانى گۆڕى، به‌ڵام له‌وه گه‌وره‌تر زه‌مه‌نه‌كه بوو كه سه‌رده‌مى شه‌ڕى سارد بو، “شاپورخان” دۆستى نزیكى حه‌مه ڕه‌زا په‌یوه‌ندییه‌كى باشى له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌كان هه‌بو، ئه‌یویست له‌كاتى هه‌ڵاتن دا مافى نیشته‌جێبون بۆ “شا” له‌به‌ریتانیا وه‌ربگرێت، له‌وكاتانه دكتۆر ئوئێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا ڕاستییه‌ك ئهدركێنێت كه ئێستا كاتى نییه “شا” بگاته ئینگلستان، چونكه به‌ریتانیاو ئه‌مریكا به‌نیازن ئێران و عێراق به‌شه‌ڕدا بده‌ن له‌ناوچه‌كه‌و، له‌گه‌ڵ ئه‌م شهڕههڵگیرسانهش به ئاره‌زووى خۆیان نرخى نه‌وت داببه‌زێنن بۆ كه‌مترین ئاستى خۆى، به‌و جۆره‌ش یه‌كێتى سۆڤیه‌ت وه‌كو گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وتى جیهان ئیتر ناتوانێت درێژه به‌جه‌نگ بدات له ئه‌فغانسان و هه‌روه‌ها ناتوانێت به‌و شێوه‌یه ده‌ست له ووڵاتانى جیهانى سێهه‌م وه‌ربدات، له‌ئه‌نجامدا ئابورییه‌كه‌ى تووشى داڕمان ئه‌بێته‌وه.
ئه‌م هه‌قیقه‌ته مێژووییه هه‌ڵگیرساندنى قه‌یرانى “داعش” مان له‌عێراق و سوریا بیر ئه‌خاته‌وه، كه له‌ساڵى (2011) ه‌وه به‌هارى عه‌ره‌بى سه‌ریهه‌ڵدا، ڕووسیا وه‌ك ته‌لێكى دڕكاوى هاته‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، دواتر هاتنى داعش له (2014) دابه‌زینى نرخى نه‌وتى بۆ نزمترین ئاست تۆماركرد، به‌واتایه‌كى تر دروستكردنى قه‌یران له ناوچه‌كه هۆكاره‌كه‌ى جگه له‌وه‌ى هه‌بونى بۆشایی سیاسییه له ئاستى ناوخۆدا، بۆ ده‌ست و نینۆك كردنى هێزه ههرێمییهكانیشه، به‌تایبه‌تى له‌سه‌رده‌مێكدا خۆرئاوا (ناتۆ) له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى غازى سروشتى له (2009 ه‌وه هه‌تا 2012) چه‌ندین جار خه‌ریك بوو تووشى پێكدادان بن له‌گه‌ڵ ڕووسیادا.
پرسیارى ئه‌وه‌ى ئایا ئیمپریالیزم كۆتایی هاتووه له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست؟. به‌نده به‌وه‌ى ئایا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان چی‌یان به‌ده‌سته‌وه ماوه!. جاران عه‌ره‌به‌كان و ووڵاتانى ڕۆژهه‌ڵات لاف و گه‌زافیان لێ ئه‌دا به خۆرئاوایان ئه‌گوت “ئێمه نه‌وت مان هه‌یه”. وه‌لێ له دواى جه‌نگى سارده‌وه، به‌دیاریكراویش له دواى ڕووخانى سه‌ددام له عێراق و قه‌زافى له لیبیا وه، ئيتر دیاریكردنى نرخى نه‌وت و به‌هاكه‌ى له ده‌ست ووڵاتانى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت دا بەو شێوەیە نه‌ماوه، هۆكارى هاوبه‌ش له خێرا ڕووخانى سه‌ددام و قه‌زافى دا ئه‌وه‌بو كه هه‌ردووكیان وتیان ” نه‌وت به یۆرۆ ئه‌فرۆشین نه‌ك دۆلار!”.
لە کاتێکدا نرخی نەوت ووڵاتانی بەرهەمهێن دیاری نەکەن و پێداویستی تەکنیکیشیان بە (MNC) واتە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانی خۆرئاوا بێت، ئەدی ئێستا ووڵاتانی عەرەبی خاوەن نەوت ئەڵێن چی؟. عێراقى دواى سه‌ددام هه‌میشه چاوه‌ڕێیه ئه‌مریكا سهرۆكێكى بۆ دیارى بكا، لوبنان چاوه‌ڕێیه بزانێت كه‌ى شاندى فه‌ڕه‌نسا ئه‌چنه ئێران تا پێكه‌وه ڕێكبكه‌ون لهسهردانانى كاندیدێك بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى لوبنان!. شازاده‌ى سعودییه “محه‌مه‌د بن سه‌لمان” به‌بێ پاڵپشتى ترامپ ناتوانێت هیچ چاكسازییه‌كى ناوخۆیی بكات، به‌دڵنیاییه‌وه ترامپ یش ئه‌م ئۆفه‌ره‌ى به به‌لاش پێ نه‌داوه. ئه‌وه‌ى كه ئایا ئۆپیك تواناى دیارى كردنى نرخى نه‌وتى له ده‌ست دا ماوه!؟. له ئایندهیهكدا به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له ئینستیوتى مێدیتریانه دێینه سه‌رى.
ئه‌گه‌ر زیاتر له‌م باسه‌دا كنه بكه‌یت، دیاره چاوئۆشسكۆ ڕاست ئه‌كا و زياتر ئاگادارى دونیا بووه، نه‌ك “حه‌مه‌ڕه‌زا شا” كه وه‌ك “فه‌ره‌ح” ى خێزانى ئه‌یگێڕیته‌وه بنه‌ماڵه‌ى شا هه‌ر خه‌ریكى سێكس و ڕابواردن بوونه، به ئاره‌زووى خۆیان ژیاون، له ئاهه‌نگى ژنى سێهه‌مى “حەمە ڕەزا شا” دا “شاناز”ى كچى حەمە ڕەزا ڕادەی ئەوەندەی لە زمرود و برلیان و یاقوت و ئه‌ڵماس و زێڕ، كه له‌به‌رى دا بووه لەو ساڵەدا مه‌زه‌نده كراوه به بودجه‌ى ساڵێكى ئێران!. هه‌موو ژیاننامه‌ى ڕه‌زا شا و حهمهڕهزاى كوڕی بخوێنیته‌وه، ئه‌وه‌ى تیانییه كه كتێبێكیان خوێندبێته‌وه، ته‌نها باسى كۆشكه‌كان و ژنهێنان و په‌لاماردانى پیاوانى ئاینى و داوه‌تكردنى ڕاقیسه و فلیمكاره گرانبه‌هاكانى جیهانى تیایه. كاتى هاتنى “شا” دا بۆ حوكمڕانى هه‌موو ئێران ده پزیشكى تیا نه‌بووه، خه‌ڵكى عاده‌تیان هه‌ر نه بووه ده‌م و چاویان بشۆن، زۆربه‌یان تووشى نه‌خۆشى چاو بوون “ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش بوبێت كه ئیمڕۆ ئێران پزیشكى چاو ى زۆره!؟”. ماڵی شا ئەوەندە بێ ئاگا بوون، کە شؤڕشکرا شا بە هەلیکۆپتەر بە ئاسمانی تاران دا ئەسوڕایەوە، لە ڕاوێژکارەکانی پرسیووە ئەم گردبونەوەیە چییە؟. پێیان وتووە حەزرەت ئەوە خەڵکەو بۆ پاڵپشتی تۆ هاتونەتە شەقام!.
چاوئۆشسكۆ و حه‌مه‌ڕه‌زا شا له‌به‌رچاوى خانه‌واده‌كانیان گفتوگۆ ئه‌كه‌ن، به حه‌مه‌ڕه‌زا ئه‌ڵێ ” ڕۆمانیا تا به‌ر له‌جه‌نگى جیهانى دووه‌م نه‌وتى هه‌نارده ئه‌كرد به‌ڵام ئیمپریالیسته‌كان تا دوا دڵۆپ نه‌وتى ئێمه‌یان ده‌رهێناو ئێستا ڕۆمانیا نه‌وت هاورده ئه‌كات و ته‌واوى چاڵه نه‌وته‌كانى ووشك بون، به‌بێ هیچ ڕهچاوكردنێكى ته‌شریفاتى بە “شا” ئه‌ڵێ ئه‌وروپیه‌كان به ڕواله‌ت نه‌وته‌كه‌ى ئێوه ئه‌كڕن، له‌به‌رانبه‌ردا ته‌نها تا ئه‌و ڕاده‌یه پاره به ئێوه ئه‌ده‌ن كه بتوانن پێداویستى و كه‌لوپه‌له‌كانى هه‌نارده‌كردنى پێ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و، هه‌ندێكیشى بمێنێته‌وه كه گۆشت و گه‌نم و برنج و مادده خۆراكییه‌كانى پێ بكڕن و، بیده‌ن به خه‌ڵك تا له برسا نه‌مرن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن نه‌وت ده‌ربهێنن و بهڕۆژئاواییهكانى بده‌ن.
حه‌مه‌ڕه‌زا شا له‌پێش چاوى خێزانه‌كه‌ى ئه‌ڵێ ” ئه‌م پیاوه شێته، ئێمه بانگمان كردووه به‌شدارى له‌جه‌ژنى 2500 ساڵه‌ى پاشایه‌تى ئێران دا بكا‌و، له‌زه‌ت بكا، كه‌چى كاتى خۆى به به بانگه‌شه دژى ڕۆژئاوا سه‌رف ئه‌كا !.
ئه‌م تێزه‌ى كه “چاوئۆشسكۆ” ده‌رى بڕیوه، زۆر له تیۆرسێنهكانى خۆرئاوا پێشتر له‌سه‌رى شاربهدهركراون، به‌تایبه‌تى “قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت” كه پێكهاتبون له “هۆركهایمه‌ر و، تیۆدۆر ئادۆرنۆ (دیاله‌كتیكى ڕۆشنگه‌رى نووسى) ئینجا هربرت ماركوزهو دواتر كارل پۆپه‌ر (كتێبى هه‌ژاریی مێژووگه‌رایی- الفقر والتاریخانیه” ى نووسى) له‌هه‌مووشیان به‌هێزتر له‌و قوتابخانه‌یه “هابرماس” بو ڕه‌خنه‌ى له بۆشایی ئه‌خلاقى له‌جیهانى سه‌رمایه‌دارى دواى جه‌نگى جیهانى دوووه‌م ئه‌گرت. زۆركه‌سى دیكه، له‌مدواییه هۆگۆ شافێزى سه‌رۆكى فه‌نزه‌ویلا له‌ساڵى (2000 بۆ 2001) له‌گه‌ڵ جۆرج بووشى كوڕ تا ئه‌وه‌ى په‌نجه‌یان له‌یه‌كتر با ئه‌دا ناكۆكییه‌كانیان برد‌و، دواتر سى ئاى ئه‌ى و كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كان له فه‌نزه‌ویلا وایان كرد كه ده‌یان هه‌زاركه‌س ناڕه‌زایی ده‌رببڕن و دهستهڵاكهى شافێز كۆتایی پێ بێت.
به نزیكه‌یی هه‌موو ناسیۆنالیسته‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا داخ و ئاخ یان له “هنرى كیسنجه‌ر” ه، له‌به‌رئه‌وه‌ى كیسنجه‌ر به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه ئه‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌نگه‌رى نه‌شكێت و، ئه‌م جیهانه نه‌بێته غابات و هه‌موو كه‌س تێك به‌ربن، پێویسته حاكمێك (زلهێزێك) ڕاوه‌ستا بێت، به‌هێزبونى ئه‌مریكا فاکتەری ئارامی و به‌هێزبونى جیهانه، له پشت سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكادا ڕیالیسته‌كان هه‌موویان وا بیرئه‌كه‌نه‌وه، تیۆرى “چه‌سپاندنى ئاشتى به‌ڕێگه‌ى هێز” باوه‌ڕى چه‌سپاوى جۆرج بووشى كوڕ بو كه به‌ڕێگه‌ى هێز ئارامى بۆ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بهێنێت.
ئه‌م تێزانه بۆ كورد، پێویستى به دیدێكى پراگماتى هه‌یه، مه‌سه‌له‌ن كاتێك له هه‌موو جیهان قه‌یران هه‌یه، یانى له‌هه‌موو جیهان ده‌رفه‌ت هه‌یه، سه‌یر بكه “شه‌ریف حسێن یان شه‌ریفى مه‌ككه” خۆى له ئیستانبوڵ له‌دایكبووه، كه‌چى عه‌ره‌بێكه لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان دا، داخى شه‌ش سه‌ده حوكمڕانى ئیسلامى له‌ده‌ستى توركه‌كان چه‌شتووه، كه خه‌لافه‌ت كۆتایی دێت، ئه‌و ناچێت گوێ له‌وه بگرێت ئه‌مه خه‌لافه‌ته‌و ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌و خیانه‌ته‌و چى و چى، ئه‌چێته حیجاز له‌گه‌ڵ به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا ڕێك ئه‌كه‌وێ و، سوریایه‌كى گه‌وره‌ى بۆ ئه‌كه‌ن به سوریا‌و لوبنان و ئه‌رده‌ن و فه‌له‌ستین و، ده‌وڵه‌تێكیش به‌ناوى عێراق دروست ئه‌كه‌ن و، كوڕه‌كه‌ى شه‌ریف حوسێن یش کە “مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ”ه ئه‌كه‌ن به پاشا له‌عێراق!. ئیتر شه‌ریفى مه‌ككه نه‌یوت ئه‌مانه ئینگلیزن و ئێمه ئه‌هلى سووننه و جهماعهتین و، چۆن نه‌وت یان بده‌ینێ، لە هەمان کاتدا شێخه‌كانى كوردیش ئه‌و كاته له كوردستان له عه‌ره‌به‌كان سووننه‌و جه‌ماعه‌ت تر بوون و خۆشیان و كوردستانیشیان تووشى ئه‌وه كرد كه مێژوو نووسیویه‌تى.
ئا… ئێستا ئەبێت بپرسین: ده‌وڵه‌تى بچوك به بێ ده‌وڵه‌تى زلهێز ناتوانێ بژی یاخود ئەوە ده‌وڵه‌تى زلهێزە به بێ داگیركردن و بهشخواردنى ده‌وڵه‌ته بچوكه‌كان ناتوانێ به‌رده‌وام بێت؟. بۆ هه‌ریه‌كه‌یان نمونه‌و ئارگیۆمێنتى جۆراوجۆر هه‌یه.