شکار محەمەد: بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان گەر لە هەندەرانیش وەک هەرێمی کوردستان، دەسەڵات و پاسەوانیان هەبوایە چیان بەسەر دیموکراتیەتی ئەوروپادا دەهێنا؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لە ماوەی ڕابردودا و بەتایبەت لەدوای شکستی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی لەناوخۆی هەرێم بەرچاوی هاوڵاتیان ناکەون و چواردەوریان بە پاسەوان تەنیوە و بە ئۆتۆمبێلی درعی جام تاریک هاتوچۆ دەکەن و گەر بە سوتفەیش لە شوێنێک ڕێبکەوێت هاوڵاتیەک دەنگی ناڕەزای خۆی بگەیەنێتێ و هەوڵ بدات لێیان نزیک بێتەوە جگە لە ڕێگری فەلاقەیەکی باشیش دەکرێت، نمونەیش بۆ ئەمە لە میدیاکاندا بڵاوبۆوە جارێک پیاوێک دەیویست چاوی بە عیماد ئەحمەد بکەوێت ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پڕ بە گەروی هاواری دەکرد ڕێگەم پێ بدەن بیبینم پێشمەرگەی کۆنم بۆ ناهێڵن بیبینم و دوو قسەی لەگەڵدا بکەم، بۆ ئاوامان لێ دەکەن!
جارێکی تریش لەکاتی سەردانی کردنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی ئەوسای هەرێمی کوردستان کە لەحوکمی ناشەرعی و نایاسیدا مابووە بۆلای بەڕێز مام جەلالی کۆچ کردو کەئەودەم مام جەلال لەدوای نەخۆشکەوتنی لە وڵاتی ئەڵمانیا گەڕابۆوە, بەهەمان شێوە هاوڵاتیەک لە نێو ئاپۆڕای پاسەوانەکاندا خۆی خستە بەردەم ئۆتۆمبێلەکەی مەسعود بارزانی و ویستی ڕایبگرێت و سکاڵاو نیگەرانیەکانی ناخی ڕاستەو خۆ بە خودی خۆی بڵێت بەڵام لەلایەن پاسەوانەکانیەوە هێرشی کرایە سەرو خەفە کرا، لە ئاکامی ئەم دورە پەرێزیەی نێوان بەرپرسان و هاوڵاتی و ئەم حوکمە ناعەدالەتە گەندەڵەیش کە هەیە کەوا خەریکە قەیرانی دارای و قەیرانی سیاسی ڕەگو ڕیشەی کلتورو ئادابو نەریت و تەنانەت ئەخلاقیش لە کۆمەڵگادا دەردەهێنێت، کە مەعلومە قەیرانەکانیش لەپای سیاسەتی قۆرخ کاری و ناشەفافی و گەندەڵی بەرپرسانەوە سەری هەڵداو قوڵ بۆوە تا ئەم ڕادەیەی کە هەیە.
هاوڵاتیان، کوردی هەرێمی کوردستان ئەوانەی دانیشتوی تاراوگەن کە لەو وڵاتانەی لێی دەژین دیموکراتی و مافی مرۆڤ لەقیمەدایە، وەک دەبینین هەر بەرپرسێک دەربکەوێت بەوپەڕی ڕقی تۆڵەکردنەوە ڕوبەڕوی دەبنەوەو بە وتاف و تانەو تاڕادەی قسەی نەشیاویش بۆ مرۆڤ دەکەونە وێزەیان، بەرپرسەکانیش چونکە لەوێ وەک هەمو کەس دەبنەوە مرۆڤی ئاسای و ناتوانن ئاپۆڕایەک پاسەوان بەچەکەوە شوێن خۆیان بخەن و وەک کوردستان هەرچی وتی لەل،، پاسەوانەکانی لەلی ببڕن، بە ئیحراجیەکەوە بزەیەکی بەناو پێکەنین کە خۆی لەبنەڕەتدا وەک لەرزو تای پەتای درم وایە دەخەنە سەر دەموچاویان و تەماشای ئەو ئامێری مۆبایلانە دەکەن کە هاوڵاتیان ئەوانەی ڕوبەڕویان دەبنەوە بەدەستیانەوە گرتویانە بۆ گرتنی ئەو گرتە ڤیدۆییانەی کە ناونراوە چالاکی ڕسوا کردنی بەرپرسە گەندەڵەکان، نمونەیش بۆئەمانە کە ناونراوە چالاکی و هەڵمەتی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵکاران ڕوبەڕوبونەوەی فەرەیدون عبدالقادرئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پێشوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی ئەوکات مەسعود بارزانی لەهاندەران لەلایەن چالاکەوانی مەدەنی فەرەیدون کونجرینی لە خواردنگەیەکی ئەوروپا ڕوبەڕو بونەوەی کۆمەڵێک هاوڵاتی بە وتاف کێشانی بڕوخێ دز شەریکی دز لەهاندەران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی کە لەلایەن خۆپیشاندەران و کوردەکانی تاراوگەوە بە شەریکە دز لەقەڵەم دەدرا، ڕوبەڕو بونەوەی دوچالاکەوانی مەدەنی و هاوڵاتی کورد لەبەردەم پەڕلەمانی ئەوروپا لەگەڵ نەوزاد هادی کە پارێزگاری هەوڵێرە و دواتر لەهەمان کاتدا ڕوبەڕوبونەوەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەلجیکا و تائاستی تانەو تەشهیر کردن بەیەکتر کە هەم پارێزگارو هەم نوێنەری حکومەت سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، دواتر ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ فەلاح موستەفا نوێنەری پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و وتاف کێشان و تاوان بار کردنیان بە تیرۆریست و نیشان دان و هەڵبڕینی وێنەی شەهیدی ڕۆژنامە نوس شەهیدی تیرۆر کراو سەردەشت عوسمان، ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن لەهەرێمی کوردستان و ئەم کاردانەوانەی هاوڵاتیان لە حاڵەت دەرچوەو لە ئێستادا بۆتە دیاردەیەکی بەرچاوو. ئەمە جگە لەو خۆپیشاندانە بەرفروانانەی کەوەک دەنگی ناڕەزای ڕێک دەخرا لەبەردەم پەڕلەمانی ئەوروپا لە کاتی شەڕی داعش و سەردانی کردنی مەسعود بارزانی بۆ پەڕلەمانی ئەوروپا، ئەم دیاردەیە ئەوە دەگەیەنێت کە کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەم هەرێمە چیان چاندوە هەر ئەوە دەدورنەوەو پەیامێکیشە بۆ تەواوی بەرپرسانی حیزب و حکومەت کە گەر حیزب و حکومەتەکە ڕوخا کە ئەمە واریدەو لەزۆرێک لە وڵاتاندا حکومەت ڕوخێنراوەو سەرانی دەوڵەت مەدار و کەسانی سەرەوە هەڵ هاتون و لەوڵاتێکی تردا مافی پەنابەرێتی و نیشتە جێبونیان پێدراوەو وەک مرۆڤی ئاسای ژیاون، بەڵام پێ دەچێ بەرپرسانی حیزبی و حکومی ئەم هەرێمە بەو پێوەرەی لە ئێستادا لە هەر شوێنێکی جیهان دەردەکەون جگە لە هەرێمی کوردستان دەکەونە بەر شاڵاوی ڕقی کەڵەکەبوی چەند ساڵەی ئەوەی خۆیان چاندویانە. لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە لەسەر زەمین جێگایان نابێتەوە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە