کاوسێن بابەکر: دەستەڵاتی کوردی، دەستەوستانێکی شەرمن لەبەردەم بەغدا!
(بۆخەڵکی دەستەوستان نەگەرمیانە و نەکوێستان)
پێموایە کورد هیچ بژاردەیەکی لەبەردەم نییە و دوا کارتیشی خەرج کردووە، دوور لەهاش و هوشی لوت بەرزانە با واقعی بین، زۆر دەرفەتی زێڕین هاتنە پێش و گۆڕانەوە بە دەستکەوتی حزبی، هەر لەدەستورەوە بیگرە کەتیایدا وورد نەبووین و وێڕای ئەوەی من بەهەنگاوێکی باشی دەزانم کە کۆمەڵێک مافی نەتەوەیی بۆیە کەمینجار تێدا جێکرانەوە، بەڵام دەکرا دووربین تر و ووردبینتربین، لەکاتێکدا کورد لە پنتی هێزو عەرەب لەپەرش و بڵاوی و بێهێزیدا بوون، دواتریش لەدامەزراندنی دادگای فیدڕاڵیدا کەبڕیاری یەکلاکەرەوە دەدا لەکێشەکانی هەرێم و بەغدا کەدەبوایە هاوسەنگ و ڤیتۆدار بێ وانەبوو، بڕیارو یاساکانی پەرلەمانیش بەزۆرینەو کەمینە دیارە کە کورد زەرەر مەندە و ئەو بڕیارویاسا ستراتیژیانەش کەدەبوو بەدەنگی 2 / 3 بن بەزیادکردنی ژمارەی کورسیەکان بۆ 328 کورسی، ئەوەش تێکچوو، کە بەرانبەر بەدەستکەوتی حزبی خۆیان لێ بێدەنگ کرد! بەدرێژایی ئەو مێژووی پێکەوە ژیانە تاهاتووە ئێمە لاوازو بەغدا بەهێزبووە جگە لەسەردەمی شەڕی داعش کە لەو دەرفەتەش کەڵک وەرنەگیرا!، بەپێچەونەوە بەغدا کەڵکیشی لەو هێزە وەرگرتووەو هەنگاو بەهەنگاو پاشەکشەی لەبەڵین و تەنانەت یاساکانیش کردووە بەرانبەر بەکورد، دوا چەپۆکیشی لەدوای ڕیفڕاندۆمەکەبوو.
کەواتە ئەوە گێلی ئێمەیە کە تائێستاش پێمانوابێ بەغدا ڕۆژێک دادێ دان بەمافەکاندا دەنێ و وەک برابەش عێراق دەکەینە ووڵاتیکی دیموکراسی وەک ئێران! ئاخر خۆ برا عەرەبە شیعەکانمان چاو لەحوکمی ئێران دەکەن و بەسمبولی خۆیانی دەزانن! کەواتە ئەوە خۆمانین هیچ جدیاتێکمان بۆ زەمینە سازی و سووربوون لەسەر داوا نەتەوەییەکانمان نەبووە و گۆڕیوماننەتەوە بەدەستکەوتی حزبی و کەسی! بە درێژایی ئەو مێژووە لەعێراق نەکشاویتەوە، لەسەر جێبەجێنەکرنی مادەی 140، لە سەر پشتگوێ خستنی پێشمەرگەو نەدانی مافە داراییەکانی، لەسەر بڕینی بودجە.. کە لە پنتی بەهێیزیدا بووی ئێستا بەم شکاوی و لاوازیە چۆن بڕیاری کشانەوە دەدەی؟ بەدیلت چییە لەکاتێکدا وەک بڕیارەکەی ڕیفڕاندۆم هێشتا نەتانتوانیوە یەکڕیزی نیشتمانی دروستبکەن و متمانە بۆ خەڵکی کوردستان بگێڕنەوە؟ ئەگەر کشانەوە چ ئامادەباشیەکتان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەرەنجامەکانی بەهەڵگیرساندنی شەڕیشەوە؟ ئایا هەروەک دەرئەنجامی ڕیفڕاندۆمەکە ناکەوێتەوە؟ پێموایە بەبێ یەکڕێزی بەبێ چاکسازی ئیداری بەبێ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک و تەبایی سەرجەم حزبەکان، نەکشانەوە و نەنەکشانەوە لەبەغدا دادمان ناداو باپیرانمان دەمێکە گوتویانە؛ بۆ خەڵکی دەستەو ستان نەگەرمیانەو نەکوێستان!