PUK-1

كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتی: پیلانگێڕی لەدژی یەكێتی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(1) كۆبونەوەی تەلاری هونەر
كۆبونەوەی 5/3 ی تەلاری هونەر دەرخەری هەڵوێستی راستەقینەو یەكێتیانەی ئەندام و كادیرانی یەكێتی بو.. هاواری پێشمەرگە دێرینەكان و گریانی خاتونێكی كادیری یەكێتی بۆ كۆنگرە ، زەنگێك بو ئەبێ سەركردایەتی یەكێتی بەهۆش خۆیدا بێنێتەوە لەمەترسییەكانی ئاییندەی ئەو حیزبەی قافلەیەك شەهیدو بریندارو پەككەوتەی بە میللەتەكەی بەخشیوە. كۆبونەوەی تەلاری هونەر راستی ئەوەی بۆ سەلماندین كەوا مەودایەكی زۆر دوور لەنێوان سەركردایەتی و بنكەی جەماوەری یەكێتیدا بونی هەیە كە ئەمەش لەهیچ حزبێكی دونیادا بەدی ناكرێ. لەكاتێكدا زۆرینەی ئەندامو كادیرانی یەكێتی هاواریانە بۆ بەستنی كۆنگرەو هەڵساندنەوەی حزب، سەركردایەتیش تەنانەت بێزیان نەهات بەشداری ئەم كۆبونەوەیەش بكەن، جگە لەوەی پێش چەند ساتێك هەڕەشەی ئەوەشیان كرد كە كۆبونەوەكە نەكرێ، بەڵام ئیرادەی كادیرو ئەندامان سەركەوت و توانیان دەنگی خۆیان بگەیەننە جەماوەرە دڵسۆزەكەی یەكێتییەوە.
ئەگەرچی ئامانجی ئەو كۆبوەنەیە بەزەبری هێز و هەڕەشە گۆڕدرا لەدیاریكردنی رۆژی كۆنگرەی چوارەمی حزبەوە، بۆ یادكردنەوەی راپەرینە جەماوەرییەكەی كوردستان، بەڵام پێموایە ئەبو بەهەر نرخێكیش بوایە ئامانجە سەرەكییەكەی بپێكایە، ئەویش دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە بو، چونكە ئەوانەی لەوێ بون ئەمانە خەڵكە دڵسۆزە راستەقیینەكانی یەكێتین كە هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەت كۆیانی نەكردەوە، بەڵكو لەپەرۆشی حزبەكەی شەهیدانەوە هاتبون بۆ دیاریكردنی چارەنوسو ئاییندەی حزبەكەیان، ئەبو تەحەدای هەمو سەركردایەتیان بكردایەو لەناو هۆڵەكەدا رۆژی كۆنگرەیان دیاریبكردایە. بەڵام بەداخەوە ئەمە نەكرا.بەهەر حال ئەوا فرسەتێكی تریشمان لەدەست چو بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەو گرفتەكانی یەكێتی بەرپرسیاریەكەشی ئەكەوێتە سەر شانی سەركردە لەرزۆكەكانی یەكێتی كە بەرژەوەندی تایبەتی پێش چاویانی لێل كردوە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە لەو كۆبونەوەی تەلاری هونەر ئەوەیە كەوا پەیامی راستەقیینەی بنكەی جەماوەری یەكێتی زۆر شێلگیرانە درایە بەر گوێی سەركردایەتی یەكێتی ،ئەوەی روشیدا هەر ئەوە نابێ و هەڵوێستی تریش بەرێگاوەیە.

(2) كێشەی سەركردایەتی
لەهەمو دونیادا حزب كاتێك سەركردایەتی خۆی هەڵئەبژێرێ بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری حزبەكە، ئامانجی دانانی مەرجەعێكە بۆ هەڵوێستو بریارو سیاسەتەكانی حزب . لێرەدا بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی لەجیاتی مەرجەعبونیان، خۆیان بونەتە مایەی كێشەو ، كیشەی قووڵیش. هەندێكیان ئەوەندەی كار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان سیاسەت ئەكەن ، ئەوەندە پەرۆشی حزبەكەیان نین. لەگەڵ كۆچی رەمزی گەورەی یەكێتی مام جەلالی نەمریش، فرسەتێك هاتە پێش ئەو بەرژەوەندخوازانەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و كاركردن لەدژی بەرژەوەندی یەكێتی و جەماوەرەكەی، لێرەوە بەشێك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی تەنانەت كەوتنە پیلانگێڕی لەدژی حزبەكەی خۆشیان، هەندێكیان كەوتنە ژێر كاریگەری خیتابی نەیارە دێرینەكانی ئەم حزبەو، بە ویستی خۆیان بونە بەشێك لەو هەوڵانەی لەئارادایە بۆ لاوازكردنی یەكێتی و ئەگەر بۆشیان بلوێ سڕینەوەی حزبی شەهیدان. پیلانگێڕی بەشێك لەو سەركردانەی یەكێتی زۆر كاریگەرتر بوە لەپیلانی دوژمنانی یەكێتی بەدرێژایی چل ساڵی تەمەنیەوە، هەر لەپیلانەكانی پارتییەوە لەشاخو شارەوە، تا پیلانەكانی رژێمی بەعس لەسەردەمی خەباتی ئۆپۆسزیۆن بونی یەكێتیدا. لەراستیدا ئەوەی ئەم سەركردانە لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا بەیەكێتیان كردوە، هیچ هێزیك پێشتر نەیتوانیوە بەم شێوەیە زەفەری پێوە ببات. بەشێك لەم سەركردانە هەر لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مام جەلال كەوتنە بەر گیانی حزبەكەی خۆیان، سەرەتا قووڵكردنەوەی كێشەی باڵەكانەوە، دواتر دامەزراندنی ناوەندی بریار و، ئێستاش وردە وردە خزاونەتە ناو ئەجینداكانی پارتییەوە، هەر لەهەڵوێست وەرگرتن لەریفراندۆمە فاشیلەكەی پارتی و گاڵتەجاڕی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە، تا دەگاتە كاراكردنەوەی پەرلەمانە پەكخراوەكە بەبریاری پارتی و، تا دواهەڵوێست لەبەغدا ویاریەكانی پارتی لەگەڵ حكومەتی عیراقدا. بیرمانە لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە چۆن برادەرێك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی زۆر راشكاوانە لەناو كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ پارتی بەمەسعود بارزانیان وتبو ” لەغیابی مام جەلالدا، تۆ برا گەورەی ئێمەی” وەكو ئەوەی جەنابی بارزانی یەكێك بێت لەدەستەی دامەزرێنەری یەكێتی!. هەر ئەو كەسانەش بون دژایەتیەكی بێوچانی جێبەجێكردنی رێكەوتننامەكەی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بون، لەبری ئەو هەوڵێكی زۆریان دا بۆ نوێكردنەوەی رێكەوتنە ستراتیژیە شوومەكەی پارتی و یەكێتی.
هیچ گومانی تێدانیە كە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەتەواوی لەپیلانەكانی پارتیدا تێوە گلاون و كار لەدژی یەكێتی ئەكەن، هەندێكیان قاچیشیان لەناو حزبی تردا چەقاندوەو چاوەڕێی شكستی یەكێتی ئەكەن لەهەڵبژاردنەكانی داهاتودا بۆ ئەوەی پێگەیەك بۆ خۆیان لەناو ئەو حزبانەدا دامەزرێنن و درێژە بە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان بدەن، ئەگینا هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەو تێكدانەی ریزەكانی یەكێتی بەدەستی سەركردەكانیەوە. كاری حزبی ئەمانە بوەتە سەوداسەری و بازرگانی كردن بەهەڵوێستی سیاسی، رۆژێ سەركردە ناڕازییەكان ژمارەیان 33 كەسە، پاش ماوەیەك ژمارەیان كەم ئەبێتەوە بۆ 20 و15 ئەوەش هەموی بەهۆی ئەوەی بەشێكیان ئامادەن هەڵوێست بفرۆشن لەبەرامبەر پارەو ئیمتیازات. ئەو قەلەقییەی نێو سەركردایەتی یەكێتی ریزەكانی بەرادەیەك ترازاندوە كە ناتوانن لەسەر بەستنی كۆبونەوەی سەركردایەتیش رێكبكەون، كەس نازانێ كێ لەگەڵ كێیە ؟!. لەولاشەوە بنكەی جەماوەری یەكێتی و ئەندامو كادیرە دڵسۆزەكان و هاوڕێبازانی مام جەلالی نەمر سەریان لێشیواوە بەدەست ئەم سەركردایەتیەوە . ئەمەش حاڵەتێكە لەهیچ حزبێكی دونیادا بونی نیە كە سەركردایەتی لەجیاتی ئەوەی عامیلی چارەسەری كێشەكانی ناو حزب بێت، خۆی ئەسڵی سەرجەم كێشەكانی حزبە؟. سەیرە كێشەی حزبێكی گەورەی وەكو یەكێتی چوار پێنج ئەندامی سەركردایەتی بن، لەنێویشیان تەنها یەك دوو كەس سەرچاوەی هەمو كێشەكان بن، بێگوێدانە بنكە فراوانەكەی یەكێتی بریار تەنها بەدەست دو كەسەوە بێت كە بەرژەوەندی و ئەجیندای تایبەتی خۆیان هەیەو، هەڵوێستی سەدان هەزار كادیرو ئەندام و جەماوەری راستەقیینەی یەكێتیش ببنە قوربانی دەستی یەكدو كەسی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكی هەڵوەشاوە.

(3) كۆنگرەی حەسم
كۆنگرەی یەكێتی لەبەر چەند هۆكارێك بوەتە كێشەو نابەسترێ . رەنگە بەشێكمان هۆكارە راستەقیینەكان بزانین، بەڵام كەسانێكیش هەن دركی پێوە ناكەن بۆیە پێویستە لێرەدا ئەو كەسانە دەستنیشان بكەین كە نایانەوێ كۆنگرە ببەسترێ . ئەمانەش سێ بەشن:
1- بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی دڵنیان لەوەی كە رۆڵیان تەواوبوەو قاعیدەی یەكێتی لێیان تووڕەیەوە، دەموچاویان ئەوەندە قێزەونە لەناو جەماوەر، روخسارییان ئەوەندە ناشرینە كە لەناو كۆنگرەدا سزا ئەدرێن وجارێكیتر بۆ سەركردایەتی هەڵنابژێردرێنەوە، بۆیە نایانەوێ كۆنگرە ببەسترێ و كۆتایی بەرۆڵو بەرژەوەندییەكانیانەوە بێت.
2- بەشێكیان بەتەواوی تەسلیمی ئیرادەی پارتی بونەو كار بۆ ئەجینداكەی ئەكەن لەلاوازكردنی یەكێتی وبونی پارتی بەحیزبی قائید، ئەوانە هەر لەگەڵ دووركەوتنەوەی رەمزە گەورەكەی یەكێتی ترسیان شكاو، بەئاشكرا بانگەشە بۆ ئەو رۆڵەی پارتی ئەكەن، لەهەڵمەتی ریفراندۆمدا رووی راستەقیینەی خۆیان پیشانداو، بونە بەشێك لەئەجینداو سیاتەكانی پارتی، ئەمەش لەژێر هەر كاریگەرییەكی دارایی یاخود پلەو پۆست بێت، ئەوان ئێستا بونەتە پارتییەكی تۆخ بەبێ راگەیاندنی ئەم پابەندییان بە ئەجینداكانی پارتییەوە، هەڵبەت پارتیش هیچكات حەز بەهەڵسانەوەو یەكڕیزی یەكێتی ناكات و نایەوێ، بۆیە ئاساییە كاری ئەوانە بچێتە خانەی خزمەتی سیاسەتەكانی پارتی لەدژی یەكێتی.
3- بەشێكی تری نەیارانی كۆنگرەی حزب، ئەو سەركردانەن كە لەحاڵەتی قەلەقیدان و كەوتونەتە ژێر كاریگەری ئەو هەڵمەتی راگەیاندنو دیعایانەی كە ئیدعای ئەوە ئەكەن یەكێتی كۆتایی هاتوەو لەهەڵبژاردنەكانی داهاتودا شكست دێنێ وكورسییەكانی زۆر كەم ئەكەنەوە، لەبەرامبەریشدا حزبی تر دێنە پێشەوە، بۆیە ئەمانە كار بۆ ئەوە ئەكەن كۆنگرە بخرێتە دوای هەڵبژاردنەكانەوە بۆ ئەوەی سەنگی یەكێتی بزانن، ئەگەر یەكێتی دەنگی باشی هێنا ئەوا هەر یەكێتیەكەی مام جەلالن، ئەگەر دەنگیشی نەهێنا ئەوە خواحافیزی لێئەكەن و ئەچنە ناو حزبە تازە هەڵكەوتوەكانەوە.
لێرەدا پێویستە كادیرو ئەندامانو هاوڕێبازانی مام جەلال و یەكێتییە راستەقیینەكان چی بكەن باشە؟.
پێموایە باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستای یەكێتی راگەیاندنی رۆژی كۆنگرەیە لەلایەن كادیرو ئەندامانی یەكێتی بەبێ گوێدانە بریاری سەركردایەتی. ئەوانەی خۆیان لەسەر رێبازی مام جەلال و یەكێتی راستەقیینە ئەزانن بە هەماهەنگی لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكانی یەكێتی كۆبونەوەیەكی هاوبەش لەسەر گلكۆی مام جەلال سازبكەن و بەئامادەبونی نوێنەری پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانە سیاسییەكانو خانەوادەی شەهیدانو دەستەی مەفرەزە سەرەتاییەكانو نوێنەری رێكخستنەكانی سەرجەم شارەكانی كوردستان بانگەوازێك رابگەیەنن بە دیاریكردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە بەو كەسانەی ئامادەی ئەبن، چونكە ئەمانە خاوەنی راستەقیینەی یەكێتین، جا ئەوەی خۆی بەهاوڕێبازی مام و یەكێتی راستەقینەو كوردپەروەر ئەزانێ بابێتە ناو كۆنگرە، ئەوەی ناشیەوێ بەشداری بكات با بڕوات بۆ هەر كوێیەك پێی خوشە، چونكە ئەم وەزعەی ئێستای یەكێتی زۆر نالەبارەو لەوەش زیاتر تەحەمول ناكرێ، كۆنگرەی دوای هەڵبژاردن كە ئێستا بەشێك لەسەركردەكان بانگەشەی بۆ ئەكەن هیچ جەدوایەكی نیەو هیچكام لەكێشەكانی یەكێتی چارەسەر ناكات، تەنها بەراگەیاندنی كۆنگرە یەكێتیەكەمان ئەگەڕێتەوە سەر رێبازە پیرۆزەكەی مام جەلال و جەماوەركەی ئاشت ئەكاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت