ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌میشه لە ناكۆك و خیانه‌ت و شكست!
له‌م بارودۆخه ناله‌باره‌ی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستاندا بۆ پاساودانی خیانه‌ت، هه‌ندێك ده‌زگا و كه‌ناڵی تایبه‌ت ئه‌وه‌نده باسی خیانه‌ت و شكست ده‌كه‌ن، هه‌ستی كۆمه‌ڵگایان پڕ كردووه و هاوڵاتی به‌شێوه‌یه‌ك نیگه‌ران كردووه، نه‌ك له خراپه‌كاران ته‌نانه‌ت ڕاستیه‌كانیش بهتهماوی ده‌بینێ. ئه‌وانه له‌په‌روه‌رده‌كردنی خۆیان و كۆمه‌ڵگاشدا خراپترین ڕێگا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆیان بكه‌ن نازانن كۆمه‌ڵگایان به‌ره‌و چ وێرانیهك بردووه.
بێگومان له‌ناو هه‌ر گروپ و كۆمه‌ڵگایه‌كدا په‌روه‌رده و فێركردنی دروست كه‌سی هوشیار و پته‌و و بیروباوه‌ڕ به‌خۆبوون دێنێته به‌رهه‌م، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌بێ هه‌میشه فێرخواز به‌گه‌شبینی و نموونه‌ی سه‌ركه‌وتن گۆش بكرێت، ئه‌و باوه‌ڕه‌ی لهههستیدا بچه‌سپێنرێت هه‌میشه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن هه‌نگاو بنێت، ئه‌گه‌ر شكستیشی خوارد پاساو بۆ شكسته‌كه‌ی نه‌هێنێته‌وه و به باوه‌ڕه‌وه هه‌وڵی هه‌ستانه‌وه و به‌رده‌وامی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن بدات.
به‌پێی ڕاو سه‌رنجی پسپۆڕانی بواری دەروونزانی و پەروەردەیی لێكدانه‌وه‌ی دروست ئه‌وه‌یه لایه‌نی باش و ئه‌رێنی له‌به‌رچاو بگیرێت، نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لە پرۆسەی په‌روه‌رده كردن‌دا په‌نا ببرێته به‌ر نموونەکانی شکست و سه‌رنجی فێرخوار به نموونه‌ی خیانه‌ت و شكست و دۆڕان گۆش بكرێت، چونکە لە داهاتوودا کەسی فێرکراو بە تێوری شکست، به خۆدۆزینەوە له سەرکەوتن و ڕه‌واییدان به شکست بەرجەستە دەکات
لەکاتێکدا كاری دروست بۆ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتو ده‌بێ به‌گیانی باوەڕبوون بە سەرکەوتن بنیات بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گه‌ش بینیه‌وه له داهاتوو بڕوانێ و ئه‌گه‌ر تووشی شكست هات هه‌وڵ بدات سوود لهشكستهكهی وه‌ربگرێت و دووباره به‌گیانی باوه‌ڕ به‌خۆبوون هه‌ستێته‌وه، نه‌ك له شكستدا نا‌ئومێد و لهخیانهتیشدا پاساو بۆ خیانه‌ته‌كه‌ی بهێنێته‌وه، بێگومان له کۆمەڵگا پێشکەوتووەكان بە تایبەت ئەوانەی بنیاتنه‌ری مێژووی دروستی مرۆڤایه‌تین به‌م شێوه مامه‌ڵه و په‌روه‌ده كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست ڕاده‌هێنن و کاربە و تێورانە دەکەن.
له زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهان و ته‌نانه‌ت له كۆمه‌ڵگا تازه گه‌شه كردووهكانیشدا چه‌ندین نموونه‌ی خیانه‌ت و شكست هه‌یه، به‌ڵام خائنهكان سزا ده‌درێن و شكسته‌كانیش به‌ئومێده‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دروست بنیات بنرێت.
به‌داخه‌وه کومەڵگای کوردی پڕیەتی لە نموونەی خیانەت و ڕاده‌ست بوون و شكست، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك تاکی کۆمەڵگای كوردی بۆ خۆدزینه‌وه له شكست و دانپێدانه‌نانی دۆڕان زۆرجار پاساوی ئه‌و شكسته به‌خیانه‌ت و ته‌سلیم بوون وه‌ڵام ده‌داته‌وه و خۆی له‌به‌رپرسیارێتی ده‌ربازده‌كات، زۆر جار ئه‌وه‌نده‌ی له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه به‌رگری لهخیانهتكاردهكرێت ئه‌وه‌نده له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌رگری له‌خۆی ناكرێت، ئه‌م دیارده نه‌خوازراو و پیس و قێزه‌ونه لەناو خێزان، له‌كار و فه‌رمان، له خه‌بات و تێكۆشان، له كایه‌ی ئابووری و سیاسی و له هه‌موو كایه‌كانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئاماده‌یی هه‌یه، ئه‌مه‌ش وای كردووه به‌رده‌وام گوێبیستی وشه‌ی خیانه‌ت ده‌بینه‌وه، له‌جیاتی سزا و پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌م كاره، خێرا پاساوی خیانه‌تی خیانه‌تكاران ده‌درێته‌وه و زۆر جار له بێ هیواییدا گوێبیستی ده‌سته‌واژه‌ی (پاره و كورد و خیانه‌ت) ده‌بین، وه‌ك ئه‌وه‌ی خیانه‌ت به‌به‌ژنی كورد دا بڕابێت. بۆیە تێوری خیانەت بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای كوردی و بەتایبەت نووخبەی سیاسیی کوردی داناوه زۆر جار بە ئه‌نجامدانی خیانەت شكستی گه‌وره ده‌خوڵقێنێ و پاساویشی ئه‌وه‌یه خیانه‌تی لێكراوه.
ئه‌مه بابه‌تێكی گرنگ و وردكارییه و پێویسته سه‌دان توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر بكرێت، نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز نیه، به‌ڵام له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌كانی تردا له‌كاتی نموونه‌كانی خیانه‌ت و شكسدا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه دۆست و خه‌مخۆری هه‌یه به‌ته‌نگیه‌وه بێت و به‌دواداچوونی خیانه‌ت و خراپه‌كارییه‌كانی بكات و باری لاری ڕاست بكاته‌وه،هه‌ندێك جار ده‌گاته ئاستی زۆره‌ملێ و هه‌ڕه‌شه لێ‌كردن بۆ وازهێنان له هه‌ڵه‌كانی، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌كاتی تووش بوونی كورد به‌م نه‌ریته خراپ و قێزه‌ونه هه‌موو دۆست و نزیكانی پشتی تێده‌كه‌ن و دوژمنه‌كانیشی وه‌ك هێلانه زه‌رده‌واڵه بۆ گیانی ئاڵۆز ده‌بن، ئه‌م كاره زۆر خراپ به‌سه‌ریدا شكاوه‌ته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه كورد خۆی به‌بێ دۆست و بێ كه‌س ده‌زانێت هه‌ر بۆیه كورد پێی وایه هه‌ره دۆستی نزیك چیاكانی نیشتمانهكهیهتی.
به‌م پێودانگه كاری حزبایەتی و بەشداری لە سیاسەت له كۆمه‌ڵگای كوردی لەمێژووی ڕابردوودا پڕیەتی لە باس و نموونەکانی خیانەت و ته‌سلیم بوون به دووژمن، په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندام و پێگەیاندنی کادری حزب له‌ناو ده‌ریای ئه‌م جۆره نموونانه‌دا تاساو و سه‌رسوڕماوه، له‌ئه‌نجامدا ئه‌گه‌ر خیانەت شكستی به‌شێكی نه‌ته‌وه بێت ئه‌وا بووەتە سەرکەوتنی بهشێكهی تری نه‌ته‌وه‌ی كورد، هه‌ڵبه‌ت سه‌ركه‌وتن له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازی ته‌سكی حزبی و تایبه‌تی، له دواجاردا ماڵوێرانی و كه‌وتن و شكستی نه‌ته‌وه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه.
ئه‌م تێۆری خیانه‌ته به‌شێوه‌یه‌ك چووته ناخی كۆمه‌ڵگاوه له‌جیاتی ڕووه گه‌ش و پڕشنگداره‌كه‌ی خه‌بات و تێكۆشان بۆ پاساوی ئه‌و خیانه‌ته هه‌میشه ڕووه مه‌رگه‌سات و شكسته‌كه‌ی زه‌ق بكرێته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی ماوه‌ی كه‌می فه‌رمانڕه‌وایی پڕشانازی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد و هه‌ڵوێسته جوان و مه‌ردانه و پڕسهروهرییهكانی قازی محه‌مه‌د سه‌ركۆماری كوردستان باس كراون، زۆر له‌وه زیاتر تێشكانهكان زه‌ق ده‌كرێنه‌وه، له‌جیاتی وێنه‌ی ڕۆژانی حوكمڕانی و داكۆكی لهكۆمار له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌تیه‌كان و دانوستانی له‌گه‌ڵ لایهناكانی تر و چه‌ندان كاری پڕ سه‌روه‌ری تر، هه‌میشه وێنه‌ی ملی لار بۆوه‌ی بهپهتدا كراوی قازی و نا‌ئومێد بوون به‌رچاوی نه‌وه‌ی نوێ ده‌خرێته‌وه، یاخود ڕۆژانی پڕ شانازی شێخ سه‌عیدی پیران زیاتر وێنه‌ی له‌سێداره‌دان و گه‌مارۆدراو به‌سه‌ربازانی توركی ڕه‌گه‌زپه‌رست پێشچاو ده‌خرێت، قارهمامێتی و سه‌روه‌رییه‌كانی شێخ مه‌حمودی نه‌مر له‌گه‌ڵ چه‌ندان نموونه‌ی له‌و جۆره، نموونه‌كانی خیانه‌ت و شكست زیاتر پیشان ده‌درێت، بێگومان ئه‌وه كاریگه‌ری خراپ و نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌روونی كۆمه‌ڵگا و نه‌وه‌ی نوێ داناوه، زیاتر ڕه‌وایی به‌خیانه‌ت و شكست ده‌دات و خیانه‌ت به‌لای خیانهتكارهوه ئاسایی دێته‌به‌رچاو، ئه‌گه‌رچی شیاوتر و ڕاستر وایه ڕووه دیار و خه‌باتی پڕ شانازی و خۆڕاگرییه‌كانی تێكۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌رچاوی نه‌وه‌ی نوێ بخرێت له جیاتی شكست و خیانه‌تی خیانه‌تكاران، بۆئه‌وه‌ی چیتر تاكی كوردی خیانه‌ت به‌سه‌ركه‌وتن و پاساوی ده‌ربازبوون نه‌زانێت و خیانه‌تكاران بێ سزا و وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رنه‌چن، پێویسته خیانه‌ت بكرێته كارێكی هێنده قێزه‌ون ئه‌گه‌ر خیانه‌تكار سزاش نه‌درێت خۆی له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه هێنده نائارام بێت ڕووی ناو خه‌ڵك و به‌رده‌می نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت، نه‌ك به‌رگری لێ بكرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌ك گۆش بكرێت هه‌میشه به‌گه‌شبینیه‌وه له داهاتوو بڕوانێ و پاساوی به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتن به‌وه نه‌هێنێته‌وه تازه خیانه‌تی لێكراوه و پشت بكاته خه‌بات و واز له هه‌موو شتێك و پیرۆزییه‌كان بێنێ و بۆ ماوه‌یه‌ك په‌رده‌ی خامۆشی به‌سه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بدرێته‌وه، بێگومان هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌و په‌رده‌ی خامۆشیه چ ماڵوێرانی و كاره‌سات و قوربانی و نائومێدیه‌ك به‌دوای خۆیدا دێنێ.