بورهان شێخ ڕەئوف: پۆتین لەجەنگى ساردەوە بۆ جەنگى گەرم.
هەر لە سەرەتاى سساڵى 1991 جەنگى سارد کۆتایى هات لە نێوان هەردوو بڵۆکى ڕۆژاوا بە سەرۆکایەتى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا و ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتى یەکێتى کۆمارە سۆسیالیستەکانى سۆڤیەتى جاران، بەهەڵوەشانەوەو لەبەریەکتەرازانى یەکێتى سۆڤیەت بۆ چواردە وڵاتى سەربەخۆ ئەو جەنگەى کە بە ساردى ناوزەدکرا هەرچەندە لە زۆر شوێنى جیا جیا بە وەکالەت بە گەرمیش بەڕێووە دەچوو سەرەڕاى پێشبڕکێ و ململانێ ى سەخت لە بوارى پێشخستنى چەک و تەکنۆلۆجیاى جەنگى بە هەموو جۆرەکانى ئەتۆمى کیمیایى بایۆلۆجى هەواڵگرى و تا بەرنامەى شەڕى هەسارەکان .
لە ئێستادا و دواى بیست و هەشت ساڵ لە هەڵووەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران کە ڕوسیا خۆى بە جێنیشین و میراتگرى ئەو ئیمبراتۆریەتە سۆسیالسیتیە زەبەلاحە دەزانێت و خودى فلادیمێر پۆتین ى سەرۆکى ئێستاى ڕوسیاى فیدراڵى کە لە منداڵدانى سۆڤیەتەوە لەدایک بووە و پەروەردەو یەکێک لە هەڵسووڕاوە دیارەکانى دەزگاى هەواڵگرى ( KGB ) سۆڤیەتى جاران بوو ئێستاش بۆ چەندین خوولە سەرۆکە و نیازى هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەى لەم 18 مانگى ئازارەدا ئەنجام بدرێت خۆى کاندید بکاتەوە و لە وتارى ساڵانەى خۆى لە بەردەم هەردوو ئەنجومەنى دۆما (پەرلەمان ) و ئەنجومەنى یەکگرتوو ( پیران ) وەکو نەریتى ساڵانە دەبوو لە مانگى کانوونى یەکەمى ڕابردوو بخوێنرایەتەوە بەڵام هەر بە مەبەست بۆ نزیک بوونەوە لە کاتى هەڵبژاردنەکان دواخرا لە 1/ئازارخوێنرایەوە.
ناوەڕۆک و مەبەستى وتارەکە
ئەوەى بیسترا لە سەرۆکى ڕوسیا ى فیدراڵى فلادیمیر پۆتین سەردەمى جەنگى ساردى وەبیر ئامادەبووان و جیهانیش هێنایەوە هەروەها ئاماژەیەکى بەهێزیشى دا بۆ دەستپێکردنەوەى پێشبڕکێ ى خۆ پڕچەککردن لەگەڵ ڕکابەرە سەرسەخت و لە مێژینەکەیان ئەمریکا کە وا ئێستا سنورەکانى هاوپەیمانى ناتۆ ى نزیک لە سنوورەکانى ڕوسیا خستۆتەوە.
هەرچەندە لە ئێستادا پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ڕوسیا جۆرێک لە ساردى و سڕى پێوەدیارە بە هۆى تۆمەتبارکردنى ڕوسیا بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى ئەمریکا، بەڵام پۆتین داواى لە ئەمریکیەکان کرد کە بگەڕینەوە بۆ سەر مێزى دان وسان وباشتر و وردتر بیر بکەنەوەو، چونکە هەموو ئەو سزانەى کە خراونەتە سەر وڵاتەکەى ناتوانن بەر بە پێشووە چوونى وڵاتەکەى بگرن بەڵکو وتى توانیوومانە هەموو ئەو ئامانجانە بە دەستبهێنین کە ڕۆژاواییەکان ویستوویانە بەدەستى نەهێنین، لە هەمانکاتدا وتى ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین و پێداگیرى لەوە کرد کە چەکى ئەتۆمى بەکار ناهێنین لە هەمبەر کەسدا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە هێڕشمان بکرێتە سەر بە چەکى ئەتۆمى یان تەقلیدى کە بوونمان بخاتە مەترسیەوە، لەهەمانکاتدا هۆشدارى توندى دا لە هەرپەلامارێک بۆسەر خۆیان و هاوپەیمانەکانى کەئەمە خاڵێکى هەستیارە نازانین هاوپەیمانەکانى بە دیاریکراوى کێن؟
لە هامانکاتدا پۆتین لەم وتارەدا کە بۆنى جەنگى لێدەهات بە درێژى باسى تازەترین جۆرى داهێنانەکانى چەک و ڕۆکێتەکانى کرد کە لە بەرامبەر دانان و بڵاەپێکردنى سیستمى ڕۆکێتى بەرگرى ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانى وڵاتەکەى هەروەها زیاتر وتى ئەمە جۆرێکە لە وەڵامدانەوەى ئەو پاشەکشەى ئەمریکا لە ساڵى 2002 لە پەیماننامەى وەستانى پێشبڕکێ ى چەکى ئیستراتیجى هێرشبردن ، وتى ئەوان واتە ئەمریکا ئێمەیان ناچار کرد کە پەنا بۆ پێشخستنى ئەم چەکانە بەرین کە لە وێنەیان نیە لە جیهاندا و هیچ جۆرە چەکێکى تەقلیدیش ناتوانێت بەریان پێبگرێت.
هەربۆیە ئەم لێدوانانەى پۆتین نیشانەى سەرهەڵدانى لاپەڕەیەکى ترى ململانێ و پێشبڕکێ ى خۆ پڕچەککردنە لە جیهاندا کە بە هیچ جۆرێک خزمەت بە مرۆڤایەتى و ئاشتى و ئاوەدانى ناکات و گەڕاەنەوەیە بۆ نەزمى دووجەمسەرى کەساڵانێکى درێژ لە دواى شەڕى جیهانى دووەمەوە تا سەرەتاى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو درێژەى کێشا.
بۆیە گەر وردتر لە وتارەکەى پۆتین بڕوانیین ئەو ڕاستیەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە:
سیستمى ڕۆکێتیمان پێشخستووە کە مەوداکەى کراوەیە تاکوێ بمانەوێت دەڕوات بەناوى (سارمات) کە کێشى هەر ڕۆکێتێک 200 تەنە کە تواناى مانۆڕو خۆدەربازکردنى لە هەموو سیستمەکانى ڕاداروسیستمەکانى قەڵغانى ڕۆکێتى هەیە.
هەروەها ڕۆکێتى ترى پیشانى ئامادەبووان دا لە ڕیگاى شاشە پێشکەوتووەکانەوە کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکرابوو کە خێراییەکەى بیست جار لە خێرایى دەنگ زیاترە کە پێ ى دەڵێن کینجاڵ واتە خەنجەر.
جگە لەمانەش ژێردەریاییەکى ترى نمایشکرد کە بە وزەى ئەتۆمى کاردەکات و تواناى هەڵگرتنى هەموو جۆر ڕۆکێتێکى هەیە لە قوڵایى دەریاکانەوە هەروەها چەندین جۆر ڕۆکێتى تر کە بەلیزەر کاردەکەن لە هەموو کەش و هەوایەکى نالەباریشدا.
لە کۆتاییدا وتى:( کەس گوێ ى لێ نەدەگرتین و کەس نەى دەخواست قسەمان لەگەڵ بکات ئێستا ئیتر گوێمان لێبگرن) دیارە مەبەستى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانێتى.
.