بەهرۆز جەعفەر: بۆچی گوتاری لایەنە شیعیەکان لە تایەفییەوە گۆڕاوە بۆ ناسیۆنالیستی عێراقی؟.
ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا پەیوەستە بە فۆڕمەڵە بوونی دەوڵەت لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، یانی نەبوونی “دەوڵەتی قووڵ یان کارا” دیوە نێگەتیڤەکەی دەوڵەتە، ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەرەنجامی زاڵبونی بیری قەومچیەتی تورکە کە زیاتر لە شەش سەدە فەرمانڕەوایی ڕۆژهەڵاتیان کردووە، بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە بابەتێکی نا کامڵە، هەروەک چۆن لەبەرانبەر “عروبە” و نەتەوەگەرێتی عەرەبدا چەمکی ” کوردایەتی” سەریهەڵداوە.
لە دوای ڕووخانی بەعس لە عێراقی (2003) هەتا هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا، تاکە شتێک کورد و عێراقییەکان تیا سەرکەوتوبون ئەوە بو، کە ململانێکانیان لەشەڕی تایەفی و نەتەوەگەرێتی و زەقکردنەوەی ناسنامەوە گۆڕی بۆ پشکی بودجەو مەسەلە ئابورییەکان، واتە نەوت وەک کاڵایەکی ئابوریی مشتومڕی لەسەر ئەکرا نەک قەومی (ئەمە بابەتێکی زۆر ئیجابی بو، ئیتر 700 ملیار دۆلار لە 2003 ەوە بۆ 2015 بەهەدەر دراوە ئەوە بابەتێکی ترە) گرنگ ئەوەیە لەو ماوەیە نەوت تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیا نەکرا، لە هەر شوێنێک نەوت و غاز تێکەڵ بە ناسیۆنالیزمێکی بێ ڕوئیا یان ئایدۆلۆژیا کرا ئیتر کارەساتێکی مرۆیی گەورە سەرەتاکەی دەستی پێکردووە.
لەدوای ڕزگارکردنی موسڵ لە دەست دەوڵەتی ئیسلامی و، وە لە دوای (۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە) خیتابو ئاڕاستەی زۆربەی لایەنە شیعییەکان لەمەسەلەی مەزهەب دەرچووەو بووە بە بابەتێک بۆ زیندووکردنەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی- شیعی!
ئایا ڕەهەندو لێکەوتەکانی قەومییەتی عێراقی -شیعی چییە لەسەر کورد؟.
بە درێژایی مێژوو، وە بە پانایی جوگرافیا لە عێرقدا کورد ناکۆکی و تەماسی لەگەڵ سووننەدا هەبووە، نە ململانێی جوگرافی، سیاسیی، سەربازیی، دەستوریی لەگەڵ شیعە نەبووە، تەنانەت شیعە لەدوا هەڵبژاردنی (2013) ەشدا هیچ کورسییەکیان لە کەرکوک نەبوو، بەڵام لەمەوە دوا کورد ئەبێتە دراوسێی شیعەو ململانێی فەرهەنگی و قەومی و جوگرافی و دەستوریی کورد و شیعە دەست پێ ئەکا، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە (ئایاری 2018) شیعە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کورسی پەرلەمانییان ئەبێت. ئەمە سەرەتایەکی ترسناکە بۆ کورد، دووبارەبوونەوەی مێژووییەکە پڕ لە جەور و ستەم ئەگەر کورد ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ دا نەکات.
بە بڕوای من تەنها ڕێگەی چارەسەریی ئەو پرسە بریتی یە لە “ئابوریی و شەراکەت کردن لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و بە بازاڕیکردن “، چونکە ئابوریی یانی چوون ڕووەو بازاڕ، بازاڕیش یانی قبوڵکردنی بینینی هەموو شتێک و بەریەککەوتنێکی مۆدێرن. لە ڕووداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەر) دا کاتێک هێزەکانی سوپای عێراق گەیشتنە نزیکی پردێ، توێژەری هەرە کاریگەری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “مایکڵ نایتس- Michael Knights لە پەیمانگەی واشنتن پێشنیارێکی بۆ ئیدارەی ترامپ لە ئەمریکا کرد تا ئەم ئاگرە پەرەی نەسەندووە دەستوەربدەن، بە جۆرێک ئەمریکا هەوڵ بدات کورد و حکومەتی مەرکەزیی ڕێک بکەون لەسەر مەسەلەی نەوت و لە پاڵیوگەکانیش دا نیسبەتی کورد و عەرەب هەبن، تا ئەمە وا بکات جیاوازییە نەتەوەیی و سیاسییەکان کاڵتر ببنەوە.. هەر لە بەرایی (مارسی 2018) ەدا، مایکڵ نایت و جێمس جێفری بە ناونیشانی (Iraq”s Energy Future Lies to the North) پێش چاو ڕوونییەکی گرنگتر بڵاو ئەکەنەوە.
جەیمس جیفری و مایکڵ نایت بەتەنها دوو توێژەری کاریگەر نیین لە واشنتۆن ئینستیوت، بەڵکو زۆر جار ئەوان چی ئەڵێن وەزارەتی دەرەوەو بەرگری ئەوە ئەکەن، بەمانایەکی تر ڕاپۆرت بۆ ناوەندە کاریگەرەکانی ئەمریکا ئامادە ئەکەن. لەدوا ئەنەلایزیان دا گرنگترین تێزەکانیان لە بارەی نەوت و غازی عێراق و مەسەلەی کەرکوک و کوردستان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕبۆتەوە:
یەکەم: عێراق ئەبێتە ژمارەیەکی گەورە لە وەبەرهێنانی نەوت دا، ژمارە دوو لە ئۆپیک ئەوەو ڕۆژانە لە (2018) ەدا بڕی (5) ملێون بەرمیل بەرهەم ئەهێنێت و (4) ملێونی هەناردە ئەکات. بەمەش کێبڕکێی ئێران و ڕووسیا لە لایەک و ئەمریکاو ئەوروپا لە لایەکی تر زێدەتر ئەبێت.
بەپێی ئەم نووسینە ئەمریکا نەوتی ووڵاتانی کەنداو و دەریای ناوەڕاستی کۆنترۆڵ کردووەو ئەیانەوێ عێراق ئێران تێپەڕێنێت و ڕووەو ژوور هەنگاو بنێت. ئەم دوو توێژەرە ئەڵێن 40٪ ووزەی عێراق لە باکوری عێراقەو پێویستە ئەمریک ڕێگە نەدا ئەمە بکەوێتە دەستی ئێران.
دووەم: غازی سروشتی لە عێراق ئەبێتە بابەتێکی هەستیار، لە عێراقدا ( 16) ملیار مەتر شەش جا غاز بە هەدەر ئەچێت بە هۆی سوتانی نا ئاساییەوە کە ئەمە ئەکاتە (0٫5٪) سەتا نیوی بەرهەمهێنانی ساڵانەی غازی جیهان، ساڵانە بۆ وەبەرهێنانی کارەبا عێراق (2) ملیار/ م6 ی پێویست وەبەردێنێت، بەگشتی ڕاستە ئەمە مەسەلەیەکە، لەمە گرنگتر ئەوەیە عێراق ئەبێت بە ترانزێتی بۆڕی غاز و کاریگەری و پەیوەندی بە ئوردن، سعودییە و کەنداو بەگشتی، تورکیا، ئێران، سوریاوە ئەبێت. کەواتە عێراق ئەبێتە چەقی گۆڕانکاری گەورەو حیساب بۆکراو بە تایبەت بۆ هەریەکە لە ئێران و تورکیاو ئەمریکا عێراق ئەبێتە پشتێنەو پێویستییەکی گەورە..
سێهەم: لەبارەی کەرکوکەوە شتێکی وا تازە ناڵێن، مەسەلەن هەر لایانوایە کە کەرکوکەو لەساڵی (2014) کە داعش هاتووە ئیتر حکومەتی عێراق توانای سەربازی و ئەمنی لەدەستداوە، کوردو پێشمەرگە فورسەت ئەهێنن ڕۆژانە (300) سێ سەت هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوک ئەفرۆشن بە ڕێگەی هێڵی کوردستان – جەیهان و، دواییش کە دەوڵەتی ئیسلامی تێکشکێنراو لاواز بوو، حکومەتی عێراقی هاتۆتەوە ئەو شوێنانەی لە کورد وەرگرتۆتەوە.
چوارەم: ئەنەلایزەکە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بە هەڵەیەکی ستراتیژیی باس ئەکاو، لایشی وایە کە کێشەکانی هەرێم و بەغدا دوای هەڵبژاردنی ئایاری 2018 قووڵتر ئەبنەوەو ڕۆڵی ئەمریکا تەنها ئەوەیە کە نەهێڵێت بەریەک بکەون.
– ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts