ستارە عارف: جەژنی نەورۆز سەرهەڵدان و ئالنگاریە.
ڕاگرتنی مەراسیمی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بە پاساوی داگیرکردنی عەفرین هەڵەیەکی زەقە، چونکە جەژنی نەورۆز نابێت بە هیچ پاساوێک ڕابگیرێت و پیرۆز نەکرێت، بە پێچەوانەوە ئەمە خواستی دەوڵەتانی داگیرکار و دوژمنانی وەک تورک و عێراق و سوریا و ئێرانە لەدژی کورد و لەناوبردنی ناسنامە نەتەوەیەکەیەتی، بە داگیرکردنی عەفرین یەکەم هەنگاو، کە دوژمنی تورک دەیهاوێژێت قەدەغەکردن و ڕاگرتنی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزەکەیەتی، بۆیە ڕاگرتنی لەباشور هەڵەیە و خزمەتی ئەو پیلانە دەکات، جەژنی نەورۆز سەیران و گەشت و کەیف و سەفا نیە، بەڵکو نەورۆز لەبنەڕەتدا جەژنێکی نەتەوەیی و سەرهەڵدان و نوێبونەوەی ڕۆحی نەتەوەیی و ژیانەوە و هێمای خۆڕاگریە، جەژنی نەورۆز نوێکردنەوەی ئالنگاری و تەحەدایە بە ڕوی دوژمندا، لەدوای لۆزان و سایکس بیکۆوە دوژمنانی کورد بە پیلان جەژنی نەورۆز لەکورد قەدەغە دەکەن، چونکە سیمای بەرخۆدانی کورد بوە، کورد لەدژی قەدەغەکردنی نەورۆز لەلایەن داگیرکارانیەوە قوربانی داوە و خوێنی ڕشتوە، ئەوە ڕاستە جوت بنەماڵە چەتەکە لەم هەرێمە، هەمو ئەم بەهانەیان لەبەعس زیاتر لەناو بردوە، بەڵام لەناوەڕۆکدا نەورۆز ناسنامەی گەلێکە.
دەبێت نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە پاڵپشتی عەفرین و گیانمان بە بەردا بکاتەوە و نەک ڕابگیرێت، ئەوەی عەفرین لێمانی دەوێت بڵندکردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز و بەهێزکردنی گیانی بەرخۆدان و بەرەنگاری دوژمنانی تورک و عەرەب و فارس و ڕۆحی بەرخۆدان و تەسلیم نەبونە، کورد تەنیا جەژنێکی ڕاستەقینەی هەیە، کە هەر چوار دەوڵەت و ئیسلامی سیاسی لێی قەدەغەی دەکەن، بۆیە دەبێت کورد لەباشور و ئەوروپا لەوە هوشیارتر بن، کە جەژنی نەورۆز و لەبەرکردنی بەرگی ئاڵو واڵا و گۆڤەند و هەڵپەڕکێ، بە کەیف و سەفای بێ مانا تێ بگەن و کاڵفامانە دژایەتی بکەن، ئەوانە بەشێکن لەناسنامەی کورد، تەنیا بۆ کەیف و خۆشی نین، بەڵکو بۆ تەحەدای دوژمن و نمایشکردنی کلتورە و پایەکی سەرەکی هەبونمانە.
عەفرین ئەمڕۆ بەهۆی ناسنامەکەیەوە بەو جۆرە نامرۆیی و وەحشیەتگەریە جینۆساید و کۆمەڵکوژ دەکرێت، لەبەرئەوەی کوردن و بە کوردی دەدوێن و جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن و بەرگی کوردی دەپۆشن و ژێردەستەیی دوژمن ڕەتدەکەنەوە، دەبێت کورد فێری تەحەدایی دوژمنەکانی بێت و کلتورەکەی بپارێزێت، نەک بە پیلانی دوژمن و ئیسلامی سیاسی ڕایبگرێت و قەدەغەی بکات.
بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکەوە وەحشەکانەوە، کورد دەبێت بە بەرگی کوردی ئاڵ و واڵا و پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز دوژمنانی عەفرین بێزار بکەن و ڕوبەڕوی ببنەوە، سەرەڕای قورسی ڕەوشی عەفرین و داگیرکردن و جینۆسایدکردنی، هێشتا ئیرادەیەکی بەهێزی بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز هەیە، دەبێت جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە جەژنی پتەوکردنی ئیرادە و بەرەنگاربونەوەی داگیرکردنی عەفرین و ئەو پیلانگێڕیە نێودەوڵەتیەی لەسەر کورد هەیە، نەک تەسلیم بون و کشانەوە.