عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: لەڕۆژی جیهانیەکەیدا، لەهەرێمی کوردستاندا کۆکردنەوەی پارە ( داهاتی ) ئاو دەدرێتە کەرتی تایبەت.
ساڵانە وڵاتانی دنیاو ئەوانەی لەگرنگی وبەهای ئاو دەڕوانن لەبەرواری 22- 03 دا کەلەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕۆژی جیهانی ئاو دیاریکراوە، باس لەگرنگی ئاو، بەڕێوەبردنی، پاراستنی، مەترسیەکان وکەمبونەوەی ئاو دەکرێت.
لەم ڕۆژەدا شارەزایانی بوارەکە لەوڵاتاندا سەرقاڵی پلان و بەرنامەڕێژین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان بۆئاوی خاوێن و شیرین، ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ، کەرتەکانی پیشەسازی وگەشتیاری و… هتد.
لەئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسی بێ ئاویدایە، عێراقیش لەو وڵاتانەیە کە هەڕەشەی تینوێتی لەسەرە، ساڵانی دادێ ئاولەعێراقدا بەتەواوی کەم دەکات کەهۆکارێکی سەرەکی وشکەساڵیەو هۆکارێکی تریشی ئەو ڕێوشوێنانەیە کەوڵاتانی تورکیا، ئێران، سوریا گرتویانەتەبەر.
عێراق ساڵانە پێویستی بە لانی کەمی 50 ملیار مەتر سێجا ئاوهەیە بۆ هەموو کایەوسێکتەرەکان، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی وڵاتەکەی بەم شێوەیە پۆلێنکردوە:
لە( 75٪)بۆ بواری کشتوکاڵ ،لە ( 12٪) لەهۆڕەکاندا بەکاردێت، لە ( 08٪)ی لەناوماڵاندا ، لە(2.5٪)ی بۆکەرەستەی بیناسازی ، لە ( 2.5٪)یشی بۆحەوزەکانی ماسی. ئەمەجگەلەوەی توێژینەوەکانی هەمان وەزارەت ئاماژە بەوەدەکەن کەلەئێستادالە(30٪)ئاو کەمیکردوەو ساڵی داهاتوش ڕێژەی کەمکردنەکە بەرزدەبێتەوە بۆلە( 50٪)، کەهۆکارەکانی کەمئاویشی گەڕاندۆتەوە بۆ دروستکردنی بەنداولەوڵاتانی دراوسێ، زۆربونی دانیشتوانی عێراق و دراوسێکان، سەرپێچیکردن و بەفیڕۆدانی ئاو.
لەگەڵ ئەوەی سێ بەشی ئاوی عێراق بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت کەچی هەرلەمساڵدا یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی کەبۆگەنم بەکاردەهێنران بونەتە دێم و بیابان. لەهەرێمی کوردستاندا لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئاوێکی زۆرین لەڕووی شیرینی و سازگارییەوە، بەڵام نەتوانراوە ئاوی پاک و پێویست بۆهاوڵاتیان دابین بکرێت، نەتوانراویشە زەوییەکشتوکاڵیەکانیشمان بەراوبکرێت لەڕێگەی پڕۆژەی ئاودێریی و شێوازی ئاودانی پێشکەوتوودڵۆپاندنەوە.
بەواتایەکی تر لەگەڵ هەبوونی ئاو لەهەرێمدا بەڕێژەی چەندین هێند زیاتر لەو بڕەی کەهەیە بەپێی پێداویستی ژمارەی دانیشتوانەکەی، کەچی کێشەی ئاو لەهەرێمدا ساڵانە زێدەتردەبێت بەشێوەیەک کەبۆتە کێشەیەکی درێژخایەن و هەمیشەیی و بێ چارەسەر.
ئەوەی وایکردوە کە لەهەرێمدا نەتوانرێت چارەسەری ڕیشەیی بۆسێکتەری ئاوو گرفتەکانی بدۆزرێتەوەجگەلە نەبونی پلانێکی وردو تۆکمە، نەبونی یاسایەکی تایبەتە بەبەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو، هەرچەندە ئێمە وەک لیژنەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری وبەنداوەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبەرواری (16- 11- 2014) پڕۆژەیەکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرد و دوای مانگێکیش خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا و دواتریش بۆدەوڵەمەندترکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەت، زانکۆکانی کوردستان، ڕێکخراوەکانی تایبەتمەندو شارەزایانی بوارەکە دیبەیت و وۆرک شۆپمان ئەنجامداوە، دواین هەوڵیش بۆ کردنی پڕۆژەکەبەیاساوخستنەبواری جێبەجێکردنەوە لەمانگی (11)ی ساڵی (2017)بوو کە کۆبونەوەمان لەگەڵ لیژنەی یاسایی کرد تاکو ڕاپۆرتی هاوبەشی بۆ بنوسرێت و بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان ، بەڵام بەبینانوی دروستکردنی ئیلتیزاماتی دارایی بۆ حکومەت، دەبێت ڕای حکومەتی بۆ وەربگیرێت ئینجا بخرێتە بەرنامەی کارودواتربکرێتەیاسا، بەڵام تائێستاش نەحکومەت و نەبەرپرسەکانیشی وەڵامێکی ڕاست و ڕونیان نەداوەتەوە بەپەرلەمان و لیژنەپەیوەندیدارەکان تاکو ئەویاسایە دەربچوێنرێت و هەرێم ببێتە خاوەنی یاسایەکی تایبەت بەبەڕێوەبردن و پاراستنی ئاوەکەی، بەوەش ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە ئەم هەرێمەو دەسەڵاتدارەکانی ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە ئاووسەرچاوەکانیەتی کەپێداویستیەکی ڕۆژانەو بەردەوامی ژیانی مرۆڤەکانە.
لەمساڵیشدا واتا 2018 حکومەتی هەرێم ولایەنی پەیوەندیدار بڕیاریانداوە کە کۆکردنەوەی داهاتی ئاو بداتە چەند کۆمپانیایەک و دانانی پێوەری ئاو بۆماڵان و شوێنەگشتی و پیشەسازی و بازرگانیەکانیش دەبێتە بڕیارو هەرماڵ وشوێنێکیش پێوەردانەنێت ئەوا لەقۆناغی یەکەمدا بەبڕی 100 هەزار دینار سزا دەدرێت، و گەر هەرپێوەریان دانەنا سزاکان مانگانە زیاتردەبن بۆ 200 هەزارو زیاتریش.
هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە کراوەتە چوار زۆنگ و هەرزۆنگێکیش دەدرێتە کۆمپانیایەک، کە زۆنگەکان بەم شێوەیە دابەشکراون ( پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجەوئیدارەکانی گەرمیان وڕاپەڕین ).
یەکێک لەداواکارییەکان کەبەسەرکۆمپانیاکاندا دەسەپێنرێت ئەوەیە کەدەبێت ڕوپێویەکی زۆنگەکان بکەن تاکو بزانرێت چەند هاوبەشی ئاو هەیە، و چەندیان پێوەری ئاویان بەستوە گەر پێوەرێیان نەبەستبوو ئەوا کاتێکیان کەزیاترنەبێت لە ( دوومانگ ) بۆدیاریدەکرێت تاکو لەو ماوەیەدا پێوەرەکان ببەستن.
کۆمپانیاکان کەدەچنە ئەو زۆنگانە ئۆفیسی تایبەت بەخۆیان دەکەنەوەوداتابەیس دادەنێن، وەکارمەندانی بەشی داهات لەبەڕێوەبەرایەتی ئاوی شاروشارۆچکەکان وەک پێشتر بەردەوام دەبن لەسەرکارەکانی خۆیان ودواتر موچەکەیان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پێدەدرێت بەبێ پاشەکەوت.
کۆمپانیاکان لەسەرەتای مانگی 1ی ساڵی 2018 وە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوەو ماوەی ( 105) ڕۆژیان پێدراوە تاکو ئامادەسازی خۆیان بۆکارەکان بکەن و ئامێرەکان پەیدابکەن بۆ گرتنی وێنەی کەش و ڕوپێوی شارەکان.
وەپێدەچێت گەر ماوەیەک کاتەکەیان بۆدرێژنەکرێتەوە بەهۆی باران و خراپی کەش و هەوا ئەوا لەبەرواری 20- 04- 2018 وە کارەکان تەواوبکرێت و دەست بکەن بەخوێندنەوەی پێوەرەکان و کۆکردنەوەی پارەی ئاو، دواتر کارەکانی دانان و چاودێریکردنی پێوەری ئاوو کۆکردنەوەی داهاتەکەشی بۆماوەی 7 ساڵی تەواو دەدرێتە کەرتی تایبەت لەڕێگەی ئەو چەند کۆمپانیایەوەکە گرێبەستیان لەگەڵداکراوەلەلایەن حکومەتەوە. بەپێی وتەی بەرپرسانی بوارەکە کە بەدواداچونمان بۆ کردوە دەڵێن: ئامانج لەکارەکە ئەوەیە بتوانرێت چیدیکە ئاو بەفیڕۆ نەچێت و ئاو بپارێزرێت و بشتوانن ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان و شوێنەکانی تر دابین بکەن، ئەمە جگە لەوەی کەحکومەت نەیدەتوانی داهاتی ئاو کۆبکاتەوە.
ماوەتەوە بوترێت پێویستە ئامانجی گەورە لەکارێکی لەوشێوەیە بریتی بێت لە پاراستنی ئاو، پێدانی ئاوی پێویست بەهاوڵاتیان بەپێی ستاندارد کە ڕۆژانە بۆ هەرهاوڵاتیەک پێدانی ( 250 ) لیتر بێت، پاراستنی مافی تەواوی کارمەندانی کەرتی گشتی کەپێشتر لەو شوێنانە کاریانکردوە، هەروەها لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی هاوڵاتیان لەڕووی ئابورییەوە بێت، نەک مەبەست لێی دەوڵەمەندکردنی چەند کۆمپانیایەکی حیزبی و خۆدزینەوەی حکومەت بێت لەبەرپرسیارێتی، چونکە لەبنەڕەتدا دەبێت حکومەت خزمەتکاری هاوڵاتی بێت نەک ببێتە باروپێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی کەدابینکردن و پێدانی ئاوی پێویست یەکێکیانە.
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا/ ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وئاژەڵداری وئاودێری وبەنداوەکان لەپەرلەمانی کوردستان.