نەوزادى موهەندیس: خوێندنەوەیەک بۆ یاساى دامەزراندنى کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى عێراقى.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
یاساى دامەزراندنى ( کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى عێراق ) لە لایەن پەڕلەمانى عێراقەوە لە 05- 03- 2018 دا دەرچوە بە پشتبەستن بە حوکەکانى بەندى یەکەم لە مادەى ( 61 ) و بەندى دووەم لەمادەى (73) ى دەستورى هەمیشەیى عێراق و لە 22 مادە پێکهاتوە.
هۆکارەکانى دەرچوونى ئەم یاسایە بریتیە لە:
بۆ دڵنیابوون لە دۆزینەوە و گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنى سەرچاوە نەوتیەکانە لە کێڵگە و زەویى دابینکراو بۆى بەپێى یاسا لەجیاتى دەوڵەتى عێراقى، هەروەها بۆ مەبەستى زیادکردنى بەرهەم و گەشەپێدانى پیشەسازى نەوتی و غازیە ودامودەزگا پەیوەندیدارەکانیشە، هەروەها بۆ گەشەدانى هۆکارەکانى کارکردنە لەسەر بنچینەى توانا و نەرمى و پێشبڕکێکردن بۆ زیادکردنى سەرچاوەکانى داهات لە پێناو بەرژەوەندى گەلانى عێراقدا بەپێى پێوەرە باوەڕپێکراوە جیهانیەکان، کە پێویستى دەکرد بەدامەزراندنى کۆمپانیایەکى نیشتیمانى نەوتى عێراقى، وەک کۆمپانیایەکى گشتى کە خاوەندارێتیەکەى بەتەواوەتى بۆ دەوڵەتى عێراق بگەڕێتەوە، هەروەها ڕەنگدانەوەشى هەبێت بۆ چەمکى خاوەندارێتى گەل بۆ نەوت و غاز و دامەزراندنى دامودەزگاى تایبەتمەندیش لەچوارچێوەى پەیکەرى ڕێکخستنەکەیدا کە بگونجێت لەگەڵ ڕۆڵ و ئیدارە و پێشخستنى کێڵگە نەوتى و غازیەکان کە بەرهەمدێنن و دۆزراونەتەوە بۆ گەشەپێدانى پیشەسازى نەوت و غاز و پێشخستنى بوارە جیاوازەکانى وزە لە عێراقدا.
* لەمادەکانى (1 و 2) دا باس لە پێناسەکان و چۆنێتى دامەزراندنى کۆمپانیاکە دەکات.
* لەمادە ( 3 )ى یاساکەدا باس لە:ئامانجى دامەزراندنى ئەم کۆمپانیایە دەکات و ڕوونیدەکاتەوە کە:
کۆمپانیاکە ئامانجێتى کە باشترین بەکارهێنان بکات بۆ سامانى نەوتى و غازى لە بوارەکانى ( دۆزینەوەى نەوت و غاز و ئامادەکردن و پێشخستنى کێڵگەکان و بەرهەمهێنان و فرۆشتن و هەموو چالاکیەکانى تریش کە پەیوەدنیان هەبێت بە بوارى نەوت و غازەوە )، سەرەڕاى وەبەرهێنانیش لە پیشەسازى گۆڕین لە نەوت و غازدا لەسەر بنچینەى تەکنیکى و ئابورى بۆ دەسکەوتنى زۆرترین داهات و کەمترین خەرجى و تێچوون و بۆئەوەى بەرزترین قازانج بگەیەنێتە گەلى عێراق.
* لەمادە ( 4) ى یاساکەشدا : باس لەو هۆکار و ئامڕازانە دەکات کە کۆمپانیاکە پشتیان پێدەبەستێت لە وەدیهێنانى ئامانجەکانیدا وەک :
1- بەڕێوەبردن و گەشەپێدان و بەکارخستنى کێڵگە بەرهەمهێن و کێڵگە دۆزراوەکان و ئەوانەشى کە پێشنەخراون. ( لێرەدا هەموو کێڵگە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە یاساکە باس لە هیچ هەرێم و پارێزگایەک ناکات کە ڕێکنەخراون لە هەرێمێکدا، هەربۆیە هەموو ئەوکارانە دەچێتە پسپۆڕى کۆمپانیاکە و دەتوانێت لەهەرێمیش وەکو هەموو بەشەکانى ترى عێراق دەسەڵاتى هەبێت و لێرەدا ڕۆڵى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێم ناهێڵێت، بەو پێیەى کە بوار و سامانى نەوت و غاز موڵکى هەموو گەلانى عێراقن بە پێى دەستور).
2- بەستنى گرێبەست بۆ دۆزینەوە و بەرهەم و هەناردەکردن بەپێى سیاسەتەکانى دەوڵەتى عێراقى کە پێچەوانە نەبێت لەگەڵ حوکم و مادەکانى دەستوردا.
3- پێشخستنى پڕۆسەکانى گەڕان و بەرهەم و گواستنەوە و هەڵگرتن و فرۆشتن و پڕۆسە نەوتیەکانى تریش کە پەیوەندیان هەیە. ( لێرەشدا بەهەمان شێوە کۆمپانیاکە بۆى هەیە لەهەرێمى کوردستاندا کاربکات و تەنانەت فرۆشتنى نەوتیش لەمەودوا لەژێر دەسەڵاتى ئەم کۆمپانیایەدا دەبێت لەهەموو عێراقدا ).
4- بەڕێوەبردنى ( گرێبەستى خزمەت ) کە لەوەو پێشتر ئەنجامدراون لە دۆزینەوە و بەرهەمهێناندا. ( لێرەدا باس لە جۆرى ( گرێبەشتى موشارەکە/ هاوبەش ) ناکات کە لەهەرێمى کوردستان پیادە دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکاندا).
5- پێشخستن تواناى نیشتیمانى لە پڕۆسەى دەرهێنان و فرۆشتن و پیشەسازى نەوتى و غازیدا، و وەبەرهێنانى کێڵگەى هاوبەش لەگەڵ وڵاتانى دەرودراوسێدا.
6- بەڕێوەبردن و کارپێکردنى تۆڕى بۆریەکانى نەوتى سەرەکى و بەندەرەکانى هەناردەکردن. ( کە لێرەدا بۆرى هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک و هەرێمیش دەگرێتەوە بۆ بەرندەرى جیهانى تورکى و بەمەش فرۆشتنى نەوتى هەرێمیش دەکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتى ناوەندو ئەم کۆمپانیایەوە).
لەمادەکانى ( 5 و6 و7 و 8):
باس لە سەرمایەى کۆمپانیاکە و ئەنجومەنى کارگێڕى و پەیکەرى ڕێکخستنى کۆمپانیاکە و ئەو دامودەزگا و کۆمپانیایانەى تریش دەکات کە پەیوەستدەکرێن بەم کۆمپانیایەوە)، زۆر بەووردى خاڵ و بڕگەکانى دیاریکردوون، کە بوارى لێکدانەوە و لێکتێگەیشتنى جیاوازى زۆر کەمکردۆتەوە. ئەوەتا:
لەمادە( 6 ) و لەخاڵى ( 5 )دا: لەباسى ئەنجومەنى کارگێڕیدا باس لە بون بە ئەندامى ( وەکیلى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێمیش ) دەکات، ئەمەش ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە کە کاروبارى نەوت و غاز لە هەرێمى کوردستانیش دەکەوێتە چوارچێوەى دەسەڵاتى ئەم کۆمپانیایەو سەرپەرشتى دەکات.
لەمادە( 8 ): دا باس لە پێکهاتەى کۆمپانیاکە دەکات ودیاریدەکات کە ئەم کۆمپانیایانە پەیوەست دەکرێن بە کۆمپانیاکەوە:
* کۆمپانیاکانى دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانى نەوت و غاز.
* کۆمپانیکانى هەڵکەندنى بیرە نەوتەکان لە عێراقدا.
* کۆمپانیاکانى نەوتى( باکور و میسان وناوەڕاست و زى قار)
* کۆمپانیاکانى گواستنەوەى نەوتى عێراقیش
* کۆمپانیاى فرۆشتنى نەوتى عێراقى (سۆمۆ)
لێرەدا بەڕووى دەردەکەوێت کە ئەم کۆمپانیایە (دەسەڵاتى دەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەڵکەندن و تەنانەت فرۆشتنى نەوتى عێراقى دەبێت) کە چیدى هەرێمى کوردستان بۆى نیە لەو جۆرە کۆمپانیانە دابمەزرێنێت وەک لەیاساى ژمارە (22)ى ساڵى 2007دا (یاساى غاز و نەوتى هەرێمى کوردستان) دا هاتوە، لەبەشى پێنجەم (دامەزراندنى کۆمپانیا گشتیەکان)) لە مادەى (10 و11 و12 13)دا کە بریتین لە کۆمپانیاکانى:
* کۆمپانیاى کوردستان بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنانى نەوت KEPCO
* کۆمپانیاى کوردستانى نیشتیمانى نەوت KNOC
* کۆمپانیاى کوردستان بۆ بە بازاڕکردنى نەوت KOMO
* کۆمپانیاى کوردستان بۆ پڕۆسەکانى پاڵاوتن و پاشکۆکانى KODO
بەپێى ئەم یاسایە بێت کە لەحکومەتى ناوەندەوە دەرچوە، پێش یاساکانى تایبەت بەدامەزراندنى کۆمپانیا گشتیەکان کەوتوە لە هەرێمى کوردستاندا، ئەوا بەپێى دەستور جێبەجێکردن بۆ ئەو یاسایە دەبێت کەلە ناوەند دەرچوە و بەمەش هەرێمى کوردستان مافى دەرکردنى یاساى نامێنێت بۆ دامەزراندنى ئەو 4 کۆمپانیایەى کە لەیاساى غاز و نەوتى هەرێمدا هاتوە کە زۆر گرنگ بوون. لەکاتێکدا گەر ئەو کۆمپانیایانە لەساڵى 2007 و دواتر دابمەزرانایە ئێستا بەغداد بۆى نەبوو ڕەتیان بکاتەوە، بەڵام لەئێستادا و دواى دەرچوونى ئەم یاسایە ئیدى دەستپێشخەرى بۆ ئەم یاسایە دەبێت. وەک دەڵێن: بوینە پێشکەوتەى دواکەوتە، لەبەر نەبونى نیەت و جدیەتى باش بۆ جێبەجێکردنى یاساکە لەهەرێمدا و ترس لە کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و بەرژەوەندیە تایبەتەکان، کە بوونى ئەو کۆمپانیایانە دەبوە هۆکارى چەسپاندنى شەفافیەت لەکەرتى نەوت و کۆکردنەوەى داهات و خەرجیەکان بەشێوەیەکى ڕوون و ئاشکرا دوور لە تاریکاندن و گەندەڵى و پشکپشکێنەى سەرکردە و حیزبەکان.
مادەکانى (9 و10 و 11 و 12و13): باس لە ئەرکەکانى ئەنجومەنى کارگێرى و سەرۆکى کۆمپانیاکە و ماف و پابەندیەکانى کۆمپانیاکە دەکات، و بەڕوونى دەسەڵات و مافەکانى ڕوونکردۆتەوە کە زۆر فراوان و گشتگیرە.
(مادەکانى 14 تا 22): بریتین لە حوکمە گشتى و کۆتاییەکان کە دەبنە هۆکارى کارئاسانى و سەرکەوتنى ئیشوکارەکانى ئەم کۆمپانیایە و پشتگیرکردنى لەڕووى یاسا و دەستور و هەمئاهەنگى کردنى دامودەزگاکانى ترى حکومەتى عێراقى لەگەڵیدا.
لەکۆتایدا دەکرێت بڵێین لەدواى پرۆسەى ڕیفراندۆمەوەو گەڕانەوەى هێز و دەسەڵاتەکانى ئەمنى و سیاسى و ئابورى و ئیدارى بۆ ئەو ناوچانەى کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمدا بوون لەدواى ساڵى 1991ەوە، حکومەتى ناوەند لە بەغداد کەوتۆتە خۆ بۆ دەرکردنى ئەو یاسایانەى کە تائێستا نەیتوانیوە دەریان بکات کە لە ڕوانگەى خۆیەوە لەبەرژەوەندى هەموو گەلانى عێراقدایە، و هەرێمى کوردستانیشى وەک ڕێگرێک دەبینیەوە لەبەردەم دەرچوونیاندا، بۆیە هەوڵدەدات لە ئایندەدا بەزۆرینە و بەبێ گەڕانەوە و هەمئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا ئەو جۆرە یاسایانە دەربکات و بەتایبەتیش ئەوانەى پەیوەندیان بە کەرتى نەوت و وزەوە هەیە.
بەداخەوە لەهەرێمى کوردستاندا یاسایەکى زۆر باش بۆ کەرتى نەوت و غازى سروشتى بەژمارە ( 22 )لە ساڵى 2007دا دەرچوە، بەڵام تائێستا بەتەواوەتى یاساکە نەکەوتۆتە بوارى جێبەجێکردنەوەو بەتایبەتیش ئەو بەشەى کە پەیوەستە بە پێکهێنان و دامەزراندنى کۆکپانیا گشتیەکانەوە. کە لەئیستادا و دواى دەرچوونى ئەم یاسایە ئیدى هەرێم مافى پێکهێنانى ئەو کۆمپانیایانەى نامێنێت، گەر لەکاتى خۆیدا ئەو بڕگە و مادانە جێبەجێ بکرانایە ئەوا بە پێى دەستور هەرێم بۆى هەبوو کە پابەندى ئەم یاسایە نەبێت.
چاوەڕواندەکرێت کە لەئایندەشدا (یاساى غاز و نەوت) لە پەڕلەمانى عێراقەوە دەربچێت کە یاسایەکى گرنگ و کاریگەرە، خۆ ئەگەر قەوارە و هێزى کورد لە پەڕلەمانى ئایندەدا بچوک و بێهێز بێت، ئەوا بە زۆرینەى شیعە وسونەکان و ئەوانى تر وەک تێپەڕاندنى ( یاساى بودجەى ساڵى 2018 ) ئەو یاسایەش تێپەڕدەکەن لە بەرژەوەندنى دەسەڵاتدارانى ناوەنددا. ئەوکاتیش کە کورد ئامادەگى و دەنگ و ڕەنگى نەبێت لەدەرچوونى ئەو یاسا گرنگەدا ئەوا زۆر زەحمەت دەبێت کە بەرژەوەندیەکانى کورد و دەسەڵاتەکانى هەرێم لەو یاسایەدا جێگەى بکرێتەوە.
بۆیە ئەم یاسایە و یاساکانى ترى بوارى نەوت و وزە زۆر گرنگ وە کاریگەرن بۆ ئایندە، کەرت و بوارى نەوت و غازى سروشتى ڕێکدەخەنەوە و کۆنتڕۆڵى دەکەن، کەهەق وابوو دەسەڵاتدارانى هەرێم لەساڵانى ڕابووردووى قۆناغى زێڕین و باڵادەستى هێز و تواناى حکومەتى هەرێم و کورد لە بەغداد دەستپێشخەرى بکردایە بۆئەوەى بەپێى دەستور دەسەڵات و ماف و بەرژەوەندیەکانى گەلى کوردى بپاراستایە، بەڵام بەداخەوە ئێمە هەمیشە دواکەوتەى ڕوداوەکان دەبین و هەربۆیەش بێبەش دەبین لە ماف و ئیمیازاتە دەستورى و یاساییە ڕەواکانى خۆمان.
تێبینی/ نوسەر پسپۆڕە لە نەوت و پتڕۆکیمیاویاتدا
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی