دکتۆر شۆرش حەسەن: بەداخەوە بۆ زانكۆی سلێمانی، زانكۆی شاری هەڵمەت و قوربانی!
بەهەق شاری سلێمانی مەڵبەندی بەرخۆدان و راپەرین بوە دژی رژێمە داگیركارییەكانی عێراق لە دوای شەری جیهانی یەكەمەوە، لەسەردەمی راپەرینیش بەهەمان شێوە پێشرەوایەتی دەربرینی نارەزایەتیەكانی خەڵك لەو شارەوە كراوە دژی دەسەڵاتی ئەو حزبانەی بەخێری راپەرینی خەڵكی كوردستان هاتنە سەر سفرەی حازر ئەگینا دەبوایە تا ئێستا لە هەندەرانەوە خەون بەدیتنی كوردستانەوە ببینن! ئەو حزبانەی كە هەر لەسەرەتای دروست بون و دەست بەكاربونیانەوە تەنها بۆ خزمەتی دا گیركەرانی كوردستان كاریان كردوە نەك بۆ بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان !
لەسایەی حوكمرانیەتی ئەو حزبانەوە زانكۆكان بونەتە بەشێك لە دەزگاحزبیەكان تا ئەو ئاستەی تۆ هەست دەكەی لەناو لق یا مەڵبەندێكی حزبیدای نەك لە دەزگایەكی زانستی سەربەخۆ، چونكە ئیدارەی زانكۆكان لەو دەزگایانەوە ئاراستە دەكرێن و پۆستە زانستی و كارگێریەكانیش بەو مامۆستایانە پردەكرێنەوە هەڵگری نوشتە و تەزكیەی حزب بێت. بۆیەش ئاستی زانكۆكان و مامۆستاو خوێنكارانیش ساڵ لەدوای ساڵ روو لە دابەزینە.
بەداخەوە لەسایەی ئەو دۆخەدا زۆرێك لە مامۆستاكان وەك رۆبۆتیان لێهاتوە و خاوەنی ئیرادەو هەڵوێستی خۆیان نین، تا بتوانن لانی كەم بێنە مەیدان داوای مافی رەوای خۆیان بكەن نەك مافی خەڵكی تر، كە دەبوایە بۆ ئەمەشیان خۆیان پێشرەو بان. ئەوەتا زۆربەی مامۆستایان لە ساڵی 2015 ەوە بە دووسێ مانگ جارێگ چارەگە مووچەیەكیان پێدەدەن، كەچی كاتێك هەندێك لە مامۆستایانی بوێر نارەزایی دەردەبرن و دێنە سەرشەقام، ژمارەیان ناگاتە 100 مامۆستا لە كۆی نزیكەی 2000 مامۆستا تەنها لە زانكۆی سلێمانی جگە لە مامۆستای زانكۆكانی تری سلێمانی و دەوروبەری، بەراستی ئەمە كارەساتە و ئاماژەی زۆر خراپی لێدەخوێندرێتەوە، باشە گەر مامۆستایان ئەوە هەڵوێستیان بێت بۆ داكۆكی لەمافێكی رەوای زەوتكراویان، ئەی ئەمانە چ جۆرە نەوەیەكمان بۆ پێدەگەیەنن، نەوەیەكی ترسنۆك و گوێرایەڵی وەك خۆیان و نا تەیار بە زانست و مەعریفە حەتمەن. ئەوە لە كاتێكدا حكومەتی هەموو وڵاتانی پێشكەوتو بە هاوكاری زانست و پسپۆری زانكۆكان بەرێوە دەچێ.
نارەزایەتی مامۆستایان وخۆپیشاندانیان لە پێناو گێرانەوەی مافی رەوایانە بەرانبەر حكومەتێك بە نایاسایی و بە ئاشكرا مووچەكانی دزیون ودەدزێ، نە بە پاڵپشتی و نە بە دژی هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیە، هەرچەندە هەندێك لایەنی سیاسی بەئاشكرا هەوڵی ئیستغلالكردنی ئەو نارەزایەتیانە دەدەن بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبی و هەڵبژاردن تا ئاستی سواربونی ئەو شەپۆڵە. بەڵام ئەوە كێشەی مامۆستایان نیەو نابێتە هۆی ساردكردنەوەیان لەداواكردنی مافەكانیان، بەڵكو لە سەر حكومەت پێویستە كە ئەو بەرەیە لە ژێر پێی لایەنە سیاسیەكان دەربێنێ و كێشەو سەختی گوزەرانی هاوڵاتیان لەبەرچاوبگرێ و بەزوویی چارەسەری جدی وكرداری دۆخەكە بكات و نەیەلێ چیتر هاوڵاتیان بتلێنەوە لە نێوان بەرداشی حزبە حوكمرانەكان و ئەوانەی كە خۆیان بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن وبەدیل.
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە، كاتێك بەشێك لە مامۆستایانی بوێری زانكۆی سلێمانی وەك فەرمانبەرانی تری هەرێم هەڵوێستی نارەزایی بە خۆپیشاندان و بایكۆتی دەوام دەردەبرن، لەولاوە سەرۆكایەتی زانكۆ وەك هەمو جارێك لە هەوڵی شكاندنی بایكۆت ودەست پێكردنەوەی دەوامە بە تەوجیهی حزب و لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی، بەهانەشیان ئەو جارە بریارەی ئەنجومەنی وەزیرانی رۆژی 28/3/2018 یە كە گوایە مەسەلەی مووچەی چارەسەركردوە ئیتر بەهانەیەك نیە بۆ بایكۆت و خۆپیشاندان. بەڵام دەبێ سەرۆكایەتی زانكۆ لەوە تێ بگا كە ئەمە یەكەم درۆ ودوا درۆی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نیە! بە سەرۆك و جێگرەكەیەوە دەیان جار وتیان دەتوانین چارەكە مووچە مانگانە لە كاتی خۆیدا بدەین بەڵام ئەوەتا بە چوار مانگیش جارێك ئەو چارەگە مووچەیان پێنادرێ! ئیتر كێشەی خەڵك و ئێمەی مامۆستا لەگەڵ ئەو حكومەتە ئەوەیە پردی متمانە نەماوە لە نێوانماندا بەهۆی ئیدارەی شكستخواردوی حزبیەوە ، كە لە سایەی قەلەمرەوی حزبدا ئیدارەی هەموو دەزگاكانی هەرێم بەحزبیكراوە و پۆست و پایەكان حزب دەیان بەشێتەوە بێ گوێدانە لێوەشاوەیی و شارەزایی و پسپۆری و ئەزمون وەك پێداویستی و بنەمای سەرەكی بۆ ئیدارەی سەركەوتو، ئەوەی ئەمرۆش دەگوزەرێ بەرهەمی ئەو دۆخەیە و بێگومان زانكۆش بەدەر نیە تیایدا، بۆیە ئێستا سەرۆكایەتی زانكۆ سەختی ژیان و گوزەرانی مامۆستاو فەرمانبەرانی بە قوربانی ئافەرینێكی حزب دەكا.
بەداخەوە ئەوە زانكۆی شاری هەلمەت وقوربانی نیە كە لە كۆتایی هەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەسەڵاتی حزبی بەعسی بێگانەی هێنابوە سەرچۆك و بە ناچاری بریاری گواستنەوەی دا بۆ هەولێرو ناویشی گۆری بۆ زانكۆی سەلاحەدین. بەلێ ئەوسا مامۆستاو خوێنكارانی زانكۆی سلێمانی هەڵگری خەمی میللەتێك بون و لەو پێناوەشدا دەیان قوربانیان داوە. كەچی ئێستا هەمان ئەو زانكۆیە، چونكە وەك هەموو دەزگاكانی تر بە حزبی كراوە، ناتوانێ بەرگری لەمافی مامۆستاو خۆێندكارانی خودی خۆشی بكات بەرانبەر دەسەڵاتێكی دزی خۆماڵی، چ جای داكۆكیكردن لە مافی خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان، كە دەبوایە ئەمرۆ زانكۆی سلێمانی و مامۆستایانی پێشرەوی نارەزایەتی زانكۆكانی تری هەرێم و خەڵكیان بكردایە لە بری مامۆستایانی بەرێزی پەروەردە كە مێژوویەكی زێرینیان بۆ خۆیان و میللەت تۆماركرد