عەلی مەحمود: 31ی ئازار جەژنی كارگەران بوو؟
با بە وردی دور لە سۆز ئاوڕێك لە مێژووی ئەم هەرێمە بدەینەوە, لەوكاتەوەی كە دیاردەیەك هەبوو ناوی حوكمڕانی و گروپی كۆكردنەوەی مرۆڤەكان ئەنجامی گرتووە تا هەنووكە, گروپێكی شۆڕشگێر توانیبێتی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بە پراتیك بكات لە خزمەتی خەڵك و هەژارانی, وەك حشع ” حیزبی شیوعی عێراقی-1934 ” پێك نەهاتووەو تا هەنووكەش دووبارە نەبۆتەوە .
بەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە, ئیتر كۆمۆنیستەكان لە هەڵسوڕاوی تاك و تەراوە دەگۆڕێن بۆ گروپ, رۆڵی پێشەنگانە دەبینن لە گۆڕانكاری بونیادی كۆمەڵایەتی رۆشنبیری سیاسی و ئابووری كوردستاندا, حنا بەتاتۆ وەك توێژەرێكی سیاسی بێگانە لە سێ بەرگی پەرتوكەكەی مێژوی عێراقدا زۆر بە باشی ئاماژەی پێ دەدا, هەرچەندە هێشتا تەواو هەقی خۆی پێ نەداوە, لە ژیاننامەی تێكۆشەرانیەوە زانیاری زۆر زیاتر بەردەست دەكەوێت.
حشع بە دژایەتی دەرەبەگایەتی و سستەمی پاشایەتی كە پارێزەری سستەمی دەرەبەگایەتی بوو هاتە پێشەوە, سستەمی دەرەبەگایەتی و پاشایەتیان كردە دوژمنی سەرەكی خۆیان, 7 ساڵی پێ نەچوو دوای پەسەندكردنی دروشمی روخانی سستەمی پاشایەتی سەركەوتن, كە سستەمی دەرەبەگایەتیان راماڵی و پاشایەتیان روخاند, ئیتر لە بۆشایی سیاسیدا مانەوە, دوژمنێكیان نەما خەبات لە هەمبەری بكەن, فۆرماسیۆنی كۆمەڵایەتی گۆڕا, چینە كۆمەڵایەتیەكان جێگۆڕكێیان كرد, سەرمایەداری گەیشت بە دەسەڵات, وەلێ لای ئەوان سەرمایەداری پارچە پارچە كراو نەكرا بە دوژمنی چینایەتی و ستراتیژ لەبەردەم روخانی نەگرترایە بەر, خۆیان بەستەوە بە دەستەواژەی سەرمایەداری دیموكراسی و نیشتمانیەوە, دواتریش گەشەی نا سەرمایەداری و قۆناغی رزگاری نیشتمانی , سۆسیالزمیان بێ روخانی سستەمی سەرمایەداری كردە ئامانجی تێكۆشانیان, لە ساڵی 58 ەوە بۆ ئێستا لە ناو گێژاوی ناڕونی هەڵوێست لەسەر سستەمی سەرمایەداری بەدەوری خۆیاندا خولانەوە, خولانەوەی بێ ئامانجیش شكستی سیاسی بەدواوەیە, چونكە هەڵوێستی هەڵە دورت دەخاتەوە لە پراتیكی شۆڕشگیڕانەو گەیشتن بە ئامانجی دیاریكراو.
حشع لەكوردستان لە ساڵی 46 ەوە تا 1961 بۆ ماوەی 15 ساڵی هێزی یەكەمی سیاسی بوو, پێش هاتنەوەی بارزانی پارتی لە چاو حشع ەوە وەك فیل و مشك وابوون, تەنانەت لە بادینان پارتی لەچاو حشعەوە لە مشكەكەش زۆر بچوكتر بوو, دواتر بە هۆی پشتیوانی كۆنەپەرستانی ناوخۆ و وڵاتانی كۆنەپەرستی ناوچەكە و سافاك و ئینگلیزو ئەمەریكا و بەعس و ئیخوانەكانەوە هێزیان پەیدا كرد, هێز پەیدا كردنیان لە ئەنجامی پشتیوانی ناوخۆیی هاووڵاتیانەوە نەبوو, بەڵكە لە ئەنجامی پشتیوانی دوژمنانی كۆمۆنیزمەوە بوو لە وڵاتانی كۆنەپەرستی ناوچەكەو پاشماوەی دەرەبەگایەتی و نەتەوەیی و ئیسلامیەكانەوە, هەموو كۆنەپەرستان لە دژی یەكیان گرت, دەست دانە چەكی ئاغاكان و كۆنترۆڵكردنی لادێكان كە لە ساڵی 1961 دا كە دواتر ناوی گۆڕا بۆ شۆڕشی ئەیلول, كە لەو كاتە نزیك 85%ی دانیشتووان لە لادێدا دەژیان زەمینەی باڵادەستی بۆیان خولقاند, ئیتر ئاغاكان بە هاوكاری هەردوو باڵەكەی پارتی, لە پێش هاتنە سەركاری بەعسەوە كەوتنە راوە شوعی, لە ئامێدیەوە بۆ چەمی رێزان و بۆ دەربەندیخان كەوتنە تۆڵە كردنەوە لە جوتیارانی راپەڕیو,هەموو هێزە كۆنەپەرستە كوردی و عەرەبی و توركمان و ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەب و كورد لە ژێر ئاڵای دژایەتی كۆمارە ساواكە یەكیان گرت و كودەتا شومەكەی بەعسیان سەرخست لە رۆژە رەشەكەی 8ی شوباتی 1963 دا, دوای 50 ساڵ لە كوشت و بڕ ئەوجا ئەمەریكا كاری پێ نەما لە 2003 دا بۆیانی روخاندەوە.
حشع بە دوای شەهید كردنی سەلام عادیل و جەماڵ حەیدەری , باڵی راستی ناو رایە شەغیلەو هێڵی ئاب دەستیان بەسەردا گرت, بە فەرمی خەتی ئاب جێبەجێنەكرا, وەلێ لە بواری پراتیك كرایە ئامانج و خەتی گشتی حیزب, جارێك بوونە پاشكۆی بۆرژوازی كوردی, جارێكی دی عارەبی, خەتی ئابی كوردی و خەتی ئابی عەرەبی لەناو حشع پەیدا بوو, جەماعەتی لادەری قەڵغان زوو وەك سەرەتای خەتی ئاب دەركەوتن و حەمید عوسمان ئاسا تەسلیم بە پارتی بوون, كە لە دوای كودەتای 1959ی باڵی ئیبراهیم ئەحمەد –جەلال تاڵەبانی-بارزانی بەسەر خەتی هەمزە عەبدوڵا دا پارتی لە هەموو پێشكەوتنخوازیەك شۆردرایەوە ,بە دوایدا فاتیح رەسوڵ لە كۆتایی شەستەكان جارێكی دیكە تەرحی ئابی كوردی دەكاتەوە و دەیەوێت ئقلیم تەسلیم بە بۆرژوازی كوردی لە ژێر ئاڵای پارتی بكاتەوە, واتا لە دەرەوەی سەركردایەتی حشع هەمیشە بە ئاراستە نەتەوەییەكە ئۆپۆزسیۆنی كۆنەپەرستانە هەبووە جگە لە قیادەی مەركەزی كە ئامانجی چەپگەرایانەی هەبوو, كە ئەویش كۆتاییەكی تراژیدی هەبوو , خەونی وردە بۆرژوایانەی شیوعیە یاخیەكان بوو بۆ گەڕاندنەوەی حیزب بۆ ئەسڵی خۆی, بۆ سەردەمانی زێڕینی فەهد وەلێ دواتر زۆریان بەرگی شیوعیەتیشیان فڕێدا, روخانێك وا روخان هەڵسانەوەشیان زیان بوو.
هاوكات هەموو سەركردە چەپگەراكانی ئەم حیزبە لە چەپەوە هەڵدەخلیسكان بۆ راست,ئیتر فەزای باو لەناو ئەم حیزبە بووە فەزای ریفۆرم و پاشكۆیەتی بۆرجوازی, بەمەش لە خەباتی چینایەتی دور كەوتەوە, ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆییەكانیش دوور بون لە رەخنەی چەپگەرایانە, لە كاتێكدا كرێكاران و جوتیارانی سەرتاسەری عێراق لە دەوری كۆببونەوە, بەهۆی هاوپەیمانیەتیەكانیەوە جارێك لە گەڵ بۆرجوازی عەرەبی و جارێك كوردی لە خەباتی چینایەتی كشایەوە لە پرۆسەیەكی درێژخایەندا, بەمەش لە روی رێكخراوەیی و سیاسیەوە پشتیوان خۆی لەناو كرێكاران و جوتیاران لە دەستدا, حیزبی كرێكاران بووە حیزبێكی نامۆ بە كرێكاران, پارتێك یەكەم گروپی چەكداری لە كوردستان لە ژنان بەناوی مقاوەمەی شەعبی دروستكرد, بووە پارتێكی نامۆ بە خەباتی ژنان, تا وای لێهات حیزبێكی كۆنەپەرستی وەك یەكگرتووی ئیسلامی پێگەی زۆر بەهێزتر بێت لێیان لەناو ژنان.
ئەگەر 31 ی ئازار, رۆژێك بێت لە ساڵی 1934 بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەم وڵاتە, هەژارانی لە چوارچێوەی رێكخراوێكی كاریگەردا رێك خستبێت و هێزی پێ بەخشیبێت, سەركەوتنی بۆیان تۆمار كرد, چینە چەوسێنەرەكانی وادار بە پاشەكشەو بەخشینی ئیمتیازات كردبێت,دەرەبەگایەتی ریشەكێش كردبێت, كەرامەتی بۆ چینە هەژارەكان گەڕاندبێتەوە,,,, كۆنەپەرستی لاواز كردبێت, رۆژێك بێت بۆ رزگاری كرێكاران و هەژاران, ئێستا هەمان پارت لە 55 ساڵی رابردوودا هەمان رێگای فەهدو هاوڕێیانی نەگرتە بەر, بۆیە لە ئێستادا رۆژێكە بۆ یاداوەرییە پرشنگدارەكانی رابردوو, رێزگرتنێكە لە مێژوویەك لە یاداوەری مرۆڤەكانی ئەم وڵاتە, رۆژی لەوە جوانترو لە دایكبوونی لەوە پیرۆزتری بەخۆوە نەبینیوە, بۆ لە دایك بوونی گروپێكی سیاسی , بۆیە ئەو رۆژە وەك رۆژێكی پرشنگداری رابردوو لە زەین و ویژداندا دەێنێتەوە, منیش بۆ رابردوو بە گەورەترین یاداوەری بۆ گەڕاندنەوەی هێزو كەرامەت و دەستكەوت بۆ هەژارانی دەزانم, لێ ئێستا حیزبمان بۆ دژایەتی سستەمی سەرمایەداری و روخانی پێویستە نەك بۆ قۆناغی رزگاری نیشتمانی و رێكەوتن لە گەڵ بۆرژوازی, 31ی ئازارێكمان بۆ خەباتی ئەمرۆ پێویستە نەك جەژنی یاداوەری رابردوو, چونكە مێژوو سەلماندی بۆرجوازی قەت نیشتمانی نابێت, وەك لە ئێستای رەوتە سیاسیەكانی كوردستاندا دەبینین, نیشتمانی بوون , ئازادیخواز بوون, بە زەڕەبینیش تیایاندا نادۆزرێتەوە, بۆرجوازی بۆتە بارگرانی بەسەر گەلەوە جگە لە روخانی هیچ دەروازەیەك بۆ چاككردنی نەماوە, سستەمی چینایەتیش هیچ پەنجەرەیەك بۆ جوان كردنی نەماوە جگە لە روخاندنی ماڵەكە بەسەریدا.
لە كۆتادا پیرۆزە مەزنترین جەژنی یاداوەری واقعی شۆڕشگێڕانە, 31ی ئادار.