شێرزاد شێخانی: پارتی و سلێمانی.
بەدرێژایی حەڤدە ساڵی حوكمی تاكڕەوی پارتی لەهەولێر تاكو ئەمرۆش هیچكات حكومەتەكانی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئەم حزبە پەرۆشی بارودۆخی سلێمانی نەبونە. ئەگەر چی لەساڵی 2005 ەوە حكومەتێكی بەناو یەكگرتو لەم هەرێمەدا دامەزراوە، بەڵام هاوبەشی دەسەڵات تەنها بەرووكەش بوەو لەژێر فشاری دەرەكیدا پارتی ملی بۆ ئەم هاوبەشییە ناوە، ئەگینا ئەو پێشترو ئێستاش زۆر مورتاحتر بوە بە دوو ئیدارەیی هەرێم، لەبەر ئەوەی پارتی بەسروشت حزبێكی دیكتاتۆرو عەشایەرەو حەزی بەچارەی حزبەكان نایەو زۆریش عەوداڵی دیموكراسی ودەستاودەستی دەسەڵات نیە.
بەراورد بەو پێشكەوتنانەی هەولێر لەساڵانی رابردودا، دەڤەری سلێمانی زۆر كەمتر گۆڕانكاری بەسەرا هاتوە، بیرمانە تەنانەت كاتێك بودجەكەی بەغدا لەدوای 2005ەوە هاتونەتە هەرێمەوە پشكی گەورەی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بوە ئەگەر چی سلێمانی وەكو پارێزگا لەهەولێر گەورەتریش بوە، زۆرتریش لەپرۆژە خزمەتگوزاریەەكان و پەرەپێداندا دواكەوتوتر بوە.
ئیهمالكردنی ئەنقەستی دەڤەری سلێمانی لەلایەن حكومەتەكانی پارتییەوە سیاسەتێكی دارێژراو بو، مەبەستیشی شكستپێهینانی دەسەڵاتی یەكێتی بو لەزۆنەكەیكەی خۆیدا ، بەخوێندنەوەی روداوەكانی چەند ساڵی رابردوش بەوازحی هەڵوێستو سیاسەتەكانی پارتیمان بۆ دەرئەكەوێ ، بەتایبەتیش لەو كاتانەی ناوچەكانی یەكێتی دەیانجار خۆپیشاندانی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی لەدژی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم بەتایبەتیش لەبواری نەبونی ئازادییەكانو بڕینی موچەو كەمی خزمەتگوزارییەكان كە دەسەڵاتی پارتی نەك هەر گوێی پێنەئەدان، بەڵكو لەدڵەوە پێشی خۆش بو نائارامی لەم ناوچانەدا روبدات.
شەش مانگە ناوچەكانی سلێمانی خۆپیشاندانی تووند بەخۆیانەوە ئەبینن ، پارساڵ و ئێستاش مامۆستایان بایكۆتی خوێندیان كردوەو كار گەیشتە ئەوەی ساڵێكی خوێندن بەفیرۆ بڕوات. ئێستا بایكۆتی فەرمانبەرانی تەندروستیشی هاتە سەر كە هەڕەشەیەكی جیددیە لەژیانی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە، بەڵام دیسان پارتی بێدەنگە سەرباری ئەوەی چەندین كەسیش گیانی خۆیان لەدەستداوە بەهۆی ئەم بایكۆتەی فەرمانبەرانی تەندروستییەوە.
دەوڵەتی فاشیستی توركیا گەمارۆیەكی تری خستۆتە سەر فرۆكەخانەی سلێمانیو خەریكە زۆنەكەشی بەگشتی بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، بەڵام دیسان پارتی بێدەنگی نواندوە ئەمەش لەكاتێكدا ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێمە رێگە نەدات بە سەپاندنی گەمارۆیەكی لەو بابەتە بەسەر شارێكی هەرێمەكەمان.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ئیتحیادی بەپێی هەندێ سەرچاوەی سیاسی چەندین ئۆپشنی داوەتە دەسەڵاتدارانی یەكێتی بۆ لابردنی گەمارۆ ئابووریەكانی حكومەتی ئیتحادی لەسەر سلێمانی، یەكێك لەوانە كردنەوەی فرۆكەخانەی سلێمانی بو جیا لەهەولێر ، بەڵام نوێنەرانی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم بەوە رازی نەبون. جارێكیتریش هەمان حكومەتی عەبادی عەرزی ئەوەی كرد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەرێگەی پارێزگاكانەوە بنێرێ، دیسان نوێنەرانی یەكێتی لەحكومەت نەیانهێشت سلێمانی بەدەنگ ئەو پێشنیارەوە بچێت. ئەخیر جاریش بریار وابو كەوا موچەی مامۆستایانو وكارمەندانی تەندروستی راستەوخۆ بنێردرێت بەتایبەتیش كە سلێمانی لەحاڵەتی هەڵچونێكی مەترسیداردا بو، بەڵام ئەویش قبوڵ نەكراو بڕە بودجەكەی بەغدا خرایە سەر موچەی سەرجەم وەزارەتەكان. پێشتریش سەرچاوەیەكی بەرپرس لەبەغدا ئاشكرای كرد كە چەند ساڵێك پێش ئێستا حكومەتی بەغدا بڕیاریدا بودجەی 10 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان تەرخانبكات ، بەڵام دیسان حكومەتی پارتی نەیهێشت ئەو پرۆژەیە سەربگرێ و تا ئەمڕۆش رەزامەندی نەدا بۆ ئەم كارە.ئەمانە بەگشتی نمونەی زۆر زەقن لەسەر دژایەتیەكانی پارتی بۆ دەڤەری سلێمانی.
پرسیارە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی دەسەڵاتدارانی یەكێتی تا ئەو ئاستە نزمە ئیرادەی خۆیان تەسلیم بەپارتی كردوەو هاوكاریشین لەپەیڕەو كردنی ئەم سیاسەتە دوژمنكارییە دژ بەخەڵكی سلێمانی؟., بۆچی نوێنەرانی یەكێتی لەحكومەتە شكستخواردوەكەی هەرێمدا بەم زەلیلیە رازین وبێدەنگی لەهەڵوێستە دوژمنكاریەكانی پارتی ئەكەن دەرهەق بەسلێمانی؟. بۆچی ئەوەندە پەرۆشی یەگرتوویی حكومەتێكن كە لەئەساسدا نە یەكگرتوەو نە بنكە فراوانیشە ؟ بۆچی رازین پارتی بەم شێوەیە غەدر لەسلێمانی بكات و خەڵكیش هانبدات بۆ ئەوەی بڕژێنە سەرشەقامەكان و دەڤەرەكەمان روبەروی مەترسی گەورە بكەنەوە؟.
كاتی ئەوە هاتوە دەسەڵاتدارانی یەكێتی سنوورێك بۆ ئەم یاریانەی پارتی دابنێن وچۆن ئەوان لەبەرژەوەندی خۆیان ئامادەن تەزحییە بە هەمو شتێك بدەن لەپێناو قاییمكردنی دەسەڵاتی دیكتاتۆرییانەیان لەدەڤەری زەردی خۆیان، با دەسەڵاتدارانی یەكێتیش بكەونە مشوری هاوڵاتیان دەڤەرەكەیان و ئەوەندە خۆیان نەبەستنەوە بە سیاسەتە دوژمنكارەكانی پارتییەوە. هەڵبژاردن بەڕێوەیە با جارێكیتر یەكێًتی سزایەكی قورس نەدرێ لەپێناو راگرتنی دڵی پارتییەك كە بەخوێنی یەكێتییەوە تینووەو كار بۆ كۆتاییهێنانیشی ئەكات.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts