عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: هەرێمێک، توانای بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەشی نیە.
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان زۆر بەزیادەوە خاوەنی هەموو ڕەگەزەکانی بەرهەم هێنانی کشتوکاڵیە لەوێنەی ( زەوی بەپیت، ئاووهەوای گونجاو، دەستی کاری باش ) بەڵام هەرگیز نەتوانراوە پێداویستی نیوەی دانیشتوانەکەی پڕبکاتەوە لەوبوارەدا کەتەنها ( 5)پێنج ملیۆن هاوڵاتین، لەکاتێکدا گەر ئیرادەو پلانی تۆکمەوزانستی هەبێت دەتوانرێت پێداویستی زیاتر لە 10 ملیۆن هاوڵاتی لەبواری کشتوکاڵیدا تێدا بەرهەم بهێنرێت ،وتەنانەت زۆرێکیش هەناردەی دەرەوە بکرێت.
لەساڵی 2017 دا بڕوڕێژەی سەوزەو میوەی خۆماڵی و هاوردە بەم شێوەیە بوە لەهەرێمی کوردستاندا:
* 1405656 یەک ملیۆن و چوارسەدو پێنج هەزارو شەش سەدو پەنجاوشەش تۆن سەوزەومیوە بەکارهاتوە، لەوبڕە 901157 نۆسەدویەک هەزارو سەدوپەنجاوحەوت تۆنی بەرهەمی خۆماڵی بوە کەدەکاتە ڕێژەی ( 64٪). وەبڕی 504499 پێنج سەدو چوار هەزارو چوار سەدو نەوەدونۆ تۆنیش سەوزە هاوردەکراوە کەدەکاتە ڕێژەی ( 36٪).
* وە بڕی 405.23 چوارسەدو پێنج هەزاروبیست و سێ تۆن میوە بەکارهاتوە، کە لەو بڕەش تەنها 68194 شەست و هەشت هەزارو سەدو نەوەدو چوار تۆنی بەرهەمی خۆماڵی بوە کەڕێژەی ( 17٪)ی میوەدەکات، بەڵام بڕی میوەی هاوردەکراو بریتی بوە لە 336829 سێ سەدوسی و شەش هەزارو هەشت سەدوبیست و نۆ تۆن و ڕێژەکەشی ( 83٪)یە.
سەوزەو میوەی هاوردەکراوبۆهەرێم زیاترلە ( 80٪)ی لەوڵاتانی تورکیاو ئێرانەوە هاوردەکراون.
بەپێی ئامارەفەرمیەکان لەماوەی ( 10)ساڵدا واتا لەساڵی ( 2004 — 2014 ) هەرێمی کوردستان بایی ( 7139000000) حەوت ملیاردو سەدوسی ونۆ ملیۆن دۆلار تەنها سەوزەو میوە هاوردەی هەرێم کراوە، کەگەر پلانی کورت خایەن و درێژخایەن لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە هەبوایە ئەوا دەتوانرا بەبڕی تەنها (25٪)ی ئەوپارەیەی بۆ هاوردەکردنی سەوزەومیوە چۆتە وڵاتانی دەرەوە دەتوانرا زۆر بەئاسانی و زانستیانەش سێکتەری کشتوکاڵ ببوژایەتەوەو لەو پوکانەوە بەردەوامەش ڕزگاری دەبوو کەتێیدایە.
چ مانایەکی تێدایە خاوەنی دەشتە بەپیتەکانی شارەزور، هەولێر، بیتوێن و بادینان بین، کەچی تەنها لەوڵاتێکی وەک تورکیاوە لەماوەی ساڵێکدا بایی ( 34) ملیۆن دۆلار چەرەزات و ( 14 )ملیۆن دۆڵار فراولە(شلک) و ( 20)ملیۆن دۆلارسێوو قۆخ و هەڵوژەو ( 4) ملیۆن دۆلارشوتی و کاڵەک و زیاتر لە (7) ملیۆن دۆلار سیرو پیازو کاهوو بڕۆکلی هاوردەی هەرێم بکرێت، کەبەدڵنیاییەوە بەرهەمی خۆماڵی لەڕووی تام و چێژوپارێزراوی و جۆرایەتیشەوە زۆر لەبەرهەم و بەروبومەکانی دەرەوە باشترو پڕ بەهاترە لەو بەروبومانەی کە هاوردەکراوی وڵاتانن.
دیارە ئەمە تایبەتە بەهاوردەکردنی بەروبومی کشتوکاڵی، گەرنا بۆ پێدویستیەکانی تری ژیانی ڕۆژانەمان زیاترلە (90٪) ی پشت بەهاوردەکردنی کاڵاو شمەکی دەرەوە دەبەستین.
بۆیەپێویستە یەکێک لەکارە گرنگ و لەپێشینەکانی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار گرنگی دان بێت بەبەرهەم و بەروبومی خۆماڵی تاکو بتوانرێت بەشێنەیی ئەم کۆمەڵگەیە لەکۆمەڵگەیەکی بەکاربەری تەواوەو بکەینە بەرهەم هێن.
نوسەر، ئەندامی لیژنەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و بازرگانی و مافی بەکاربەر