بەهرۆز جەعفەر: خولانەوەو تەوریسی سیاسیی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان.
یەکێک لەسیما دیارەکانی سەردەرهێنانی ئۆپۆزسیۆن لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە ئەم هێزانە دوواتر بونەتەوە هەمان فۆڕمی دەستەڵات کە پێشوتر خۆیان دژی جەنگاون، هەر لە کوردستان باڵی مەکتەبی سیاسی لە ناو پارتی لەساڵی (1963) ەوە تا (2013) پەنجا ساڵی ڕەبەق دژی بنەماڵە شەڕو براکوژی کرد و قسەڵۆکیان ڕیز کرد، دواتر لە یەک بنەماڵە خۆیان (13) کەسیان هێنایە ناو دەستەڵات و جومگە هەستیارەکانەوە، زیاتر لە (8) هەشت ساڵ بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن پەلاماری هەر شتێکیان دا، ئاکامەکەی بەوە شکایەوە کە (122) سەت و بیست و دۆنم زەوی کە ئەکاتە زیاتر لە (300000) سێ سەت هەزار مەتر دووجا لەسەر بزوتنەوەکەو، بە دیاریکراویش لەسەر کوڕانی ڕێکخەری کۆچکردوو “کاک نەوشیروان موستەفا” تاپۆ کرد لە ناوجەرگەی شار و، بە پێش چاوی سەدان هەزار دەنگدەرەوە.
ئەمە جگە لەوەی تێچووی ئەم بزوتنەوەیە لە سەر دارایی گشتی سەدان ملیۆن دۆلار بووە، تێچووی کەناڵەکانیان و پرۆژەکانیان، سەرباری ئەوەی سەدان وەزیرو پەرلەمانتار و مودیرعامی خانەنشین یان بۆ سەر لیستی مووچە خۆران زیاد کرد، ئەوەشی بێتە سەر کە دەنگیان بە خانەنشینی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی کوردستان داوە.
کۆمەڵگە ئەگەر ڕابەری دڵسۆز و سیاسەتی ڕۆشن و ڕوئیای ستراتیجی پێشنیار بکات، دواتر ئەو گرفت و بارە قورسانەی دەستەڵاتێکی بێدەربەست و پڕ لە مرۆڤی چاوچنۆک دروستی یان کردووە، چارەسەر کردنی زۆر قورس نابێت.
ئەگەر واز لە پرسی تەوریسی سیاسیش لە ناو بزوتنەوەیەکی وەک گۆڕان بهێنین، ئەوە هێشتا ئەم بزوتنەوەیە شان بە شانی دەستەڵات گورزی کارەسات ئامێزی لە کۆمەڵگەی کوردی وەشاندووە، سەیر بکەن:
یەکەم: لە باتی کادری هوشیار و تاکی خاوەن (خۆ) و ڕەخنەی جددیی، ئەم بزوتنەوەیەش هاوشێوەی حزبەکانی تری دەستەڵات هەزاران (دەروێش) ی خستۆتەوە، دیققەت لە دەستەواژەی (ڕێبازەکەت بەرنادەین) بدە!، ڕێک ئەو دەروێشانە ئەیڵێنەوە کە لەسلکی حیزبە ستالینییەکانی سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدواوە کەوتنە ناو کایەی سیاسییەوە، شۆڕشی ئۆکتۆبەری (1917) کۆمۆنیستەکان هاتن وتیان ژیانتان ئەگۆڕین، دەنگە دەنگێکی زۆریان کرد، دوایی کە ئەوان هاتن، خەڵکی بە کیلۆمەتر ڕیزیان ئەبەست تا چەند سەمونێکیان بەرکەوێت، سەرکردەکانی حیزبی کۆمۆنیست (ئەوانەی بونە سێوە بۆگەنەکەی ناو سندوقی مارکسیزم و ماتریالیزمی مێژوویی) بە گادیلاک و ژیانێکی شاهانەوە ئەهاتن و ئەچوون، بزوتنەوەی گۆڕانیش جگە لە کۆمەڵێ پەرلەمانتاری قسەکەر و هێنانی چەند مرۆڤێک لە سەر جادەوە بۆ ناو سیاسەت لەم دۆخە ئاڵۆزەی سەدەی بیست و یەک دا هیچ شتێکی پێشکەش نەکرد، دواجار چیکرا جگە لەوەی وەک یەکێتی و پارتی “دەروێش” ایەتی بەرهەمهێنرا. “ڕێبازەکەت بەرنادەین” خۆمان هیچ پرۆژەو دێڕێک مان نییە، میراتەکەی تۆ بەسە بۆ ئەوەی چەند خولێکی تری سیاسیی پێ بە ڕێ بکەین.
دووەم: خاڵێکی ترسناکی تر کە لەگەڵ هاتنی بزوتنەوەی گۆڕان دا وەک هەڕەشەیەک ڕووی کردە بونیادی کۆمەڵایەتی دونیای ئێمە، ئەوە بو کە تاکەکانی سەرقاڵ کرد بە قسە کردن لە سەر یەکتر، هەموو کەسێ هەقی بە خۆی دا پەلاماری هەموو شتێک بدا، ئەو ئاوە لەمدواییەدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕشتی کە کۆمەڵگە تووشی تێک بەردان بکات، سیاسەت بو بەوەی حیزبی سیاسیی تەنها خەریک بێت بەوەی حیزبەکانی تر چی ئەکەن، مرۆڤبون وەک بابەتێکی بێزراوی لێهات لە کوردستانێکی بێدەوڵەت دا، ئەبێت زۆرترین قسەو جنێو بدەیت تا کورسییەک داگیر ئەکەیت لە پەرلەمان دا. ئێ دوای ئەوە چی؟.
ئێستا بڵێ تۆ بۆچی هەیت؟. ئەڵێ ئەی ئەو بۆچی هەیە، ناڵێ ئەمە خەسارەتەکانی ئێمەیە، بڵێ بۆچی تەوریسی سیاسیی لە بزوتنەوەکەتدا هەیە، بڵێ ئەوە بۆچی کاندیدەکانتان هەمان پلەدارو پەرلەمانتارەکانی پێشوون، ئیتر گوێت لە وەڵامێکی ئەقڵانی ڕێک و پێک نابێت، جگە لەوەی لە چەندین کونو قوژبنەوە ئەتکەن بە “دێو”، دەیان کەس هەیە لەو کۆمەڵگەیە چۆن لێیان بکۆڵیتەوە عەیبەیەکی وایان نییە، کەچی لە خۆ وە بێزراو و نەویستراو بوون لای کۆمەڵگە، چمەزە ئەمە ئەوەیە ئەو کەسانە پاڵپشتی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان یان نەکردووە.
شەش بۆ حەوت ساڵ تەقەللا تا میدیایەک و هەندی دەنگی خۆڕسک دروست بو، بزوتنەوەی گۆڕان هات و کردی بە چەند کورسییەک و چوو لە بن دەواری ڕەش دانیشت، دونیایه تەقەللاو ڕاکەڕاک تا (17ی شوباتێکی خۆڕسک دروست بو) لەسەرەتاوە وتیان ئەمانە ئاژاوەگێڕن، دوایی هاتن و ئەویشیان قۆستەوەو چەند کەسێک پێی قەبە بو، ئەنجامەکەیشیمان بینی، دونیایەک بێرو بڕۆ و کۆبونەوە لەگەڵ دەستەڵات، دوایی ئەندامانی شاندەکانیان یەک یەک چونە ناو حیزبەکانی دەستەڵاتەوە، سەدان ڕەخنە لەسەر نەبونی سەدای ئازادی ووتن، دوایی لە پاڵ گۆڕەکەی کاک نەوشیروان دا پەلاماری ڕۆژنامەنووسەکانی سەربەخۆیان دا، ئەمە چییە یاران!.