شوان عەباس بەدری: کە عەقڵ نەبوو خاک ئازار ئەچێژێ.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
فارسەکان قسەیەکیان هەیە کە ئەڵێن : گر عقل نباشد جان در عذاب است، واتە گەر عەقڵ نەبوو جەستە ئازار ئەچێژێ بەڵام لەم سەردەمی ئاگر و ئاسن و خوێن و هەڕاجی گیا و گیانە باشترە ئێمەی کورد قسەکەی فارس بکەین بە (کە عەقڵ نەبوو خاک ئازار ئەچێژێ)، چۆن نا کاتێ ڕۆژانە تاکی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تێک ئەشێکێندرێ و کەلتووڕ و فەرهەنگی بە دەستی هاوزمانەکانی خۆی ئەشێوێندرێ و خاکەکەشی هەر بە خەڵکەکەوە هەرزان فرۆش کراوە و گەر وابڕوات ماوەیەکی دیکە فەرمانڕەوایان ماوتسی تۆنگ ئاسا بۆ ئارامکردنەوەی دەروونە نەخۆشەکەیان شۆڕشی فەرهەنگی و ئابووری (جیا لە ئابووری سەربەخۆ ) ڕائەگەیەنن و کارەساتی جەرگبڕتر و گەورەتر بەسەر خەڵکە چەپڵەلێدەر و سەرچۆپی گرە بێ ئاگاو گێلەکە ئەهێنن!
لە چینی 1958و دوای نۆ ساڵ لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ماودا بۆ دەربازکردنی ووڵات لە قەیران و تەنگەژە و دواکەوتووییە ئابوورییەکانی ماوتسی تۆنگ بەرنامەیەکی ئابووری و پیشەسازی ڕاگەیاند کە لە ڕێگەیەوە بتوانێت چین لە ماوەی کەمتر لە پازدە ساڵ بکات بە جەمسەرێکی بەهێزی سیاسی و ئابووری و سەربازی بەڵام دواجار ئەو بەرنامە و ستراتیژە بوو بە کارەساتێکی بێ وێنە لە مێژووی چیندا و 650ملیۆن چینی بە خۆیەوە سەرقاڵ و بەدبەخت کرد و ووڵات کەوتە نێو گێژاوی فەوزایەکی ئابووری مەترسیدار و برسییەتییەکی بێ وێنە باڵی بەسەر هەموو چیندا کێشا بە جۆرێ کە 45 ملیۆن چینی بوونە قوربانی حەز و ئارەزووە شێت ئاساکانی ماوتسی تۆنگ و ئەویش بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، قەیرانی بە قەیرانی کارەساتباری دیکە چارەسەر ئەکرد!
فەرمانڕەواکانی خاکەکەی ئێمەش بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ووڵات تیۆرییەکەی ماو بە کار ئەهێنن و تازەترین شاکاریشیان بریتییە لە چاکسازی مووچە و پاشەکەوتی مووچە!
گەر بە ووردی لە مێژووی ووڵاتان بڕوانین ئەوا تێئەگەین دوای هەموو شۆڕش و ڕاپەڕین و ڕووخاندنی دەسەڵاتەکان ئەوا کۆمەڵە کەسێکی نەخوێندەواری سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی و سیاسی جڵەوی ووڵات و دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست کە جگە لە خۆیان و کەسانی نزیکیان هەموو تاکە ئەکادیمییەکانی ووڵاتیان تیرۆر یا پشت گوێ خستووە یا لە ووڵات دەریان کردوون و یەکەمین کاریشیان دەستکاری سیستمی پەروەردە و خوێندن و دەست گرتن بەسەر هەموو جومگە ئابوورییەکانی ووڵات بووە و دوابەدوای ئەوەش پەلاماری کەرتەکانی دیکەی ووڵاتیان داوە و بەو جۆڕەش خەڵک و خاکیان لە ناو نەزانی و چاوچنۆکی و حەزە شێت ئاساکانی خۆیان گیرودە کردووە و سووتاندووە.
لە کۆتاییدا دوو نمونەی ئێرانی دوای شۆڕش باس دەکەم کە ئەو کاتەی کۆمەڵێ ڕۆژنامەنووس پرسیاریان لە خومەینی کرد: ڕات چییە لەسەر ئابووری، خومەینیش وەڵامی دانەوە: ئابووری هی کەرەکانە.
یان خود لە کاتی ڕاوەدوونانی ڕۆشنبیر و مامۆستاکانی زانکۆ و کەسە دیارەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێرانی دوای شۆڕش خومەینی لە ووتارێکیدا ڕوو بە خەڵکەکە ئەڵێت: با بچن بۆ دۆزەخ ئێمە پێویستیمان بەوان نییە هەموو کێشەکانی ووڵات لە زانکۆکانەوە سەرچاوە ئەگرێت! بەو جۆرە ئێرانی خاوەن بەهێزترین پێگەی ئابووری و سەربازی ئەو دەمەی ناوچەکە بە ماوەیەکی کەم دەبێت بە ووڵاتێکی ئابووری تێکشکاو و پڕ لە کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی.
کەوا بوو حەقی خۆمان نییە بڵەین: کە عەقڵ نەبوو خاک ئازار ئەچێژێ؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە