عەلی مەحمود: ئەرێ بەڕاستی لە گەڵ بە جیهانناساندنی دۆسیەی ئەنفالن؟
لەم رۆژانە پەرلەمانتارێك داوای لیستی ئەنفالچیەكانی لێمكرد, بۆ ئەوەی بەدوای ناوی باوكی نەیارێكی سیاسی حیزبەكەی بگەڕێت”كەچی بیرۆی دادگای باڵای تاوانەكان چەند مەترێك لەو پەرلەمانەوە دورە كە تیایەتی, پاش ئەو هەموو وەعدو بەڵێنەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دای كە كار بۆ دۆسیەی ئەنفال بكات, تا ئێستا زیندەوەرێكیان نەچووونە سكاڵا لەسەر حكومەتی كوردستان تۆمار بكەن كە بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ ناكات” كەچی بە بەرپرسێكی پارتەكەیم وت فڵان كەس تاوانبارە لاتانە, وتی 27 ساڵ زۆر نییە لە بیری بكەین.
ئەمە هەڵوێستی حیزبەكانە لە تاوانباران, كاتێك لە ریزی نەیارانیدا دەبێت ئەوە تاوانبارە, كاتێك دێتە ریزی خۆیەوە بە ئاوی زمزمی حیزب شۆردراوەتەوە, لاتان سەیر نەبێت قەڵەمە كۆنەكانی بەعس و برقیە نوسەكانی پیرۆزباییەكان بۆ سەدام لە بەرامبەر تاوانەكانی ئەنفال و هەڵەبجە ئێستا زۆر دڕن.
تا هەنووكە هەوڵ زۆر دراوە لە دەرەوە بە تایبەت لە لایەن چالاكوانانەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی دۆسیەكە, وەلێ مخابن تا هەنووكە هیچ ئەو هەوڵانە نەبوونە هەوڵێك بۆ دانپێنانی حكومەتەكان, كە ئەمەش بە دوو رێگا دەبێت, یەكەمیان لە رێگای دەركردنی بڕیار لە حكومەتی وڵاتانەوە بۆ سزادان لە ئینكاركردنی جینۆسایدی كورد وەك ئەوەی بۆ هۆلۆكۆست كراوە, یاخود لە رێگای دادگایی تاوانبارانەوە دەكرێت ئەمەیان بۆ كورد سانایە ئەگەر بێنە ژێر باریەوە, بەهۆی ئەوەی زەمەنی ئەنجام دانی تاوانەكە 30 ساڵە و هێشتا زۆر لە بكەرەكانی زیندوون و بەشێكیان لە هاندەرانن ,لە رێگای بە دادگا گەیاندنی تۆمەتبارانەوە ئەم هەوڵە دەگاتە ئەنجام , كە ژمارەیەك لەو تۆمەتبارانە لە وڵاتانی دەرەوە دەژێن, هەنگاوی یەكەم بۆ بەدادگا گەیاندنی ئەمانە دانی ناوەكانیانە بە پۆلیسی ئینتەرپۆل, كە پێش 11 ساڵ لەمەوپێش خۆیان داوایان كردووە بە فەرمی ناوەكانیان بۆ بنێردرێت, هاوكات پێش دوو ساڵ لەمەوپێش ئەنجومەنی دادوەری لە بەردەم كەناڵەكانی راگەیاندن وتیان ناوەكان دەنێرن بۆ پۆلیسی ئینتەرپول, وەلێ نەكرا دواتر, تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر شانازی بە دۆسیەكانی دادگای باڵای تاوانەكانەوە دەكا و جار جارە بە دەستكەوتی خۆی دەزانێت, كەچی هیچ رێزێك لە بڕیارەكانی ناگرێت و تا هەنووكە ئەنجومەنی دادوەری پێی وایە ئەو تۆمەتبارانە كە ژمارەیان 423 كەسە تەنها لە بەغدا تۆمەتبارن لە كوردستان هاووڵاتی ئاساین.
من بە ئەزموونی خۆم پێم وایە دروشمی بە جیهان ناساندن و شتی لەم بابەتە كە جار جار لە بۆنەكان حكومەت و حیزبەكان بەرزی دەكەنەوە درۆیەكی پوچ و بێ مانایە, ئەو هەنگاوە تەنها لە رێگای دادگایی تۆمەتبارانەوە دەبێت كە بەشێكیان ناسنامەی بیانیان هەیە , نموونە ئەگەر یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا دادگایی تۆمەتبارێك بكات و سزای بدات بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید ئەوە ئەنجامەكەی دەبێتە بڕیاری هەر 27 وڵاتەكەی یەكێتی ئەوروپا, چونكە بڕیارەكە وەزارەتی داد دەیدات, كە بەشێكە لە دەزگای حكومەت, ئەوەش بڕیاری حكومەتە, بە گواستنەوەی دۆسیەكە بۆ یەكێتی ئەوروپا دەبێت بڕیاری هەموو حكومەتەكانی یەكێتی ئەوروپا , شانس لە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ناسنامەی عێراقی زۆر زیاترە لە فرانس ڤان ئانرات بازرگانی چەكی كیمیاوی هۆڵەندی كە بە 16,5 ساڵ حوكم دراو تاوانبار كرا بە هاوبەشی لە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی, چونكە ئەوان راستەوخۆ بەشدارن لە تاوانەكەو هەڵاتووی دادگان لە وڵاتی خۆیان, شایەد و سكاڵاكەرو بەڵگە زیاترە لە سەریان.