دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کوردستانى باشور کۆمەڵگایەک سەرتاپا درۆزن كراوە. بەشى یەکەم.
لوتکەى بێئاگایى مرۆڤى کورد لەکوردستانى باشور لەوەدایە خۆى سوور دەزانێت لەکۆمەڵگایەکدا دەژى سەرتاپا درۆزن، بەڵام بەداخەوە نایەوێ ددان بەو واقیعە تاڵەدا بنێت، لەوەش کارەساتر ئەیەوێ قەناعەت بەخۆى و خەڵکى چواردەورى بکات کەکۆمەڵگاکەى ڕاستگۆترین کۆمەڵگاى جیهانە.
لەوەتەى کورد هەیە بەشان و باڵێ شۆڕش وڕابەر و سەرکردە دڵسۆز وخەباتگیرەکانیدا هەڵدەدات، لەلاى کورد خودا لەشۆڕشى کوردى پیرۆزترو لەو ڕابەر و سەرکرەدە کوردانە داناو زاناو دڵسۆزترى دروست نەکردووە بۆ خزمەتى کورد وکوردستان و مرۆڤایەتى، بەڵام لەحەقیقەتدا ئەمە درۆیەکى ترى ئەو کۆمەڵگا کوردییەیە کەسەرتاپا درۆزن کراوە، ئەوانەى پێیان دەگوترێت ڕابەرو سەرکردە و شۆڕش لەحەقیقەتدا ڕابەرو سەرکردە و شۆڕش نەبوون.
زۆرێک لەبیرمەند وڕۆشنبیرە ڕاستگۆیەکانى کوردستان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى ئەوانەى پێیان دەگوترێت ڕابەرو سەرکردە و شۆڕشى کورد هیچ کات ڕابەرو سەرکردە و شۆڕش نەبوون، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانیووە بەئاشکراو ڕوونى باسى بکەن لەترسى تەخوینکردنیان.
ئەوانەى پێیان دەوترێت ڕابەر و سەرکردەى نیشتمان پەروەر و خاوەن کاریزما لەحەقیقەتدا ڕابەرو سەرکردەى دڵسۆز و نیشتمان پەروەر نەبوون، ئەوانە کەسایەتیەکى لاوازى بودەڵەى نەخۆش و درۆزنى پاشماوەى خێڵ و دەرەبەگایەتی بوون لەکاتێکد ڕابەر و سەرکردە دڵسۆزە ڕاستەقینە مرۆڤدۆست و ژینگەپارێزەکان لەبیرکراون.
ئەوەشى پیان وتووە شۆڕشى کورد لەحەقیقەتدا شۆڕش نەبووە، ئەوە هەوڵیکى ئاغاو دەرەبەگەکان بووە بۆ گەوجاندنى کۆمەڵانى خەڵک لەژێر ناوى” شۆڕى نەتەوایەتى کورد” بەمەبەستى درێژەدان بەدەسەڵاتە قەرەقۆشیە ڕەهاکانیان، باشترین بەڵگە بۆئەم بۆچوونە ” سیستمى سیاسى ـ کلتورى کۆمەڵایەتى ـ واقیعى ئابوورى ـ جیۆپۆلیتیکى ئێستاى کوردستانە ” کەسفرى دواى فاریزەش نین.
کوتکەى بێئاگایى مرۆڤى کورد لەکوردستانى باشور لەوەدایە تائیستا باوەڕى بەمافیا سیاسى و بازرگان و ڕۆشنبیرە حیزبیەکانى پاشماوەى خێڵ ودەرەبەگایەتى ماوە، دواى هەم هەموو قەیران و ماڵوێرانى و نەهامەتیەى بەسەر کوردستانى باشوریان هێنا تازە دەیانەوێ بۆ جارێکى ترلەڕێگاى سندوقى دەنگدانەوە دەرفەتى زیاتربدەن بەم مافیا سیاسى و بازرگان و ڕۆشنبیرە حیزبیانەى کەکوردستانیان کرد بەکۆمەڵگایەکى سەرتاپا درۆزن.
بیگومان سیاسى و بازرگان و ڕۆشنیرەکانى ڕۆژئاواو وڵاتە پێشەوتووەکانى جیهان هەموو کات کڕیارن، بەڵام ئەمانەى خۆمان واتا مافیا سیاسى و بازرگان و رۆِشنبیرە حیزبیەکانى خێڵ و بنەماڵەکانى پاشماوەى دەرەبەگایەتى بەبەردەوامى فرۆشیارن، نەک بەتەنیا سامانى ژێرخاک و سەر ئەرزى کوردستان دەفرۆشن، بەڵکو ئامادەن شکۆى خۆیان و خێزانەکانیشیان بفرۆشن چجا شکۆى نەتەوەیەک.
گۆڕینى سیستمى سیاسى ـ ئابوورى ـ زانستى کۆمەڵایەتى باشورى کوردستان لەپاشماوەى عەقڵیەتى خێڵ و دەرەبەگایەتى بەرەو سیستمێکى نوێى کۆمەڵایەتى سۆشیال و خۆشگوزەران بەم بەناو سیاسى و بازرگان و ڕۆشنبیرە حیزبیە درۆزنانە ناکرێت.
من چون بڕوا بکەم بە گۆڕینى ڕیشەیى سیستمى سیاسى ـ ئابوورى ـ زانستى ـ کۆمەڵایەتى کوردستان لەکاتێکدا کۆمەڵگاکەم سەرتاپا درۆزن کراوە، لەهەموو کەس درۆزنتر بەناو ڕابەرو سەرکردە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانێتى، هەریەک لەژێر ناوى ئایدۆلوجیاو پیرۆزییەک، کار گەیشتۆتە ئەوەى بەناوى خوداو مردووەکانەو درۆدەکەن.