عەتا قەرەداخی: کوردو گوتاری عێراقی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا!
مەبەست لە گوتارى عێراقی چیە؟ ئایا چ پەیوەندییەکی لەگەڵ گوتاری کوردی هەیە؟ گوتار وەکو دەقێکی نووسراو پێناسە دەکرێت کە بارگاوی کراوە بە فیکرو مەعریفەو روانین کە کۆی ئەمانەش پەیوەستن بە ئایندەبینیەوە یان نەخشەرێگای ئایندە نیشان دەدەن. هەر بەم پێیە گوتاری کوردی پێویستە ئەو گوتارە بێت کە بارگاوی کراو بێت بە مەعریفەو فیکری نەتەوەیی و بنەمای سەرەکی بریتی بێت لە روانین بەرەو ئاسۆیەکی گەش پەیوەست بە ئایندەى نەتەوە. کە لە راستیدا رەهەندە واقیعیەکانی گوتاری کوردی وەکو گوتاری نەتەوەیی پەیوەستە بە بوون و ئامادەبوونی ناسیونالیزمی کوردییەوە. هەر بەو پێیەش ئاستی گوتاری کوردی دەبێتە پێوانە بۆ دیاریکردنی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی و گەیشتنی بە ئاستی بەدەستهێنانی شووناس.
ئایا شتێک هەیە بە ناوى گوتارى نەتەوەیی کوردى؟ گوتاری نەتەوەیی کوردی کاتێ دەبێتە گوتارێکی خاوەن شووناس کە بە لایەنی کەمەوە هەڵگری پرۆژەى سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بێت. لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێت باسی بڕیاردانی مافی چارەتووس دەکرێت. لە راستیدا ئەو مافە شتێکی سرووشتیەو هەموو نەتەوەو پێکهاتە ئیتنیکیەکان دەتوانن هەیان بێت. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی بڕیاردانی چارەنووس، بکەرێکی کارا پێویستە کە ئەویش بکەری نەتەوەیەو ئاشکراتر بڵێین ناسیونالیستێکی پێگەیشتوو کارایە کە هەڵگری پرۆژەى ناسیونالیزمە. کە لە راستیدا ئەو بکەرە تاکو ئێستا لە رووی واقیعیەوەو لەسەر زەمینەى واقیعی کوردستان وەکو پێویست بوونی نییە. واتە ئەوەى تاکو ئێستا دۆزی کوردیی پێوەى دەناڵێنێت نەبوونی ئەو بکەرەیە کە هەڵگری پرۆژەى ناسیونالیزمە. ئەو بێ سەروبەرییەى کە ئێستا دەبینرێت بەهۆى نەبوونی پرۆژەى نەتەوەییەوە. کاتێ زۆرێک لە حیزب و لە جەماوەریش لە ئاستی بەراوردکردندا عێراقی عەرەب بە باشتر دەزانن ئەوە گرفتەکە ئەو وێنە ناشیرین و دزێوانەیە کە دەسەڵاتی کوردى و حیزبی کوردى نوخبەى سیاسی کوردى پێشکەشیان کردووە. راستە لاوازى هوشیارى لاى کورد بەردەوام هۆکاربووە بۆ وابەستبوونی بە پیتەختەکانی عەرەب و تورک و فارسەوە بەڵام رۆڵی نەرێنی و پاسیڤی حیزبی بێ پرۆژەو و نوخبەى سیاسی نانەتەوەیی و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەى جەماوەر بە گومانەوە سەیرى خۆى بکات لەسایەى دەسەڵاتی کوردیدا.
کەواتە دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات : ئایا گوتاری عێراقی چیەو چ پەیوەندییەکی ئەرێنی یان نەرێنی بە کوردەوە هەیە؟ گوتاری عێراقی ئەو گوتارەیە کە بە کۆی رەگەزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی عێراق بارگاوی کراوەو بە گوێرەى عێراقییەکان عێراق وەکو گەل و وەکو نیشتیمان بۆ ئەوان لە پێش هەموو شتێکی ترەوەیەو بوون و سەروەری ئەوان واتە ئەوانی عەرەب بە شیعەو سوونەوە لە بوون و سەروەرێتی عێراقدایە. بەڵام ئایا ئەو گوتارە چ پەیوەندییەکی بە کوردەوە هەیە کە خۆی چاک دەزانێت چۆن نیشتیمانەکەیان دابەش کردووەو لە پێناوی بەرژەوەندی ئەوانی عەرەب و ئەوانی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندیدا باشووری کوردستانیان لکاندووە بە عێراقەوەو لە هەموو ئاستێکیشدا هەوڵیانداوە گوتاری کوردی لە نێو بۆتەى گوتاری عێراقیدا بتوێننەوەو لە بری ئینتیما بۆ کوردستان ئینتیما بۆ عێراق درووست بکەن و بەرهەم بهێنن. لێرەوە ئاشکرایە کە کورد هیچ پەیوەندییەکی نیە بە گوتاری عێراقیەوە.
راستە پێشتر بە کاریگەری لاوازیی هەستی ناسیونالیستی کوردی و نەبوونی ناسیونالیزم و رۆڵی نەرێنی ئایدیۆلۆجیای چەپ کە چاوی لەسەر یەکێتی چینی کرێکاری عێراق بووە، لە ئاستێکی دیاری کراوی هەستدا مەیلی پەیوەستبوون بە عێراقەوە درووستبووە، کە ئەوەش بۆ رووبەری نەست گواستراوەتەوەو پەیوەستبوونی کورد بە گوتاری عێراقیەوە لە ئاستێکی لاوازدا بەرهەمهاتووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا پەیوەستبوونی کورد بە گوتاری عێراقییەوە وەکو نەتەوە چی بۆ بەرهەمهێناوە، یان بۆ ئێستاو داهاتوو چی بۆ بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا بۆچی ئێستا و بە تایبەتی لەم هەڵبژاردنەى عێراقدا بەشێک لە حیزب و لیست و کەسێتەکان گۆرانی بە باڵاى عێراقدا دەڵێن؟ ئایا عێراقی ئێستا ئەو عێراقەیە کە ئەم حیزب و لیست و لایەن و کەسانە ئومێدیان پێی هەبێت کە کورد تیایدا وەکو هاووڵاتی و وەکو مرۆڤ دەتوانێت بژى و کەرامەتی پارێزراو بێت؟ ئایا سیستێمی سیاسی مەزهەبی خیڵ’کی تائیفی ئێستاى عێراق لەو ئاستەدایە کە کورد متمانەى پێ بکات و دەستبەردارى خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی بێت یان ئەوانى لە کوردستان وابیردەکەنەوە بەرژەوەندى تایبەتی خۆیانیان هەیە لەم جۆرە هەڵوێست و بانگەشانەداو باکیان لە بەرژەوەندییەکانی کورد وەکو نەتەوە نیە؟ یان هۆکارى تر لە پشتی ئەم هەڵوێستانەوە هەیەو ئەویش لە ئاستی یەکەمدا بڕوانەبوونە بە خواستەکانی کورد؟
لێرەدا حەزناکەم بە رەشبین ناوم ببەن بەڵام من بێجگە لە نەهامەتی و بەدبەختی و دووبارە کیمابارنکردن و ئەنفالکردنەوەو وێرانکردنەوەی کوردستان چاوەڕوانی شتێکی باشتر لە عێراق ناکەم. ئەوەى عێراقیەکانی بە خورماتوو، هەندێ شوێنی ترى کوردستانیان کرد لەم دواییانەدا هیچی لە کارەکانی پێشترى سەدام حسێن بەرامبەر بە کورد کەمتر نیە. ئیتر دەبێ ئەو متمانەیە بە عێراق لە کوێوە هاتبێت؟ سەربارى هەموو ئەمانەش ئەوەتا ئێستا لە کوردستان کورد لە شێوەى جاشدا لەسەر لیستە عەرەبیەکان خۆیان پاڵاوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق؟ ئایا بیرمان لەوە کردووەتەوە ئەوە دەرئەنجامی چیەو کێ لێی بەرپرسیارە؟ بێگومان سیاسەتی خراپ بەڕێوەبردنی کوردستان و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و پەروەردەى حیزبی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی کوردى هۆکارى هەموو ئەم دیاردە نادرووستانەیە کە لە راستیدا جۆرێکیشە لەزەنگ لێدان بۆ جیاکردنەوەى دوو بەرە لە کوردستاندا بەرەى شوێنکەوتووى گوتارى عێراقی و عێراقچێتی لەگەڵ بەرەى نەتەوەو گوتارى نەتەوەیی. راستە بارودۆخی خراپی ئیدارى و سیاسەتی پڕ لە گەندەڵی بەڕێوەبردن و کارکردن بە پێوەرە نانەتەوەییەکانی دەسەڵات و حیزبی کوردى و بارودۆخی ناوچەکەو نێودەوڵەتیش رۆڵی بینیووە لە زیاتر دەرخستنی مەیلی عێراقچێتی و کارکردن لەسایەى گوتارى عێراقیدا بەڵام گومانی تێدانیە ئەمانە شتی کاتین و دەگۆڕێن. بۆیە هەر گۆرانی گوتنێک بە باڵاى بەغدادا بێجگە لە خۆفریودانی کورد هیچیتر نیە، رەنگە هەندێ کەس لەسەر ئاستی بەرژەوەندى تاکەکەسی سووندمەند ببن و رەنگە لایەن و ئەحزابیش دەستکەوتیان هەبێت راستەخۆ لەلایەن عێراقەوە یان لەملاو ئەولاوە، بەڵام لەسەر ئاستی نەتەوە بە تایبەتی لە مەوداى دووردا ئەم جۆرە کارکردنە زیان بەخش دەبێت و سەرئەنجامیش خۆبەستنەوە بەم شێوە خۆهەرزانفرۆشکردنە بۆ ئەو کەس و لایەن و لیستانە بە عێراق و گوتارى عێراقیەوە، لە مێژوودا باش تۆمار ناکرێت. کارەکانی مەلاى خەتێ و موشیرى حەمەى سلێمان با سەد پاکانەشیان بۆ بکرێت بەڵام لە چاوى مێژووەوە، لە چاوى خەڵکەوە وەکو کارەکانی مەلاى خەتی َو موشیر دەمێننەوە.
بۆیە ئەگەر سەرکردایەتی کۆى حیزب و لایەنەکانی کورد، کەمترین ئاستی هوشیارى و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان هەبێت، بۆیە ئەگەر هەر تاکەکەسێکی کورد سادەترین ئینتیماى نەتەوەیی هەبێت یەکەم باسی یەکێتی خاکی عێراق و مەترسی لەسەر ئەو یەکێتیە ناکات کە ئەو یەکێتیە بێجگە لە درۆو ویستی شۆڤێنیزمی عەرەبی هیچیتر نیە. ئەگەر نوخبەى سیاسی کوردى هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی هەبێت کە خۆیان بەگشتی بەرپرسیارن لە کارەساتەکانی کوردستان و لە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن ئومێد لەسەر عێراق هەڵناچنن، بەڵکو لەبرى ئەوە دەبێ هەموو ناکۆکیەکی ناوخۆى نێوانیان چارەسەر بکەن و مێژووى ناکۆکی و ململانێی خێلەکیانەى رابردوویان بەلاوە بنێن و وەکو هێزى نەتەوەیەک پێکەوە لە پێناوى یەک کوردستاندا تواناو هێزى خۆیان بخەنە کار و، واز لە سوکایەتیکردن بە مێژووى خۆیان و سوکایەتیکردن بە رۆحی کوردى بهێنن کە بە بێ سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردى ئەو رۆحە هەموو رۆژێک هەتک دەکرێت، بۆیە حەقە لە برى گۆرانی گوتن بە باڵای پایتەختی داگیرکەرانی کوردستانداو لەبرى گاڵتەکردن و سووکایەتیکردن بە مەسەلەى سەربەخۆیی و دەوڵەت لەبەرئەوەى فڵانە حیزب یان فڵانە سەرکردە بانگەشەى بۆ دەکات و ئەوانیتر ئەو حیزب و سەرکردەیان بە دڵ نیە، هەموو ناکۆکیەکان بەلاوە بنێن تا کورد سەربەخۆ دەبێت ئەوسا لەژێر چەترى دەوڵەتدا خەبات بکەن بۆ درووستکردنی باشترین سیستێم. بەڵێ گوتارى کوردى کاتێ پێناسەى تایبەتی خۆیی هەیە کەبە رەگەزەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەت بارگاوى کرابێت. بڕوابوونی هەر کوردێک بە گوتارى عێراقی واتە داماڵینی ئەو کوردە لە رەگەزى کوردبوون و بارگاویبوونی بە رەگەزو توخمەکانی گوتارى عەرەبی عێراقی. ئەوەى لە بەرنامەى هەڵبژاردن و بانگەشەى هەڵبژاردنی بەشێکی دیار لە حیزب و لیستە کوردییەکاندا دەیبینین و دەیبیستین بە تەواوى کارکردنە لە چوارچێوەى گوتارى عێراقیداو بەو ئەندازەى بە رەگەزەکانی عێراقچێتی بارگاوى کراوە ئەوەندە سیماى کوردانەى پێوە دیار نیە، ئەمەش یان بڕوانەبوونی ئەم حیزب و لیست و کەسانەیە بە جیاکردنەوەى چارەنووس و ئایندەى کورد لە عێراق یان لە ناهوشیارییەوەیە یان لە هەست بە بچووکیکردنەوەیە یان بۆ بەرژەوەندى تایبەتیە نەک بەرژەوەندى نەتەوەیی و نیشتیمانی.
- Latest Posts by عەتا قەرەداخی
عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.
- All Posts