بورهان شێخ ڕەئوف: بەرەو هەڵبژاردنى گشتى عێراق.
دواى پازدە ساڵ لە پرۆسەى ئازادى عێراق واتە لە دواى ساڵى 2003 ەوە عێراق زۆرترین پرۆسیسى هەڵبژاردن و دەنگدانى بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەتى دواى شۆڕشى 14 تەمووزى 1958چ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پارێزگاکان و جگە لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان.
لە ئێستادا وا بەرەو هەڵبژاردنى گشتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەڕۆین بۆ خوولى چوارەم لە بارو دۆخێکى ئێجگار جیاواز لە جارانى پێشوو ئەگەر جاران شیعە بە یەکگرتووى یەک لیستى بەهێز بەشدارى پرۆسەکە دەبوون ئەوا ئەمڕۆ بە لیستى جیاجیا و بەرنامەى جیاواز و ئەجنداى جیاوازەوە خۆیان سازداوە ، سوونەکانیش بە هەمان شێوە سەرەڕاى وێران بوونى بەشى زۆر شارە گەورەکان و ناوچەکانیان و ئاوارەبوونى زۆر دانیشتووانەکەى و گلەیى و گازندەى زۆریان لە ئامادەنەبوونیان بۆ هەڵبژاردن بەڵام هەڵبژاردن بووە دیفاکتۆ و 12/ مایس ئەنجام دەدرێت.
کوردیش لە ئێستا دا بەهەمان دەردى ئەوان چووە یەکەمجارە لە دواى مەرگى کاریزما و سەرکردەکانى وەکو مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و دەرنەکەوتن و دوورە پارێز بوونى مەسعوود بەرزانى لە پرۆسەکە بە وتارو ئەجنداى جیاوازەوە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت.
زۆرینەى سیاسى
ئەوە تێزەى لەماوەى ڕابردوودا لە ناو پێکهاتەى شیعەدا سەرى هەڵداوەو بە دیاری کراوى لەلایەن قەوارەکەى نورى مالیکى ( دەوڵەتى یاسا ) و سەرۆک وەزیرانى دوو خوولى پێشوو ئەمیندارى حزبى دەعوەى ئیسلامى پاڵپشت دەکرێت و ئۆباڵى هەموو کەموکوڕى و قەیرانەکانى حوکمڕانى لە عێراقدا دەخاتە مل سازان و پشک پشکێنەى ئتنیکى نێوان پێکهاتەکانى عێراق و چارەسەرو پێشنیارى زۆرینەى سیاسیە.
کێشەکە لێرەدا ئەوەیە دابەشبوونى نەخشەى سیاسى لایەنە عێراقیەکان لەسەر بنەماى تائیفى و ئتنیکیە و زۆرینەش ئاینزاى شیعەیە کە حزبەکەى مالیکى خۆى بە دەمڕاست و خاوەنى ڕاستەقینەى دەزانێت و لە دواى ساڵى 2003 ەوە سەرۆک وەزیران لاى ئەوان بووە لە ئاوا پێشهاتێکدا ئیتر جێگەى پێکهاتەکانى تر لە عێراقدا نابێتەوە لە ئامادەنەبوونى حزب و لایەن و هێزى نیشتمانى و سیکۆیلارو پێشکەوتنخوازو دیموکراسى کە سنوورى تائیفە و ئتنیکى بڕیبێت و بڕواى بە پێکەوەژیان و جیابوونەوەى دین لە دەوڵەت و سەروەربووونى یاسا و یەکسان بوونى هەموو پێکهاتەکان لە بەردەم یاسادا.
ئۆپۆزەسیۆن
خاڵێکى ترى گرنگ زۆر هەستیار کە دەکرێت لە سەرى بووەستین ئەوەیە لە پازدە ساڵى ڕابردووى حوکمڕانى لە عێراقدا هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکانى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە سەرگەرمى بەشدارى کردن لە دەسەڵاتدا بوون و شەیداى چێژو ئیمتیازو پلەو پایە و دەستکەوتى مادى و مەعنەوى بوون بۆخۆیان و حزبەکانیان ئەمەش کەمایەسى و لاسەنگیەکى گەورەى سیستمى دیموکراسیە کەواى کرد جۆرێک لە هاوبەشى و سازان و ڕێکەوتن و چاوپۆشى کردن لە یەکتربەرامبەر زۆر دۆسیەى گەورەو ڕەشى گەندەڵى کە گەلى عێراق باجەکەى دا لە ڕابردوودا.
بۆیە ئەوەى گرنگ و زۆر پێویستە لە خوولى داهاتوودا بەرەیەکى بەهێزى ئۆپۆزەسیۆن پێکبهێنرێت لە هەموو پێکهاتەکانى عێراق بۆ ئەوەى ببنە چاودێرێکى وردو نەترس بەرامبەر هەموو پێشێلکارییە دەستوورى و مالى و بابەتەکانى تریش لە گەڵ داموودەزگا چاودێرى و دەستپاکییەکانى ترى دەوڵەتدا چونکە پرۆسەو هاوکێشەى حوکمڕانى بە بێ ئامادەبوونى ئۆپۆزەسیۆن لاسەنگ و ناتەواوە.
پێکهێنانى کابینەى داهاتوو
ئەوەى پێدەچێت ئەمجارە قورستر و پڕژانتر بێت لە دایکبوونى کابینەى داهاتووى حکومەتى عێراقە ئەگەر کابینەکانى پێشووتر لە پایتەختەکانى دەرەوە نەخشەى بۆ دەکێشرا بەزۆر بەیەکەوە دەلکێنرا ئەمجارە دواى کۆتایى هاتنى شەڕى داعش و کێشەو ململانێکانى ئەمریکا و ئێران و دواى پێشهاتەکانى سوریا و ئیدارەیەکى نوێ لە ئەمریکا و دەستبەکاربوونى زۆرێک لە هەڵۆ و بازە توندڕەوەکان لەناو ئیدارەى ترامپ ئەمجارەى سازان لە نێوان ئەمریکاو ئێران لەسەر دۆسیەى عێراق کارێکى ئاسان نابێت و ئەمریکیەکان بوار بە بەشدارى بە لایەنى ترنادەن و خۆیان بە تەنیا چارەنووسى عێراق دیارى دەکەن کە ئەمەش بێ گێرەو کێشە نابێت.