نەبەز گۆران: ئیرهابی فیكری، یان پیشاندانی حەقیقەت؟!
ئێستا لەلایەن ئەهلی بەرگریكارانی دەسەڵاتە تێكشكاوەكەوە، وتارێكی باو بەرزدەكرێتەوە بەناوی ئیرهابی فیكری. ئەم وتارە لەگەڵ پیشاندانی حەقیقەت تێكەڵكراوە. بۆئەوەی كەمێك سەرنجی لەسەر بدەین، سەرەتا دەگەڕێینەوە بۆ رەگوڕیشە سیاسییەكەی وتاری ئیرهابی فیكری و بزانین لەكوێوە دەستی پێكردوە و، حیزبی كوردی تەقلیدی چۆن بەردەوام لەسەر ئەم وتارە ژیاوە و، كاری لەسەر تیرۆركردنی كەسایەتی بەرامبەرەكانی كردووە.
یەكەم وێستگەی ئیرهابی فیكری، یەكەم جنێوی سیاسیی، یەكەم تیرۆری كەسایەتی لە مێژووی نوێی كوردیدا، دەگەرێیتەوە بۆ ساڵانی شەستەكان، لەو سەردەمەدا یەكەمین جنێوی سیاسیی و تیرۆری كەسایەتی و ئیرهابی فیكری لەلایەن (شێخ محەمەدی هەرسین) لە رۆژنامەی پارتی دژی مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) بڵاو كراوەتەوە. ئەم وتارە بەشێوەیەكی چڕ جنێو پەلامار و تیرۆری كەسایەتی بەرامبەرەكەی دەكات تەنها لەبەر ئەوەی بۆچوونێكی جیاوازی هەبووە! لەرووی سیاسییە لەم مێژووە نوێیەی كورددا_مێژووی حیزبی كوردی_ ئەم وتارە دەبێتە بناغەی یەكەمی ئیرهابی فیكری لە حیزبی كوردیدا و پاشان درێژەی پێدەدرێت و تا ئەم چركەساتەش بەردەوامە.
(خوێنەری بەرێز: شێخ محەمەدی هەرسین كە بناغە دانەری تیرۆری كەسایەتی و ئیرهابی فیكرییە دژی بۆچوونە جیاوازەكانی دەرەوەی پارتی، پاشان خۆی لەناوەراستی حەفتاكاندا لەسەر كێشەی پارە لەلایەن ماڵی بارزانییەوە بەناهەق تیرۆركرا و، جەستەكەشیان نەدایەوە بە خێزانەكەی، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەپارە و ئۆتۆمبێل و خانوو لەگەڵ خێزانەكەی رێككەوتن و ئێستا یەكێك لە كوڕەكانی تیرۆركراوەكە پەرلەمانتاری پارتییە و بەرگریكارێكی سەرسەختی بكوژەكانی باوكییەتی!)
نامەوێت وێستگە بە وێستگە لەسەر ئیرهابی فیكری بوەستم، كە چۆن لە ساڵی شەستەكانەوە تا ئێستا كار لەسەر تێكشكاندنی كەسایەتی یاخیبووی كورد دەكرێت، ناشمەوێت لەسەر ئەو رەوتە فاشییە بووەستم بەردەوام لەم پەنجاساڵەی رابردوودا ئیش لەسەر تیرۆركردنی كەسایەتی یان جەستەیی_ ئەوانەكراوە ویستوویانە دونیابینییەكی دیكەیان هەبێت بۆ حیزب و سیستەم.
بەسەر تەواوی ئەو مێژووەدا تێدەپەڕم هەریەكە لە ئێمە بەپێی تەمەنی خۆی و خوێندنەوەی شاهیدی ئەم ئیرهابەیە و پانتایەكی زۆری ئەدەبیاتی حیزبی داگیركردووە، ئەما بناغەكەی و وێستگەی گەشەكردنی و بەردەوامیدان پێی، هەمان ئەو حیزبەیە كە ئەمڕۆ پێی وایە پیشاندانی حەقیقەت ئیرهابی فیكرییە!
بۆ ئەوەی پیشاندانی حەقیقەت و ئیرهاب و تیرۆری جەستەیی و كەسایەتی جیابكەینەوە، دەبێت بپرسین ئەو مۆدێلە قسەكردنەی لەسەر سیستەم و حیزب دەكرێت، باس لەچی دەكات؟ هەڵبەتە دەزانین سیستەمەكە لە دەرەوە و لە ناوەوە دارزیوە، بێدەنگ بوون لەم دارزینە، بێدەنگ بوونە لە ئایندەیەكی مەترسیدار.
ئەوە ئیرهابی فیكری نییە، رۆشنبیران و سیاسییەكان و چینەكانی كۆمەڵگە قسە لەسەر پیسخۆری حوكومەت و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بكەن، بەڵكو ئەوە نیشاندانی ئەو حەقیقەتەیە لەناو كۆی سیستەمەكەدا پیسخۆر_ی بووە بە كلتوورێكی حیزبی و سیاسیی. ئەوە ئیرهابی فیكری نییە، شارەكان بەزەبری هێز و _هەرچی و پەرچی حیزبی سەركوتبكرێن و دەنگێكی ئازاد باس لەم سەركوتكردنە بكات، بەڵكو خودی ئیرهابی فیكری ئەو سەركوتكردنەیە حیزبی دەسەڵاتدار ئەنجامی دەدات و، دەیەوێت كۆمەڵگەیەك بەرامبەر ئەم سەركوتكردنە بێدەنگ بێت بۆئەوەی ئەو لەسەر ستەمی خۆی بەردەوام بێت! ئەوە ئیرهابی فیكری نییە، خەڵك داوای مافی خۆی بكات، خەڵك داوابكات نەوت و داهاتی ئەم وڵاتە نابێت لەوە زیاتر دوو تاقمی پسخۆر بیخۆن، ئەوە ئیرهابی فیكرییە داوا لە خەڵك بكەیت دەست لە ماف و ئازادییەكانیان هەڵبگرن و دانیشن بەدیار دەستەیەكی نەزانەوە كە ساڵ بەساڵ هەرێمەكەمان بەرەو دواوە دەگەڕێننەوە.
ئەركی رۆشنبیران و كەسە هوشیارەكان و چینەكانی كۆمەڵگە ئەوەنییە ببنە بەشێك لەو مەكینەی ستایشەی دەسەڵات دروستیكردوە بۆ شاردنەوەی دیوە ناشیرینەكانی، ئەركی رۆشنبیران و چینەكانی كۆمەڵگەیە دەست بخەنە سەر برینەكان و كار بكەن بۆئەوەی ئەو برینانە چارە ببن. لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم ئەركەدا دەسەڵات و تاقمە _پیسخۆر_ەكەی ناتوانن بەرگری لە كردە ناشیرینەكانیان بكەن، ناچار بەو دیدە بچوكەی خۆیانەوە پیشاندانی ئەم حەقیقەتە بە ئیرهابی فیكری وێنا دەكەن!
ناكرێت رۆشنبیران و چینەكانی كۆمەڵگە بەم وتارە پوچە نیگەرانبن، چونكە خودی حیزبی دەسەڵات و خودی دەسەڵاتەكە، یەك جیهانی گەورەی راگەیاندن و سیخور و چەك لەشانی هەیە، بۆ تیرۆركردنی جەستەیی و تیرۆركردنی كەسایەتی و، رۆژانە خەریكی پەخشكردنی ئیرهابی فیكری و جەستەیە لەناو كۆمەڵگەدا. دەسەڵاتە تێكشكاوەكە دەیەوێت وەك رۆمانەكەی جۆرج ئۆروێڵ تەواوی فەزاكە كۆنترۆڵبكات و هەموو ئەوانەی لەژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتەدا دەژین بكاتە كەسی ئاراستەكراو و، هەر دەنگێكی ئازاد، هەر حەقیقەت بێژێك، بە ئیرهاب تەفسیربكات. لەكاتێكدا خودی دژبوون بە ئازادی و بە ماف و دادپەروەری پاییەی یەكەمی ئیرهابی فیكرییە. تەنانەت پارێزەران و قسەكەرانی ئەم دەسەڵاتە پیسخۆر_ە، هێندە بێباكن بیانوو بۆ وێرانە_ خیانەت_ كوشتن_ پیسخۆری_ تیرۆر_ دەهێننەوە و مێژووەكەی خۆیان لەبیردەكەن و دەیانەوێت دەنگی ئازادی و دەنگی ماف و دەنگی پیشاندانی حەقیقەتەكان بكەن بە شەریكی مێژووە تاریكەكەی خۆیان و، بێباكانەش وتارێك بەرزدەكەنەوە كە وتارەكە پانتایەكی زۆری مێژووی ئەوانی داگیركردووە! كەسی هوشیار نایەوێت شكۆ و ئەركی خۆی لەبیربكات و ببێت بەبەشێك لەو مێژووە ناشیرینەی ئەوان دەینووسنەوە، بەڵكو كەسی هوشیار لەجێگای خۆیەوە سەرسام دەبێت بەوەی، ئەوان ئەو مێژووە ناشیرینەیان نووسیوەتەوە و هێشتا جەسارەتی ئەوەیان هەیە قسە بكەن!