پشکۆ ناکام: مەهزەلە.
گەر ئەتەوێ تازەترین نوکتەی ئەم هەڵبژارنە ببیستی و تا چوار ساڵی تر و هەڵبژاردنێک و نوکتەیەکی ئەو کاتە پێبکەنیت گوێ لەم نوکتەیە بگرە: نوکتەکەش ئەوەیە کە بنەماڵە و پارتی پاشکۆی باس لە “ئیرهابی فیکری” ئەکەن لە شاری سلێمانی بەرامبەر بە کندیدەکانیان.! ئێوە بیهێننە بەر چاوی خۆتان کە بنەماڵە و پارتی پاشکۆی هەر لە دروست بونیانەوە جگە لە “ئیرهاب” هیچ کلتۆرێکی تر ئەوتۆیان نەبوە کە نە بچێتە خانەی فیکر و نە بچێتە خانەی شنازییەوە، ئێستا وەک تولفێکی مەعصوم خۆی نیشان ئەیا و داواکارە کاندیدەکانیان زیاتر رووبەڕوی ئیرهابی فیکری نەبنەوە.! پێش هەر شتێک فیکری پارتی چیە؟ گەر فیکری پارتی نیشتمان پەرەوەرییە ئەی 31/ی ئاب لە کوێ بشارینەوە؟ گەر فیکری پارتی نەتەوایەتیە ئەی ئاش بەتاڵی ساڵی 1975/ بخەینە کام چاڵەوە؟ گەر فیکری پارتی کلکایەتی نیە ئەی بوونی ئەو هەموو هێزەی تورکیا لە بادینان بە چ سەرپۆشێک داپۆشین؟ گەر فیکری پارتی خۆشگوزەرانی خەڵکە ئەی ئەو هەموو بێ مووچەیی و چارەک و چارەک و نیوە لە سجلی کام بانکا بدڕێنین.؟ گەر فیکری پارتی ئابوری سەربەخۆیە ئەی ئەو هەموو بەتاڵان بردنەی نەوتە لە کام تانکەرا سەرەونقووم بکەین؟ گەر فیکری پارتی عەدالەتی کۆمەڵایەتیە، ئەی بڕینی مووچەیەکی دووسەدهەزار د یناری (کەم) ئەندامێک لەکام خانەی( کەم) فیکری دابنێین گەر نەڵێین هەر (بێ )فیکری تەواو. گەر فیکری پارتی دیموکراسیە بە تایبەتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنا، ئەی ئەو هەموو تەزویرانەی هەر هەموو هەڵبژاردنەکان بخەینە تابوتی کام مردوەوە کە بۆی نەبێ دەنگ بات.؟ و… گەر .. و گەر.
پارتی داوا ئەکات لە سلێمانی ئیرهابی فیکری نەمێنێ لەسەر کاندیدەکانیان، لە کاتێکا حیزب و لایەنی سیاسی نەماوە لە ناوچەکانی ژێر شەقی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی بنکە و بارەگاکانیان نەسوتێنرابێ، کادیر و کاندیدەکانیان تێهەڵنەدرابێ و دروشم و ئاڵاکانیان نەخرابێتە تەنەکەی خۆڵەوە، تەنانەت ئەو گروپانەش کە زۆر “پشی پشی” بۆ بنەماڵە ئەکەن لە ئیرهابی فیکری و ناوچەیی، حاشاحازری شمولیان ناکات، ئەمە وەک مەسەلە سیاسیەکە، خۆ وەک مەسەلە عەشایەریەکەش کەم عەشیرەت و خێڵ و بنەماڵە هەن لە ناوچەی بنەماڵە و پارتی بوو بن ڕاو نەنرا بن، دێهاتیان کاول نەکرا بێ تا حەدی قەتڵ و عامیش ئیرهابی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی باڵا دەست بوە، ئیرهابی فیکری بنەماڵە کەرتی پەروەردەیش لێی بێ بەش نەبوە، شیعرێک بۆ مناڵانی قۆناغی سەرەتایی کە لە زەمانی بەعسیشا ئەخوێنرا: دارا وەرە وا زەردە ئەوڕێ. ئەم چەن دێڕە لە هەولێر قەدەغەیە گوایە سووکایەتی بە رەنگی زەردی ئاڵای پارتی ئەکا! ڕەنگە ئەو زەردە ، شین یان سەوز بوایە پارتی خۆی بە سەدان هەزاری لێ چاپ بکردایە، پارتی لەسەر ئەوەی گوایا سوکایەتی ب رەنگی حیزبکەی ئەکڕێ نەک هەر ئیرهابی فیکری، ئیرهابی پەروەردەیش پەیڕەو ( کە مەترسییەکانی لە ئیرهابی فیکری کەمتر نیە ) ئەکات و ئەو بنەماڵە و پارتیەی پاشکۆی سووکایەتی بە هەموو کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان ئەکەن و کەسیش بۆی نیە بڵێت حاڵێ حسابێ، دەنا بە دەردەکەی سەردەشت و سۆران و شێخ ستار و ویداد و … و… و…. ئەچێت، خۆ ئەگەر کاندیدێکی بنەماڵە دووچاری ناڕەحەتی و قسە و رەفتاری نابەجێ بوو بێتەوە کارێکی زۆر دژە دیمو کراسیە و ئەبێ ڕێ لە دووبارە بوونەوەی بگیرێ، نەک لەبەر ئەوەی ئەو کەسە کاندیدی حیزبێکی زۆر ماقوڵ و نیشتمان پەرەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو کەسە ، ئەو کاندیدە وەک ( تاک) مافی پارێزراوە بۆ بانگەشە و ریكلام کردن بۆ حیزبەکەی، هەرچەنە پارتی لە رووی عەمەلییەوە لە سلێمانی لە جێی نەبوانە و با کاندیدەکانیشیان تۆزێک دەست بە قوڕگیانەوە بگرن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەڵکو ئەمە خوایە دەنگێک، تەپڵەکێک، کورسییەک زیاتر بۆ حیزبی ئیرهابی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی پەروەردەیی و جوگرافی مسۆگەر بکەن لە سلێمانی.
بە کورت و موختەسەر پارتی لە باسکردنی ئیرهابی فیکریا ئەبێ خۆی بشارێتەوە، خواخوای بێ نەیەتە مەوزوعەوە. چونکە داهێنەر و دیساین سازی هەموو ئیرهابێک خۆیەتی. ئەم سكاڵایەی پارتی لە بوونی ئیرهابی فیکری دژی ئەو، وەک سکاڵاکەی (تۆم) بەرامبەر بە (جێڕی) یەتە بەر چاوم. ئیتر ئەبێ ئەم سكاڵایە چ مەهزەلەیەک بێ.
- Latest Posts by
پشکۆ ناکام: بەرد…
-پشکۆ ناکام: دەستکێش..
-پشکۆ ناکام: دوور لە خوا.
- All Posts