یوسف عزەدین: بیناسازییەکى شڵۆق لە پەراوێزى رووخاندنێکى بەردەوامدا.
مێژووى کۆنى بیناسازى لەراڤەکارییەکانى ژاک دریدا- دا بەشێکى جیانەکراوەى حیکایەتى خوداوەندو بەسەرهاتى نێو دوو توێى کتێبە ئایینییەکان بووەو بەمەبەستى هێشتنەوەى ئەوان ئەو هەموو کۆشک و تەلار و پەرستگەو مینۆمێنتانە دروستکراون، دواتریش بیناسازى هەر بەمەبەستى مەزنکردن و پیرۆزڕاگرتنى ئەریستۆکرات و چینى سەردەست و دەوڵەت و بۆرژواکان ئیدامەى پێدراوە، ژاک دریدا دەرحەق بەبیناسازى نوێش نیگەرانەو بەقەڵاى میتافیزیک- ى دەداتە قەڵەم و پێیوایە هەموو ئەو تەرز و مۆدێلە بیناسازییەى رۆژئاوا دەبێت لە گۆشەنیگاى (تەفکیک) هەڵوەشاندنەوەوە تێی بڕواندرێت.
هەر بۆ نمونە لێدانى ( رۆدنى کینگ)ى رەش پێست لەلایەن پۆلیسى لۆس ئەنجڵۆس- وە، وای لێدەکات بڵێت: (ئەگەر لەشارێکدا پۆلیس و یاسا هێندە توندو تیژ بن و گەڕەکەکانى بەپێى رەگەز و بارى دارایى و ئابووریى خەڵکەکەى لێک جیاکرابێتەوەو سەرەڕاى لێدانى توندى کەسە رەگەز ( ئەفریکى- ئەمریکییەکان) لەلایەن پۆلیسى ئەو شارەوە، لەکاتێکدا کەبەکامێراى ڤیدیۆ وێنەگیراوەو خەڵک لێى ئاگادارە، ئەگەر هەموو ئەمە هیچ لاى خەڵکى ئەو شارە دروست نەکات و بەبێدەنگى بمێنێتەوە، ئەوە دروستکردنى جارێکى ترى ئەم شارە تەنیا بەدروستکردنى بیناى نوێ و پەرەپێدانى بیناسازى نابێت، تەنانەت هەر هەمووشى بەچەکوچ و پیک بڕووخێنیت و سەر لەنوێ دروستی بکەیتەوە ناگەیتە هیچ.. چونکە دەبێت لەدنیابینییەکى سیاسى نوێوە هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى مۆدێلى کۆن بدەیت و شتێکى نوێ دروست بکەیتەوە).
دەبینیت دەستدرێژیکردنى پۆلیس و لێدانى(رۆدنى کینگ)، بەڕاوبۆچوونى ژاک دریدا شتێکى دابڕاو نییە لەبونیادى ئەو بیناسازییەى کەسیمبۆلى ئەو دەسەڵاتەیەو هێندە بەسە بۆ پرسیارکردن سەبارەت بەمۆدێل و بونیادى ئەو بیناسازییە تەقلیدییەو هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەى، چونکە چەشن و شێوەو مۆدێلى بیناسازى کۆمەڵە جیاجیاکانى خەڵک شتێک نییە بکەوێتە دەرەوەى سیستمى حوکم و دەسەڵات، لەماوەى ئەم چەند ساڵەى پێشوودا، راشکاوانە ئەو گەڕیدانەى کەبەنێو کوردستاندا گوزەریان کردووە ئاماژەیان بەسادەو ساکاریى بیناسازیى شارەکانیان داوەو لەوە حاڵیبوون کەکورد بەدەر لەمۆدێلى بیناسازى چاخە جیاجیاکان، هەمیشە لەپەراوێزى بیناسازیدا تەنیا وەک شوێنێکى مانەوەو حەوانەوە روانیویەتییە ئەو خانوو و بینا ساکارانەى کەسادەترین کەرەستەى لەدروستکردنیدا بەکارهێناوەو کارێکى بەلایەنە ئێستەتیکى و جوانکارییەکانى مۆدێلە جیاجیاکانى بیناسازى نەبووەو ئەوەى بەلایەوە گرنگ بووە بوونى مەسکەن و ماڵێک بووە تاتێیدا بگوزەرێت، ئەمە وەک رێسایەکى گشتى لەنێو زۆربەى کورددا پەیڕەوکراوە، گەرچى ئەگەر لێرەو لەوێ بنەماڵەیەکى حوکمڕانى لەناوچەیەکى دیاریکراودا بەکاریگەرى بیناسازیى میللەتانى تر و بەلاسایى کردنەوەى ئەوان هەوڵى دروستکردنى باڵەخانەو خانوو بەرەو مزگەوت و قەیسەرى و شتى لەو بابەتانەى دابێت و وەستاو کرێکارى لەشوێنانى ترەوە بۆ هێنابێت، ئەوە مەسەلەیەکى ترەو لەخودى دیدگەیەکى بیناسازیى کوردییەوە سەرچاوەى نەگرتووە کەپێشتر هەبووبێت، لێرەدا بەگشتى مەبەستمان لەچەند سەد ساڵێکى لەمەو پێشى کوردە، ئەگینا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکى دێرینى کوردو بەوردى بەشوێن شوێنەوارە بیناسازیەکانى کورددا بگەڕێیت و تواناى ساغکردنەوەو دۆزینەوەیت هەبێت، ئەوە دەبێتە باسێکى ترو قسە زۆر هەڵدەگرێت.
بەڕاوبۆچوونى هایدگەر و دریدا- ش ئەسڵى مەتڵەب لەبیناسازیدا دروستکردنى مەسکەن و ماڵ و شوێنى حەوانەوەیە، هایدگەر بیناسازیى و دروستکردنى ماڵ و بیرکردنەوە پێکەوە گرێدەدات و وەک پێکهاتەیەکى لێک دانەبڕاو تێی دەڕوانێت، دیارە بەدرێژایى مێژووش لەپشت بیناسازى و کۆشک و تەلار و پەرستگەى چینە باڵادەستەکانەوە بیناسازییەکى سادەو ساکارى خەڵکە ئاساییەکە هەبووە، لەڕووى دروستکردنى ماڵ و شوێنى حەوانەوەو هەموو ئەمانەش کەوتوونەتە پەراوێزى شارى سوڵتان و ئۆرستۆکرات و چینە باڵادەستەکان، بەڵام لاى کورد لەمێژووى چەند سەد ساڵێک لەمەوپێشیدا و سەربارى هەوڵدانى هەندێک بنەماڵە بۆ لاسایى کردنەوەى بیناسازیى شوێنانى دیکە، بەڵام شتێکى ئەوتۆیان لەڕووى بیناسازییەوە بنیاد نەناوە کەبەتەواوى دنیایەکى جیاواز و نەیار بێت بەدنیاى خەڵکە ئاساییەکە، بەواتاى پەراوێزخستن و سڕینەوەیان، تەنانەت کاتێک بابانەکان بەمەبەستى لاسایکردنەوەى شارە عوسمانییەکان لەڕووى بیناسازییەوە، سلێمانى دروست دەکەن، وێنەیەکى بچکۆلەکراوەى مزگەوت و باڵەخانەو سەراو حەمام و کۆڵان و گەڕەکەکانى ئەوان دەگوێزنەوە بۆ ئەو پانتاییە جوگرافییەى ناوی دەنێن سلێمانى و دواجار شارێک دروست دەکەن کەجیاوازییەکى ئەوتۆ لەنێوان کۆڵان و گەڕەک و شوێن و جێگە دروستکراوەکانیاندا نابینرێتەوەو بەراورد ناکرێت لەگەڵ ناکۆکیى و جیاوازیى خودى کۆلان و گەڕەک و شوێن و جێگەى ئەو شارە بنەڕەتیانەى کەئەوان لەڕووى بیناسازییەوە لاساییانکردۆتەوەو لەو دەمەدا لەخەیاڵى دروستکەرانى سلێمانى- دا هەبووە. گەرچى ئەو هارمۆنییەت و لێک نزیکییە بەپێى زەمەن دەگۆڕێت، بەڵام تا ماوەیەکى نزیکیش بەشێوەیەکى گشتى ریتمێکى لێکچووى بیناسازیت دەکەوتە بەرچاو و حەمام و قەیسەرى و بازاڕ و خانووى کۆن و شوێنە دێرینەکان بەشە سەرەکییەکەى ئەو شێوازە بیناسازییەیان پێکدەهێناو ئەمەش کاریگەرییەکى زۆرى بەسەر سایکۆلۆژیەتى خەڵکەکەیەوە هەبوو لەڕووى هەماهەنگى و بەشداربوونى لەهەر شتێک کەپەیوەست بووایە بەچارەنووسى خۆى و شارەکەیەوە، دیارە پێشتر شارەکانى کوردستان یەک وێنەو سیمایان هەبووە، بەڵام لەمڕۆدا فرە وێنەو فرە سیمان و دۆزینەوەى شارە کۆنەکانى ئەم دەڤەرە نەخشەى تایبەتى دەوێت؟!
شایانى باسە کاتێک لەمڕۆدا بەنێو ئەم پانتاییە جوگرافییە دیاریکراوەى ئەم دەڤەرەدا گوزەر دەکەیت، چەند تەلار و کۆشک و ئوتێل و ساختمان و پردو سوپەرمارکێت و رێستۆرانت و ئەو شتانە سەرنجت رادەکێشن، ئەوەندەش بینا رووخاوەکانى زۆربەى شوێنە دێرینەکانى نزیک شەقام و نێو کۆڵانەکان ئێخەت پێدەگرن و بۆ ساتەوەختێک وادەزانیت هەموو ئەوانە پاش بۆردوومانێکى خەست و خۆڵ بەو حاڵە گەیشتوون و نازانیت لەئێستاى بیناسازییى کوردیدا ئەقڵیەتێک کاردەکات کەپێى شەرمە چیتر ئەو شوێن و جێگە دێرینانە ببینێت، بەزووترین کات دەیڕووخێنێت و لەجێى بیناى نوێ دروستدەکات، ئەمە لەکاتێکدا زۆربەى ئەوەى کە دروستدەکرێت ئوتێل و رێستۆرانت و شتى لەو بابەتانەن و هەر کەسێکیش لەمە بڕوانێت ئەو پرسیارەى لادروست دەبێت کەتۆ بڵێى گەشتیار و توریست و موسافیرێکى هێندە زۆر بەڕێوەبن، تا دەیان کۆمپانیاى بیناسازى بەعەجایبترین شێواز و مۆدێل لەهەوڵى دروستکردنى ئەم هەموو ئوتێل و رێستورانت و پارک و شوێنى حەوانەوەیەدا بن، ئەگینا رێژەى هەرە زۆرى خەڵکى ئەم دەڤەرە پێویستى بەهیچ کامێک لەو شتانە نییەو پێناچێت مووچەى مانگانەى فەرمانبەر و کرێکارێکى ئەم وڵاتە بەشى ژەمێکى نانخواردنى ناو یەکێک لەو رێستۆرانتانە بکات، کەزۆرێکیان چێشتلێنەرو گارسۆن و قاپ شۆر و تەنانەت بەڕێوەبەرەکانیشیان لەدەرەوەى وڵاتەوە هێنراون، هەروەک چۆن زۆرێک لەکۆمپانیا بیناسازییەکان کرێکارى وڵاتانى تر دەهێنن، هەروەک لەم دەڤەرەدا کرێکار قاتى بێت، بەڵام لەپشت ئەم دنیایەوە خەڵک بەگشتى هەر بەریتمى جاران لەهەمان بازاڕە کۆنەکاندا پێداویستییەکانى خۆى دەکڕێت و مەگەر لەریکلامى تەلەڤزیۆنەکانەوە چاوى بەناوەوەى ئەو ئوتێل و ساختمان و رێستۆرانتانە بکەوێت.
بەهەر گۆڕەپان و بازاڕێکى شارە کۆنەکانى ئەم دەڤەرەدا بگەڕێیت، بوونى چەندان عەرەبانەو خەڵکى دەستفرۆش و سەدان سواڵکەر و دەیان کچ و ژنى سەوزەو ماست و دانەوێڵە فرۆشى سووچ و پەناى بازاڕەکانى حیکایەتى نەبوونى و نەداریى تراژیدیانەى ئەو خەڵکەت بۆ دەگێڕنەوە، بینینى ئەو گەنجە بێ ئیش و کارانەى نێو چایخانەکان دەلالەتى فەراهەمنەکردنى کارگەو شوێنى کارە بۆیان، بەڵام هێنانى بەردەوامى ژمارەیەکى زۆرى کرێکارى بیانى، بەکەناس و خۆڵڕێژیشەوە دیمەنى وڵاتێکى تێرو پڕ دەخاتە پێشچاوى ئەوەى لەدەرەوەى ئەم دەڤەرەدایەو دەیگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى کەخەڵکەکەى هێندە باریى ئابوورییان باشە، کەسێکى تێدا نەماوە ببێتە کرێکار و بەناچاریش دەبێت لەدەرەوە بیانخوازن.
دیارە لێرەدا مەبەستمان لەوە نییە کەئەم دەڤەرە لەڕووى بیناسازییەوە دەبێت وەک خۆى بمێنیتەوەو نابێت دەستکارى بکرێت، بەڵکو مەبەستمان لەوەیە تەنیا بەلاساییکردنەوەو رێ پێدانى ئەم کۆمپانیاو ئەو کۆمپانیا لەدروستکردنى هەر بیناو تەلارو کۆشک و ساختمان و شوێنێک کەمەبەستیانەو بەرژەوەندییان وادەخوازێت و لەگەڵ دنیابینى سیاسى ئەواندا تەباو گونجاوەو هیچ ئیزافەیەکى بۆ ئێستاى خەڵکى نەدار و بێکارى ئەم دەڤەرە پێ نییە؟!
ئەمە جگە لەوەى ئەقڵیەتێک بەبێ گوێدانە سیستمى شارەکانى پێشوو، لەڕووى بەرزى و نزمى و تەسک و ترووسکیى شەقامەکانى کەلەسەردەمێکدا بۆ هاتووچۆى وڵاخ و عەرەبانە دروستکراوە، بەبێ گوێدانە ئەمانەو زۆر شتى تر، تەنیا بەڕووخاندنى فڵانە بیناى کۆن و دروستکردنى شتێکى نوێ لەشوێنى، بێجگە لەپڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کەدواى رووخاندنى بینا کۆنەکە دروستبووە، هیچى ترت بەئەنجام نەگەیاندووەو تەنیا ئاڵوگۆڕێک کەببینرێتەوە گۆڕانى شکڵ و شێوەو مۆدێلى شتێکە بەشتێکى تر. بەڵام زۆرێک لەوڵاتانى دنیا بەبێ دەستێوەردانى شوێن و بیناو خانووە کۆنەکانى خۆیان، بیناسازیى نوێ بەڕیتمێکى پڕ لەهارمۆنییەت و تەبایى تێکەڵ بەدنیاى کۆن دەکەن، بەپێى بوونى پانتایى و بۆشاییەکان دوور و نزیک خۆیانى لێدەدەن، ئەگەر پێویستیکرد لێى دووردەکەونەوەو یان لەگەڵیدا تێکەڵ دەبن، بەبێ ئەوەى جوانییەکانى بشارنەوە. بەڵام لاى ئێمە لەباشترین شێوەیدا ئابڵووقەى دەدەن و دەیشارنەوە، لەزۆر شوێنى دنیادا بەوردى لەڕووى بیناسازییەوە مامەڵە لەگەڵ کڵێساو مزگەوت و پەرستگەو مۆزەخانەو کتێبخانە دێرینەکان و شوێنەوارەکان دەکرێت، تابتوانرێت لەدەوروبەریدا بازاڕ و دوکان و ساختمانى بەرز دروست ناکرێت. هەروەک نمونەیەک ( مزگەوتى گەورەى سلێمانى)، وەک شوێنێکى کۆنى شارەکە، هیچ حیسابێکى بۆ نەکراوەو بەچەندین بازاڕ و دوکان و دەستفرۆش دەورە دراوە؟! یان رێگەدان بەڕووخاندنى زۆرێک لەشوێنەوارە کۆنەکان، هێدى هێدى حەمام، قەیسەرى، سینەماى کۆن و هەموو ئەو شتانەى لەڕووى بیناسازى و کلتوورییەوە گرنگییان هەیە و حیکایەت و بەسەرهاتى زەمەنەکانى پێشوو لەخۆدەگرن، دیارە نامێنن!؟.
راستییەکەى زۆر نموونە هەن کە زۆرجار جیاوازییەکى ئەوتۆیان لەگەڵ رووخانیدا نییە، لەپڕ بینایەکى کۆن و گرنگت بەرچاو دەکەوێت.. راستە نەڕووخێنراوە بەڵام پێشەکەى شووشە بەندکراوە یان دیکۆرێکى نوێى بۆ کراوە، ئەمە جگە لەو پەیکەرانەى کەلەمڕۆدا لەزۆر شوێنى ئەم دەڤەرەى کوردستاندا دەبینرێن و زۆریان ئازارت دەدەن، بەتایبەت کاتێک دەبینیت جوانترین شاعیرى تۆ ناشیرین کراوەو کراوەتە بت، کاتێک بەنێو کۆمەڵێک پەیکەرى لەو چەشنەدا تێپەڕدەبیت وا دەزانیت لەنێو بتخانەیەکى ناشیریندایت و حەز دەکەیت وەک ئیبراهیم هەموو ئەو بتانە تێک بشکێنیت، بەڕاستى ئەوەندە ئاسان نییە پەیکەرسازێک خۆى بدا لەقەرەى دروستکردنى پەیکەرى کەسانێکى وەک ( نالى، مەحوى) و زۆرى تریش لەو زاتانەى کەبۆت نییە رۆحى یاخییان بکەیتە بەرد.
کاتێک “دۆنکیخۆتە” باسى ئەوە بۆ “سانچۆ”ى خزمەتکارى دەکات کەڕۆژێک دادێت پەیکەریان بۆ دەکرێت، پاش ساڵانێکى دوور و درێژ بەتواناترین پەیکەرساز ئەو ئاواتەى “دۆنکیخۆتە” دێنێتە دى و دوو پەیکەر بۆ هەردووکیان دەکات، کەلەناخەوە دەتهەژێنێت، بەبینینى دنیایەک تێڕامان و پرسیارت لا دروست دەبێت و هەستدەکەیت هێشتاکە “دۆنکیخۆتە” زیندووەو بەدواى ماجەرا-دا دەگەڕێت.
ئاشکرایە کەپەیکەرسازى و بیناسازى بەشێوەیەک ئاوێتەن کەلە زۆر شارستانیەتدا هاوشانى یەکتر بەرەو پێشچوون و هەریەکێکیان گوزارشت لەویتریان دەکات، هەروەک چۆن لەبیناسازیى ئێستا و لەمەوپێشى ئەم دەڤەرەدا شلۆقى و ناجێگیریى هەیە، ئاواش دنیایەک پەیکەر هەیە کەگومان لەو شوێنەش دەکرێت کەتێیدا دانراوە، بۆیە هەر ئەوەندەت زانى یەیکەرێک لەشوێنێکەوە برایە شوێنێکى تر، یان رەنگە پاش ماوەیەک بەتەواوى دیار نەمێنێت، کەواتە مەعلوم نییە ئەوەى لەمڕۆدا دروستدەکرێت چەند دەمێنێتەوە، کەى دەڕووخێنرێت و لەجێى شتێکى تر دروستدەکرێتەوە، یان بۆ دەبێت لەجێى شتێکى تر دروستبکرێتەوەو دەیان پرسیارى تر کەهەردەم مێشکى زۆرێک لەخەڵکى ئەم دەڤەرەیان جەنجاڵکردووە؟!