yusf

یوسف عزەدین: سەرەتایەك بۆ باسكردنى رەهەندە جوداكانى ئیكۆ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

” هیچ شتێك لەمڕۆدا نییە لەشڵەژان و شێواندن بەدەربێت، هەروەك چۆن هیچ شتێكیش نییە دوور بێت لەجەهل و ئیلتیباسەوە” – ئیمبیرتۆ ئیكۆ
” گەردوون بۆیە هەیە تاببێتە بابەتى كتێبێك”- مالارمێ
” هیچ ئایینێك رۆژێك لەرۆژان سەركەوتوو نابێت لەیەكخستنى خەڵكدا، بەڵكو بەپێچەوانەوە تائێستا هۆكارى سەرەكى هەموو كێشەو كارەساتەكانە، بەو هەموو سەربڕین و ئەشكەنجەدانە رۆحى و جەستەییە دڕندانەیەى كە وشە لەئاستیدا دەستەوسانەو تاتوانێت گوزارشتى لێبكات… ئەگەر هەموومان مولحید بووینایە لەدنیایەكى زۆر ئاشتیخوازانەدا دەژیاین”- خۆسێ ساراماگۆ

نووسین و خوێندنەوەو راڤەكارییەكانى ئیكۆ ئاسایى نین، هەروەك چۆن سەتحى و راگوزەریش نین، رۆچوونە نێو قووڵاییەكانى ئەوەى كەئیكۆ دەیەوێت بیڵێت، چەند ئاسان بێتە پێش چاو ئەوەندەش ئاستەم و قورسە، واپێدەچێت ئەو پیاوە حیكایەتخوانى زەمەنێكى دیكە بێت و پاش هەڵسانەوەى لەمەرگ بەچەشنى تارمایى گەڕابێتەوەو مەبەستى بێت لەمڕۆدا گاڵتەجاڕى دنیامان بەو پەڕى جدییەتەوە بۆ باس بكات، عەبەسێكى سەیر لەقووڵایى نووسینەكانى ئەو زاتەدا هەیە، رەنگە بەخوێندنەوەیان بگەینە ئەوەى كەئیدى ئێمە هەموو شتێكمان دۆڕاندووەو ئەوەى كەدەشیكەین ئیدامەدانە بەژیان و گوزەرانێكى ساختە، كەخودى كەسانى دەسەڵاتدار و سیاسى تێدا بوونەتە حیكایەتخوان و حیكایەتە بێ پێزەكانى خۆیانمان بۆ دەگێڕنەوە، ئیكۆ پێى وایە “بوش” لەمڕۆدا خۆى كردۆتە شەهرەزادو هەر لەداگیركردنى ئەفغانیستانەوە هەر رۆژەى حیكایەتێكمان بۆ دەگێڕێتەوەو وەك شەهرەزادیش بەمەبەستى دوورخستەنەوەى رۆژى لەناوچوونى دەبێت ئیدامە بەحیكایەتەكانى بدات.
ئیكۆ بەمەبەستى خستنەڕووى ئەو شكست و كەوتنە مەعریفى و فەرهەنگییەى كەلەم چاخەدا دەبینرێت رۆدەچێتە نێو قووڵاییەكانى مێژوو، هێزى مێژوو لاى ئەو هێزیكى ساختەیەو هێندەى مەبەست لەنووسینەوەى مێژوو تێكشكاندنى تاك و حیساب بۆنەكردن و راگوزەركردنى بەسەر رووداوەكاندا بەبێ هیچ راڤەكارییەك، هیچ مەبەستێكى دیكەى تێدا نابینرێتەوە، مێژوو لاى ئەو دیزانێكى ئینتلیجینسیاى چاخەكانە هەر لە ئۆگستینەوە تا ئێستا.
ساتەوەختى رۆچوونى ئیكۆ بۆ مێژوو ساتەوەختێكى جیاوازە لەگەڵ خودى مێژوو خۆى، گومانكردنى ئیكۆ لەسەرجەم ئەوەى كەلەبارەى مێژووەوە هەیە، گومانێكى بارگاوییە بەئەرگۆمێنت، گومانكردنى لەئۆلۆمپیات-ێك كەلەسەردەمانێكى پێشوودا هەبووبێت، مایەى پرسیارە.. گومانكردنى لەو سەرچاوانەى بەناوى خستنەڕووى راستیەكانەوە شتەكانمان بۆ دەگێڕنەوە، تا ئەو رادەیەى كەلەمڕۆدا لەڕێى دنیاى میدیاتیكەوە مێژووى راستەقینەو خەیاڵ بەچەشنێك تێكەڵ بووە كەلێك جیاكردنەوەى لەیەكدى بۆتە ئاستەم، ئیكۆ باس لەوە دەكات چۆن خوێنەرانى بەریتانیا بەپێى راپرسییەك كەلەئێستادا كراوە “رۆبن هود” یان پێ كەسایەتییەكى ریالیستییە نەك”ریچارد- ى شێر دڵ” كەلەجەنگى مەسیح-ئیسلام-ى سەردەمى سەلاحەدین- دا گەورەترین رۆڵى هەبوو، ئەمەو زۆر نمونەى تر كەسەرنجى نوسەرێكى وردبینى وەك ئیكۆ بەلاى خۆیدا رادەكێشێت و هەموو ئەمانەش لاى ئەو پرسیارەو تێكەڵ بەدنیاى بیركردنەوەو نووسینى دەبێت، لەزۆربەى وتارەكانیدا ئاماژە بەكێشەكانى ئەمڕۆى دنیا دەدات، بۆ نمونە لەوتارێكیدا سەبارەت بەئایین كەئاخۆ یەكمان دەخات یان لێكمان جودا دەكاتەوە، بۆچوونێكى نووسەری پۆرتوگالى “خۆسێ ساراماگۆ” بەنموونە دەهێنێتەوە كەدەڵێت:” هیچ ئایینێك رۆژێك لەرۆژان سەركەوتوو نابێت لەیەكخستنى خەڵكدا، بەڵكو بەپێچەوانەوە تائێستا هۆكارى سەرەكى هەموو كێشەو كارەساتەكانە، بەو هەموو سەربڕین و ئەشكەنجەدانە رۆحى و جەستەییە دڕندانەیەى كە وشە لەئاستیدا دەستەوسانەو تاتوانێت گوزارشتى لێبكات… ئەگەر هەموومان مولحید بووینایە لەدنیایەكى زۆر ئاشتیخوازانەدا دەژیاین”.
تەنانەت ئیكۆ ئاماژەش بەوە دەدات كە كۆڵەكەى سەرەكى نازییەكان لەتێفیكریندا دەستەواژەى” خوا لەگەڵمانە” دەگرێتە خۆى، هەروەك چۆن فاشییەكانیش لەلایەن سوپایەك لەراهیب و قەشەوە دروشمەكانیان پیرۆزكرا.
ئیكۆ كەسێكى بیرمەندەو پرسیارەكانى سەبارەت بەڕەهەندە جوداكان هێجگار گرنگن و جیاناكرێنەوە لەدنیاى ئەدەبى ئەو، بەتایبەتیش رۆمان كەتوانى پاش سێرڤانتیس بەموجازەفەیەك
لەدنیاى نووسینى رۆماندا بێتە نێو دنیاى رۆمان نووسین، ئەو پیاوە لە تەمەنى چل و شەش ساڵیدا دەستى دایە نووسینى یەكەمین رۆمانى خۆى، ئەوەى كەتایبەتە بەسەرگوزشتەى ئەو دەستدانە نووسینى رۆمانەى هەرچەندە وەك رێكەوتێك دێتە پێش چاو، بەڵام لەڕاستیدا ئەو دەمەى لەدنیادا وەك لێتۆژەرێكى سیمیۆلۆژى ناسرابوو، ئەو بەبێدەنگى یەكێك بوو لەشەیداكانى دنیاى ئەدەب و بەتایبەتیش شەیداى دنیاى نووسینى بۆرخیس و ماركیز.
كاتێك دەزگایەكى بڵاوكردنەوەى ئیتالى ئەو و چەند نووسەرێكى دیكەیان بانگهێشت كرد بۆ نووسینى رۆمانى پۆلیسى بەبێ گوێدانە ئەوەى نووسەر رۆماننووسسە یان نا، چونكە لەو دەمەدا رۆمانى پۆلیسى خوێنەرێكى زۆرى هەبوو.
ئیكۆ لەساڵى 1978دا لەبیرۆكەیەكى ساناوە دەستیكرد بەنووسینى یەكەمین رۆمانى، ئەو بیرۆكەیەش وەك خۆى دەڵێت:” ئارەزوویەكم هەبوو بۆ ژەهراوى كردنى راهیبێك”، ئەمە جگە لەوەى وەك خۆى ئاماژەى پێدەدات شارەزایى ئەو لەچاخەكانى ناوەڕاستدا و نەشارەزایى لەچاخەكەى خۆى واى لێدەكات، زەمەنى رووداوەكان بگوێزێتەوە بۆ ئەو زەمەنەو لەوێوە دەست پێبكات، سەبارەت بەناونانى رۆمانەكەشى بە”ناوى گوڵ” دەڵێت:” ناونیشان دەبێت بیروهزر بشێوێنیت نەك لەقاڵبى بدات”.
نووسینى ئەو رۆمانە لەلایەن ئیكۆ- وە بەگەڕانێكى نائاسایى دەست پێدەكات بەشوێن وێنەو دیمەنە لەبیركراوەكان، یان لەبیرنەكراوەكان.. گەڕان بەنێو كۆریدۆر و پاساژەكانى مێژوویەكى ئەندێشەكراو، یان مێژوویەكى واقیعى سەدەكانى ناوەڕاست.. هەڵدانەوەى سەدان كتێب و گەڕان بەشوێن ناوى شوێن و كەسایەتى و ژەهر و شتەكانى دى.. گەڕان بەنێو دنیاى گومان و نایەقین.. وردەكارى ئیكۆ لەكاركردندا لەوردەكارى كاركردنى وەستاكانى سیرامیكى شارى ئەلیساندریاى زێدى نووسەر دەچێت، ئەمە جگە لەوەى رۆمانەكە بەچەشنێك لەسینەماگرافیا لەلایەن زۆر كەسەوە دەناسێنرێت، هەموو ئەوانەى رۆمانەكەیان خۆێندبۆوە، كاتێك رۆمانەكەیان بەفیلم بینى بەو چەشنەى لەكاتى خوێندنەوەى رۆمانەكەدا چێژیان بینیبوو، چێژیان لەفیلمەكە نەبینى و پێیان وابوو خودى رۆمانەكە زۆر زیاتر تەسوویرى بووە لەفیلمەكەو باشتر و جوانتر ماجەراو وێنەو دیمەنەكانى پیشانداوە.
ئیكۆ- ى یاخى لەهەموو پێودانگە تەقلیدییەكان، لە” شكست” دا باس لەدەسەڵاتى ئیدمانى زمان دەكات، وەك كردەیەك كەبەرانبەر بۆ خەڵاتاندنى ئەویتر دەیكات و بەمەبەستى سڕكردنى بەكاریدەهێنێت، بۆیە دەڵێت:
” رەنگە زمان كردەیەكى خودى گرنگ بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ لەهەموو كەوتنێكدا پێویستى پێیەتى”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت