عه‌تا قه‌ره‌داخی: كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و سروشتی په‌ره‌سه‌ندنی.
مه‌به‌ست له په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی چییه؟ ئایا هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان یه‌ك شێوه‌ی په‌ره‌سه‌ندنیان هه‌یه؟ ئایا ئاراسته‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان به‌ره‌و كوێیه؟ كۆمه‌ڵگه له په‌ره‌سه‌ندنیدا به چی ده‌گات و چ جۆره دامه‌زراوه‌یه‌ك دروست ده‌كات؟ ئایا جووڵه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی خێرایه یان هێواش؟ ئایا په‌ره‌سه‌ندن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا چۆنه؟ ئایا هێز و ده‌سته و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌توانن به ویستی خۆیان جووڵه‌ی كۆمه‌ڵگه و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته بكه‌ن؟
ئاشكرایه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ی كه ئێسته ده‌یبینین به‌رهه‌می جووڵه‌ی ناوخۆیی و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خودی مرۆڤایه‌تییه. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردووی دوور ئه‌وا به‌جۆرێك باسی سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی مرۆڤ ده‌كرێت كه ره‌نگه ئێسته تهسهوركردنی واقیعییانه‌ی ئه‌و قۆناغه گران و له هه‌مان كاتدا ته‌مومژاوی بێت. به هه‌رحاڵ شێوه‌ی دیار و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێناسه‌كراوی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی كه به كۆمه‌ڵگه ناو براوه له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌شێ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باسی كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی و قۆناغی كۆیلایه‌تی و قۆناغی فیودیالی و قۆناغی سه‌رمایه‌داری بكرێت. به‌پێی دیالیكتیكی مێژووی كۆمه‌ڵگه به‌پێی شێوازی په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌مهێنان و هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له جووڵه‌یه‌كی هێواشدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و له هه‌ناوی هه‌ر قۆناغێكدا گۆڕههڵگهنی ئه‌و قۆناغه له دایك بووه و رابه‌رایه‌تیی قۆناغی دواتری كردووه. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه و له جووڵه‌یه‌كی خاو‌دا رووی داوه.
وه‌ك له روانگه‌ی هه‌ندێ كۆمه‌ڵناسی وه‌ك ئیبن خهلدوونیشهوه كه كۆمه‌ڵایه‌تیبوون له پله‌ی یه‌كه‌مدا به‌هۆی هۆكاره‌كانی خوێن و ده‌ماره‌وه بووه، ئه‌ویش جووڵه‌یه‌كی هێواشی هه‌بووه و سه‌باری ده‌ركه‌وتنی پێكهاته و دامه‌زراوه‌ی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام ئه‌و جووڵه هێواشه وایكردووه ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه خوێن و ده‌مار بنه‌مای پێكه‌وه‌به‌ستنیان بووه له كۆمه‌ڵگه جۆراو جۆره‌كاندا بوونیان به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ك چه‌ندین هۆكاری تایبه‌تیش وه‌ك بزوێنه‌ری مێژوو دیاری كراون وه‌ك ئابووری و فاكته‌ری خوێن و ده‌مار و رۆح و رۆمانسیی سروشت و… تاد.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه و سه‌رباری بڕوابوون به بوون و جیاوازی مۆتیڤه‌كانی بزوێنه‌ری مێژوو، جۆرێك له كۆده‌نگی سه‌باره‌ت به ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه، ئه‌ویش له‌وه‌دا كۆ بووه‌ته‌وه كه كۆمه‌ڵگه به‌پێی كارلێك و جووڵه و پێكه‌وه كاركردنی كۆی ره‌گه‌زه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی خودی خۆی ده‌جووڵێت و په‌ره‌سه‌ندنی خۆی ده‌كات كه ئه‌ویش ملكه‌چی یاسا خۆیی و بابه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به بوون و پێكهاته‌ی خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه، كه ئه‌ویش هه‌میشه جووڵه‌یه‌كی هێواش و سروشتی هه‌یه به‌پێی سروشتی تایبه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه هه‌بێت كه په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وتی مێژوو له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌پێی سروشتی پێكهاته و كارلێكه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌ڕوات، ئه‌وا ناتوانین بڕوا به‌وه بكه‌ین كه رۆڵی تاكه‌كه‌س و ته‌نانه‌ت ده‌سته و گرووپیش گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان ده‌بێت، ناشێت ته‌سه‌وری ئه‌وه بكرێت تاك به ته‌نیا، یان ده‌سته‌و گرووپ بتوانن گۆڕانی گه‌وره له سروشت و له جووڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا دروست بكه‌ن، ئه‌مه روانینێكی سیۆسیۆلۆجیه، به‌ڵام هاوكات مێژووی مرۆڤایه‌تیش نیشانی ده‌دات كه چۆن هه‌ندێك جار تاكه‌كه‌س یان ده‌سته و گرووپ چ رۆڵێكی دیاریان هه‌بووه به تایبه‌تی له كاتی هه‌ندێ رووداودا كه جۆرێك له دابڕان له‌گه‌ڵ قۆناغی پێتردا روویان دابێت.
بێگومان ره‌نگه له شێوه‌ی جۆرێك له جووڵه‌یه‌كی میكانیكیدا هه‌وڵ بدرێت كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و گۆڕان ببرێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پێداویستییه كۆمه‌ڵایه‌تی و بنیادییهكانی ئه‌و گۆڕانكارییه بوون و ئاماده‌بوونیان هه‌بێت و كۆمه‌ڵگه ره‌وتی مێژووی خۆیی بڕیبێت، هه‌وڵ بدرێت ماوه‌ی ئه‌و قۆناغه مێژووییه كورتتر بكرێته‌وه و جووڵه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه خێرا بكرێت و گۆشهجووڵهی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون كه به‌سروشتی گۆشه‌یه‌كی زۆر تیژه و له چه‌ند پله‌یه‌كی زۆر كه‌م زیاتر نییه، بكرێته گۆشه‌یه‌كی وه‌ستاو، یان كراوه، ئه‌وا مانای وایه له ده‌ره‌وه‌ڕا و به هێزێكی میكانیكی هه‌وڵی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه ده‌درێت كه ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ سروشتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناگونجێت، سه‌رئه‌نجام ده‌بێته هۆی تێكدانی هارمۆنیای كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌شێ جۆرێك له پشێویی و فه‌وزای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م بهێنێت.
به گشتی كار و به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه پۆپۆلیستییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ره‌وته سروشتییه‌یه كه له كۆمه‌ڵگه‌كاندا روو ده‌دات، بۆیه بزووتنه‌وه پۆپۆلیستییه‌كان هه‌میشه ناسروشتی ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌وه‌نده‌ی پشت به عاتیفه و هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه‌ی خێرا ده‌به‌ستن، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ست نین به جووڵه‌ی سروشتی و گۆڕانكاریی به به‌رنامه و گونجاو له‌گه‌ڵ ره‌وتی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه له زۆرێك له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا له‌بری به‌رهه‌مهێنانی گۆڕانێكی هێواش و سروشتی كه به‌رهه‌می گۆڕانكاریی ریشه‌یی بێت له ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له سه‌رخاندا بانگه‌شه بۆ گۆڕانكاری ده‌كرێت كه ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌ی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بینرێت و له‌نێوان خوازیارانی ئه‌و جووڵه و گۆڕانه و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا جۆرێك له دیواری لێك تێنه‌گه‌یشتن دروست ده‌بێت كه له روانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه خوازیاران و داكۆكیكه‌رانی هه‌ر گۆڕانێكی له‌و جۆره وه‌ك شوێنكه‌وتنی جۆرێ له وههم سه‌یر ده‌كرێن، یان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی پۆپۆلیستی كه له روانگه‌ی سیۆسیۆلۆجییهوه ئه‌و جۆره جووڵه‌یه وه‌ك ئه‌و شه‌پۆله خێرایه‌ی ده‌ریا وایه كه له زووترین كاتدا به‌توندی ده‌دات به كه‌ناردا و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شه‌پۆله‌كه به‌رز ده‌بێـته‌وه و به‌بێ ئه‌وه هیچی لێ بمێنێته‌وه نزم ده‌بێته‌وه‌و ون ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بۆچوونه كۆمهڵناسییهیه كه پێی وایه هه‌موو تیژرهوێك زوو ده‌گاته كۆتایی و ئه‌نجامه‌كانیشی له دروستكردن و گۆڕانكاریدا رووكه‌ش ده‌بن، به‌ڵام له رووخاندن و وێرانكاریدا، له شێواندنی هارمۆنیای سروشتدا به كۆمه‌ڵگه‌شه‌وه خێرا و توند ده‌بن، به‌ڵام مانه‌وه‌یان كورتخایه‌ن ده‌بێت.
بۆیه ده‌بێ بزانین نه په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیش به گۆشه‌ی وه‌ستاو یان كراوه ناجووڵێن و ناڕۆن، به‌ڵكوو ره‌وتێكی هێواشیان هه‌یه كه مۆتیڤهكهی له‌نێو بنیادی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیدایه و ئه‌ویش پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه و گشتگیره و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه. هه‌ر لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و هه‌موو پشێویی و ده‌نگه‌ده‌نگ و جووڵه ناسروشتییانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌كرێن و ئه‌نجام ده‌درێن و وه‌ك جووڵه‌ی میكانیكانه، یان ده‌نگدانه‌وه‌ی جووڵه‌ی پۆپۆلیستی ده‌بینرێن و ده‌بیسترێن، رووكه‌شن و له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووڵه و گۆڕانكاریی ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بن، به‌رهه‌م و ده‌رهاوێشته‌ی گرێ و رق و كینه و بچووكی و شكستی كه‌سێتیی نوخبهیهكه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كه پاڵنه‌ری خه‌ریكبوونی زۆربه‌یان به حزبایه‌تی و سیاسه‌ته‌وه گرێ كه‌سییه‌كان و ئه‌و پاشخانه ناته‌ندروسته‌یه كه لێیه‌وه هاتوون، ئه‌وه‌ش وای لێ كردوون زۆرینه‌یان بوویه‌كی ئهگرێسیڤیان هه‌بێت و هه‌موو گرێكانی خۆیان بده‌ن به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا و به ناوی جۆراوجۆره‌وه میلله‌ت سه‌رقاڵ بكه‌ن و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تێك بده‌ن و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بشێوێنن و كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و كاره‌سات و تراژیدیا ببه‌ن له‌بری گۆڕانكاری و گواستنه‌وه بۆ قۆناغێكی باشتر له‌وه‌ی ئێسته تێیدایه.
ئێسته به‌ربه‌ستی گه‌شه‌ی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌و هێز و بژارده سیاسیی رۆشنبیرییه نه‌ریتییه‌یه كه ناتوانێـت له ره‌وتی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه تێ بگات و به‌و پێیه‌ش ناتوانێـت خوێندنه‌وه‌ی واقیعییانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكات، كه ئه‌ویش دابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا. یه‌كه‌م به‌ره‌ی خۆپارێز و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆپارێز و له هه‌موو جووڵه‌یه‌كی دروست رووتكراوه و تێنه‌گه‌یشتوو له پێداویستییه‌كانی ژیانی ئێسته‌ی كۆمه‌ڵگه و نه‌توانینی بینینی رووبه‌ره فراوانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه كه خه‌ڵكه و سه‌یركردنی هه‌موو شتێك له روانگه‌ی ته‌سكی خۆیه‌وه، خۆی تێروپڕ و خاوه‌ن سه‌رمایه و ده‌ستگرتوو به‌سه‌ر كۆی پنته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری و ئابووریدا، كه ئه‌م به‌ره‌یه ئه‌وانه‌ن له رێگای ژیانی حزبایه‌تی و شه‌رعیه‌تی شۆڕرشگێڕی به تێگه‌یشتنی خۆیان و له رێگه‌ی پێگه‌ی خێڵ و هۆز و ئایین و مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ته‌وه هاتوون، واقیعی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و لاوازیی هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رێگای بۆ خۆش كردوون كه به‌م شێوه‌یه كۆنترۆڵی هه‌موو شتێك بكه‌ن. به‌ره‌ی دووه‌م ئه‌و بزووتنه‌وه پۆپۆلیستانهن كه ئایینین یان به‌ناو عه‌لمانین كه نوخبه‌ی سهرەوهی ئه‌مانیش هه‌ر جیابووه‌وه‌كانی -مونشهقین-ی به‌ره‌ی یه‌كه‌من و له‌به‌ر زۆرهۆكار جیا بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌موویان بۆ جیابوونه‌وه، له‌وه‌دا كۆ ده‌بێته‌وه كه نهگهیشتنیانه به پنته یه‌كه‌مینه‌كانی كه خه‌ونیان پێوه بینیوه، له‌به‌رئه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و چه‌ندین گرووپی پۆپۆلیستییان به ده‌وری خۆیاندا به ناوی گۆڕانكاری و عه‌داله‌ت و یه‌كسانی و ماف و هاووڵاتیبوونه‌وه له خۆیان كۆ كردووه‌ته‌وه كه ئه‌وانه‌ش زۆربه‌یان له‌و جه‌ماوه‌ر یان گرووپانه‌ن كه له زۆر له پێداویستییه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی ژیان بێبه‌ش كراون.
به‌ڵام له رووی گه‌وهه‌ر و ماهییه‌ته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر نوخبه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه كه به‌شێكن له نوخبه نهریتییهكه رێكخه‌ره و به‌رنامه‌داڕێژه‌ری هه‌موو كار و جووڵهیهكن، سه‌رئه‌نجام وێنه‌ی له بهرشۆراوهی به‌ره‌ی یه‌كه‌م به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. ئه‌مانه‌ش به هه‌ردوو بهرهكهوه له ده‌ره‌وه‌ی بیناكردن و ئاوهدانكردنهوهوی مادی و مه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵگه‌ن و ناهاوڕێك و ناهاوتا له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی كۆمه‌ڵگه و له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌شدا ده‌جووڵێن، بۆیه هه‌ردوو به‌ره‌كه ئومێدی ئه‌وه‌یان لێ ناكرێت كه كۆمه‌ڵگه به ئاراسته‌یه‌ك بجووڵێنن كه به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌ش بێت. به‌ڵام دیاره كۆمه‌ڵگه خۆی له هه‌موو ئه‌م جۆره نوخبانه و له‌م بزووتنه‌وه خۆپارێز و به‌رژه‌وه‌ندیپارێز و پۆپۆلیستانه به‌هێزتره، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه‌ش به گشتی به‌رهه‌می جووڵه‌ی نائاسایی كۆمه‌ڵگه‌ن، به‌ڵام له ئه‌نجامی كارلێكی ناوخۆ و گه‌شه‌ی سروشتی و كارابوونی مۆتیڤه‌كانی گۆڕانكاریدا، بنه‌مای شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی دهڕهخسێـت و ئاماده ده‌بێت و سه‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵگه له ناوه‌وه‌ڕا ده‌گۆڕێت .
ئه‌م هێزه رووكه‌شانه كه ره‌گ و ریشه‌یان كورته و شۆڕ نه‌بووه‌ته‌وه بۆ ناخی كۆمه‌ڵگه، ناتوانن خۆیان رابگرن و به‌ملاوئه‌ولادا ده‌كه‌ون و وشك ده‌بن و ده‌كه‌ونه په‌راوێزه‌وه و كۆمه‌ڵگه هێزی نوێی پێویست به خۆی و به گۆڕانكاری و به ژیانی هاوچه‌رخ و سه‌رده‌مییانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هه‌موو ئه‌م هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئیفلیجانه به‌جێ ده‌هێڵێت. واته ده‌شێ به‌ربه‌سته‌كان جووڵه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوتر بكه‌نه‌وه یان جووڵه‌ی له رێ لادراو دروست بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن بۆ هه‌میشه كۆمه‌ڵگه له ئاستێكدا رابگرن یان ئاراسته جووڵه‌ی به‌ره‌و پێشوه‌چوونی كۆمه‌ڵگه به‌لاڕێدا ببه‌ن. بێگومان په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی به شێوه‌یه‌كی سروشتی به‌ره‌و به‌رزترین ئاسته كه كۆمه‌ڵگه بیگاتێ ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ته.
سه‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ره‌و دامه‌زارندنی ئه‌و دامه‌زراوه هه‌نگاو ده‌نێت و له به‌رزترین ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا ده‌گاته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و دامه‌زراوه. سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌سته و گرووپ و هێزانه‌ی له ئاراسته‌ی سروشتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه لا ده‌ده‌ن و وه‌ك به‌ربه‌ست له رێگای ره‌وتی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌وه‌ستن، هه‌ره‌س ده‌هێنن، یان پاسیڤ ده‌بن و ده‌پووكێنه‌وه.