عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: دوای ساڵێک بێ نەوشیروان مستەفا چی گوزەرا ؟
ساڵێکی ڕۆژژمێرییە سەرکردەی دوربین، بەئاگا، مێژوویی نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێک لەسیاسیە هەرە دیارەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد کۆچی دواییکردوە، وبەکۆچکردنیشی بۆشاییەکی گەورەی دروستکرد لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق بەگشتی وهەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
لەدوای ساڵێک بەسەرکۆچی نەوشیروان مستەفادا سێ ڕووداوی گرنگ وگەورە ڕوویانداوە کە هەم خاک وخەڵکی کوردستانیان توشی تەنگەژەو قەیرانی گەورەکرد، و هەم ناووناوبانگی هەرێمەکەشیان لەکەدارکردو نیشانەی گەورەی پرسیاریشی لەسەر ئەزمونەکەی دروستکرد، کەبریتین لە:
1- دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ هیچ ئامادەکاری و زەمینەسازییەکی سیاسی، کارگێڕی، دارایی، یاسایی، سەربازی وتەنانەت کۆمەڵایەتیش، وە هێشتاچلەی نەوشیروان مستەفا نەچوبوو، کەچی وەک بڵێیت بەهەلیانزانیبێت بڕیاری ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیاندا وبەرواری 25- 09- 2017 شیان دیاریکرد بۆئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، کەهەردوای پڕۆسەکە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە چەندین ڕێوشوێنی توند لەبەرامبەر هەرێم گیرانەبەرو هەرێمی بۆچەندین ساڵ گەڕاندەوە بۆ دواوە، ئەمە جگە لەوەی کەلەلایەن وڵاتانی دونیاو دۆستانی گەلەکەمانەوە هەموو لێکەوتەخراپەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بەبەرپرسانی هەرێم وت، بەڵام نەگوێ لەوان گیراو نەحسابیشیان بۆ ڕای پارتەسیاسیەکانی هەرێم کرد لەوبارەیەوە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان کەدووەم هێزی سیاسی هەرێم بوو .
پڕۆسەکەکرا بەڵام هێندەلێکەوتەی خراپی بەدوای خۆیداهێنا کەبەچەندین ساڵی تر ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوەدۆخی جارانی.
2- لەدوای بیست ڕۆژبەسەر ڕیفراندۆمەکەی کەئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاریان لێدابوو، خاک و خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین کارەسات و ماڵوێرانی بونەوە، و لە 16- 10- 2017 کەبەشازدەی ئۆکتۆبەر ناسراوە لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا زیاتر لەنیوەی خاک و خەڵکی کوردستان ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرانەوە لەکاتێکدا زۆربەی ئەو شوێنانە پێشمەرگەکانی کوردستان بەگیان و خوێنی خۆیان ڕزگارییانکردبوو.
ئەم ڕوداوە بێ متمانەییەکی گەورەی دروستکرد لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و خەڵکی ناوچەدابڕێنراوەکان، ئەمەجگەلەوەی بوە هۆی ئاوارەیی و ماڵوێرانیەکی گەورەبەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچە دابڕێنراوانە، و ئاسایی بونەوەی دۆخی ئەو ناوچانەوەک خۆی زیاتر لەمەحاڵەوە نزیکە.
3- دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ بڕیاردان بۆهەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 بەزوویی و بەهەڵەداوان کەوتنە خۆئامادەکردن و خۆکۆکردنەوە بۆهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوعێراقەی کە خۆیان وتەنی بودجەی هەرێمیان بڕیوە، دەستورییان پێشێلکردوەو پێکەوە ژیان لەگەڵیدا بۆتەئەستەم و….. زۆر ناووناونیشانی تریش.
بەوەشەوە نەوەستان و لەپێناو بەدەستهێنانی کورسی زیاتروپێگەی گەورەتر لەو عێراقەدا گەورەترین ساختەکارییان کرد بۆ دزین و بردنی دەنگی پارت و لایەنەکانی تری هەرێم چونکە جووت حیزب دەیانزانی تەمەنی سیاسیان لەکۆتایی نزیک بۆتەوەو ئیتر زۆرینەی خەڵکی بەزوڕنای ئەوان هەڵناپەڕێت و نایانکەنەوە بەنوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان.
دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە کاتێ کەبڕیاری ڕیفراندۆمیاندا دروشمی بای بای عێراقیان بەرزکردەوەو خۆیان وتەنی تازە عێراقیان تەڵاقدا، کەچی دوای چەند مانگێک بەقودرەتی قادر ئەو عێراقەی بای بایی لێدەکرا، لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەرلەلایەن ئەم دەسەڵاتدارانەوە یەک دونیا گزی و فزی و دزی سەردەمیانەیان کرد تاکو کورسیەکی زیاتر بەدەستبهێنن بۆ گەڕانەوەو باوەشی عێراقی لای خۆیان تەڵاقدراو.
تەنانەت هێندە تەزویرات و گزی ئەلیکترۆنی کرا کە پێشنیارکراوە ئەم خولی چواری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە ناوبنرێت خولی چوارەمی ئەلیکترۆنی.
ماوەتەوە بڵێین لەدوای کۆچی نەوشیروان مستەفا بەساڵێک ڕووداوگەلێک لەهەرێمدا ڕوویاندا کەجگەلەوەی هەرێم و ئەزمونەکەی گەڕاندەوە بۆدەیان ساڵی تر، دۆخێکیشیان دروستکرد کەمرۆڤەکانی ناوی نە هەست بەئارامی دەکەن نە دڵنیان لەئایندەی خۆشیان.
چونکە لەهەرێمێکدا ژیان دەگوزەرێنن کەدەسەڵاتدارەکانی ناوی بۆڕیفراندۆم و جیابونەوە لەعێراق گزی و فزی و ساختەکاری بێ وێنەو بێ شومار دەکەن، و بۆ گەڕانەوەو باوەشییشی گزی و ساختەکاری ئەلیکترۆنی دەکەن.