هۆمه‌ر نۆریاویی: درەنگ بەڵام پێویست، توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسی لەبهردهم چه‌ند پرسێکی هه‌ستیاردا.
بەرپابوون و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و فێستیڤاڵی جۆربەجۆر، یەکێکە لە پێوەر و فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ پیشاندانی ڕادەی پێشکەوتوویی و گەشەی چاندیی و ئاستی باڵای ڕۆشنبیریی لە وڵاتێک‌دا. گەلێک ڕوون و خویایە ئەم گرینگەیش لە بن نسێی بوونی سەقام و ئاسایش لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر و دەستەبەر دەبێت. نە خاسما بۆ ئێمەی کورد کە تازە هەلی سازبوون و بەرپایی ئەم چەشنە ڕێوڕەسم و جڤینانە دەڕەخسێت، پرسەکە سەد هێندە بایەخی زێتر دەبێت و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ر چه‌شنه کۆڕ و جڤینێکی چاندیی-زانستیی له نێو پانتایی ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵگەکەی ئێمەدا،بێ سێ و دوو بویه‌ر و ڕووداوێکی شادیهێن و دڵخۆشکه‌رە و ئاسۆیەکی ڕووناک دەخاتە بەردەممان.
ڕۆژی 25ی گوڵانی 2717(15ی مانگی مای 2017)له هۆڵی”مەولەوی”ی زانستگه‌ی کوردستاندا کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له ژێر ناونیشانی:” ڕێوڕه‌سمی به‌رزبوونه‌وه‌ی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌یی کوردستان‌ناسی بۆ توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسی”به‌ڕێوه چوو که گه‌لێک که‌سایه‌تیی زانستیی و زانستوه‌ری کورد تێیدا وتار و بابه‌تیان پێشکه‌ش کرد که هه‌ر کامه و له جێی خۆدا گرینگ بوو و پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
پڕۆفیسۆر غوڵام‌حسێن که‌ریمیی دۆستان، دوکتۆر ئومێد قادرزاده (سه‌رۆکی توێژینگه)، محه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی، قوتبه‌دین سادقی، ماجید مەردۆخ ڕۆحانی و، به‌ختیار سه‌ججادی هه‌ر یه‌که و له گۆشه نیگایه‌که‌وه ئاوڕیان له بایه‌خ و گرینگیی توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر چاند و فه‌رهه‌نگی کوردیی دایه‌وه و باس له لاوازبوونی سامانی کورد له‌م بواره‌دا کرا.
ڕاستیت گەرەکە وتاری چه‌ندێک له‌و به‌ڕێزانه زێتر پشتئه‌ستوور بوو به ڕوانگه و بۆچوونی خۆرهه‌ڵاتناسان وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی زانستیی له‌سه‌ر کورد و تێڕوانینی وان به‌رانبه‌ر دیرۆک و … کورد که ئه‌مه به لای منه‌وه له سه‌نگ و قورسایی لێدوان و ئاخاوتنه‌که‌ی ئه‌وانی که‌م ده‌کرده‌وه. چونکە زۆر جار نووسینی خۆرهەڵاتناسان لەگەڵ واقیع و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورد و ئینسان و مرۆی کورددا یەک ناگرێتەوە و قازانج و بەرژەوەندی دەوڵەتەکانیان چلۆنی ویستبێت، بە هەمان شێوە گوزارشتیان لە کورد و مێژوو و فەرهەنگەکەی کردووە. هەڵبەت ئەوەیشمان لە بیر نەچێت کەمیش نین ژماری ئەو جۆرە نووسەرانە کە بە ویژدانەوە لەسەر کوردیان نووسیوە و خزمەتیان بە کورد کردووە و دواتریش بوونەتە دۆستی کورد و لە زۆر قۆناخی هەستیاریشدا داکۆکی‌یان لە کورد و دۆزی ڕەوای ئەم میللەتە کردووە. لە لایەکی دیکەوە بەختەوەرانە لە ئێستادا کەم نین ژماری ئەو نووسەر،بنکە و ناوەندە کوردییانەی کە هەر یەکە و لەسەر لایەن و ڕەهەندێکی کۆمەڵگەی کوردی توێژینەوەی زانستیی دەکەن و پێویستە ئەم پرسە بەهەند وەربگیردرێت و لە پێناو پێشخستن و پەرەپێدانیدا هەموو ڕووناکبیر و ناوەندە زانستگەییەکان یارمەتیدەر بن. بۆیە ئیدی لێرە بەدواوە هەوڵ و بەرهەمی خۆرهەڵاتناسان بۆ ئێمەی کورد، تاکە ژێدەر و سەرچاوە نابێت و پێویستە ئێمەی کورد،بۆ خۆ مێژوو و… خۆمان بنووسینەوە.
زمان‌ناس و مامۆستای زانستگە، غوڵام‌حسێن که‌ریمیی دۆستان،له بەشێکی وتار و ئاخاوتنەکەیدا که‌وته باس له‌سه‌ر تێنه‌گه‌ییشتنی کوردێکی مێردین‌ی له کوردێکی کرماشانی و، ئه‌م پرسه‌ی به‌سته‌وه به پرسی زمانەوانییه‌وه که ڕاستیت ده‌وێت ئه‌مه فڕی به‌سه‌ر ڕاستییه‌وه نییه و پێویسته به شێوه‌ی وردتر، توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت و هه‌موو هۆ و هه‌گه‌ره‌کان لێک بدرێنه‌وه و بچیته بنج و بناوانی کێشه‌که و تاوتوێی هۆکاره‌کانی ئه‌م ئارێشه‌یه بکرێت که بەشێک لە سه‌رچاوه‌ی گرفته‌که،زێتر مه‌ودای جۆگرافیایی و پرسی سنوور و دابڕانه تا پرسی زمانه‌وانی؛ هه‌ر وه‌ک چلۆن به‌شداربوویه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جڤینه،ئیشاره‌تی دایه پرسی کۆچ پێدانی زۆره‌ملیی کوردان بۆ خۆراسان بە مەبەستی توانەوە لە نێو زمان و کولتووری باڵادەستدا.
خاڵێکی جێ سه‌رنجی بابه‌ته‌که‌ی هەر ئه‌م به‌ڕێزه که له کۆتاییدا ئاماژه‌ی پێدا،پێویستیی چێبوون و دروستبوونی زمانێکی پێوه‌ر یان ستاندهرد و فه‌رمیی بۆ کورده که کورد له‌م په‌رته‌وازه‌یییه ده‌رباز ده‌کات که دیاره ئه‌مه‌یش یەکەم،به کیان و ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت و دووەمیش،پێویستیی بە ئاستێکی باڵای وشیاریی نەتەوەیی هەیە کە ئەرچی هەست بە گەشە و بەرەو پێشڤەچوونێکی بەرچاو لەم بوارەدا دەکرێت،لێ،بۆ نهای کورد گه‌لێک چه‌توون و زه‌حمه‌ت دەنوێنێت و پلان و بەرنامەی ورد و تۆکمەی گەرەکە و بە بێ داکۆکی ڕووناکبیران و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی، سووک و سانا ناچێتە سەر. ئەرچی لە مێژە بە شێوەی نافەرمییش بێت، کوردیی نێوەڕاست لێرە و لەوێ توانای باڵای خۆی لەم پێوەندییەدا سەلماندووە و کتێبخانەی کوردی خاوەنی پاشخانێکی بەهێزی هزریی و سامانێکی زەنگین لەم بوارەدایە و نیوەی ڕێگەکەی بڕیوە. له لایه‌کی دیکه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌قڵییه‌تی شارچێتییانه، شێوه‌زارچێتییانه و…له نێو کورددا ئارێشه‌که چه‌ند هێنده‌ی دی ئاڵۆزتر ده‌کات و ئەم گرفتە بەداخەوە هەنووکە لە لایەن خەڵکانێکی هەلپەرست و نانیشتمانپەروەرەوە یاریی پێ دەکرێت و وەک چەکێک بۆ دروستکردنی چەند بەرەکی لە بەینی کورددا دەکار دەگیردرێت کە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا چ دەسکەوتی ئەرێنی نابێت و زێتر خۆڵ دەکاتە چاوی گەلەوە و گێرەشێوێنی چێ دەکات. هەر بۆیە گەرەک بە هەر هەمووان(ڕووناکبیران ،ناوەندە زانستییەکان و نیشتمانپەروەران)بەرەنگاری ئەم چەشنە هەوڵە نانەتەوەییانە ببنەوە و ڕۆشنگەری زێتر بکەن و جەماوەر بەرانبەر خەسار و پەتاکانی ئەم جۆرە کردە نەزۆکانە،وشیار بکەنەوە. هەر لێرەدا پێویستە ئاماژە بەم خاڵە هەستیارە بدەم کە پەیڕەوکردنی زمانێکی یەکگرتوو و فەرمی،لە پەنا بایەخ و گرینگی‌دان بە دیالێکت و زاراوە زەنگینەکانی زمانی کوردی،چەند قۆناخێک دۆزی کورد زێتر پێش دەخات و پرسەکە لە قازانج و بەرژەوەندی خودی کورد دەشکێتەوە.
یه‌کێکی دی له‌و ته‌وه‌رانه‌ی که له‌م جڤینە بەرفرەوانەدا خرایه به‌ر باس و،پێویستە ئاوڕی هەرەقەتی لێ بدرێتەوە،ڕووی له ئاخاوتنه‌که‌ی به‌ڕێز “ماجید مەردۆخ ڕۆحانی”یه که لای له گرینگیی پرسی توێژینه‌وه و که‌ند و له‌نده‌کانی به‌رده‌م و خه‌سار و…له‌م بواره‌دا کردەوە و تیشکی خسته سه‌ر گه‌لێک کۆسپ و له‌مپه‌ر. به‌ڵام هه‌ر له وتار و ئاخاوتنه‌که‌ی ئه‌م به‌ڕێزه‌دا مخابن جۆره زمانێکی ئاغه‌واتیانه خۆی ده‌نواند که نووسخه‌ی بۆ هه‌مووان ده‌پێچا و خۆی به کۆڵه‌که و ته‌وه‌ر بۆ چاره‌سه‌ریی گشت کێشه‌کان داده‌نا. که‌س حاشا و نکۆڵیی له هه‌وڵ و خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌م به‌ڕێزه له پێناو گه‌شه‌پێدان به ڕووبه‌ری فه‌رهه‌نگیی کورددا ناکات و نه‌ک جارێ، بگره سه‌د جار جێی ده‌ستخۆشیی و سوپاس و پێزانینه و کورد پێویستی به نەک تەنێ ماجیدێک، بگرە گه‌لێک ماجید هه‌یه و ئه‌م به‌ڕێزه هه‌ر لێره‌وه پێویسته بۆ خۆی ڕێخۆشکه‌ر بێت نه‌ک کۆسپ و لەمپەر دابنێت و گەرەک ده‌ستبه‌رداری پرسی قۆرخ و قۆرخکاریی و شه‌رت و مه‌رج دانان بێت و گرێکه سه‌د هێنده‌ی دی ئاڵۆزتر نه‌کات. ئەزموونی شکست‌خواردووی دەیان “گەورە نووسەر”!،کە سەردەمانێک خۆیان بە ئەستووندەک بۆ هەر هەموو پرسێکی ڕووبەری فەرهەنگیی کورد دادەنا،هەمان ڕاستییمان لا دەسەلمێنێت. ڕاستە سەدان مرۆی تا سەر ئێسقان گەلپەروەری وەک پیرەمێرد، تۆفیق وەهبی، مەستوورە ئەردەڵان،مەسعوود محەممەد،شێخ محەممەد خاڵ،مەلا عەبدولکەریم موددەڕیس ،حەسەن قزڵجی،عەلائەدین سەججادی،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی،هەژار،هێمن، جەمال نەبەز و…،هەر یەکە و لە بوار و بەستێنێکدا سەرچاوەی خزمەت بوونە و خۆبەخشانە و بە بێ هیچ جۆرە چاوەڕوانییەک،ژیان و تەمەنیان بە میللەتەکەیان بەخشیوە،لێ،بۆ هەنووکە و لە سەردەمی ئێستادا کورد پێویستی بە خەباتێکی چڕ و پڕتری فەرهەنگی هەیە کە ڕوون و خویایە ئەم خەباتەیش کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە خۆی لە بازنەی تاکەکەس قوتار بکات و پەلوپۆی بۆ نێو هەر هەموو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی شۆڕ بکاتەوە.
ئه‌مه ڕاستییه‌کی ڕوونه که بازاڕی کتێب و چاپی پەڕتووک بە زمانی کوردی بێ سه‌ر و به‌رییەکی زۆری پێوه دیاره که به‌شێكی کێشه‌که به‌رۆکی خودی پەخشکار و ده‌زگاکانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه ده‌گرێته‌وه که نابێت هەڕەمەکییانە و گۆترە،هه‌موو به‌رهه‌م و په‌ڕتووکێک بڵاو بکه‌نه‌وه که به داخه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی ستافێکی کارامه و لێزان له نێو به‌شێكی زۆری ئه‌م ده‌زگایانه‌دا ئارێشه‌که هه‌ر لێره‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات و پتر زەق دەبێتەوە. ڕه‌نگه بکرێت بڵێین له ماوه‌ی نزیک به 30 ساڵی ڕابردوودا به ناوی به‌رهه‌م و کتێبی کوردییه‌وه،سه‌دان به‌رهه‌می لاواز له باری زمان و ناوه‌ڕۆکه‌وه ،که‌وتوونه‌ته نێو کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه که نه‌ک خوێنه‌ریان نییه بگره له‌سه‌ر ڕه‌فه و تاقچه‌ی کتێبخانه و ده‌زگاکانی چاپ،تەنێ هەر تۆز و گه‌ردیان لێ دەنیشێت. ئه‌مه ڕاسته کورد له‌به‌ر گه‌لێک هۆکار که هه‌مووان باشتر له یه‌کدی ئاگاداری ئه‌و پرسانه‌ین،نه‌یتوانیوه خاوه‌نی ناوه‌ندێکی زانستیی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر خودی خۆی بێت، به‌ڵام ئێستا که هه‌له‌که ڕه‌خساوه و بنکه و ناوه‌ندێکی ئه‌وتۆ چێ بووه،با له جیاتی تیر و که‌وکێشان بۆ یه‌کدی،یارمه‌تیده‌ری ئه‌و گه‌نج و توێژه‌ره تازه‌کارانه‌ی بین که ڕوویان له‌م مه‌یدانه کردووه و گه‌ره‌کیانه لێره‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بۆ توێژینه‌وه‌ی کوردی بنووسنه‌وه. کورد گوته‌نی: ” که‌س له پڕێک نه‌بووه به کوڕێک”؛ با به دڵێکی فره‌وانه‌وه به‌ره‌و پیری ئه‌م جۆره که‌سانه بچین و ده‌رکه‌یان له‌سه‌ر گاڵه نه‌ده‌ین. ئه‌گینا کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌مان ئاقار ڕێنمون ده‌که‌ین که سبه‌ی، دوو سبه‌ی به سه‌دان و هه‌زاران په‌ڕتووکی لاواز و نه‌زۆک ده‌که‌ونه نێو کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه که به سه‌دان گه‌نج لە خشتە دەبەن.
داخستنی ده‌رکه‌ی ڕه‌خنه و سنووردارکردنەوە و پێش‌گرتن بە دەربڕینی ئازادانەی بیر و ڕا، یه‌ک له په‌تا کوشنده‌کان به حاڵی ئه‌م توێژینگه‌یه ده‌بێت و با هه‌ر له ئێستاوه پرده‌کانی دواوەمان نه‌ڕووخێنین. گوێبیستی قسه‌ی ته‌نانه‌ت نه‌یاری خۆیشمان بین و ته‌نێ هه‌ر خۆمان بڕیارده‌ر نه‌بین و لە جیهانی فرەدەنگی ئەمڕۆدا دەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانیش ببیستین.
بارهێنانی توێژێکی تایبه‌ت بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ند و بواره جۆربه‌جۆره‌کانی زانستیی، یه‌ک له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م توێژینگه‌یه ده‌بێت که ده‌توانێت به‌شێكی که‌لێنه‌کان پڕ بکاته‌وه و ده‌لاقه و ڕۆچنه‌یه‌کی نوێ له ڕووی کورد بکاته‌وه که توێژی زانستوه‌ر و پێشڕه‌وی کورد بۆ خۆی، مێژوو، جوگرافیا، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری خۆی بنووسێته‌وه.
پاراستنی لایه‌نی سه‌ربه‌خۆیی له‌م توێژینگه‌یەشدا گه‌لێک گرینگ ده‌بێت و پێش ده‌گرێت به تاکڕه‌ویی له‌م سه‌نته‌ره زانستییه‌دا و یەکێکە لە خاڵە هەرە گرینگەکان و هەرگیز نابێت پشتگوێ بخرێت. بە درێژایی مێژوو،ڕووبەری چاندیی کورد بەدەست ئەم ئارێشەوە ناڵان بووە و لەم سۆنگەیشەوە زیانی فرەی وێکەوتووە. بە دەیان بە ناو نووسەر،شاعیر و وەرگێڕ،چونکە سەر بە فڵانە ماڵبات،عەشیرەت و…بوونە، بە بێ تاوتوێ،پێداچوونەوە و خوێندنەوەی ورد بۆ بەرهەمەکانیان،کتێبەکەیان لە چاپ دراوە کەچی نەک خوێنەریان نەبووە،بگرە هیچیشیان بە سامانی ڕۆشنبیریی کوردی نەبەخشیوە و هەلیشیان لە دەست زۆر خامە و پێنووسی وریا و بەبڕشت بەڵام پەراوێزخراو و دەستکورت دەرخستووە،هەر بۆیە ئەم بنکەیە نابێت هەڵەکانی ڕابردوو پاتە بکاتەوە و پێویستە بە شێوەی یەکسان و بە یەک چاو،سەیری هەموو تاکێکی وشیاری کۆمەڵگەی کوردی بکات تا بتوانێت متمانەی توێژی پێشڕەوی کۆمەڵگە دەست بخات.
توێژەر و زمانەوان،به‌ختیار سه‌ججادی،یه‌کێکی دی له‌و که‌سایه‌تییه زانستییانه‌ی به‌شداربووی ڕێوڕەسم و جڤینه‌که بوو که که‌وته باس له‌سه‌ر سه‌نگی ئه‌ده‌ب و تۆره‌ی کوردیی و ئاوڕی له ده‌وڵه‌مه‌ندیی سامانی ئه‌ده‌بیی هه‌ر کامه له دیالێکت و زاراوه‌کانی زمانی کوردیی دایه‌وه که گه‌ر توێژینه‌وه‌ی زانستیی وردی له‌سه‌ر بکرێت،سه‌نگ و قورسایی زێتر ده‌رده‌که‌وێت.
محه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی، مامۆستای مێژوو، ئاوڕی له چه‌ند پرسێکی گرینگ سه‌باره‌ت به بایه‌خی لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر دیرۆکی کورد دایه‌وه و ئیشاره‌تی به چه‌ند سیمایه‌کی به ناو زانستیی کورد دایه‌وه که به لای منه‌وه نه‌ک به‌و جۆره‌ی ئه‌م به‌ڕێزه گه‌وره‌ی کردنه‌وه،هیچیان بە ڕووبەری چاندیی کورد نەبەخشیوە،بگره له زۆر شوێندا ڕێخۆشکه‌ر بوونه بۆ پێی سووک دانان له‌سه‌ر خودی کورد و هه‌ڵوێستی نزمیان لە هەمبەر کورد و دۆزەکەیدا هەبووه. خودی من وه‌ک خوێندکاری یه‌ک له‌و به ناو که‌سایه‌تییه زانستییانه (دوکتۆر حیشمه‌توڵڵا ته‌بیبی)،لە ناوەڕاستی شەشتەکانی هەتاویی(ناوەڕاستی هەشتاکان)دا،ئه‌م به‌ڕێزه نه‌ک توانای ئاخاوتنی به خودی دیالێکتی که‌ڵهوڕییەکەی خۆی نه‌بوو و به نزم سه‌یری ده‌کرد،بگره دژایه‌تی ئاشکرای پرسه کوردییه‌کانیشی ده‌کرد و به شایه‌تی سه‌دان خوێندکاری کوردی کۆلیژی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی زانستگه‌ی تاران،بۆ جارێکیش هه‌ڵوێستێکی کوردانه‌مان له‌م به‌ڕێزه به‌رچاو نه‌که‌وت. ده‌رخواردانی بڕێک قسه‌ی کۆنی خۆرهه‌ڵاتناسان له‌سه‌ر زمان و…کوردی،لە ئێستادا کوا ده‌بێته توێژینه‌وه و ده‌سکه‌وت و قازانجی بۆ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له کوێدا ده‌بێت؟! ڕاسته وه‌ک مێتۆد ڕه‌نگه سوودمه‌ند بن به‌ڵام به ڕاستی زۆر جار چەواشەکەریش دەبن.
دوکتۆر قوتبه‌دین سادقی، مامۆستای بواری شانۆیش که‌وته باس له‌سه‌ر پێویستی کاری زانستییکردن و توێژینه‌وه له هه‌موو لق و بواره زانستییه‌کاندا و خۆ په‌ڕگرتن له هه‌ست و نه‌ستی ڕووکه‌ش و ڕواڵه‌تییانه. هه‌روه‌ها ئاوڕی له بایه‌خی لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئوستووره کوردییه‌کان دایه‌وه و کۆنه‌کرانه‌وه و پۆلێنبه‌ندیی نه‌کرانی مێژوو، ئه‌ده‌ب و ئوستووره کوردییه‌کانی به یه‌ک له خه‌ساره‌کان له‌م پێوه‌ندییه‌دا له قه‌ڵه‌م دا و ئیشاره‌تی به‌و پرسه‌یش دا که پێویسته به دوور له ده‌مارگرژیی،دووی لێکۆڵینه‌وه بکه‌وین و ئه‌قڵییه‌ت، به ته‌وه‌ر دابنرێت.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا،سەرۆکی زانستگەی کوردستان هاوڕێی مامۆستایانی دیکە پەردەیان لە ڕووی کۆمەڵە بەرهەمێکی لێکۆڵینەوەیی توێژینگەی کوردستان‌ناسی لە ساڵی 1395ی هەتاویی هەر وەک، پەندی پیران و فەرموودەی ژیان،لە ڕۆمانەوە تا میللەت(بە فارسی)، مێرگوڵانی ژین، تاڤگه‌ی ئه‌وین،زه‌رده‌ی ده‌م که‌ل، مه‌نده‌ی زه‌مانه،خوێندنه‌وه و ڕێنووسی کوردی،پیشه کۆنه‌کانی شاری سنه (ئاسنگه‌ری، مسگه‌ری)، عێلات و عەشیرەتەکانی کوردستان (بە فارسی)، فەرهەنگی گەڕووس، بینا کۆنەکانی سنە (بە فارسی)هەڵدایەوە و بینای نوێی توێژینگەی کوردستانناسیش کرایەوە. لە کۆتاییشدا ڕێز نرا لە سەیید تایەر حسێنی، جەلال جەلالی زادە، بارام نەسروڵڵاهی زادە، ماجید مەردۆخ ڕۆحانی،غوڵام‌حسێن کەریمیی دۆستان، عەبدوڵڵا سەلیمی، فەردین ئەخلاقیان،ڕەحمەت سادقی، بەختیار سەججادی، نەجمەدین جەبباری و ئومێد قادرزادە.
جێی ئاماژەپێدانە ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی کوردستان‌ناسی ساڵی 1379ی هه‌تاویی(2000)له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی به‌شی توێژینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی زانست، توێژینه‌وه و ته‌کنۆلۆژیای ئێران، گرووپی توێژینه‌وه‌یی زمانناسیی و تۆره‌ی کوردی دامه‌زرا و چالاکیی فه‌رمیی خۆی ده‌ست پێ کرد. دواتر دوو لقی توێژینه‌وه‌یی “لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر مێژوو و فه‌رهه‌نگی کوردستان” و لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتژیک و په‌ره‌پێدانی کوردستان” هاتنه ئاراوه و ڕێبه‌ندانی ساڵی 1394ی هه‌تاویی (2016)، مۆڵه‌ت بۆ توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسی ده‌رچوو. ئه‌م توێژینگه‌یه به‌ری ڕه‌نجی 16ساڵه‌ی تێکۆشان و کار و چالاکیی مامۆستایانی بواری فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی دێتە ئەژمار و پێویستە ڕێز لە خزمەتی ئەم بەڕێزانە بنرێت و هەمووان قەدرزانی خەباتەکەیان بین. ئەم توێژینگەیە هەروەها تا ئێستا چه‌ندین کۆڕی یادکردنەوە و کۆبوونه‌وه‌ی بەڕێوە بردووە و کۆمەڵە بەرهەمێکی باشیشی لە چاپ داوە و نهایش خاوەنی گۆڤارێکی توێژینەوەیی لەسەر تۆرە و ئەدەبی کوردیییە.
نووسەری ئەم دێڕانە هیواخوازە ڕوانگە و بۆچوون و ڕەخنە و پێشنیازەکانی لە لایەن بەرپرس و بەڕێوەبەرانی توێژینگەی کوردستانناسییەوە بەهەند وەربگیردرێن و بۆ دادێی ئەم توێژینگەیە سوودبەخش بن. جێی خۆیەتی ئیشارەتێک بەم خاڵەیش بدرێت کە ئەم کورتە نووسینە بڕیار بوو هەر دوا بە دوای بەڕێوەچوونی کۆڕ و ڕێوڕەسمەکە بڵاو بکرێتەوە لێ، لەبەر سەرقاڵبوونی نووسەر بە هەندێک پرسەوە،مخابن بۆ ئێستا دوا کەوت.