لاوک کونجرینی: یەکێتی لە گێژاویی سیستەمی گاڵتەجاریی ئێراندا.
لەو تۆنەوە بدوێین، کە خیانەتی 31 ئاب، دوو هێز و دوو دەسەڵاتی دابەشی دوو زۆنی لێکدراویی ناوچەیی کرد. پارتی کلکی گرێدا بە تورکیاو بەتەواویی شڕواڵی کوردبوون و نیشتمانی بوونی فڕێدایە باوەشی تورکیاو. یەکێتیش ئاشق بە داریی زەقنەبووتی ئێران بوو، ئیتر دارعەسای خۆی وەک سیستەم و کار، بەرەورێڕەوی ئەوان سپارد.
شێتێتییە بە کردەی قەساب بووترێت بیناسازیی، سەرانی پارتی و یەکێتی کۆمەڵێک بازرگانی خوێنخۆر و خۆویست، بەقوت و پارووی خەڵکەوە، سیاسەتیان کردۆتەوە دیزاینی ئەم بارگراوەندە ناشرینەو، لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک دروشمی بریقەداریی درۆیانەو فریودانانەیان کردۆتە ژەمی ڕۆژانەیان.
ئەمانە قسە لە سەر پێشڕەوایەتی کورد بوون دەکەن،کەچی لەولاوە لەباوەشی دوژمنانداو، بەخواستی ئەوان ڕێڕەوی سیاسی دەگرنە بەر، تەنها بۆ ئەوەی بەردەوامی بەو دەسەڵاتە دابەش و بێ ئامانج و بێ نەوایەی، کە هەیانە بدەن. ئەوەندەی تێگەیشتن بەسە بۆ ئەوەی بزانن چارەنوسی ئەم دەسەڵاتە لەدەستی ئەواندا نیە، بەهانەی ناوێت سەرانی ئەم دوو حیزبە لە هیج ڕوویەکەوە ناکۆک نین، هیچ ستراتیژ و بیرکردنەوەو ئایدیایەکی دورونزیک لەیەکتریان دانابڕێت، تەنها بەرنامەی دوو دەوڵەتی ناوچەکەیە جێبەجێی دەکەن، دەنا گەر دوو هێزی نیشتمانی بوونایەو خاوەن ئیرادەی خۆیان بونایە، وەک دوو هێز کاریان بۆ هەرێمێکی پتەو و یەکگرتو، دواتریش کاریان بۆ خەونی تاک بەتاکی کورد دەکرد. بەکوردو کورمانجی ئەمانە بوون و هێزی خۆیان لەدەست خۆیاندا نییە. دوژمنانی کوردیش لەهەل و لە تروسکایی کاتێکدا دەگەرێن، زۆر بەئاسانی بە بڕیارێکی خشپەیی ئاشبەتاڵێکی تر و لە ساتە وەختێکی تردا کۆتایی بەوەی هەیە لەم هەرێمەدا بهێنن.
بۆیە دەبینین سیستەمی ناوچەیی ئەم دوو حیزبە، یان زۆنی زەردو سەوز، درێژکراوەی دەسەڵاتی ئێران و تورکیا. پارتی ڕێڕەوی دەسەڵاتی تورکیا پیادە دەکات و یەکێتی هی ئێران. بەچاویی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە لەم دوو هێزە بڕوانین، دوو دەسەڵاتی پچوککراوەی ئەو دەوڵەتەمان دێتە بەرچاو.
کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی ناوخۆیی خۆی بۆ سەرکوتکردن و خەفەکردنی دەنگی ناڕازیی لەسەرەتای هاتنە دەسەڵاتیەوە، سیستەمی بانێک و دوو هەوای پیادەدەکات. لە کۆی شار و ناوچەکاندا پلانی ململانێی نێوان پاسداران و ئیتلاعاتی داڕشتووە، بەم پلانە توانیوویەتی زۆربەی گەنج و ئەوانەی توشی ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەرونی دەبن لەیەکێک لەم دوو هێزە سەرکوتکەرە، لاکەی تری بیگرێتەخۆی و دڵنەوایی بکات و توشی بە ئەندام و لایەنگریی بوونی خۆی بکات، چۆن؟ بۆ نمونە: لەشاری بانە بنکەی پاسداران زوڵموزۆرێکی زۆر دەکات، بەڵام بنکەی ئیتلاعات لەو شارە ڕەشماڵی دڵنەواوی و لانەی لەخۆگرتنی دڵەناڕازییەکانی سوپای پاسدارانی گرتۆتە ئەستۆ. گەرچی لە شاری سەردەشت بە پێچەوانەوەیە، ئیتلاعات زوڵم و زۆر دەکات، پاسداران بنکەی دڵنەوایی دڵتۆراوانی ئیتلاعاتە.
لەناو یەکێتیشدا لە دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران، شێوەیەک لەم پیلانانە پیادە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لانی کەم دڵتۆراوەکانی ناو یەکێتی بکەنە دوو بەرەو، هەر بەرەیەکیان بەشێوەیەک دڵتۆراوەکان فریو دەدەن.
کاتێک شاناز ئیبراهیم قسە دەکات و هێرش دەکاتە سەر کوتلەی کۆسرەت، کاتێک مەحمود سەنگاوی هێرش دەکاتە سەر قوباد و مەلا بەختیار، کاتێک لاهور شێخ جەنگی خۆی نیشان دەدات بە فریادرەسی ناو یەکێتی، ئەمانە جگە سینارۆیەکی پێش وەخت دارێژراو هیچی تر نییە. لەژوورە تاریکەکاندا هەموویان ڕازین بەوەی هەرچی سوکایەتییە لەسەر مێدیاکان بەیەکتری بکەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پیلانەکەیان بەردەوام بێت بەوەی هەیە، وەک هەر خۆیان دەسترۆیشتووی ناو یەکێتی بن، لەوێشەوە بەو هێزەی هەیانە لەگەڵ پارتی بەردەوامی بدەن بەم سیستەمە پر لەگەندەڵ و مافیایەی کە هەیەو، گەلێکی برسی و کۆتکراویی بەردەوام بوونی هەبێت.
ئەم پیلانەی سەرانی یەکێتی، بەشێک لەیەکێتیەکانی بۆ دوو ململانێی کورتلەگەریی دابەش کردووە، لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانی و کوتلەی کۆسرەت ڕەسوڵدا. ئەگەرچی ئەم دوو کوتلەیە هیچ ململانییەکی ستراتیژی و ئایدیایی لەنێوانیاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک خەڵکی بەرژەوەندیخواز و دەستوپێ بەستراویان لەخۆیان کۆکردۆتەوە. جگە لەکۆکەرەوەی ژێر ڕەشمالی ئەم دوو کوتلەیە، بەشە زۆرەکەی ناو یەکێتی ئەوانەن زۆر باش لەمانە تێگەیشتوون و زۆربەیان بەچاویی ناڕازیی بوون و ڕامانەوە لەم دوو کوتلەیە دەڕوانن و، وەک لەدەمی زۆرینەوە دەبیسترێت، تا ئێرە هاتوون و بژێویی ژیان و چاوەڕوانی هەڵچوونی کۆمەڵێک خەڵکی باشن تا گۆڕانکاریی لەسەرەوە بکەن و یەکێتی لەم پیسخۆر و گەندانە پاک بکەنەوە، گەرچی بە بۆچوونی بەندە جگە لە خۆ خەڵەتاندن هیچی تر نییە، چوونکە بە خەڵکانی وەک نەوشیروان مستەفا و دکتۆر بەرهەم ئەم کارە لەناو یەکێتی ئەنجام نەدرا، ئەوا زەحمەتە هیوایەک لەم هێزەدا هەبێت سەرچاوەی لێخنی یەکێتی پاک بکرێتەوە.
- بابەتەکانی تری لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts