بورهان شێخ ڕەئوف: کابینەى نوێى حکومەتى عێراق.
لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى گشتى لە عێراق بەبەشدارى205 قەوارەى سیاسى کە خۆى لە 6994 کاندید لە نێرو مێ لە 18 بازنەى هەڵبژاردن لە ناوخۆى وڵات و لە 19 بنکەى دەنگدان لە دەرەوەى وڵات بۆ پڕکردنەوەى 329 کورسى ئەنجومەنى نوێنەران.
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بەغداو نەجەفە بەتایبەتى سەید موقتەدا سەدر ئەو کەسایەتیە ئاینیە کە سەرەتاى ژیانى سیاسى لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە بەگژ ئەمریکیەکاندا چوو وەکو داگیرکەر تەماشاى دەکردن لە کاتێکدا ئەوانى تر بە ڕزگارکەر و فریشتەیان دەزانین، سوپاى مەهدى دامەزراندو دواتر هەڵى وەشانەوە ئەگەرچى ئەم کاراکتەرە بەرگ و عەباى تائیفى لەبەردایە بەڵام دروشم و خواستى نیشتمانى هەیە و تەنیا کەسى شیعەیە چوو لە مەرقەدى شێخ عەبدولقاری گەیلانى سوونەکان نوێژى موەحەدى کردلە گەڵ سوونە دژى میلیشیایە و خۆى سەرایای سەلامى هەیە لەوانەش سەرنجڕاکێشتر دوژمنى سەرسەختى گەندەڵى و بەتاڵان بردنى ماڵى گشتیە هەرئەمەش بوو کەواى کرد لەم هەڵبژاردنەدا پێشى لیستە ڕکابەرەکانى بکەوێت بە ڕای من.
کابینەى نوێ
ئەوەى گرنگە گەلانى عێراق بە هەستیارێکى زۆر سامناکەوە چاوەڕوانى لە دایک بوونى حکومەتێکى نوێن دەپرسن و دەترسن ئایا وەکو جارانى پێشووتر لە پایتەختەکانى دەرەوە بڕیارى لەسەردەدرێت یان ئەوەى سەید موقتەداى سەرکردەى گەنج دەیڵێت ئێمە خاوەن بڕیارو خواستى سەربەخۆى خۆمانین دروستە؟ ئەى سەردانە کتوپڕەکانى نوێنەرانى ئەمریکاو ئێران بۆ بەغداد هەر ڕۆژى دواى 12 مایس چیمان پێدەڵێن؟
ئاڵۆزى و قورسى بارودۆخەکە هەر ئەوە نیە کە ئاکامى هەڵبژاردنەکانى دەرى خستووەو و نەخشەیەکى سیاسى نوێ ى هێناوەتە ئاراوە بەڵکو ئەو دۆخە پڕ مەترسییە یە کە عێراق و ناوچەکەى پێدا دەڕوات دواى کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەى (5+1) لە گەڵ ئێران کە بێگومان کاریگەرى نیگەتیف و ڕاستەوخۆى لە سەر دۆخى عێراق و پێکهێنانى کابینەى نوێ دەبێت.
ئەگەر چى سەرکەتنى لیستى سائرونى نزیک لە موقتەدا سەدر جێگەى خۆشحاڵى نە ئەمریکاو نەئێرانە بەڵام هیچ کام لەوان هێڵى سووریان لە سەرى نیە لە بەرامبەردا سەدر هێڵى سوورى لەسەر ئەمریکاو مالیکى و خەزعەلى و هەندێ لەو قەوارانەهەیە کەلە ئێرانەوە نزیکن.
سەدر لە ڕووى ناوخۆییشەوە وەکو لە تویتەکانى دا بڵاوى دەکاتەوە بە نیازە خۆى هەرسێ سەرۆکایەتیەکە ى عێراق دیارى بکات لەوانەى کە:
1- هیچ تۆمەت و گومانێکى گەندەڵییان لە سەر نیە و ئەستۆپاکن لەو ڕووەوە.
2- دەستیان بە خوێنى ڕۆڵەکانى گەلى عێراق سوور نیە.
3- باوەڕیان بە یەکپارچەیی خاکى عێراق هەیە.
هەموو ئەو خاڵانە شرۆڤەو لێکدانەوەى جیاواز هەڵدەگرن و پێناچێت لەم کاراکتەرانەى ئێستاى سەر گۆڕەپانى سیاسى عێراق و لە لیستە براوەکان بە دەگمەنیش خەڵکى وا ى دەست بکەوێت!
بۆیە پێش سازان و پێکهێنانى کابینەى نوێ چ لە ناوخۆى عێراق و چ لە دەرەوەش گرنگە سەید موقتەدا گرنتى و دڵنیایى دروست لە ئەمریکیەکان وەربگرێت بۆ چۆنێتى هەڵسووکەوت و هەماهەنگیان بۆ ئایندەى عێراق لە سیاسەتى ئەمریکادا بۆ ئێرانیەکانیش لەمە ئاسانتر نابێت ئەوان عێراق بە قوڵایى ئیستراتیجى خۆیان دەزانن و ساڵانێکە کارى بۆ دەکەن.
لە کۆتاییدا من نامەوێت زۆر درێژەى پێبدەم ئەم بابەتە زۆر دەکێشێت و پێشتر قسەى ترم لەسەر کردووە و پێکهێنانى کابینەکانى پێشوو بە ڕاوێژو هەماهەنگى ئەمریکاو ئێران نەیانتوانى عێراق بگەیەننە کەنارى ئارامى، بەڵکو دەبێت ئێستا ئەوان و عێراقیەکان کە من ئێستا خۆم بە گومانم لە ئینتیماى هەموویان بۆ عێراق چونکە ڕابردوو ئەوەى سەلمان کە هەموویان دڵسۆزو پابەندى نەتەوەو تائیفەکانیانن زیاتر بۆ عێراق بۆیە دۆخى عێراق لە هەموویان دەخوازێت کە بە ئارامى و دوور لە هەڵچوونەوە بڕیارى گونجاو بدەن و هەریەک لاى خۆیەوە چەند هەنگاوو پێپلیەکەیەک بێنە خوارەوەو چونکە دۆخى شێواوى عێراق و ناوچەکە بەرگەى هیچ سەرەڕویى ملهوڕى و ململانێ یەکى نوێ ناگرێت.