عەلی مەحمود: بەراوردێك لە نێوان ریفراندچییەكانی كوردستان و كەتەلۆنیا.
سەرەتای پایزی ساڵی 2017(25-9 و 1-10) لەناو یەك هەفتەدا هەردوو هەرێمی كوردستان و كەتەلۆنیا ریفراندۆمیان ئەنجامدا بۆ سەربەخۆیی, دەیان خاڵی لێكچوو لە نێوان هەردوو ریفرادۆم و كاردانەوەكانی بەرامبەری هەبوو, ریفراندۆم دێوی فاشیزمی لەم دوو وڵاتە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخەو هەڵستاند, ریفراندۆمی ئەم دوو گەلە وەك سندوقی باندۆرای لێ هات, دەتوت هەموو شەڕو نهامەتیەكانی مرۆڤایەتی لەوێدا هەڵگیرابوو, رۆژی بیداركردنەوەی شەیتانە مەڵاسەكانی مێژوو بوو, لە گەڵ هەڵدانەوەی سەرقەپاغی سندوقە وێشومەكە, هەموو نەهامەتییەكان دەرچونە دەرەوەو پەلاماری هەردوو گەلیان دا, 140 وڵات لە گامبیاو جامیكاوە تا دەگاتە سلۆڤاكیا كە خۆی بە ریفراندۆم ئازاد بوو دژ بە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا وەستانەوە, بەریتانیا كە مافی ریفراندۆمی دا بە سكۆتلەندیەكان دژ بە ریفراندۆمی كوردستان و كەتەلۆنیا بوو بە توندی, هەروەها كەنەدا لە كاتێكدا دژ بە ریفراندۆمی كەتەلۆنیایە, كەچی هەمان مافی دا بە كیبكیەكان لەناوخۆی وڵاتەكەی خۆی.
هاوكات سێ خاڵی زەقی جیاواز لە نێوان هەردوو ریفراندۆمدا هەبوو, كە تایبەت بوو بە كاركردی دەستبژێر و پەرلەمان و پارتە ریفراندۆمچییەكانی هەردوولاوە, ئەوانیش دەریانخست كە ریفراندۆمەكەی كوردستان جدی نەبوو دور لە تیۆری موئامەرەی نەیاران, وە كوردیش لە ئێستادا ئامادەیی رۆیشتنی نییە بۆ سەربەخۆیی بەم كەرەسەیەی هەیە, دەنا هەمیشە ریفراندۆم وەك بەشێك لە سیمای دیموكراسی راستەوخۆ داواكارییەكی رەوایە بۆ هەر پرسێك, بۆ سەربەخۆیی گەلێكی وەك كوردیش زەرورەتی ژیانە.
هەرچەندە رێژەی بەشداری و رێژەی بەڵێی كوردەكان زیاتر بوو لە كەتەلانیەكان ” ریِژەی بەشداریكردن: كوردستان- كەتەلۆنیا 72.82% 43.03%, رێژەی بەڵێ: كوردستان – كەتەلۆنیا 92.73% 92,01%”, وەلێ یەكگرتوونە بوونی كوردان و كەوتنە داوی تەڵەی داگیركەرانەوە, تا سەر نەبوون لەگەڵ پرۆسەكە و پاشگەزبوونەوە لێی, سەركردایەتییەكی نا پەیگیر, تەنانەت ئەوكەسەی كە 25ی سەپتەمبەری بۆ رۆژی ریفراندۆم پێشنیاركرد, هێشتا مەرەكەبی پەنجەی وشك نەببوەوە دژی وەستایەوەو كەوتە لێدوانی پەشیمانی لە هەمبەری, ئەمە وایكرد ریفراندۆمەكەی كوردستان بە شكستی كەمەر شكێن نەك تەنها سەربازی بگرە سیاسیش كۆتایی پێ بێت, دۆڕان تەنها شكستی سیاسی و سەربازی نییە, بگرە داڕمانی بیروباوەڕ و ملكەچی دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار بۆ بەرامبەر گەورەترین شكستە, خۆ دەستەبژێری سیاسی كەتەلانییەكان زۆریان چارەنوسیان زیندان و هەڵاتنە بۆ دەرەوە , وەلێ لە روی ئەخلاقییەوە وەفادار بوون بەرامبەر پرسەكە براوەن.
ئەو سێ جیاوازییەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەم لە نێوان هەردوو ریفراندۆم, لە 3 ئەكتەری گرنگی سیاسەتكردنی هەردوولا بەرجەستە دەبێت ئەویش” پارتە سیاسیەكان, پەرلەمان, دەستەبژَێرە دەسەڵاتدارەكان”, واتا كێشەی شكستەكە ناوخۆییە نەك هۆكاری وڵاتانی سەردەست و نێونەتەوەیی و… تاد.
1- پەرلەمانی كەتەلۆنیا لە سەرەتاوە تا كۆتایی پرۆسەكە و راگەیاندنی سەربەخۆیی كارپێنەكراو لە 27ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بە رۆڵی پێشەنگایەتی خۆی هەڵستا, سەركردایەتی پرۆسەكەی كرد و بڕیاری بوێرانەی داو دەستپێشخەر بوو, تەنانەت دوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی خۆجێیەتی و پەرلەمانی هەرێمی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوەش ” لە هەڵبژاردنی 21ی سەپتەمبەر ی 2017ی كەتەلۆنیا, لایەنگرانی سەربەخۆیی 70 كورسییان هێنایەوە لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی هەرێمەكە (هەموو لە پێناو كەتەلۆنیا 34 كورسی, پارتی چەپی كۆماری كەتەلۆنی 32 كورسی, كوپ 4 كورسی) ” مكوڕ و بەردەوام بوو لە داواكارییەكەی, وەلێ بە پێچەوانەوە پەرلەمانی كوردستان وەك داوەشاوێك مامەڵەی كرد تەنها یەك دانیشتنی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی ئەنجامدا پێش پرۆسەكە, ئەویش هەموو بانگكرابوون بۆ بەڵێ نەك گفتوگۆ و بڕیاردانی سەربەخۆیی, دوای 25ی سەپتەمبەر بە یەك وشەش نەهاتنەوە سەری, بە پەسەندكردنی ئەنجامەكان یان رەتكردنەوەی, تەنانەت یەك فراكسیۆنی پەرلەمانیش نەبوو فشار بخاتە سەر پەرلەمان بۆ باسكردنەوەی ئەم دۆسیە گەورەیەو لێكۆڵینەوە لێی و باسكردنی لێكەوتەكانی و بڕیاردان و هەڵوێستن وەرگرتن لە هەمبەری, بە پێچەوانەی كەتەلۆنییەكان, لایەنگرانی ریفراندۆم لە كوردستان وەك مشكی ناو پاپۆری غەرق بوویان لێهات, پۆل پۆل پەشیمان دەبونەوە لە بڕیارەكانیان و نایانەویست باس بكرێتەوەو بەرەو بەرەی نا رایاندەكرد.
2- پارتە سیاسییە ریفراندۆمچییەكان كەتەلۆنیا موزایەدەیان لەسەر یەكتر دەكرد بۆ سەربەخۆیی بەردەوام فشاریان دەخستە سەر یەكتر بۆ چون بەرەو راگەیاندنی سەربەخۆیی, بە تایبەت پارتە چەپەكان, لەوانیش پارتی كوپ ” Popular Unity Candidacy–Constituent Call” ” پارتی یەكبونی گەل لە 14-12-1986 دامەزراوە, خاوەنی 382 كورسی لە كۆی 9077 كورسی شارەوانییەكانی كەتەلۆنیا و 10 كورسی لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی كەتەلۆنیایە” خولی پێشوو”, 1912 ئەندامی هەیە دووەم بچوكترین پارتی هەرێمەكەیە لە دوای پۆدیمۆس لە روی ئەندامگیرییەوە ,ناوەكەی لە ناوی هاوپەیمانی یەكبونی گەل بە سەرۆكایەتی سلفادۆر لیندی سەرۆك كۆماری شیلیەوە وەرگرتراوە, رێكخستنێكی دژ بە سەرمایەدارییە, بڕیارە گرنگەكان بە دەنگدانی هەموو ئەندامان و كاندیدە هەڵبژێردراوەكانی دەدرێت, باوەڕی بە دیموكراسی تەشاركی هەیە”دیموكراسی راستەوخۆ” لەناو خۆو بۆ هەموو كەتەلانیا, خەبات دەكات بۆ كەتەلۆنیایەكی سەربەخۆی سۆسیالستی ژینگە پاك, دژ بەوەیە موچەی تایبەت بدرێت بە سیاسییەكان و مرۆڤ لەسەر سیاسەت بژێت, چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی خەباتكاران لە پێناو (( سەربەخۆیی كەتەلۆنیا, داكۆكی لە مافی كرێكاران, داكۆكی لە زەوی , زمان, ناسنامەی نیشتمانی, دژایەتی باوك سالاری)), كوپ بە هەموو شێوەیەك هاتە پشت سەربەخۆیی كەتەلۆنیاوە, وەك یەكەم بزووتنەوەی سیاسی كەتەلۆنی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسپانیای رەت كردەوە, بایكۆتی پرۆسەكەی كردو باوەڕی بەو هەڵبژاردنە نییە و نوێنەر بۆ مەدرید نانێرێت, فشاری دروستكرد بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی لە 27ی ئۆكتۆبەری 2017, رایگەیاند ئەگەر سەربەخۆیی رانەگەیەنرێت ئەوا پشتیوانی لە حكومەتی خۆجێیەتی كەتەلۆنیا دەكشێنێتەوە, لەو بارودۆخە گەرمەدا كە ئیسپانییەكان لە هەموو لایەكەوە پەلاماری بەرشەلۆنەیان دەدا, بە كشانەوەی ئەویش كە 10 كورسی لە كۆی 135 كورسی پەرلەمانی هەرێمەكەی هەبوو, حكومەتی هەرێمی كەتەلۆنیا دەڕوخا, چونكە بەرەی سەربەخۆ خوازان 72 كورسیان هەبوو, بە بێ پشتیوانی كوپ 62 كورسی دەمایەوە كەمتر بوو لە نەسابی قانونی بۆ پێك هێنانی حكومەت لە لایەن سەربەخۆ خوازانەوە, بۆ ریفراندۆمی یەكی ئۆكتۆبەر, كوپ لە ژێر دروشمی ( یاخی بوونەوە لە ئیسپانیا, مافی چارەی خۆنوسین, كۆماری كەتەلۆنیا) هەڵمەتی پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كەتەلۆنیای دست پێكرد, بەرەو كۆماری كەتەلۆنیایەكی سۆسیالستی لە دوارۆژدا دروشمی بوو, كوپ لە لایەن بەشێك لە چەپەكانەوە تاوانبار كرا بەوەی پاشكۆی دوو پارتە بۆرجوازییە دەسەڵاتدارەكەیە, بەتایبەت حیزبی سەرەك وەزیرانی كەتەلۆنیا” كارلس بوتجدمون” كە پارتێكی راستگەرای پارێزگارە Catalan European Democratic Party ” و سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری سەپاند بەسەر گەلی كەتەلۆنیا. كوپ لە كاتی دەنگدان بە كابینەی حكومەتی كەتەلۆنیا لە 12ی یۆن 2016, سێ مانگ پێكهێنانی كابینەكەی دوا خست, رایگەیاند دەنگدان بە ئەرتۆر ماس سەرۆك وەزیرانی پێشوی كەتەلۆنیا مردنی رێكخراوە, هەر كوپیش بوو لە سەرەك وەزیرانی هەرێمەكە دوری خستەوە, هاوكات پێی وابوو دەنگدان بە نا لە ریفراندۆم مردنی سەربەخۆیییە, بۆیە سەرەك وەزیرانی گۆڕی بە” كارلس بوتجدمون ” و كۆمەڵێك دەستكەوتی لە پێناو هەژاران و قوتابیان و پەنابەران و خانەنشینان وەدەست خست لەبەرامبەر سازشی دەنگدان بە كاندیدی راستی پارێزگار بۆ پۆستی سەرەك وەزیرانی هەرێمەكە, لەهەمان رێكەوتن رایان گەیاند تا سەپتەمبەری 2017 پێویستە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدرێت لە كەتەلانیا, واتا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ژێر فشاری كوپدا بوو, لەو ماوە كورتەی دوای پێك هێنانی حكومەت.
كوپ لە كابینەی تازەی حكومەتی كەتەلانیا ناڕازی بوو كارل بوتجدمۆن لە ژێر فشاری حكومەتی ئیسپانی بگۆڕدرێت, هەرچەندە نزیكایەتی لە گەڵ كیم تۆرا سەرەك وەزیرانی تازەدا هەیە, بۆ ئەوان كەسەكە گرنگ نەبوو, ئەوەندەی لە ژێر فشاری حكومەتی پاشایەتی مەدریدا نەچەمێنەوە, بۆیە دەنگی بە كابینێتەكە نەدا, بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد, نەچوو بە نا دەنگ بدات, لێ دەیزانی بەرەی سەربەخۆیی بە 66 دەنگ بەرامبەر 65ی دژبەرانی سەربەخۆیی دەیبەنەوە, بۆیە ئەگەر بیزانیایە ژمارەكە تەواوی ناكات بۆ بردنەوە بەشداری دەكرد لە دانیشتنەكە.
بە پیچەوانەی چەپەكانەوە, بۆرجوازی كەتەلۆنی, ساڵی 1935 تەمویلی كودەتای دكتاتۆر فرانكۆیان كرد, كە حكومەتی خۆجێی كەتەلۆنیای هەڵوەشاندەوەو تەنانەت زمانی كەتەلۆنیشی قەدەغە كرد تا كۆتایی دەسەڵاتە 40 ساڵییەكەی, هەروەك چۆن سەرەك خێڵ و دەرەبەگ و ئاغاكان و هەردوو باڵەكەی پارتی (جەلالی و مەلایی) پشتیوانی كودەتای بەعسیەكانیان كرد و هاوكاری بوون لە 8ی شوباتی 1963دا, دەرگای بەڵایان بۆ كوردو عێراقییەكان كردە سەرپشت, بۆرجوازی كوردی و كەتەلۆنیی دەڵێی كۆپی یەكترن.
بە پێچەوەانەی كەتەلۆنیا لە لە كوردستان تەوژمێكی سیاسی سەربەخۆ خواز نییە, ئەوەی هەیە موزایەدەی هێزە سیاسییەكانە بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی عەبادی و مالكی, دوای ریفراندۆم لە رۆژی حەجە گەورەكە 5 شاند لەیەك رۆژدا بەرەو بەغدا رۆیشتن, ئامادە بوون سازش لەسەر نەهێشتنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانیش بكەن,لە بەرامبەردا كەتەلۆنیا یەكگرتووانە داكۆكیان لە پرۆسەكە كردو بە بێ بونی سوپا بێزیان لە پرۆسەكە دەرچوون و كەرامەت و بیروباوەڕو بەهاكانیش پارێزراو بوون, موزایەدە بۆ دواوە نەبوو وەك كوردستان, بەڵكە راكردن بوو بۆ پێشەوە, لە كوردستان حیزبەكانی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بێدەنگ بوون و خۆیان نەكردە شەریكی دۆڕانەكە, شاییەكەی ئێوارەی 25ی سەپتەمبەری بەردەم بارەگاكانیان لە بیر كرا, زۆری ئەو سەركردانەی 25ی مانگ لەبەردەم كامیراكان پەنجەی مۆركراویان نیشان دەدا, رۆژی دواتر هەڵگەڕانەوە, بە پەنجەی مۆركراوی ریفراندۆمەوە لەسەر مێزی قاسم سلێمانی دانیشتن, هەندێكیش لە بەغدا لێدوانی وایان دەدا لە تەمەنی 35 ساڵەی بەعس هیچ جاش ئەفەندییەك لێدوانی ئابڕوبەری وایان نەداوە, لێ كەتەلانییەكان بەرەو روی سەختییەكان بونەوەو وازیان نەهێنا لە ویستی سەربەخۆیی.
3- كەسەیاتی جیاوازی دەستبژێری سیاسی و ریفراندۆمچییەكانی ئێمەو دەستەبژێری سیاسی و ریفراندۆمچییە كەتەلۆنیەكان دوای قەیرانەكە, راستە كەتەلۆنیا بەرەو روی دەستور بوەوە, كوردستان بەرەو روی سوپا و هەڕەشەی سەربازی هەرێمایەتی بوەوە, دەركەوت دەستوری ئیسپانیا و عێراق لەگەڵ ویستی گەلاندا یەك ناگرێتەوە, راپرسی رای گەلە و دەستور بووەتە زیندانی گەلان لەم وڵاتانە, لێ كاردانەوەی ریفراندچییەكانی كوردستان بەزین و خۆبەدەستەودان بوو, تا گەیشتە شان و لامل ماچ كردنەكانی بەغدا, لێ دەستەبژێری سیاسی كەتەلۆنییەكان بەرەو روی پێشهاتەكان بونەوەو لە ویستی خۆیان نەهاتنە خوارەوە, زیندان و هاندەرانیان هەڵبژارد, سەربەخۆیی ئەگەر ئیدعایەك سیاسیش بێت مكوڕ بوون لەسەری, كیوم تورا” Quim Torra, 28 desembre 1962″ ” سەرۆك وەزیرانی دیاریكراوی كەتەلۆنیا لە 17ی ئایاری 2018 , ئامادە نەبوو لەبەردەم پاشا سوێند بخوا كە ئەوان خواستاری هەڵوەشاندنەوەی سستەمی پاشایەتی و بۆ كۆماری كەتەلۆنیا تێدەكۆشن, هاوزەمان سوێندی بە ملكەچی بۆ دەستوری ئیسپانی نەخوارد, بەڵكە سوێندی بە ئیرادەی گەلی كەتەلۆنی خوارد, تۆرا رایگەیاند ئەوكار بەڕێكەرە نەك سەرۆك وەزیران, سەرۆكی راستەقینە كارلیس بۆدجیمۆنتە ئێستا بەهۆی سەربەخۆییەوە ناخۆشترین كاتەكانی ژیانی بەسەر دەبات, ئەوكار بۆ سەربەخۆیی كەتەلۆنیاو گەڕاندنەەی سەرۆك دەكات, هاوكات بەهۆی مكوڕییان لە دیاریكردنی دوو وەزیری زیندانی و دووی هەڵاتوو ئەوا سوێند خواردنی كابینە دوا خرا, بۆیە رۆژی 25ی ئایار بە تەنها لەسەر كورسی پێشەوەی پەرلەمان دانیشت, لە جیاتی وەزیرەكان پەڕۆی زەردی لولدراو وەك هێمای سەربەخۆیی كەتەلانیا داندرابوون.
بۆیە لە داهاتوودا پێویستمان بە دەستەبژێری سیاسی خاوەند مۆراڵ و پارتی سیاسی سەربەخۆچیی نەك ریفراندۆمچی پەیگیر و پەرلەمانی بوێرو خاوەند ئیرادەو دەستپێشخەر هەیە, بۆ رزگار بوون لە كۆیلەیەتی ستەمی نەتەوایەتی, لەم نێوەدا پێویستە ئەزموون لە خەباتی كوپ وەربگرترێت كە داینەمۆی گۆڕانكارییەكانە بۆ پێشەوە لە كەتەلان.