دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: پێوەندیی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب و مافی چارەنووس.
ئەوەتەی نەتەوەی کورد، خاکەکەی داگیر و دابەشکراوە، گەلێ دوژمنی گەورە و گچکەی هەیە. سەرەڕای ئەوەش، جاشبیر و کلکەتەورەکانی نێوخۆش، هێندەی دیکە گۆمی گەوجاندنی ڕۆڵەکانی کوردیان قووڵترکردووەتەوە. بۆیە دەبێ، دۆست و دوژمنەکانمان لە یەکدی جیاکەینەوە. چەن ڕاستییەک هەیە، لە بیر و هۆشی ڕۆڵەکانی، هەردوو گەلی سەرەکی (عێراق)دا بچەسپێنرێ، گەر ئەو دوو گەلە بیانەوێ، بە ئاشتیی، ئاساییش، هێمنیی، سەربەخۆیی و ئازادیی، وەک دوو گەلی جیا و دۆست، دوو گەلی هاوبەشی ڕاستەقینە، لە چوارچێوەی دەوڵەتی (عێراق)دا پێکەوە بژین و دەوڵەتەکە بەڕێوەبەرن.
1- لە ئەو ڕۆژەوە، باشووری (کوردستان) بە (عێراق)ی عەرەبییەوە نووسێنراوە، کاربەدەسانی دەوڵەتەکە، وەک کاربەدەسانی دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیزم، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ گەلی کورد کردووە، لە هەموو مافێکی نەتەوەیی، ڕامیاریی، یاسایی، دەستووریی و دێمۆکراسی بێبەشیانکردووە. سامانی ژێرزەویی و سەرزەوییان تاڵانکردووە. لەبەرئەوە دەوڵەتی (عێراق)، دەوڵەتێکی داگیرکەر نەبێ، هەرگیز دەوڵەتێکی هاوبەش و یەکسان نەبووە، باشووری (کوردستان)یش داگیرکراوە و هەوڵی بەعەرەبکردنی دراوە.
هەروەها، زۆربەی هەرە زۆری ڕۆڵەکانی گەلی عەرەبیش، وەک گەلێکی سەردەس و داگیرکەر، بە بیری شۆڤێنیی نەتەوایەتی پەروەردەکراون و لە ڕۆڵەکانی گەلی کوردیان ڕوانیوە. بۆیە دەبێ، ئەم جۆرە پەروەردەکردن و باری سەرنجە، بە شێوەیەکی ڕاست و مرۆپەروەرانە بگۆررێ، ڕژێمی دەسەڵاتداری (عیراق) و ڕۆڵەکانی گەلی عەرەب، بە چاوی دۆست و هاوبەش، لە گەلی کورد بڕوانن، گەر بیانەوەی، لە چوارچێوەی دەوڵەتی (عێراق)دا پێکەوە بژین.
2- لە ڕووی زانستی جوگرافیا و جیۆپۆلێتیکەوە، خاکی (عێراق) لە دوو نێوچەی جوگرافیایی و دوو نیشتمانی جیاوازی وەک (عێڕاق)ی عەرەبیی و باشووری (کوردستان) پێکهاتووە. لەبەرئەوە خاکی (عێراق)، بەشێ لە نیشتمانی عەرەب نییە، وەک ناسیۆنالیستە شۆڤێنیست و نەژادپەرستەکان، بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵکوو هەر بەشێکیان، سەر بە نیشتمانێکی جیاوازە.
واتە خاکی باشووری (کوردستان)، هەرگیز بەشێ لە نیشتمانی عەرەب نەبووە و نییە، بەڵکوو بەشێ لە (کوردستان)ی گەورە و (عێراق)ی عەرەبییش، بەشێ لە نیشتمانی عەرەب پێکدێنن. ئەم گرفت و تێگەیشتنەش وەنەبێ، شتێکی نوێ بێ، بەڵکوو پتر لە نیوسەدە دەبێ، سەرکردایەتی جوڵانەوەی کورد دەیەوێ، ئەم ڕاستییە لە بیر و هۆشی، ڕۆڵەکانی گەلی عەرەبی (عێراق)دا بچەسپێنێ و کاری پێ بکرێ، بەڵام تا ئیستە کەڵکی نەبووە!
3- (عێراق) دەوڵەتێکی عەرەبیی ناسیۆنال نییە، بەڵکوو دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و نیشتمانی تێریتۆریاڵە، دەوڵەتی هەموو ئەو گرووپە ئیتنیکانەیە، کە لەسەری دەژین. لەبەرئەوە گەلی کورد لە باشووری (کوردستان)، هەرگیز بەشێ لە نەتەوەی عەرەب نەبووە و نییە، بەڵکوو بە بەشێ لە نەتەوەی کورد و گەلی عەرەبیش، بە بەشێ لە نەتەوەی عەرەب دادەنرێن.
4- پێوەندیی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب دەبێ، لەبەر ڕۆشنایی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە و مافی چارەنووس بێ. واتە گەلی کورد لە باشووری (کوردستان)، وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان، مافی تەواوی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە. کەی بە پێویستی زانی و ویستی، سەربەخۆ بژی و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزرێنێ، ئەو مافەی پێ ڕەواببینرێ.
گەر ئەم پرینسیپە سەرەکییانە دانیپێدانەنرێ، لە دەستووری (عێراق)دا جێگیرنەکرێ، بە کردەوەش جێبەجێ نەکرێ، مەحالە گەلانی نێو ئەم دەوڵەتە تێکەڵوپێکەڵە، تا سەر بتوانن، پێکەوە بژین. ئەزموونی ئەم سەد ساڵەی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی (عێراق)یش، گەوایی ئەم دیدە ڕاستەمان بۆ دەدا!