دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کوردستانى باشور کۆمەڵگایەک سەرتاپا ( فێرەدرۆ) کراو.. بەشى پێنجەم.
ئێمەى فێرە درۆ و پرۆسەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى نوێنەرانى عێراق 2018 ـ تەڵاق و شکۆى مرۆڤى کورد ــ بڕواناکەم تائیستا لەکۆمەڵگاى باشورى کوردستان ” ئەو کۆمەڵگایەى سەرتاپا فیرەدرۆ کراوە بەزۆرەملێى حیزبى تەقلیدى بنەماڵەو خێڵ و ئاغاو دەرەبەگ ” بەقەد هیچ کاتێک وەک ئەم ماوە کەمەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق 2018 درۆ و ڕەفتارى قێزەوەن بەرامبەر بەشکۆى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان کرابێت.
ڕاستیەک بۆ هەریەک لەپارتى دیموکراتى کوردستان ـ یەکێتى نیشتمانى کوردستان ـ یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان ـ ئەو حیزب و لایەنانەى لەپشت پرۆسەى ئەو ڕیفراندۆمەى کاک مەسعود بارزانى یەوەبوون” ئەو ڕیفراندۆمەى لەحەقیقەتدا قومارکردن بوو بەژیانى خەڵکى و پرسى سەربەخۆیى کوردستان” ــ تەنیا بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانى نوێنەرانى عێراق پەشیمان بوونەوەبوو لەڕیفراندۆمەکەى کاک مەسعود و پرسى سەربەخۆیى کوردستان و مافى چارەنووس.
لەوەدەچێت زۆریک لەکاندیدی حیزبەکان سنوور و جۆرى ئەرک و دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى و بەدواداچوونى ئەندامانى نوینەرانى عێراق لەئەندامانى پەرلەمانى کوردستان جیانەکەنەوە سەبارەت بەسیاسەت و بەڕێوەبردنى حکومەتى عێراق لەحکومەتى هەرێمى کوردستان.
بەشێک لەو کاندیدانە، وەک کلتوورى حیزبەکانیان پەیمان و بەڵێنى درۆى ئەوها قەبە دەدن سەدلەسەد پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوورى فیدراڵى عێراق کەپێک هاتووە لەشەش بەندى سەرەکى بۆ پاراستنى گشت نەتەوەو پێکهاتەکانى عێراق
بەندى یەکەم: بنەما گشتیەکان لەخۆدەگرێت
بەندى دووەم: ماف و ئازادیەکان
بەندى سێیەم: دەسەڵاتەکانى حکومەتى ناوەند کەناسراوە بەدەسەڵاتى فیدراڵى (السلگات الاتحادیە)
بەندى چوارەم: بوارەکانى دەسەڵاتى فیدراڵى
بەندى پێنجەم: دەسەڵاتى هەرێمەکان
بەندى شەشەم: بڕیارە کۆتایى وئینتقالیەکان
کلتورى ئابڕووبردن و سوککردن و شەڕەجنێو و تەخوینکردنى حیزبى بنەماڵەیى ئاغاو دەرەبەگەکانى کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک سنورى بەرامبەر و ڕکابەرەکانى بەزاندووە بۆ خودى ململانێى ناوخۆى حیزبى خۆیان.
لەیادمە حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستانى بەوە تۆمەتبار دەکران کەچەمکى تەڵاق و شکۆ و پەیوەندى خێزانی تێکەڵ بەبەرژەوەندى حیزبى دەکەن، کاتێک بەفەتواى ئاینى دەنگدانى خەڵکى دیندارى موسڵمان دەبەستنەوە بەتەڵاق و پیرۆزى پەیوەندى خێزانیەوە، گوایە ئەوەى دەنگ نەدات بەم حیزبە ئیسلامیانە تەڵاقى کەوتووە.
جارێکى ترمێژوو دووبارە دەبێتەو، ئەمجارە لەسەر دەستى حیزبە خیزانى و بنەماڵەییەکانى کوردستان” حیزبى ئاغاو دەرەبەگەکانى ڕابردوو” یەکێتى نیشتمانى و پارتى دیموکراتى کوردستان، هەڵبەتە لەنەمانى متمانە بەئەندام و لایەنگرانى حیزب، بەتایبەتى ئازادى مافى دەنگدان دەبەستنەوە بەچەمکى تەڵاق و پیرۆزى پەیوەندى خێزان و نانبڕینەوە.
زۆر بەئاشکراو بێ شەرمانە پێان ڕاگەیندون ئەگەر دەنگمان پێ نەدەن نانتان دەبڕین (سەدام حوسین بەو هەموو دڕەندەییەوە نانى کەسى نەدەبڕى ـ کلتورى نانبڕین کلتورێکى کوردى حیزبى خێڵەکی یە بەئیمتاز) بەو مانایەى ئەو نانەى ئێستا ئێوەو خێزانەکانتان دەیخۆن هى ئێمەیە ئێمەى حیزب، لەهەمان کات سوێندی تەڵاقیان بەئەندامەکانى خۆیان خواردووە، ئەگەر دەنگ بەلیستەکەى خۆیان نەدەن تەڵاقتان بکەوێت لەکاتێکدائەم حیزبانە حیزبى ئیسلامى نین، ئەگەر ئەمە شکاندنى شکۆى مرۆڤى کورد نەبیت ئەبێ چى ناوبنرێت.
ئەوەى جێى داخە تاکە خاڵى سەرنجڕاکیشى ئەمجارەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق 2018 کەبەداهێنانێکى عێراقى و کوردى سەدەى بیست و یەک دەژمێردرێت، ئابڕووبردنى ئەخلاقى و سوکایەتى جەستەیى و دەروونى کاندیدەکان بوو، بەتایبەتى کاندیدى ئافرەت لەڕێى بڵاوکردنەوەى وێنەى “ڕووتى” ژنانى کاندید کەڕەفتار و ڕەوشتى ڕاستەقینەى خێڵ دەرەبەگ بەرجەستە دەکات، لە سیستمى پیاوسالارى خێڵدا تەنیا ژن شەرەفە بۆیە بۆ سوککردن و شکاندنى سیاسى کۆمەڵایەتى و شەخسى شەرەفى ئافرەت بەکاردەهێنن.
بێجگەلە لەکەدارکردنى شەرەف، شەڕەجنێو و توندوتیژى و ئیرهابى جەستەیى و دەروونى دژ بەکاندیدى حیزبە بچوکەکان (واتا ئەو حیزبانەى خاوەنى هێزى چەکدار نین) مۆرکى ئەم هەڵبژاردنە بوو، ئەمەش ئاماژەیەکى زۆر ترسناکە لەدوورکەوتنەوە لەکۆمەڵگاى مەدنى و گەڕندنەوە بۆ کۆمەڵگاى خێل و بنەماڵە.
لەم هەڵمەتەدا نەماندى هیچ کاندید و حیزب و لایەنێکى دیاریکراو باس لەچەمک و ڕەهەندى گۆڕانکارى لەسیستمى سیاسى و کۆمەڵایەتى عێراق بکات، هەمووان بێ جیاوازى تەنیا ئیدعاى گەراندنەوەى مافى ئەو کەسانە دەکەن کە دەنگیان پێ دەدەن، نەک گۆڕانکارى ڕیشەیى بەرەو سیستمێک مافى هەمووان بەدەر لەهەموو جیاوازیەک (جیاوازى ڕەگەز ـ نەتەوە ـ ئاین ـ ئینتماى سیاسى و حیزبى وکۆمەڵایەتى ) بپارێزێت.
نەماندى هیچ کەس و لایەنێک بەحیزبە غەیرە ئیسلامیەکانیشەوە باسى جیاکردنەوەى ئایین لەدەوڵەت بکەن، باسى جیاکردنەوەى ئایین لەپەروەردەو فیرکردن بکەن، باسى پێشکەوتنى زانست و مەعریفەى فیعلى بکەن، باسى پاراستنى مافى لایەنى بەرامبەر وکەمینەکان بکەن، باسى مافى مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەى وڵات بکەن.
بەداخەوە گشت حیزب و هاپەیمانى و بەشداربووەکان بێ جیاوازى، تەنیا باسى بەزۆر پچراندنى بەشێک لەو کێکە گەورەیەى عێراق دەکەن لەدەمى ئەو سیاسیە ـ بازرگانە چاوچنۆکانەى ئەودیوو سنور کەحکومڕانى عێراق دەکەن.
ئەم شەرەجنێو و سوکردنەى یەکتر لەپێناو چەند کورسیەکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەلماندى ئێوە ئەو زاتە نین بتوانن لەئایندەدا دەوڵەتى کوردى ڕابگەیەنن، دەوڵەتى کوردى بەکەسێک ناکرێت فرۆشیاربێت، بەکەسێک ناکرێت ئامادەبێت هەموو شتێک بفرۆشێت تەنانەت شکۆى مرۆڤایەتى خۆشى.