نەبەز گۆران: پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێم!
من هیچ بەراوردكارییەك ناكەم لەنێوان پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێم، چونكە دەزانم لەم بەراوردكارییەدا دەكەومە ناو هەڵەی گەورە و شەرمەزارییەكی راستەقینەوە. ئەما ئەو نوخبە سیاسییەی لە هەرێمدا هەیە و بوونەتە كێشەی گەورە بۆ هەرێم، رۆژگاری روخانی بەعس باسیان لەوە دەكرد ئەزمونی هەرێم بگوازنەوە بۆ عێراق! هەڵبەتە بەشێكی ئەو ئەزمونە گوازرایەوە و بوویە كێشەیەكی گەورە بۆ تەواوی سیستەمەكە. ئەما هێشتا لەناو نوخبە سیاسییەكەی عێراق دا خەونێك هەیە، خەونی بەرگریكردن لە یاسا، بەرگریكردن لە سیستەمی تەندروست، بەرگریكردن لە دادپەروەری، ئەم خەونە لەناو سیستەمەكەشدا تووشی كێشەی گەورە بووبێت، لێ لەناو پەرلەمان و دادگادا هێشتا وزەیەكی تێدا ماوە. بۆ هەرێم ئەم خەونە بوونی هەیە، بەڵام نوخبەی دەسەڵاتدارە خێزانی و بنەماڵەییەكە تەواوی هێزی خۆیان بەكار دەهێنن بۆ نەهێشتنی و، شەڕێكی گەورە دەكەن ئەو خەونە لەناو دامەزراوە گرنگەكانی پەرلەمان و دادگادا تەحقیق نەكرێت! رێك پێچەوانەی نوخبە دەسەڵاتدارەكەی عێراق.
با كەمێك سەیری جوڵەكانی دادگا و پەرلەمانی عێراق بكەین. لەماوەكانی رابردوودا ئەم دوو شوێنە بەو هەموو فشارەی لەسەریانە توانیویانە لانیكەم بەرگری لە ئەركە راستەقینەكەی خۆیان بكەن. بۆنمونە: وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیرەكان، بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیران بۆ لێپێچینەوە، بەكارهێنانی دەسەڵاتە راستەقینەكەی دادگاو پەرلەمان لە كاتی خۆیدا، (گەرچی هەندێكجار بەرگێكی سیاسیی هەبووە.) كەوایە ئەو وزەیە لەناو نوخبە دەسەڵاتدارەكەی عێراق دا ماوە بتوانێت سەرلەنوێ كار بۆ بونیاد نانەوەی دامەزراوە گرنگەكان بكات.
كەچی لەهەرێم بە پێچەوانەی ناوەندەوە. ئەركی پەرلەمان لە پێناو پاراستنی خێزان و بنەماڵە، لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی حیزبی ئایدۆلۆژی بەتەواوەتی پەراوێز خراوە. هەتا پەرلەمان ئەركە راستەقینەكەی خۆی نەگەرێنێتەوە و نەبێتە شوێنێكی باڵادەست بۆ بەرگریكردن لە یاسا و ماف و سیستەمێكی تەندروست، نەبێتە شوێنێك بۆ بەرهەم هێنانەوەی وزەی ماف و یاسا، هەرگیز گۆڕانكاری بونیادی لە سیستەمەكەدا روونادات. ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێم هیچ ئەركێكی بۆ نەماوەتەوە و لە پەراوێزی دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵەدایە، دادگا و پەرلەمانە. كۆمیدیا ئەوەیە نوخبە حیزبییە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم و دوكانە حیزبییە دروستكراوەكانیان دەیانویست ئەم ئەزمونە خێزانی و بنەماڵەییە بگوازنەوە بۆ عێراق!
با ئێمە تەنها سەیری ئەركەكان بكەین، سەیری دامەزراوەكان بكەین. لەوە دڵنیاین دامەرزاوەكانی دەسەڵات لە عێراق زۆرینەیان وەك ئەوانەی هەرێم سیخناخن لە پیسخۆری، سیخناخن لە دەستەگەری و مەزهەب و بنەماڵە گەری. ئەوەش دەزانین هێشتا عێراق ئەو دەوڵەتە نییە چاوەروانی شتی گەورەی لێبكەی لەبارەی دیموكراسییەوە، بەڵام وزەیەك هەیە ئەم وزەیە كار بۆ هێنانەدی خەونەكانی دەكات. لە هەرێم ئەو وزەیە خرایە خزمەتی حیزب و خێزان و بنەماڵەكانەوە. تەنها ئەو هێزانە دەتوانن سەر لەنوێ ئەم وزەیە دروست بكەنەوە خەونی گەورە و نیشتیمانیان هەیە، بێگومان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە ئیدی ئەو خەونانەیان نەماوە، لەبری ئەو خەونانە لەپشت گوتاری سواوی ناسیۆنالیستی حیزبیەوە خەریكی فریودانی كۆمەڵگەیەكن بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی تێكومەكان بدەن و بیانكانە سێبەری دەسەڵاتی خێزانی و بنەماڵەیی، ئەو هێزانەش دژی ئەم هەوڵەن پێویستیان بە توانای زیاتری جەماوەرییە تا ئەركەكە بگەرێنەوە شوێنە راستەقینەكەی خۆی. دیمەنەكانی ئەم دوایەی پەرلەمانی عێراق دیمەنی پیشاندانی وزەی بەرگریكردن لە ماف و سەروەری یاسایە. دیمەنێكن زۆر بەدەگمەن روودەدات لە پەرلەمانی هەرێم رووبدەن، گەر روشبدەن كەمینەیەك ئەم دیمەنانەیان پیشانداین، كە زۆرینەكە لە كۆتایدا گەیشتە ئەو بروایەی پەرلەمان پێویست نییە و، وەك دوكانێك دەرگاكەی داخست.
ئەو عەقڵە خێزانی و بنەماڵەیەی بوونەتە دەسەڵاتدار لەم هەرێمە، كێشەیەكی گەورەیان لەگەڵ دیموكراسی و سەروەری یاسا و مافدا هەیە. ئەم عەقڵە نەك شكستی بە ئابووری و سیاسی و نەخشەی جوگرافی هێناوە، بەڵكو شكستی بە هەموو دامەزراوە و بونیادی خۆبەرێوەبردن هێناوە و، بەردەوامیش بەرگری لەو جیهانە پیسە دەكات خۆی نەخشەی بۆ دادەرێژیت.
دیمەنەكانی پەرلەمانی عێراق دوای (27) ساڵ حوكمڕانی كورد، بۆ هیچ كەس جێگای شەرمەزاری نەبێت، بۆ نوخبە سیاسیی و دەسەڵاتدارەكەی دوو حیزبەكە جێگای شەرمەزارییە، چونكە نەیانهێشت ئەم هەرێمە ببێتە هەرێمێكی دامەزراوەیی و لە پێناو خۆیان و خێزان و بنەماڵەكانیان توشی شكستی گەورەیانكردین و هاوڵاتییانی ئەم هەرێمەیان ناچار كرد دڵخۆشبن بە دیمەنەكانی پەرلەمانی عێراق.