بورهان شێخ ڕەئوف: ئەرکە قورسەکانى حکومەتى نوێ ى عێراق.
وەکو هەموو لایەک ئاگادارین عێراق لە دواى هەڵبژاردنە گشتیەکانى 12 ئایارى 2018 کە هێشتا ئەنجامى هەڵبژاردنەکان یەکلایى نەبووەتەوە و بە هۆى بوونى سکاڵاو گلەیى و گازندەى زۆرێک لە قەوارە سیاسیەکان لە سەرتا خوارى عێراق لە سەر کۆى پرۆسەکە بەڵام وا چاوەڕوانى دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق دەکرێت کە دوا بڕیارى لە سەر بدات.
لە کۆتایى هەر دەبێت لایەن و لیستە براوەکان هاو پەیمانى ئیئتلافى نوێ پێکبهێنن بۆ ئەوەى بتوانن ڕێژەى 50 +1 کۆبکەنەوە بۆ ئەوەى کابینەى نوێ پێکبهێنن خولێکى ترى پەرلەمان و کابینەیەکى نوێ پێکبهێنن بۆ حوکمڕانى وڵات بۆ چوارساڵى ئایندە، لە کاتێکدا عێراق کە نوقمى قەیران و ململانێ ى قورس و تاقەت پڕۆکێن بوو لە ساڵانى ڕابردوو چ لە شەڕى تیرۆر و دەوڵەتى ئیسلامى داعشەوە بگرە تا کێشەو ململانێکانى نێوان هەرێم و ناوەند و دەردى گەورە و کوشندەى گەندەڵى کە لە تیرۆر مەترسیدارە بە قەولى دەوڵەتمەدار عەبادى کە خۆیشى کە زۆر بەڵێنى دا بە هەموو تواناى بەگژیدا بچێتەوە بەڵام بە کردەوە هیچی پێنەکرا لە گەڵ ئەو پەتا شوومەدا.
ئێستا کە هێشتا عێراق لە گەڵ ئەو قەیران و گرفت و کێشە نالەبارو قورسانەدا گیرۆدە بووە و کابینەکەى پێشوو نەیتوانیووە چارەیان بۆ بدۆزێتەوە حکومەتى نوێ کە هێشتا ڕوون نیە کێ پێکى دەهێنێت و کێ سەرۆکایەتى دەکات و پێدەچێت لەدایکبوونەکەى هێندە ئاسان نەبێت لیستێکى ترى کێشەو ئاریشەى نوێ ى بۆ خوڵقاوە کە بارى کابینەى نوێ هێجگار قورستر دەکات.
کێشە تازەکان
1- قەیرانى ئاو هەروەکو ڕاگەیەنرا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا دەوڵەتى تورکیا بەنداوى ئەلیسۆى نزیک بە تەواوکردو دەستى بە کۆکردنەوەى ئاو کرد کە نزیکەى 80% ئاوى ڕووبارى دیجلەو 20% ئاوى ڕووبارى فورات کەمدەکاتەوە کە ئەمە گەورەترین کارەساتە بۆ عێراق کە وەکو بیبابانێکى ڕووت و ڕەجاڵى لێدەکات، عێراق و حکومەتە نوێەکەى کە هێشتا لە دایک نەبووە چۆن دەتوانێت ئەم کێشە گەورە لە گەڵ تورکیادا یەکلایى بکاتەوە؟
2- کێشەیەکى تر کە هەر ڕۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنە گشتیەکانى عێراق 12 ئایار ڕوویدا ئەویش کشانەوەى ئەمریکا بوو لە ڕێککەوتننامەى (5+1) لە گەڵ ئێران کە ئەمەش لەسەر زارى سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ و هەموو هەڵۆ و بازەکانى ناو ئیدارەکەى دەیڵێن و دەیڵێنەوە کە قوورستر ین جۆرى سزاى ئابوورى فشارى تاقەت پڕۆکێن لە دژى ئێران پیادە دەکەن کە ئەمەش گەورەترین ململانێ ى سیاسى و ئابورى هەواڵگرى و بگرە سەربازیشى لێدەکەوێتەوە کە پێدەچێت عێراق و دواتر سوریاش گۆڕەپان و شانۆى ئەو ململانێ یە بن.
3- کێشەى ئاوەدانکردنەوەو بنیاتنانەوەى ئەو ناوچەو پارێزگایانەى لە دەستى دەوڵەتى ئیسلامى داعش ئازاد کران کە ئەمەش ئەرکێکى قورسە و تواناو وزەى پێویستى گەرەکە.
4- گێڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شوێنەکانى خۆیان و قەرەبوو کردنەوەیان ئەمەش کارێکى لەوانى پێشووتر ئاسانتر نیە.
5- چارەسەرنەکردنى هەموو ئەوانە ى سەرەوە نەگەڕانەوەى سوونەکان بۆ شوێنەکانى خۆیان و دابینکردنى کار بۆ بێکارەکان جارێکى تر زەمینە سازو لەبار دەکات بۆ سەرهەڵدانەوەى گروهو تاقمى توندئاژۆ و تیرۆریستى ترکە گەلى عێراق باجى قورسى دەدات جارێکى تر.
ئەى چی بکرێت بۆ دەرچوون لەم تونێلە؟
بۆئەوەى عێراق لەم تونێلە تاریکە دەربچێت کە لە ئاسۆەوە هیچ هیواو ئومێدیک بە دى ناکرێت پێویستە بگرێتەوە بۆ لۆجیکى عەقڵ و دەوڵەو ت ویاساو دەستوور و گێڕانەوەى هاوسەنگى لە نێوان پێکهاتەکاندا بە شێوەیەکى ڕاست و دروست و دوور لە هاوبەشى بەرژەوەندى پشکپشکێنەو بازرگانى و گەندەڵى کە هەموو جومگەکانى دەوڵەتى عێراقى گرتوەتەوە لە دواى ساڵى 2003 ەوە.
کە دەڵێین هاوسەنگى دەبێت کورد هاوبەشى ڕاستەقینە بێت نەک مووچەو بوودجەکەى ببڕرێت لە بەرامبەریشدا کورد پابەندى دەستور بێت دەبێت سوونەکانیش بە هەمان شێوە بەشدار بن لە بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا نەک بە بیانووى ڕیشەکێش کردنى بەعس و مادەى چوارى تیرۆر هەموو سوونەکان تاوانبارو تۆمەتبار بکرێن.
بەم شێوە عێراق دەتوانێت دەرگا دابخات لە دەستوەردانى دەرکى و ببێتەوە بە ئەندامێکى چالاک و خاوەن پێگەى خۆى لە ناوە وڵاتانى ئیقلیمى و جیهانیشدا و بە پێچەوانەوە دەبێتە دۆزەخێک بۆ خەڵکەکەى کە ڕاکرد ن و کۆچکردن و کوشتن و بڕین زیاتر هیچى لێ سەوز نابێت.