نەبەز گۆران: كوردایەتی بە ساختەكاری!
یەكێك لە كێشە گەورەكانی تاكی كۆمەڵگەی ئێمە، نەبوونی یادەوەرییە، كێشەیەكی دیكەش نەبوونی سیمایەكی راستەقینەیە، یانی سیمایەكی راستەقینە نییە تا بەو سیمایەدا بیناسیتەوە! هەرچۆن سیستەمی دەسەڵاتەكە سیمایەكی نییە و فرە سیمایە، بەشێكی گەورەی تاكی كۆمەڵگەی ئێمە لەو فەزایەدا دەژیت. نەبوونی سیما و نەبوونی یادەوەرییەكی دروست هەمیشە دەبێتە وزەیەكی باش بۆ دەسەڵاتێكی بێباك. كاتێك لەناو كۆمەڵگەدا ئەم دوو پاییە دەركیان پێكرا، ئیدی دەسەڵات هەمیشە بەو ئاوازە كاردەكات ئەم دوو پاییە سەرلەنوێ زیندووبكاتەوە.
بەردەوام ستایشكەری ناسیونالیستی حیزبی بەهۆی نەبوونی سیمایەكی راستەقینەوە، لەشوێنێكدا لەگەڵ ئازادی بن و، لەشوێنیكی دیكە دژی بن. لەشوێنێكدا هاواری ماف بكەن و، لەشوێنێكی دیكە ماف پێشێلكەن. لەشوێنێك باس لەسەروەری یاسا بكەن و، لەشوێنێكی دیكە خۆیان فلیقێنەری یاسابن. ئەم نەبوونی سیمایە تا بەراستی بیان ناسیتەوە، فەزایەكی دروستكردووە هەموو شتەكانی بەسەریەكدا تێكداوە.
ئێستا مۆدێلی كوردایەتییە بە ساختەكاری! كۆمیدیا لەوەدایە هەر ئەوانەی ئەمڕۆ بانگەشی ئەو جۆرە لە كوردایەتی دەكەن، هەر ئەوانەبوون نیوەی خاكی هەرێمیان جێهێشتوو نەیانتوانی بۆچەند ساتێك خۆیان ڕابگرن و بەرگری لە كوردایەتییەكەیان بكەن! هەر ئەوانەی چەند ساڵێك بەر لەئێستا لە رێككەوتنێكدا واژۆیانكرد دوای شەڕی موسڵ ئەو خاكە جێبهێڵن، ئەمڕۆ دەیانەوێت بە ساختەكاری ئەو خاكە بگەڕێنەوە!
من لەوە تێدەگەم كوردایەتی بەم مۆدێلی حیزبییە ژەهرێكە ئازادی و ماف و یاسا تێیدا لەناو دەچن. لەوەش تێدەگەم كوردبوون شتێكە و كوردایەتی شتێكی تر، بەڵام هەرگیز لەوە تێناگەم كردەیەكی وەك كوردایەتی راستەقینە نەك حیزبی بە ساختەكاری بونیاد چۆن بونیاد دەنرێت؟!.
ئەو مرۆڤانەی لەناوچە كێشە لەسەرەكان دەژین، چ بە كاكەیی_ مەسیحی_ توركمان_ كورد_ عەرەب_ ئەوانە مرۆڤ گەلێكن سیستەم بەردەوام غەدری لێكردون و بەردەوام چەوساندونییەتەوە. سیستەم و ئادیۆلۆژیا بەرگی ئەم مرۆڤانەی زۆرجار كردوە بە بەرگی دڕندە. بەڵام لە بنەڕەتدا گەر سیستەم و ئایدۆلۆژیا نەبێت ئەوان دەتوانن پێكەوە لەسەر خاكێك بژین و رێزی یەكتری بگرن، ئەما سیستەم و ئایدۆلۆژیا ئەوانیشی دابەشكردوە و هەر رۆژێك لەژێر ناوێكدا لەیەكتریان دەترازێنێت. ئەم دابەشكردن و بەرهەم هێنانی رقە گەیشتوەتە ئاستێك، تەنانەت پێكەوە هەڵكردنی قورس كردووە. هەرچۆن لێرە سیستەم و ئایدۆلۆژیا خەریكی دارزاندنی بەهاكانە، لەوێش هەمان كار دەكات.
تۆ گەر ئازادی خوازیت و بڕوات بە چەمكی ئازادی هەیە، دەبێت ئەم بڕوایەت پەیوەندی بە چەمكەكەوە هەبێت، نەك بەشوێنەوە. یانی لەهەر شوێنێك ئازادی مەترسی كەوتە سەر، دەبێت تۆ بەرگریكاری ئازادی بیت و ئەم بڕوایەت دابەشنەكەی بەسەر شوناس و رەگەزەكاندا. بەڵام تۆ گەرپێتوایە ئازادی بۆ شارەكەی خۆت، بۆ شوێنەكەی خۆت پێویستە و، بۆ شوێنێكی دیكە پێویست نییە، ئەوا بەرلەوەی كێشە لە بیركردنەوەتداهەبێت، كێشە لە ئاكارتدایە، چونكە لەناو بڕواكاندا هەمیشە ئاكارێك هەیە.
ئەمە بەدئاكاری و بروانەبوونە بە بەهای چەمكەكان بڵێیت: من لە شارەكانی هەرێم دژی ساختەكاریم، بەڵام لەناوچە كێشە لەسەرەكان لەگەڵیدام. ئەمە تەنها بێحورمەتی نییە بە ئازادی خۆت و ئەوانی تر، ئەمە بێحورمەتییە بە شوناسی كوردبوونیشت. كوردبوون بەشێكی گەورەی خەونە بۆ ئازادی و ماف و سەروەری، یانی چی تۆ ململانێدەكەی بۆ بەدەستهێنانی ئەم چەمكانە كە خەونە بۆخۆت، ئەما بۆ شارێكی دیكە ئایدۆلۆژیانە و حیزبیانە بیردەكەیتەوە؟! هەرگیز هیچ هێزێكی دەرەوەی هەرێم هێندەی ئەم تێگەیشتنە حیزبییە ژەهراوییە ئازاری بەر كوردبوون نەداوە. ئەم میللەتە لە مێژووی نوێدا نزیكەی سەدساڵ لە بەرخوداندایە بۆ بەدیهێنانی ئازادی_ ماف_ سەروەری_ كەچی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانەی كوشتەی كوردبوون، هەرچی هێزیانبوو بەسەر ئەم سێ چەمكەوە تاقیانكردەوە و، كۆپییەكی ناشازی كلتووری _بەعس_یان هێناو لەژێر ناونیشانی كوردایەتییەكی حیزبیدا دووبارەیانكردەوە. گەر دەتەوێت رووبەری كوردبوون بناسی، پێویستە رووبەری ئازادی و ماف و سەروەری بناسیت، گەر دژی ئەم سێ چەمكەیت، ئەوا دژی كوربوونە رەساتەقینەكەیت و خزمەتی ئەو كوردایەتییە مزەوەرە حیزبییە دەكەیت ئەو تاقمانە رابەرایەتی دەكەت ئاراستەكراوی دەرەوەن.
بۆ مانەوەی خۆیان ئێستا دەیانەوێت جارێكی كە ژەهری بەناو كوردایەتی حیزبی برێژنەوە و، ئەم ژەهرە بكەنەوە بەكەرەستەیەك بۆ بەرگریكردن بە كارە بەدەكانی خۆیان و، لەشكرێكیش لەگەڵیان بیڵێتەوە. نە شوناسی كوردبوونی ناوچە كێشە لەسەرەكان بە ساختەكاری دەگەڕێتەوە، نە ئەم دوو حیزبە وێرانكەرە دەتوانن بەرگری لە شوناسی كوردبوون بكەن. ئەمانە خۆیان بەشێكن لەو هێزە ئاراستەكراوانەی بۆ بێحورمەتیدەكەن بە بەها گەورەكانی كوردبوون. ئەمانە تا ئەم چركەساتەش نازانن كوردبوون چییەو كوردایەتی چییە. لە بێئاگاییانەوە كوردایەتییان لێبووە بەكوردبوون و كوردبوونیان لێبووە بە كوردایەتی!
هەرچۆن بەشێك لە هێزە عەرەبەكان، لەهێزە توركەكان، لەهێزە فارسەكان، كاردەكەن بۆ كاڵكردنەوە و سڕینەوەی ماهیەتی كوردبوون ئەویش لەرێگەی لێدان لە ماف و ئازادی و سەروەرییەوە، ئەم دوو هێزەش لە تەنیشت كوردایەتییە حیزبی و ئایدۆلۆژییەكەیاندا خزمەتێكی زۆری بێگانەكان دەكەن، بۆ هەمان مەبەست. كەچی دێن دوای تێكشكاندنیان، دوای ئەوەی ئیدی بەهایەكیان بۆ چەمكەكان نەهێشتووە، لەرێگەی كۆمەڵێك ئارەزوپەرستی بخۆری سەروەت و سامانی میللەتەوە، دەیانەوێت لەناوچە كێشە لەسەرەكان بەساختەكاری كوردایەتییە حیزبییەكەمان لێبكەن بە بەرگریكردن لە كوردبوون!
من دژی ساختەكاریم، لەوەش تێدەگەم لەیەكەم هەڵبژاردنی هەرێمەوە یەكەم ساختەكاری لەدایك دەبێت. مێژووی هەڵبژاردن لەناو ئەم دووحیزبەدا پەیوەستە بە مێژووی ساختەكارییەوە، تەنانەت لەناو خۆی حیزبیشدا هەرگیز كۆنگرەیەكیان نەكردوە بەشێكی ساختەكاری نەبێت، بۆیە ساختەكاری لەناو ئەم دوو حزبەدا كۆڵەكەیەكی سەرەكی پەروەردەیانە. مادام لە دەشتی نەینەوا، مادام لە شاری كەركوك، مادام لەناوچەكانی هێڵی ئاوریشم بەگشتی، ساختەكاری هەیە وەك سێ پارێزگاكەی هەرێم، كەوایە دەبێت لەرێگای لیژنە دادوەرییەكانەوە تەحقیقبكرێت و كۆتایی پێبێت. گەر ساختەكارییەكە بەراستی رونكرایەوە، ئەو كات هەركەسێك توانی بەرگری لەو ساختەكارییە بكات، بێگومان دەتوانێت لە پێناو ئارەزوێكی خۆیدا جەوهەری خۆشی لەدەستبدات. ساختەكاری لە هەرجێگایەك بكرێت بەد ئاكارییە، هەركەس و لایەنێكیش بیكات بەد ئاكارییە. مرۆڤی ئازادی خوازیی تەندروست بەرگری لەم بەد ئاكارییە ناكات، ئەوە ئیشی ئەوانەیە بەرگری لێبكەن مانایەكیان نەماتەوە شانازی پێوە بكەن، بۆیە لە بێمانایدا شانازی بە ئاكاری بەدەوە دەكەن.