عەبدولڕەحمان عەلی: بۆ بەرەی ناڕازیی و لایەنە دەنگ لێدزراوەکان > گەر کات نەبڕن، ئەوا کات ئامادەیە بۆبڕینتان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وڕاپرسی لەهەرێم ڕۆژانی (18 تا 21) ی حوزەیرانی دیاریکردوە تاکو قەوارەولایەنە سیاسیەکان هاوپەیمانێتی پێکبهێنن بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە لە (30)ی ئەیلولی ( 2018)دا ئەنجام بدرێ.
لەئێستادا چەند لایەنێکی سیاسی ناڕازی و خاوەن جەماوەری بەرفراوان هەن کەجگەلەوەی ناڕازین لەشێوازی حوکمڕانی و ئەدائی کارکردنی دەسەڵاتدارانی ئێستا، لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا کەلە (12)ی ئایاری ڕابردوو ئەنجامدرا، ساختەکارییەکی زۆرو زەوەند لە دەنگەکانیاندا کرا. لەو ساتەوە پێیان دەوترێت لایەنە ناڕازی و دەنگدزراوەکان.
دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەموو کارێک دەکەن و هەموو هەولێکیش دەخەنەگەڕ بۆ بێ بەهاکردنی هەڵبژاردن و دەنگدان ودەنگی هاوڵاتیان، و ئەو ساختەکارییەش لەهەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردوو کردیان لەبەرامبەر دەنگدانی هاوڵاتیان یەکێک بوو لەهەوڵە پلان بۆ داڕژراوودانراوەکانیان، وە تائەندازەیەکیش کاریگەری کردۆتە سەر تێڕوانینی هاونیشتمانیان بۆ پڕۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوازێکی شارستانی و دیموکراسیانە.
لەئێستاشداو لەم دۆخە ناجێگیرو ئایندە نادیارەدا تەنها ڕێگاو باشترین چارەسەریش بۆ گەڕانەوی ئومێد و بەشداریکردنی پڕجۆش و خرۆشی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تەنانەت ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمیش دروستکردن و پێکهێنانی بەرەیەکی پتەو بەهێزە لەژێرناوی هاوپەیمانیەتیەکدا بەبەشداری لایەنەکانی گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆدیموکراسی و داووپەروەری،و دەرگاش واڵا بێت بۆ هەرلایەن و تەنانەت کەسایەتیەکی دیارو بەهێزی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن تێیدا.
دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەک لەنێوان چەندلایەن و پارتێکی سیاسی کەخاوەن جەماوەرن چەندگرنگیەکی هەیە لەوانە:
1ــ کەمترین دەنگ لەباردەچێت، و ئەو لایەنانەش کەدەنگی پێویست ناهێنن لەکاتی دابەشبونی دەنگەکان بەسەر لایەنە براوەکاندا زۆرترین دەنگ بەرهاوپەیمانیەتیەکە دەکەوێت.
2ــ لەهەموو بنکەو وێستگەکانی دەنگداندا نوێنەری هاوپەیمانیەتیەکە ئامادەبونی دەبێت.
3ــ دەتوانرێت تاڕادەیەک ڕێگیری بکرێت لەدزی وگزیکردن لەدەنگەکان.
4ــ هەموو لایەنە ناڕازییەکانی نێو بەرەکە لەڕێگای کەناڵە جۆراوجۆرەکانی خۆیانەوە هەوڵەکانیان چڕوپڕترلەناوەوەو دەرەوەی هەرێم بکەنەوە لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لەساختەکاری وفێڵی جۆراوجۆری سەردەمدا.
5ــ بە بوونی بەرەیەکی بەهێز ناتوانرێت لەلایەن لایەنەکانی دەسەڵاتەوە بەئاسانی ساختەکاری ئەنجامبدرێت.
6ــ بەرەیەکی بەهێزو کاریگەر سەرکەوتنی بەرەکە مسۆگەرتر دەکات و کەوتنی لایەنەکانی تریش ئاسانتردەبێت لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە هاوپەیمانەتیەکە بەبەدەسهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی دەتوانێت کارنامەو دروشمەکانی کەمپەینی هەڵبژاردنیان کەزیاتر خۆی دەبینێتەوە لەشێوازی حوکمڕانی و هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاساو شەفافیەتدا بخەنەبواری جێبەجێکردنەوە.
7ــ لەهەمووی گرنگترو کاریگەرتر گەڕاندنەوەی تاڕادەیەکی زۆر ئومێدو هیوایە بەهەڵبژاردن وبەشدارییەکی بەرفراوانی خەڵکیە لەهەڵبژاردندا.
بۆیە چیدی هیچ بەهانەو بیانویەک نەماوە بۆ پێکنەهێنان دروست نەکردنی هاوپەیمانیەتیەک لەنێوان لایەنەناڕازی و دەنگ لێدزراوەکان، وەدەبێت زۆر باش ئەو ڕاستیەش بزانن کە تەنها سێ ڕۆژ کاتتان لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەکە،و گەر ئەم کاتەکەمەی بەردەمتان بەباشی نەبڕن و سودی لێوەرنەگرن ئەوا کات زۆر بەئاسانی دەتانبڕێت و دواتریش پەشیمانی دادی کەس نادات.
ماوەتەوە بڵێین کەئەرکی ئەو لایەنانەیە بەزوویی خواست و داوای جەماوەری کوردستان و زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرەکانیان بهێننە دی کەخۆی دەبینێتەوە لەهاوپەیمانیەتیەکی گەورەو کاریگەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.