هیوا ناسیح: بڵێی ده‌میرتاش سه‌رکرده‌یه‌کی کورد بێت؟!
گه‌نجێکی 45 ساڵه، که‌س نازانێت له چ عه‌شره‌ت و بنه‌ماڵه‌یه‌که، شاعیر، رۆشه‌نبیر، یاساناس و میوزیزکژهن، گۆرانی بۆ ژیان و بۆ خه‌بات و به‌رخودان ده‌ڵێت، کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری کوردستانه، عه‌رشی دیکتاتۆرێکی داگیرکه‌ری گه‌وره‌ترین پارچه‌ی کوردستانی هێناوه‌ته له‌رزین.
ده‌میرتاش، که به کوردی ناوه‌که‌ی ده‌کاته به‌ردێکی پۆڵاین، یان به‌ردێکی ئاسنین، پێ ده‌چێت هێمن موکریانی گوته‌نی (موحتاجی مه‌حه‌ک) نه‌بێت و (زێڕی بێ غه‌لوغه‌ش) بێت. بۆیه گوڵ ده‌چێنێت به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی مینی بۆ ده‌چێنن، په‌یامی ئازادی و برایه‌تی گه‌لان ده‌نێرێت به‌رامبه‌ر به په‌یامی شه‌ڕ و هێرشکاری، گوڵ ده‌گرێته ئه‌وانه‌ی گولله‌یان پێوه ده‌نێن. مه‌سیح ئاسا ده‌ستی نزا بۆ لێخۆشبوو‌ن له هه‌ڵه و تاوانی ئه‌وانه‌ش به‌رزده‌کاته‌وه که ئازاری ده‌ده‌ن!
ئه‌م مێرخاسه له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا چوار میلیۆن ده‌نگی هێنا، به‌ڵێ چوار میلیۆن ده‌نگی ساغ و زوڵاڵ و بێ ساخته، ئه‌مجاریان ئه‌ردۆغان که له بوێری و ئازایه‌تییه‌که‌ی تۆقیوه، له ترسی که‌سایه‌تییه کاریزمییهکهی نزیکه‌ی دوو ساڵه له کونجی زیندانی توندکردوه، هاوسه‌ره‌که‌ی که مامۆستای خوێندگا بوو نان بڕاو کرد و له کاره‌که‌ی وه‌ده‌ریان نا، چونکه گوتیان مناڵانی کورد فێری به‌رخودان ده‌که‌یت!
ئه‌م عه‌گیده، خه‌ریکه باوه‌ڕ نه‌که‌م کورد بێت، هه‌بێ و نه‌بێت ئه‌مه په‌شێوی مه‌زن گوته‌نی له (جنسێکی تره) یان وه‌ک ناوبراو له هۆنراوه‌ی (له دایکبن) دا ده‌ڵێت: له دایکبن کوڕانی سه‌ده‌ی ئاینده… ئه‌م له‌م جۆره (کوڕ)انه‌یه که بۆ سه‌ده‌ی ئاینده له دایکبووه!.
ئه‌رێ که‌سێک هه‌یه له هیچ پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان بتوانێت به‌رابه‌ر سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ر بوه‌ستێته‌وه، که سه‌رجه‌م ده‌سته‌ڵاته، سیاسی، سه‌ربازی، دیپلۆماتی، ئابوری، هه‌واڵگری، ئاسایش و دادگا و دادوه‌ریی له ژێرده‌ستدا بێت!؟
ئه‌مه چ شۆڕهسوارێکه! وا ئه‌ردۆغانێکی ده‌ست به خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی کورد له بریسکه‌ی چاوه‌کانی ده‌ترسێت! گه‌ر وانه‌بوایه لای که‌می به کاتیی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که ئازادی ده‌کرد. ئه‌رێ ئه‌مه ده‌رچووی چ قوتابخانه و پهیمانگایهکه، که تا له ده‌ره‌وه‌ی زیندان بوو، له پێشی پێشه‌وه‌ی رێپێوان و خۆپیشاندانه‌کان بوو، یه‌که‌م که‌س ده‌چووه مه‌یدان و ئاخر که‌س دهرۆیشتهوه بۆ نوسینگه‌که‌ی! ئاخر خۆ هه‌موومان رێپێوانی جه‌ماوه‌ریی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ری شکاندنی ئابڵۆقه‌ی سه‌ربازیی شاره‌کانی سور و گهڤهرمان له‌بیره، که چۆن ئه‌م کوڕه جوامێره له ریزی پێشه‌وه قۆڵی کردبوو به قۆڵی هه‌ڤاڵه‌کانیدا و سنگی کردبووه قه‌ڵغانی گولله و سوپهریی به‌رگریی و خه‌باتی مه‌ده‌نی کورد؟
ئه‌رێ ئه‌م جوانخاسه له چ دایک و باوکێک بووه، که ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ردیله‌یه‌ک جێگه‌ی ترس له دڵیدا نابێته‌وه؟ ئه‌م هه‌موو باوه‌ڕبه‌خۆبوون و متمانه و که‌سایه‌تییه به هێز و سه‌نگینه له کوێیوه دێنێت؟ وا له بن نایه‌ت، ئه‌م کێوی وزه و وره و زه‌ریای بێ بنی حه‌وسه‌ڵه و تاقه‌ت و توانایه‌ی له کوێوه په‌یدا کردوه؟ ئه‌م ئاسمانه قوڵه‌ی هیوا و ئومێد و گهشبینییهیز له کوێ بینییه‌وه؟
ئه‌م ماندێلا گه‌نجه که له کونجی زیندانیش‌دا بزه له سه‌ر لێوه‌کانی نابڕێت پێم ناڵێن هه‌ڵۆی کام کۆساره؟ ئه‌م کوڕهههژاره رووخۆشه قۆزه سپی پێسته ده‌رچووی کام زانکۆی شۆرشگێڕی و فیداکارییه، که وا توند توند ده‌ستی به ئه‌ڵقه‌ی خه‌باتی دیموکراتی و مه‌ده‌نییه‌وه گرتوه و به‌ری نادات؟
تۆ بڵێی ئه‌مه سه‌رکرده‌یه‌کی کورد بێت؟ جا گه‌ر کورده، ئه‌رێ ئه‌م سه‌رکرده ناسراوه کۆشکه‌که‌ی بایی چه‌نده؟ براکه‌ی و برازا و ئامۆزاکه‌ی به‌رپرسی چین و چ پله و پۆستێکیان هه‌یه؟ ژماره‌ی پاسه‌وانه‌کانی چه‌ند بوون؟ که‌ی کورده! گه‌ر کورده کاتێک به‌رپرسی گه‌وره‌ترین پارتی کوردی بوو له باکور، کوا ژماره و ریزی ئۆتۆمبیله دوا مۆدێله‌کانی، ئه‌ی خانوه‌که‌ی چه‌ند کیلۆمه‌تر دووجایه؟ ئه‌رێ که‌س له ئێمه بیستمان له ده‌زگاکانی میدیای دوژمنیشهوه، ته نها که‌سێک، به ڵێ ته‌نها ئه‌ندامێکیان له‌و زیاتر له ٩٠ به‌رپرسی شاره‌وانییه‌ی هه‌یانبوو، به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ئابڕوچوونێکی سێکسی یان دزینی دۆلارێک، لیره‌یه‌ک! بدرێته دادگا؟!
چۆن گومان له کوردێتی ناوبراو نه‌که‌م، ئاخر ئێمه‌ی باشوریی سه‌رکرده‌یه‌کی کوردمان نه‌بینیوه وه‌ک ئه‌م پیاوه، له به‌شی رۆژهه‌ڵاتیشدا پێم شک نایه‌ت، ئاخر هه‌ر ئه‌م بوو، که ماڵ به ماڵ، گوند به گوند، دوکان به دوکان، ده‌سگێر به ده‌سگێر و که‌پر به که‌پر و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بانه‌چی و بۆیاخچییهکانیشی به‌سه‌رده‌کرده‌وه! ئه‌مه چ سهکردهیهکه عه‌زیزان! چ مرۆڤێکه؟ چ خۆنهویستێکه، چ سیاسییه‌که؟ چ مه‌خلوقێکه؟ چ جۆره کوردێکه، هاورێیان؟! که چه‌که‌که‌ی ته‌نها تهمبورێک و قه‌ڵه‌مێک و مایکرۆفۆنێکه، له هه‌موو شتێکیش بێ باکه!