بورهان شێخ ڕەئوف: ڕۆژنامەوانى و دەستەڵاتى چوارەم.
زاراوەى دەستەڵاتى چوارەم بە هەموو کەرەسەکانى ڕاگەیاندن دەبێژن بە گشتى و ڕۆژنامەوانى بەتایبەتى لەلایەکى ترەوە ئەوەندەى ئەم زاراوە بۆ کاریگەرى لە سەر ڕاى گشتى چ بۆ گۆڕینى و یان زەمینە سازکردن بۆ خوڵقاندن و ڕازیکردنى وەرگر واتە کۆمەڵاتى خەڵک بۆ بابەتێک کە ئامانجێکى گرنگى لە پشتەوە بێت بۆ ڕێنوێنى و هاندانى ڕاى گشتى، ئەوەندە پەیوەندى بە بوارى ڕۆشنبیرى هۆشیارى مەعریفەوە نیە.
لەچى یەوە هاتووە ئەم زاراوە؟
هەرچەندە بیر و بۆچوونەکان جیاوازان لەسەر ناونان و سەرهەڵدانى ئەم زارەوە لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەهەمەوە دواى ئەو پێشکەوتن و بازدانە خێرانەى کە ڕۆژنامەوانى بە خۆیەوە بینى هەندێک بە وەى دەبەستنەوە کە ئەمیش دەستەڵاتى چوارەمە دواى دەستەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەرى بەو پێ یەى کە کاریگەرى و زۆرى لە سەر خەڵکى هەیە کە کاریگەرییەکەى لە حکومەت دامودەزگاکانى تر کەمتر نیە.
لەلایەکى ترەوە ڕاو بۆچوونى جیاواز هەیە لە سەرسەرهەڵدانى ئەم زاراوە و کێ بۆ یەکەم جار بەکارى هێناوە ، ڕایەک هەیە کە یەکەم جارمێژوونووسى ئسکتلەندى (توماس کارلیل) بەکارى هێناوە لە کتێبى ( پاڵەوانەکان و پەرستنى پاڵەوان ) ساڵى 1841 ز اینى کە چەند ڕستەو دەستەوااژەیەکى لە بیرمەندى ئێرلەندى ( ئیدمۆند بیرک ) وەرگرتبوو کە باسى سێ پارتەکە یان سێ چینەکە کە حوکمڕانى وڵاتیان دەکرد ئەو سەردەمە واتەپیاوانى ئایینى و دەوڵەمەندەکان و ڕەشە خەڵکەکە (گەل) کە وتوویەتى پەیامنێران و ڕۆژنامە نووسانیش چین و پارت و دەستەڵاتى چوارەمن و کاریگەرى زۆریان هەیە لە سەر کۆمەڵگا بگرە لە سێ چینەکەى دى زیاتر.
ئەمڕۆ لەم سەردەمى پێشکەوتنە خێرایانەى زانست و تەکنۆلۆجیادا کە جیهان بووەتە گوندێکى بچکۆلانە و لە هەمانکاتدا سیستەمى دیموکراسى چ بە ڕاست و چ بە درۆش بە ئاست و ڕادەى جیاجیا لێرەو لەوێ پیادە دەکرێت هەموو ئەمانە بە چى پێوانە و هەڵسەنگاندنى بۆ دەکریًت کە کێ دیموکراسى و دیموکراسخوازە و لە کوێ مافەکان پێشێل دەکرێت ئەگەر میدیا و ڕۆژنامە نووسان نەبێت.
لەبەرئەوە بە بێ میدیا و ڕۆژنامە نووسان و ڕاگەیاندنەکان زۆر ئەستەمە دیموکراسى جێبەجێ بکرێت و لەبەرئەوە میدیا و میدیاکاران کۆڵەکەو بنەماو ڕگەزێکى زۆر کاریگەر و پێکهێنەرو خوڵقێنەرى سیستەمى دیموکراسین و بەبێ میدیا ستەمە باس لە دیموکراسى بکرێت تەنانەت بۆ نموونە هەڵبژاردن کە سەرەتاو دەستپێکى سیستەمى دیموکراسیە بەبێ میدیاو ڕاگەیاندن بەڕێوەناچێت چ لە هاندانى خەڵک بۆ بەشدارى چ بۆ بانگەشەى لیست و کاندیدەکان دواتر چۆنێتى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن و ئاستى پاکى و بێگەردى پرۆسەکە کە میدیا ڕۆڵى چاودێرى کردنى لە گەڵ داموودەزگاکانى تردا دەگرێتە ئەستۆ.
بۆیە لە ساڵى 2005 دا کۆنگرەى نێو دەوڵەتى ساڵانەبۆ ئازادی ڕۆژنامە نووسى لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ( کە میدیاى ئازادو سەربەخۆ و فرە ڕەنگ فاکتەرێکى بنەڕەتیە بۆ مسۆگەرکردنى لێپرسینەوەو شەفافیەت و بۆ بەشداریکردن وەکو ڕەگەزێکى بنەڕەتى بۆ حوکمڕانیەکى ڕەشید وە گەشەکردن لەسەربنەماى مافەکانى مرۆڤ ).
میدیا دەبێت چۆن بێت؟
بۆ ئەوەى میدیا ڕۆڵى ڕاستەقینەو کاریگەرى خۆى ببینێت پێویستە لە ئاستێکى باڵاى بەرپرسیارێتى دا بێت بە تەواوى پیشەیى و ورد بین و ڕاستگۆ و بێلایەن بێت لە ڕووماڵەکانیدا بۆ ڕووداوەکان و ڕێزگرتن لە یاساو پاراستنى ئاشتەوایى کۆمەڵایەتى چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەم پیێدا ئەمڕۆ بە هۆى پێشەکەوتنى تەکنۆلۆجیاوە میدیا کاریگەرى ڕاستەوخۆ و خێراى لەسەر ڕووداوەکان هەیە هەر سەرپێچى یەک یان گواستنەوەى هەر بابەت و مەسجێکى نابەرپرسانە و ناپیشەیى بۆى هەیە کارەسات و ڕووداوى نەخوازراوى لێبکەوێتەوە بۆیە دەبێت میدیاکاران لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدا بن و لە هەمان کاتدا پێویستە مافى میدیاکاران پارێزراو بێت بە یاسا و ئازادى و نان و سەرچاوەى هەواڵ و زانیارى پێویستیان بۆ فەراهەم بکرێت.